دەبێت چی بگۆڕدرێت؟

دەبێت چی بگۆڕدرێت؟

330 خوێندراوەتەوە

”١- ھەڵوەشاندنەوەی جیھازی ئیداریی لە کوردستاندا و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لەڕێگای پاککردنەوەی لەو کادەر حیزبییانەی کە دەسەڵاتی حیزب لەناو پۆستە ئیدارییەکاندا دایناون. ئەمەش مانای ئەوەی لابردنی ھەموو ئەو کەسانەی کە پلەی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر و پۆستە ئیدارییە گرنگەکانی تریان بەھۆی پلە و پایەی حیزبییەوە وەگرتوە و جێگرتنەوەیان بە کەسانی موستەحەق و ناحیزبی شارەزا و لێزان لە بوارە جیاجیاکاندا. ھێشتنەوەی ئەم جیھازە بیرۆکراسییە بەم شێوەیەی ئێستای، کە تا بینەقاقای جیھازێکی حیزبییە نەک دەوڵەتی، کۆتایی بە دەسەڵاتی حیزب لەناو دەزگاکانی حوکمڕانیدا ناھێنێت و ناھێڵێت دۆخێکی ئیداری تەندروست دروستببێت، کە بتوانێت بە دەوڵەت ئاکارێکی ناحیزبیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ببەخشێت.

٢- ھەڵوەشاندنەوەی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمایەکی ناحیزبی کە تیایدا لێزانی و شارەزایی سەنگی مەحەک و پێوەری ھەڵبژاردەکان نبێت. ئەوەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستاندا نیشانیانداین، ئەو ڕاستیەیە کە بەبێ دەرھێانی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان لەدەستی حیزب ناکرێت باس لە ئارامیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی بکەین و ھەموو خۆلادانێک لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە گرنگە، وەک خۆلادان وایە لە گرنترین کێشەیەک ڕووبەڕوی ئەزموونی سیاسیی و گشتێتی کۆمەڵگای ئێمە بووبێتەوە.

٣- ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی میدیایی حیزبیی ئاراستەکراو و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەسەر بنەمای نەھێشتنی ئەم جۆرە میدیایە بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە. ئەم میدیا حیزبییە ئاراستەکراوە ئامرازێکی گەورە و گرنگی دروستکردنی پشێوی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و سەربازییە. ھەموو جەنگ و نائارامییە ناخوخۆییەکان لە کوردستاندا بە جەنگی ناو میدیا حیزبییەکان دەستپێکردوە. میدیای حیزبی ڕەگەزێکی گرنگی ھەموو پێکدادانە سیاسیی و سەربازییەکان بووە. بۆ کۆتاییھێنانێکی ڕاستەقینە بە ئەگەری جەنگی ناوخۆ و بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیی لە کوردستاندا دەبێت کۆتایی بەم مۆدێلە لە میدیای حیزبی بھێنرێت. مۆدێلێک کە بەشێکی زۆر و گرنگی سامانی گشتیی و پارەی خەڵک و کۆمەڵگای تێدا سەرفدەکرێت و جگە لە بەرھەمھێانی مەترسیش خێرێکی تری بۆ کۆمەڵگای ئێمە نییە.

٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە نابەرپرسیار و نایاساییەی لەنێوان ئابوریی و سیاسەتدا لە کوردستاندا دروستکراوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بە شێوەیەک کاریگەرییە شێوێنەرەکانی سیاسەت لەسەر ئابوریی لاببات. ئەمەش مانای ڕێکخستنەوەی ئابوریی کوردستان لەسەر بنەمایەکی شەفاف و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھەموو کۆمپانیا حیزبیی و سێبەرانەی کە ھەن و ئاشکراکردنی شێوازی بەخشینی کۆنتراکتە گەورەکان بە کۆمپانیاکان و ئاشکراکردنی ئەوانەی لەپشتی ئەو کۆمپانیایانەوە وەستاون و دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و کەوتنەدوای ئەم مەسەلەیە.

٥ بەرپاکردنی جەنگێکی ڕاستەقینە بەرامبەر بە گەندەڵیی و تەرخانکردنی شارەزا و لێزانی تایبەت بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم دیاردەیە. ئەمەش دەکرێت لەڕێگای دروستکردنی ناوەندێکی تایبەتەوەبێت کە پێکھاتبێت لە شارەزایانی بواری ئابوریی و بواری یاسایی و بواری دەزگایی و بواری ئیداریی و بواری موحاسەبەی مالی لە وڵاتەکەدا.

٦- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەستوری کوردستان بە ئاراستەی ئەوەی دەسەڵات لە کوردستاندا ببێتە بە دەسەڵاتێکی پەرلەمانتاریی ڕاستەقینە، نەک دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی. چونکە دۆخی کوردستان تەحەمولی ئەوە ناکات دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکێکی ھەڵبژێردارو ببەخشێت کە لە پەرلمان بەھێزتربێت و ئامراز و میکانیزمێکی ڕاستەقینەش لەئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوە لەو سەرۆکە. ئەزموونی کۆکردنەوەی دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی تاقەکەسێکدا لە دونیای ئێمەدا ئەزموونێکی مەترسیدارە و کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت باجی ئەو جۆرە ئەزموونە بدات.

٧- کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەناو سیستمی پەرلەمانیی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکایەتیدا. لە دەرەوەی ئەم سێ دەسەڵاتەدا نابێت ھیچ بازنەیەکی دیکەی دەسەڵات ھەبێت کە کاریگەری لەسەر بڕیارە ڕەسمییەکان و شێوازی کارکردنی ئەو سێ دەسەڵاتە فەرمییە ھەبێت. ئەمەش مانای نەھێشتنی ڕۆڵی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان وەک بازنەیەکی سەربەخۆی دەسەڵات و نەھێشتنی توانای کاریگەرییان لەسەر شێوازی کارکردنی سیستمەکە. بە کورتیی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەبێت بچنە ناو سێ دەزگا گرنگەکەی دەسەڵاتەوە، یان دەبێت لەدەرەوەی ئەواندا ھیچ ڕۆڵێکیان نەمێنێت. مەبەستم لە سێ دەزگاکەش پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمە.

٨- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و لابردنی فشار و داگیرکردنی حیزب بۆ ئەم دەزگایانە. ئەمەش مانای سەندەنەوەی دەسەڵات و ئیمتیازات لە دەزگا حیزبییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ نموونە سەندەوەی ئیمتیازات و دەسەڵات لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان و ئافرەتان و گەنجانی سەر بە حیزبە سیاسییەکان و مامەڵەکردنیان وەک ڕێکخراوەکانی دیکە. لابردنی فشار و نفوزی ئەم ڕێکخراوە سەر بەحیزبانە لەسەر ھەموو ئەو بوارانەی کە کاری تێدادەکەن و نەبەخشینی ھیچ ئیمتیازێک پێیان لەسەر بنەمای ئەندامبوونیان لەم یان لەو حیزبی سیاسیدا.

٩- سەرلەونێ بیناکردنەوەی سیستمی داوەریی بەو شێوەیەی کە سەربەخۆیی تەواوی دەزگا و کادەرکانی ئەم بوارە مەیسەربکرێت و لابردنی ئە کادیرانەی کە بە ئەمری حیزب لەناو ئەم دەزگایەدا دانراون.

١٠- سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژیانی کولتوریی و فەرھەنگیی بەشێوەیەک کۆتایی بە سیفەتە حیزبییەکانی دەزگا و ڤێستیڤاڵ و خەڵاتە ھونەریی و ڕۆشنبیرییەکان بھێنرێت و ئەم کایەیە بەشێوەیەکی نوێ و دوور لە دەستێوەردانی حیزبەوە دابڕێژرێتەوە.

ئەم خاڵانەی سەرەوە لە ٢٥ شوباتی ساڵی ٢٠١١دا، واتە ھەفتەیەک دوای دەستپێکردنی ڕووداوەکانی ١٧ شوبات، نووسران و بڵاوکرانەوە. بە بۆچونی من ئەم داواکارییانە لەمڕۆشدا، کە نزیکەی دە ساڵێک دواترە، گرنگی خۆیان لەدەست نەداوە و ئەو لانیکەمەیە کە دەتوناێت ”سەرەتایەکی تازە“ دروستبکات. سەرەتایەک بکرێت لەوێەوە بەرەو پێشەوە بچین.

 

author photo

نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا