نەجات نوری
لە مەرگەوە بۆ مرۆڤ دۆستی
مرۆڤ تاكە بوونەوەرە لە مێژودا بە دڕندەترین شێوە دژی ڕەچەڵەكی خۆی ڕەفتاری كردووە، كاری بۆ لەناو بردنی كەسوكارو هاوبیركانی خۆی كردووە، ئەم مرۆڤە لە مێژودا هەڵەی گەورەی كردووە بەرامبەر بە خۆی، وەكو مرۆڤ دەستی هەبووە لە هەموو ئەو وێرانبوونە بێشومارانەی كە لە جیهاندا ڕویانداوە، لە هەموو ئەو تاوانە خوێناویانەی كە دژی ڕەچەڵەكی خۆی ئەنجامی داون، هیچ شتێكی تر ئاوایی بە ئەم بوونەوەرە نەكردووە لە تەمەنی خۆیدا، هەر ئەمەش بووە مرۆڤی خستۆتە بەردەم ناوێكی كوشندەوە، ئەمەش دووربووە لەو پێناسەیەی كە بۆ مرۆڤ كراوە وەكو بوونەوەرێكی عەقڵانیو شارستانی. ئەم تێكدانو خوێنە زۆرەی كە مرۆڤ دژی خۆی كردونی ناكاتە ئەوەی كە مرۆڤە بێئاگاو ناشارستانیەكان بە تەنیا دەستیان هەبووبێت لە ئەنجامدانیدا، لە ناو ئەم هەمووكردارە شەرم هێنەرانەدا كە بەسەر كۆی مرۆڤایەتیدا هێنراوە دەستی زۆر لە كەسە باڵادەستە بەئاگاكان هەبووە بۆ ئەنجامدانیانو بە نەخشەی ئەوان خوێن ڕژاوەو پەلامارە وێرانكەرەكان ئەنجام دراون، لە قووڵایی ئەم تاوانانەدا دووشێوە وێرانبوونو قڕكردن بوونی هەبووە: جارێك ئەو تاوانانەی كە هێزە باڵادەستەكان دژی كەلتوورو شارستانیەتو هاونیشتمانیانی خۆیان لەسەر خاكی خۆیان ئەنجامیان داوە، دووەم جاریش ئەو هێزانەی كە پەلاماری سنووری وڵاتانی تریانداوەو مرۆڤایەتیان تێدا قڕكردووە، سەرئەنجامیش لە هەردوو جارەكەدا مرۆڤ وشارستانیەت پێكەوە لەناوبراون، لە مێژوی گەڵاندا ئەم تاوانانە زۆریان پەیوەندیان بە كەسانی وەكو سوڵتانو میرو خەلیفەو سەرۆك و قەشەو پیاوە ئایینیەكانەوە هەبووە كە لە مرۆڤە عەقڵانیو بەئاگاكان بون، ئەم كەسانە لە جیهاندا هۆكاری ئەو تاوانانەن كە دژی مرۆڤایەتی ڕویداوەو تا ئێستا درێژەیان هەیە. لە كۆی ئەم جەنگو وێرانبوونانەدا دەبوو مرۆڤایەتی بەئاگابێت، ئەمەش لە هەموو وڵاتاندا نا، بەڵكو لە بەشێكی كەمی وڵاتاندا، جەنگ و قڕكردن ئیتر بەشێكی زۆری لە فەیلەسوفانو ئەدیبانو ڕۆشنفكرەكان بەئاگاهێناو وەكو تاك كەوتنە خۆ بۆ بەرگرتن لەم هەموو سووكایەتیەی كە بە مرۆڤ و شارستانیەت دەكرێت، لەم پێناوەدا دەیان وتارو كتێب یان نووسی...
،،
لێرەوە بوو كە مەرگ دەرگای ئاگایی بۆ بەشێك لە نوسەرانو هاوڵاتیانو سەركردەكانیان كردەوە.
ئەگەر وەكو مەرگو ئاگایی ئەم نموونانە وەربگرین: تاوانی هۆڵۆكۆستو قڕكردنی ئەرمەنیەكانو جەنگی یەكەمو دووەمی جیهانی، لەو نموونانەن كە بە مەرگی هەزاران هەزار مرۆڤ و وێرانبوونی هەزاران شارو گوند كۆتاییان هات، مەرگی مرۆڤەكانی ناو ئەم جەنگو قڕكردنانە هۆكاربوون بۆ ئاگایی زۆركەس لە ساڵانی دواتردا، ڕاچڵەكینێك بوو بۆ ئەوەی كە ئیتر ئاوا لە مرۆڤ نەكرێت بەبێ جیاوازی لە ئاینو ڕەچەڵەكیاندا، ڕاستە لەم تاوانانەدا زۆر مرۆڤ قڕكران بەڵام ئیتر نەدەبوو پەرە بەم قڕكردنانە بدرێت، دەبوو حورمەت و ماف بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێندرێتەوە، لە مەرگەوە بۆ ئاگایی ئەو پرۆسەیەبوو كە دوای ساڵانێكی دوورو درێژ لە جەنگو قڕكردن لە ئەوروپاو ئەمەریكاو بەشێك لە وڵاتانی تردا سەری هەڵدا، دەبوو ئیتر ئاگایی بخرێتە جێگەی ڕقو توندوتیژیو پێكەوە ژیان، نوسەرانو سەركردەو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە نەدەبوو ئیتر بە بیری قەشە توندڕەوەكانو سەركردە فاشیو دیكتاتۆرەكان ڕێگای ژیان بگرنە بەرو بەردەوام بن لە لەناوبردنی مرۆڤایەتی، بەمەرگی زۆر لە كەسە بێگوناهەكان ئەو وڵاتانە بەئاگاهاتنەوە، كەوتنە خۆیان تا ئیتر ڕێگری بكەن لە تاوان دژی مرۆڤایەتی، هەوڵیاندا كەرامەت بۆ مرۆڤ بگەڕێننەوە، مرۆڤ وەكو مرۆڤ بناسێنن نەك وەكو دڕندە، بە توانای ئەم هاوڵاتیانەو بە بیری بەشێك لە نوسەرانو سەركردەكانیان هاوكێشەیەكی گرنگیان هێنایە ناو شارستانیەتەكانەوە ئەویش مرۆڤ بوون بوو، مرۆڤ وەكو خۆی دوور لە توندوتیژیو ستەملێكردن، هەر ئەم ئیرادەیەبوو كە پێكەوە توانیان درێژە بە ئەو خەباتە بدەن تا لە نەتەوەیەكگرتووكانو لە ساڵانی چلەكان بە دواوە سەدان ڕێكخراوی گرنگ بۆ مافەكانی مرۆڤ و هاوكاری لێقەوماوانو بەدەنگەوە چوونی هەژاران لە جیهاندا دروستبكەن، هەر ئەمەنا بەڵكو زۆر لە وڵاتانە یەكیانگرت بۆ دژیایەتی كردنی فاشیزمو دیكتاتۆرە ملهوڕەكان لە جیهاندا، دواتر هەر ئەم وڵاتانەبوون توانیان بەشێك لە گەلانی جیهان لە ژێر دەستی ئەو دەسەڵاتدارە ستەمكارانە ڕزگاربكەنو ئازادیان بۆ بگەڕێننەوە، ئەمەش هەمووی پەیوەندی بە مەرگو ئاگاییەوە هەبوو، لەلای ئەم وڵاتانە مەرگ هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئاگایی لە جیهاندا، ئەوە مەرگی مرۆڤ بوو لەلای بەشێك لەم گەلانە ژیریوو ئاگایی دروستكرد، ئەوانبوون كە لە مەرگەوە گەڕانەوە بۆ مرۆڤ دۆستیو پێكەوە ژیان، مەرگیان وەلاوەنا و سنورەكانیان بۆ مرۆڤە دەربەدەرو هەژارەكان كردەوە، ڕێگەو جێگەیان بۆ پەیداكردن، حورمەتیان بۆ گەڕاندنەوە، وەكو خۆیان پارێزگاریان لە ژیانیان دەكرد، لە هۆلۆكۆست وجەنگەکانەوە تێگەیشتن كە مرۆڤ ناكرێت قڕبكرێت، لە ڕەفتاری قەشە توندڕەوەكانەوە تێگەیشتن كە ئاین بۆی نییە مرۆڤایەتی قڕبكات، لە جەنگەكانی ترەوە تێگەیشتن كە جەنگ هیچی بۆ مرۆڤ پێ نییە جگە لە قڕكردن نەبێت
،،
ئاوا تاك بەتاكی ئەو وڵاتانە لە مەرگی زۆر لە دۆستو مرۆڤەكانی ترەوە دەرگایی ئاگاییان بە ڕووی خۆیاندا كردەوە، ئیتر لێنەگەڕان سەركردەو قەشەكانیان بەویستی خۆیان كار بۆ مرۆڤ كوشتنو وێرانبوونی شارستانەیەت بكەن.
لە مەرگەوە بۆ مەرگ
ئەم وێنەیە بۆ ئێمە یان بۆ بەشێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێ چەوانەیە، لێرە هەمیشە لە مەرگەوە ڕێگای مەرگ دێتە ڕێگەی هاوڵاتیان، چەوساندنەوەو قۆرخكاریو پێشێلكردنی مافی مرۆڤ نەك كۆتایی نایەت بەڵكو تادێ زۆرتریش دەبێت، ئەگەر ئەم نموونانە ئاوا وەربگرین تا بزانیین ئێمە لە مەرگی كەسانی ترەوە بە ئاگا هاتووین یان لە مەرگەوە چوین بەرەو مەرگی كەسانی ترو قڕكردنی زیاتر، لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عیراقو ئیران، لە جەنگی كەنداو، لە جەنگی نێوان فەلەستین و، لە جەنگی نێوان لوبنایەكان خۆیانن، لە جەنگی نێوان یەكێتیو پارتی، لە ململانیە خوێناویەكانی ئێستای شیعەو سونە، لە ئەنفال و كیمیاباران دژی كورد، لە جەنگەكانی ئێستای یەمەنو سوریاو لیبیا، لە پەلامارەكانی داعشو قاعیدەو تاڵیبان و قڕكردنی كوردەكانی سوریاو توركیاو دەیان نموونەی تر، ئەمانە نموونەن بۆ مەرگو قڕكردنی مرۆڤ و تێكدانی شارستانیەت، نموونەن بۆ بە ئاگایی سەركردەكان لەم وڵاتانەدا كە ئەنجام دەری ئەم هەموو جەنگو خوێنەن، بە نەخشەو عەقڵی وێرانكەری ئەم سەركردانە ئاوا لەم وڵاتانەدا مرۆڤ قڕدەكرێتو تادێ هیچ ئاسۆیەك بۆ ئایندەی مرۆڤەكانی ئەم وڵاتانە بەدی ناكرێت، هیچ جەنگێك لە وڵاتانی عەرەبیدا
،،
هیچ جەنگێك بۆ كورد لەم هەرێمەدا، نەبۆتە هۆكار بۆ گۆڕینی عەقڵی سەركردەكانو هاوڵاتیانی، بەپێچەوانە سەركردەكانیان زۆر زیاتر ڕقاویو توندوتیژ تربوون، تاوانیان دژی هاوڵاتیانو شارو ئاینی خۆیان ئەنجام داوەو درێژەی پێ دەدەن
هیچ لەم جەنگانە نەبۆتە ئاگایی بۆ تاكو سەركردەكانیان، لەوە بەئاگا نەهاتوون كە ئیتر حورمەتو ماف بۆ هاوڵاتیانی خۆیان بگەڕێننەوە، لە مەرگەوە دەچن بۆ مەرگو درێژە بەو ڕەفتارانە دەدەن كە ستەمكارەكانی پێش خۆیان كردوویانە، دەبینین لە میسر حوسنی موبارەك دەڕواتو دیكتاتۆریەكی تر دێتە شوێنی، لە لیبیا قەزافی دەڕوخێت میلیشیاكان ئەو وڵاتە وێراندەكەن، لە یەمەن عەلی عەبدوڵا دەڕوات یەمەن دەبێتە دۆزەخ بۆ هاوڵاتیانی، لە عێراق سەدام حسین دەڕوخێت شیعەو سونە لەژێر ناوی مەزهەبدا تاڵاودەكەن بە گەروی هاوڵاتیانی بەشمەینەتی عێراق دا، كورد دوای ئەنفالو كیمیاباران، دوای ڕاپەڕین بەبیری سەركردەكانیان شەڕی ناوخۆ دژی یەكتر بەرپادەكەنو هەزاران ڕۆڵەی ئەم هەرێمە ماندووە دەكەن بە قوربانی بیری شەڕانی خۆیان... ئاوا لێرە لە مەرگەوە بۆ مەرگ مرۆڤ ئایندەی خۆی دەبینێتن، هیچ مەرگێك لێرە نەبۆتە ئاگایی بۆ بیری سەركردەو تاكەكانی، بەپێچەوانەوە تادێ ڕقو جەنگو تۆڵەكردنەوەی زیاتر بیری سەركردەو تاكەكانی دادەپۆشێت، بیری خۆسەپێنیو تاك حیزبیو شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ لێرە لە گەرمەی ڕۆژی خۆیدایە، تادێ ژیان لە هاوڵاتیان تاریك تردەكرێت... ئەمە ئەو دوو نمونەیە كە لە هەنێدك وڵات مەرگی مرۆڤ دەبێتە ئاگایی بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگو قڕكردنی مرۆڤایەتی، لە نموونەكانی وڵاتی عەرەبیو لای ئێمەش مەرگ هیچ دەرگایەك بۆ ئاگایی ناكاتەوەو تادێ مەرگ بە مەرگ وەڵام دەدرێتەوە.