لە شکستی دەسەڵاتدا پەیامێك بۆ بەناو ئۆپۆزسیۆن!

لە شکستی دەسەڵاتدا پەیامێك بۆ بەناو ئۆپۆزسیۆن!

547 خوێندراوەتەوە

دروشمی(کوردستانێکی بەهێز) و ڕیکلام و تەدارەکی پارتییەکان بۆ «براگەورە»، جۆرێك لە ئیحساسی هاوبەشیان لەلای زۆرینەی خەڵك دروست کردبوو، ئیحساسێکی تێکەڵاو لە ترس و هیوا، ترس لە جەبەروت و پێشینەی خوێناوی، هیوا بەوەی بۆ گەورەکردنی زیاتری مەسروریش بێت بارزانیی باوك موراهەنە لەسەر ئەم خول و کابینەیە ئەکات و سەری ئەخات.


زیاتر وەهمێك بوو، بۆ چما مەسعود بارزانیی خۆی چەندە سەرکەوتوو بوو، تا گرەو لەسەر سەرخستنی کوڕە گەورەکەی بکات؟!

ئەبێت دان بەوەدا بنێین کە ڕیکلامەکە کاریگەر بوو، زیاتر لە دۆخی ناو ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆرێل ئەچوو، ڕستەیەك کە ویردی سەرزمان بوو«برا گەورە چاودێرییت ئەکات» لە چەشنی سروتێك لە ڕۆمانەکەدا ئەوترایەوە و وەك راستییەك قەبوڵکرا بوو، لێرەش بە چەند مانگێك ناوی "برا گەورە" لە تەنیشت "کوردستانێکی بەهێز"ـەوە بە قوڵایی کۆنەستی کۆمەڵگادا ڕۆچوو، بێ پەروا زۆرێك لە خەڵکیی فریوی ئەم دروشم و فووتێکردنەیان خوارد.

تەنانەت زۆرێك لەوانەی کە بڕێك هۆشیاریی و شارەزاییان لە مێژووی دەسەڵاتی ئۆلیگارشیی کوردییدا هەبوو، ئەیانویست بە تۆپزیی ئەو مێژووە لە زیهنیاندا بسڕنەوە و بڕوا بهێنن بە وەهمی "بەهێزیی کوردستان" لەسایەی ئەفسون و جادوی برا گەورەدا لە چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکاندا، هەمان ئەو کێشانەی کە «بیگ براذەر» زیاتر لە دوو دەیەیە تیایدا بەرپرسی هەستیارترین دەسەڵاتە و کە بازاڕ و مەملەکەت قۆرخ کراوە گروپی کۆمپانیاکانی ئەویش هاوشانی گروپی کۆمپانیاکانی پسمامی و جووت پسمامی ئەملا وێرانیان کردووە، ئەگەر بەلێشاو قەوم و قیلەی(کوردایەتیی) بە موچەخۆر کراون و پشت بە نەوت وەك«تاك سەرچاوە» بەستراوە ئیشی هەموویان و لەسەرو هەموویانەوە «بارزانیی و تاڵەبانیی» باوك لە مەراسیمی شاهانەی پڕ خەرجییدا قوفڵەکەیان کردەوە و جاڕی مژدەی گەیاندنی کوردستانیان بۆ سەر نەخشەی وزەی جیهانیی دا!

،،

تاکی کوردیان لە مرۆڤێکی ڕەنجدیدە و سەربەرزەوە کرد بە کائینێکی دەستەمۆی ڕانتخۆری چاوشۆڕ، دەیان هەزار بۆینباخ لەملی چاکەت لەبەریان هاویشتە ناو بازاڕی میدیاوە، دەسەڵاتی یاسادانانیان سوك و بێ کاریگەر کرد و ناوی پەرلەمانتار و پەرلەمانیان بەست بە لینك و هاشتاگی(موچەی قەبە، ژیانی پڕ لە ڕەفاهیەت، ئیفاد و سەفەر بۆ چوارقوڕنەی دنیا، بڕوانامەی باڵا و تەجمیلاتی سەر تاخواری ئەعزای بەدەنیان...)


دەسەڵاتی دادوەرییان بە پارە و پاوەر خنکاند و ترساند، کۆمیسیۆن و کۆمیسارانیان پابەستی بڕیارەکانی خۆیان کرد، خەونی نەوەیەكیان لەباربرد کە چاوەڕێی دەستاو دەست کردنی دەسەڵات بوو، خەڵکی کوردستان چەند جارێك لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ئەمانەی سزا دا، بەڵام کۆمیسیۆنێکی کڕاوی حیزبۆکراتیی ساختەکاریی بۆ کردن، دادگا موبارەکە و شەرعییەتی پێدان، ئەمن و عەسکەر نەك تەنیا لە ڕیزی دەنگداندا ساختەکاریی بۆ کردن، بگرە لە هۆڵ و کۆگای دەنگەکاندا شەرعییەتیان خستە ژێر پۆستاڵ و شەرعییەتیان بە ساختەکاریی دایەوە، میدیای سێبەر و بەرهەتاو چەواشەکارییان کرد و مارکێتینیان بۆ ئەنجامێکی ساختەی دڵخوازی ئاغاکانیان دا، حیزبەکانی دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە ئۆلیگارشییە دەستیان بە هاوار و قیژە قیژ کرد، میدیا و سۆشیالمیدیایان پڕکرد لە زاراوەی نوێی(پەرلەمانتاری ئەلیکترۆنیی)وەك ئاماژە بە ساختەکاریی لە ڕێگای سیستمیی ئەلیکترۆنیی هەڵبژاردنەوە و هەمووان ئەرخەیان ئەکەن کە هاوشانی ئەو جۆرە پەرلەمانتارە ساختانە ناچنە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، کەچی پاش دامرکاندنەوەی دڵگەرمیی لایەنگرانی ڕەشوڕووت و تێپەڕاندنی کەمپەینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، دێنەوە لەژێر کارکردی نەرجسیەت و ئەنانیەتی چەند کاندیدێك و سەفەقاتی بنەماڵە و بەرژەوەندیی بەناو چەند سەڕکردەیەکدا، بەخشکیی ئەکەونەوە شوێن قەوم و خوێشی کوردایەتیی و بە ئاستەمیش ئەم حیزب لەویتریان جیاناکرێتەوە!!

هەڵبژاردنی کوردستان بە ئەندازەیەکی زۆر کەمی خەڵك پێشوازیی لێئەکرێت، کەمتر لە ٣٥%ی دەنگدەران بەشداریی تێدا ئەکەن، کە ئاماژەی ڕوونە بە بردنی دەسەڵات بۆ تایپی (کەمینەی باڵا-ئۆلیگارشیی) کەچی لەناو کۆمەڵگاکەی بیگ براذەردا، ئەوە تەنیا مورید و دەروێشەکانی پارتیی نین گۆرانیی بۆ قدومی ئەو ئەچڕن، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو کە تازە سەنگەریان گواستووەتەوە بۆ بەرەی دەسەڵات، دڵیان گەرمە و ناچاریشن لە پارتیی زیاتر ستایشی دەسەڵات بکەن، وەك ئەڵێن( ملكيٌّ أكثر من الملك)!


لەسەروەختی بەخشینی متمانە بە مەسرور بارزانییدا بە ئەوپەڕی بڕواوە ئەنووسێت:((بۆ موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران ژمارەی بانكیان بۆ دەكرێتەوە، مانگانە لەگەڵ موچەدا بڕێك لە پاشەكەوت دەدرێتەوە بە فەرمانبەران، ئەو كەسانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون خانەنشینیان هەڵدەوەشێنرێتەوە، چاكسازی لە خانەنشینی پلە باڵاكاندا دەكرێت، لەماوەی مانگێكدا هاوڵاتیان تێدەگەن كە ئێمە بۆچی چووینەتە ناو حكومەتەوە))

پاش ئەم لێدوانە مێژووییە لەتەنیشت مورید و دەروێشانی پارتییەوە میدیاکار و قەڵەمە دیارەکانی گۆڕانییش ئەکەونە ستایشێکی بێ مانای کابینەی نۆیەم، تا ئاستێك کە بەشێك لە پارتییەکان و یەکێتییش ئیحراج ئەکەن و تێیانئەپەڕێنن!

خەڵکیی کوردستان کە چەند ساڵێك بوو قەهری پاشەکەوتیان دیبوو، لە کۆتا رۆژەکانی ویلایەتی نێچیرڤان بارزانییدا موچەیەکی بەبێ پاشەکەوتیان وەرگرتبوو، خەریك بوو باوەڕیان بە شعوری موزەییەفی خۆیان ئەکرد کە فیعلەن هەژموونی قودومی «براگەورە» بوو کە «دەوڵەتمەدار نێچیر»ـی ناچار بە شکاندنی ڕۆژووی پاشەکەوت کرد، ئاخۆ ئەبێت حوکمی ڕاستەقینەی خۆی چی بێت؟!

بە پێچەوانەی هەموو ئەو دەهۆڵ کوتین و هەلهەلەکێشانەوە «مەسروور» بە مەسروریی هات و ڕەنگە حەزینترین خیتامی هەبێت!
فشەڵترین و لاوازترین کابینەی هەیە، دروست وەك ماڵی جاڵجاڵۆکە بە فوویەك هەرس دێنێت!

لەسەردەمی ئەودا نەك موچە پاشەکەوتکراوەکان نەگەڕایەوە و کردنەوەی ژمارەی حسابیی بانکیی بۆ فەرمانبەران لە گۆڕێ نییە، بەڵکو ژمارەی پێوانەیی لە پێنەدانی مووچە هەنوکەییەکانیش تۆمارکرد!
نەك نەیتوانیی قەرزیی حکومەت لە کۆمپانیا مافیاکان وەربگرێتەوە و بیداتەوە بە بەڵێندەران کە لەسەردەمی داعش و قەیرانی داراییدا تەحەمولی کابینەکەی پسمامیان کرد و ساڵانێکە سەیری ئەیوبییان گرت لە وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان لەحکومەت، بەڵکو خەرجی دروستکردنی نەخۆشخانەی کورۆناشیان کەوتە ئەستۆ و هێشتا ڕاپێچ کران بۆ هۆڵێك و براگەورە پێیووتن:( هَل مِن مزید)؟!

لەسەردەمی ئەودا پارتیی لە حیزبێکی مەرکەزیی توندەوە، وەك هێزێکی کەیل و شپرزە و پڕ لە بەیەکداکێشان دێتە بەر چاوان، گرفتەکان لەناوخۆی حیزبەوە دێتە ناو فەزای گشتیی، جیاوازییەکان لە شیکاریی و شرۆڤەی چاودێرانی سیاسییەوە دێنە سەر زاری خودی بیگ براذەر و ناو دووتوێی «پەیامی پیرۆزبایی جەژن»!

لەسەردەمی ئەودا پەیوەندییەکانی یەکێتیی و پارتیی چەند جارێك لەقرتان نزیك بوویەوە و هێشتا ئاسۆی چارەسەرەکان نادیارن، پەیوەندیی حکومەتەکەی لەگەڵ دنیای دەرەوەشدا دیسان تەنیا مەگەر خۆی ئیرەیی پێببات!

ئەو رۆژنامەنووسانەی کە ڕۆژگارێك بەڕاست و چەپدا بارەکەڵڵایان بۆ کارەکانی پارتیی و حکومەت و کابینە جیاوازەکانی ئەکێشا، ئێستا ئەوانیش دوڕدۆنگن، هەر ئەوان ئەڵێن: ((سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ قه‌ت پارتی به‌و هه‌موو نفوز و رابردووه‌ی له‌ سلێمانی نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ خاوه‌نی به‌ره‌یه‌كی ناڕازی له‌و ده‌ڤه‌ره‌، كه‌چی یه‌كێتی ده‌توانێ له‌ بادینان ئه‌وه‌ بكات، كه‌واتا قه‌ڵاكه‌ مه‌حكه‌م نییه‌. وه‌ك چۆن هه‌موو سۆرانییه‌ك یه‌كێتی نییه‌، مانای وایه‌ هه‌موو بادینییه‌كیش پارتی نییه‌. ))

دڵنیام براگەورە بۆ ئەوە نەهاتووە کە بەخێرایی بڕوات، بەڵام سەرەتایەکی گەلێ هەش و فشەڵی پیشانی دۆست و ئەغیار دا، کە ئەگەر حیزبە دارشەقەکانی بن هەنگڵی پارتیی بهێڵن، ئەوا ڕووخانی ئەم ماڵی جاڵجاڵۆکەیە تەنیا فوویەکی خەڵکی ئەوێت و سەری دەسەڵاتی کوردییش ئەخوات!

،،

حیزبی کوردیی پانتایی گشتیی بە مەیدانی تەراتێنی خۆی ئەزانێت، تا لەوێوە خزمەتێك بەخۆی بکات لەڕێگای سواربوونی شەپۆلی ناڕەزاییەوە، خزمەتیش بەدەسەڵات بکات و دڵنیای بکاتەوە کە ناڕەزایەتییەکە جڵەوی لە دەست ئەودایە و دواجار لەبەردەم ماڵی دارۆغادا هەمووان مل بۆ قەڵەمڕەویی ناکۆتای ئێوە کەچ ئەکەین!

ئەم ڕۆژانە خەڵکیی کوردستان شاهید و گوێبیستی جاڕی ئیفلاس و فەشەلی دەسەڵاتن لەزاری خودی مەسرور بارزانییەوە، کەچی ئەوە هیچ کە (یەکێتیی و گۆڕان) خۆیان نەبان کردووە و لە هاوکێشەکەدا تەواو شوێنبزرن، لەهەمان کاتدا ڕۆڵی شەرماوەرانەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم خولەش ئاماژەی بەلاڕێدا بردنی چالاکیی ناڕەزاییە خۆڕسك و ڕەخنە ڕیشەییەکانی خەڵکیان لێئەخوێنرێتەوە!

ڕەنگە بوترێت کە لە دنیادا پارتی ئۆپۆزسیۆن پێشڕەویی ناڕەزایەتییەکان ئەکات و بەڕێگای تەندروست کەناڵیزەی داوا و دۆزەکانیان ئەکات، ئەمە ڕاستە، بەڵام کاتێك کە ئەم دوو حیزبە و بنەماڵەکانیان زیاد لە جارێك هەر مەترسییەك بۆ سەر قەڵەمڕەویی و کورسییەکەیان لە ڕێگای (دەنگدان و هەڵبژاردن، خۆپیشاندان و بایکۆت و ئەکتی مەدەنیی و ...تاد)ـیەوە بەڕێگای نادیموکراسیی، نایاسایی، دوور لە عورفی کۆمەڵایەتیی سەرکوت کرد و دوورخستەوە، تەنیا ویستێك هەیان بێت بریتییە لەوەی کە ؛ حیزبە ڕکابەرەکانمان ئازادن چۆن هێرش ئەکەنە سەرمان، وتاری حەماسییمان لەدژ ئەدەن، تەنانەت گەردنیان ئازاد بێت جار جار جنێوی مزر و قەبەش تێکهەڵکێش بکەن لەگەڵ پەرەگراف و ڕستەکانیاندا، کۆی بکەنەوە چەندە حەشامات ئیمکانی هەیە، خڕی بکەنەوە چەندە دەنگ هەیە، بیاننێرن چەند پەرلەمانتار ئەتوانن بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەوە بزانن ئێمە خۆمان بنەماکانی یارییەکەمان داناوە و کۆی سیستمەکە لە خزمەتی ئێمەدایە... کەواتە مانەوەی ئەم حیزبانە و خولانەوەیان لەم بازنەیەدا چ سوودێکی هەیە؟!

ئایا دارشەقی ڕاستەقینە بۆ بن هەنگڵی دەسەڵات، خودی ئەم هێزە مشەخۆرانە نییە؟!

هەر حیزبێك ئەیەوێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و پێشڕەوایەتیی خەڵك بکات، ناوی خۆی بە تۆخیی لەمێژووی ئێمەدا بنووسێت و جووڵە و چالاکییەکانیشی لەخزمەتی چاکەی گشتییدا بێت، ئەوا ئەبێت بەهەمان ڕێگای تاقیکراوەدا نەچێت و بەجدیی لەبەرەی خەڵکەوە ڕای بگەیەنێت کە ئەوان ئەبن بە ئۆپۆزسیۆنی سیستم و چاولەبەری هەڵبژاردنی پڕ لە ساختەکار نین و کۆتاییان بە مەهزەلەی بەشداریی پەرلەمانیی هێناوە و حیزبەکە و مەیدانەکانی خۆپیشاندانیش ناکەن بە بازاڕی ساخکردنەوەی قاتپۆشە شیكپۆش و وتاربێژەکانی بەردەم مایك و شاشە!

حیزب یان ئەبێت بە نەفرەت بکرێت و نەهێڵرێت کەیسی پڕ لە سازشی خۆی تێکەڵ بە داوای ڕەوای خەڵك بکات، وەك هەمیشە لە دۆڵێك بێت و خەڵکییش لەدۆڵێك، یان بڕیار بدات سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی نەبێت و ئەم شەپۆلە خۆڕسکەی ئەمجارەش خاڵیی نەکەنەوە بۆ دەسەڵات!

یان چۆن نزیکەی دوو ساڵە گۆڕتان ونە و لە دەسەڵات بێ هەڵوێستترن، بەردەوام بن.
یان فەرموون بەرەی خۆتان لەگەڵ دەسەڵات جیابکەنەوە، ئێوە لە ئاستی حکومەتی خۆجێییدا بەشداریی حکومەتن، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی و بەرپرسی دیکەتان هەیە، لەئاستێکیتردا شەرمنانە جارجارێك دەنوك ئەگرن!
ڕەشوڕووت ئەخەنە سەرجادە، بە فەرمانی پارێزگار دەستگیر ئەکرێن، کەچی بەرپرسی مەڵبەندەکەتان هەمان ڕۆژ ئەچێت بۆ سەردانی باوکی ئەو پارێزگارەی کە ئەندامانی دەستگیرکردوون؟

حیزبێکیتری ئۆپۆزسیۆن؛ بەتوندیی سەرکۆنەی دەسەڵات ئەکات کە قوتی خەڵکی بڕیوە و چەند مانگ موچەی فەرمانبەرانی نەداوە(ئەمە تەواوە) بەڵام بۆ خۆیشی چەند مانگە موچەی کارمەند و میدیاکارانی نەداوە، پشکی پشکدارانی کۆمپانیاکەی هەر باس مەکە، ئەمە لە ئۆپۆزسیۆندا ئەم لەف و دەورانە بکات، لە دەسەڵاتدا خەڵك ماڵوێران ئەکات!

ڕێگاکە ڕوونە هەر گرەوکردنێك لەسەر ناڕەزایەتیی خەڵك، گرەوکردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو، ئێمە ناهێڵین!