خۆرھەڵاتی ناوەڕاست چیتر ئەوە ناھێنێت

خۆرھەڵاتی ناوەڕاست چیتر ئەوە ناھێنێت

361 خوێندراوەتەوە

مارتن ئایندیك
وەرگێڕانی: رەزوان حەسەن

لە سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵ، سەرەڕای بانگەشە بەردەوامەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە دەستوەردانەكانی ئەمریكا لە ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە لێواری جەنگێكی دیكەدا بوو لە ناوچەكە، ئەمجارەیان لەگەڵ ئێران. ئەگەر تۆڵەكردنەوەی ئێران لە كوشتنی فەرماندەی باڵای تاران قاسم سولەیمانی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە ببووایەتە هۆی كوشتنی سەربازی زیاتری ئەمریكی، ئەوە واشنتۆن، هەروەك ترەمپ لە تویتێكدا باسی كرد، دەچووە نێو رووبەڕووبونەیەوەكی تەواوەتیەوە.


بۆچی هەمیشە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ویلایەتە یەكگرتووەكان رادەكێشێتەوە ناوەوە؟ ئەم ناوچەیە كێشە لەسەرە چییە كە هەمیشە وای لە واشنتۆن كردووە لەنێوان حەزی كۆتاییهێنان بە دەستوەردانی سەربازی و پاڵنەری هەڵگیرساندنی جەنگی دیكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تیا بمێنیت؟


وەك كەسێك كە چوار دەیەی ژیانم بۆ خوێندن و مومارەسەكردنی دیبلۆماسیەتی ئەمریكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان كردووە، سەرم لە بێتوانایی دوو ئیدارەی رابردووی ئەمریكا سوڕماوە لە چارەسەركردنی ئەم كێشمەكێشمە. پێشتر سەرۆكەكانی هەردوو پارتەكە تێگەیشتنی بەرفراوانی هاوبەشیان هەبووە بۆ بەرژەوەندیەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ناوچەكە، لەوانە هەبوونی كۆدەنگی لەسەر ئەو بەرژەوەندیانەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان گرنگ بوون_ئەو بەرژەوەندیانەی شایەنی ئەوە بوون ژیانی سەربازان و سەرچاوەكانی ئەمریكایان بۆ دانرێت لە بەرەی هێنانەكایەی ئاشتی و هەڵگیرساندنی جەنگ لەكاتی پێویستدا.

،،

هەرچەندە ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی سەربازانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق و ئەفغانستان لە مەترسیدان و ئاڵۆزییەكانی پەیوەست بە ئێران لەزیادبووندان، ئەمریكیەكان هێشتا لە جەنگ رزگاریان نەبووە. لەگەڵ ئەوەدا وەك دیارە ناتوانین كۆدەنگییەك دروست بكەین یاخود سیاسەتێكی جێگیر پەیڕەو بكەین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە كە زۆربەی ئەوانەی لە دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادان، بە خۆشمەوە، قورسە پێی قایل بین: ئەوانیش كۆمەڵێك بەرژەوەندی گرنگی كەمی ئەمریكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە بەردەوام لەژێر مەترسیدان. ئاڵنگاریی ئێستا، هەم لەڕووی سیاسیەوە و هەم لەڕووی دیبلۆماسیەوە، هەڵهێنجانی كۆمەڵێك دەرەنجامی پێویستە لەو هەقیقەتە رەق و تاڵەوە.


بەڕێز ترەمپ، هاوشێوەی ئۆباما، بۆی دەركەوتووە كە چاككردنی ئەمە چەندە قورسە. ئەو 9 مانگ پێش ئێستا، دوای هێرشەكەی ئێران كە زیاتر لەسەدا 50ی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیەی كەم كردەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بە لەسەدا 5 كەم كردەوە، رایگەیاند كە ئەوە بەرپرسیارێتی ئەمریكا نییە بەرگری لە كێڵگە نەوتیەكانی سعودیە بكات. ترەمپ وتی "ئەوە هێرشێك بوو بۆ سەر سعودیە نەك ئێمە." قسەشی لەسەر ئەو پێویستیە گرنگە كرد كە لە ساڵی 1945ەوە سیاسەتی حكومەتی ئەمریكای دیاریكردووە، كاتێك سەرۆك فرانكلین رۆزفێڵت رێكەوتنێكی لەگەڵ شا عەبدول عەزیزدا مۆركرد بۆ پاراستنی نەوتی شانشینەكە.
لەگەڵ ئەوەدا بەڕێز ترەمپ دوای ئەو قسانە نزیكەی 14هەزار سەربازی دیكەی نارد بۆ كەنداو، لەگەڵ كەشتیەكی فرۆكەهەڵكر كە پنتاگۆن بە باشی دەزانی بۆ دەریای باشوری چین بنێردرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشەیەكی دیكەی دەركەوتووی گرنگی سەدەی بیست و یەكە كە چینە.


لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕوونی گرفت و سەختیی چوونە دەرەوەی ئەمریكا دەركەوت كاتێك وەزیری بەرگری مارك ئیسپەر رایگەیاند بەڕێز ترەمپ فەرمانی كردووە بە كشاندنەوەی 1000 سەربازی ئەمریكی لە باكوری سوریا_ئەمەش لەلایەن هەردوو پارتەكەوە لە كۆنگرێس بەرەوڕووی رەخنە بوویەوە (لە ئیسرائیلیش ترس و نیگەرانی دروست كرد) بەهۆی ئەوەی بەڕێز ترەمپ دەستبەرداری كوردە هاوپەیمانە دڵسۆزەكانی سوریا بوو. لەگەڵ ئەوەدا تا ئەمڕۆش هێشتا سەربازی ئەمریكا لە سوریادا ماونەتەوە، كە ئەركیان پاراستنی كێڵگە نەوتیەكانە بەو پێیەی ترەمپ باسی كردووە. گرفتی نێوان ئامانجەكانمان لە سوریا و ئەو ئامرازانەی ئامادەمان كردوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە؛ وەزیری دەرەوە مایك پۆمپیۆ ئەوەی راگەیاندووە مەبەستی ئەمریكا لەوێ كردە دەرەوەی دانە بەدانەی سەربازی ئێرانیە".


هەندێ ئەم هەموو راڕاییەیی و ئەمسەر و ئەوسەرە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی یەكڕیزی لە ئیدارەكەی ترەمپدا، یاخود دەیگێڕنەوە بۆ بەریەككەوتنی نێوان مەیلی سەرۆك بۆ هاتنە دەرەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵنەرە بەهێزەكانی راوێژكارە هەرە نزیكەكانی، لەوانە مایك پۆمپیۆ و لیدسی گراهام و جۆن بۆڵتن و راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ.


بەڵام دەكرێت هەمان دژیەكی لەنێو ئیدارەكەی پێش ترەمپ ببینین. بەڕێز ئۆباما بڕیاری دابوو كۆتایی بە "جەنگە هەتاهەتاییەكان"ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت و لە جەنگی نوێ خۆی بەدوور بگرێت. لەگەڵ ئەوەدا، لە شۆڕشە دیموكراسیەكانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011، نەیتوانی داوای لابردنی رژێمەكانی میسر و لیبیا و سوریا نەكات، ئەگەرچی ئەوەندە حەزی بەوە نەدەكرد سەرچاوەكانی ئەمریكا بەكاربهێنێت بۆ روخاندنیان.


بۆ بەجێهێنانی بەڵێنەكەی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی بژاردەی ئەمریكا لە عێراق كە لەنێو جەماوەردا بانگەشەی بۆ دەكرد، بەڕێز ئۆباما هەموو هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی لە ساڵی 2011 لە عێراق كشاندەوە. تەنها دوای سێ ساڵ، نزیكەی 5000 سەربازی ناردەوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی جیهادییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی سودیان لە بۆشاییەكە وەرگرت و بەشێكی گەورەی خاكی عێراقیان داگیركرد بۆ دامەزراندنی خەلافەتەكەی خۆیان.


لە سوریا بەڕێز ئۆباما لە ساڵی 2012 راگەیاند بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمە خوێنڕێژەكەی بەشار ئەسەدەوە "بەلای ئێمەوە بەزاندنی هێڵی سورە". بەڵام كاتێك بەشار ئەسەد لە مانگی هەشتی 2013 گازی سارینی بەكارهێنا و زیاتر لە 1400 كەسی مەدەنی سوریای لە دەوروبەری دیكەشق كوشت، بەڕێز ئۆباما دودڵ بوو لە ئەنجامدانی گورزە پلابۆدانراوەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان. بەبێ پاڵپشتی كۆنگرێس، پێی باش نەبوو تۆڵە بكاتەوە و ئەمریكا لە جەنگی ناوخۆیی سوریا تێوەبگلێنێت. دواتر رەخنەی توندی لێگیرا لەسەر ئەوەی نەیتوانی خەڵكی سوریا لە كارە دڕندانەكانی رژێمەكەی ئەسەد بپارێزێت.


لە پشت هەموو ئەم دودڵی و راڕاییەوە واقیعێكی تایبەت بە سەدەی بیست و یەك هەیە: ئەویش ئەوەیە وەرچەرخانێكی بونیادی لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكادا روویداوە، وەرچەرخانێك كە واشنتۆن قورسە دانی پێدا بنێت.

لە رابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکان دوو ئەولەویاتی روونی ھەبووە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: یەک بەردەوامیدان بە رۆشتنی نەوت بە نرخی گونجاو، دوو ھێشتنەوەی ئیسرائیل. بەڵام ئابوری ویلایەتە یەکگرتووەکان چیتر پشت بە نەوتی خاوی ھاوردەکراو نابەستێت. پرۆسەی دەرھێنانی نەوت و غاز ئەمریکای کردووە بە ھاوردەکارێکی نەوت و غازی سروشتی. وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ھێشتا پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستن.

گومانی تێدا نییە ئەگەر ھەناردەکردنی نەوتی کەنداو تەگەرەی گەورەی تێبکەوێت ئابوری جیھان —لەوێشەوە ئابوری ئەمریکا زیانی پێدەگات. بەڵام شۆڕشی غازی سروشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و دۆزینەوە بەرەوپێشبردنی سەرچاوەکانی وزە لە شوێنانی دیکە و جێگرتنەوەی بەردەوامی ئەو سەرچاوانە بە وزەی خاوێن وایان لەبازاڕەکان کردووە لە بەرامبەر پشێوی و ناسەقامگیرییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست تا ئاستێکی گەورە خۆیان ڕابگرن و بەردەوامبن. ئەو وڵاتە عەرەبیانەی نەوت و غازی سروشتی ھەناردە دەکەن هێشتا بۆ ئێمە گرنگن، بەڵام رۆشتن و گواستنەوەی نەوتەکەیان بەشێوەیەکی ئازادانە چیتر بەرژەوەندیەکی گەورە و گرنگ نییە—واتە شایەنی ئەوە نییە شەڕی لەسەر بكرێت. هەرچەندە قورسە سەر لە بیرۆكەكە دەربكەین، بەڵام ئەوە چین و ھیندستانن کە پێویستە پارێزگاری لە ھێڵە دەریاییەكانی نێوان کەنداو و بەندەرەکانیان بکەن، نەک ھێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بەنیسبەت ئیسرائیلەوە، ھێشتا لە بەرژەوەندی نەتەوەیی گەورەی ئەمریکادایە پاڵپشتی ئاسایشی دەوڵەتی جولەکە بکات، بەڵام مانەوەی وڵاتەکە چیتر جێی پرسیار نییە. پاڵپشتی گەورەی ئابوری و سەربازی و ھەماھەنگیی ئەمنیی نزیکی دەیان ساڵەی ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگەیان بۆ ئیسرائیل خۆش کردووە خۆی بەرگری لە خۆی بکات. ھەقی خۆمانە لە ھەڕەشە دوبارەکانی وێرانکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە نیگەران بین، بەڵام ئەوە ئیسرائیلی خاوەن چەکی ئەتۆمیی ئەمڕۆیە کە دەتوانێت ئێران وێران بكات، نەک بە پێچەوانەوە.

بەھەمان شێوە، لەماوەی دەیان ساڵی ڕابڕدوودا، ئاشتەوایی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێ عەرەبیەکانی گرنگیەکی گەورەی ھەبووە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە. بۆ نمونە لە ماوەی جەنگی "یوم الغفران"ی ساڵی ١٩٧٣ گەمارۆی وڵاتە عەرەبیە بەرھەمھێنەرەکانی نەوت نرخی نەوتی بەرزکردەوە بۆ چوار ھێندەی خۆی و ئابوری ئەمریکای بەتەواوی سست کرد. بەڵام دیبلۆماسیەتی چالاكی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەدەستپێشخەری ھینری کیسنجەر وەزیری دەرەوە کە بە سەرۆک جیمی کارتەر بەئەنجام گەیشت،رێکەوتنێکی ئاشتی بەرھەم ھێنا کە ڕێگری لە میسر کرد —وەک دەوڵەتێکی ھەرە بەھێزی سەربازی و جەماوەری عەرەبی— ھاوپەیمانێتیەکی جەنگی لە دژی ئیسرائیل دروستبکات. ئەمەش وایکرد ئەستەم بێت بۆ وڵاتە عەرەبیە لاوازەکانی دیکەی دراوسێی ئیسرائیل بیر لە گەڕانەوە بۆ جەنگ بکەن.
لە ساڵی ١٩٩٤، بیڵ کلینتۆنی سەرۆک رێکەوتنێکی دیکەی ئاشتی ھێنایە ئاراوە، ئەمجارەیان لەنێوان ئیسرائیل و ئەردەن، کە بووە زامنکەری ئاسایشی شانشینی ھاشمی و ناوجەرگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی سەقامگیرکرد. لەبەریەکھەڵوەشانەوەی ئەم دواییانەی عێراق و سوریا —کە رۆژانێک لەلایەن دوژمنە ھەرە سەرسەختەکانی ئیسرائیلەوە حوکم دەکران—ئەستەمبوونی جەنگێکی دیکەی عەرەب-ئیسرائیلی دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ ئیسرائیل زیاتر سود لەوە دەبینێت پەیوەندی سترایژی بەھێزتری ھەبێت لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبیە سوننییە سەرەکیەکان —سعودیە و میسر و ئەوانیتر— تاوەكو لەگەڵ یەكتردا بمێننەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ھەوڵی بەدیھێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیلیەکان و فەڵەستینیەکان ھیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەدیوە.

،،

ئەو شتانەی بەدرێژایی ژیانم سەرنجی منی راکێشاوە بەدیھێنانی ئاشتی نێوان عەرەب-ئیسرائیل بووە.

لەگەڵ ئەوەدا زیاتر لە ٢٠ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دوا رێکەوتنی ئیسرائیل-فەڵەستین لەلایەن ئەمریکاوە (لە روباری وی لە ئۆکتۆبەری١٩٨٨) و ئەرکەکە ھێشتا ھیچ ئومێدی لێنابینرێت.


من ئەمە لە ئەزمونی کاریگەری کەسیی خۆمەوە دەزانم. شەش ساڵ پێش ئێستا،وەک نێردەی ئاشتی باراک ئۆباما، بەشداریم لە دوا وتووێژە راستەوخۆکانی ئیسرائیل-فەڵەستیندا کرد. لە کۆتایی ئەو مشتومڕە نۆ مانگیەدا، ھەردوولا زیاتر لەو کاتەی دەستیان پێکرد ناکۆک و دژبەیەکبوون لەسەر ھەموو پرسە جەوھەرییەکان. لەو کاتەوە ھێچ شتێک ئەو واقیعەی نەگۆڕیوە. ڕاوێژکارانی ترەمپ ئێستا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەم زووانە پلانێکی درێژخایەن و قایلکەر رادەگەیەنن بۆ گەیشتن بە "رێکەوتنی سەدە" بۆ کۆتایی ھێنان بە ململانێکە. لەبەرئەوەی لەوانەیە رێکەوتنەکە لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکاندا لای ئیسرائیل بگرێت، بەدڵنیاییەوە فەڵەستینیەکان رەتی دەکەنەوە.


گەرچی قورسە دانی پێدا بنێم، چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ کێشەی فەڵەستین مەسەلەیەکی زۆر گرنگی ئەمریکا نییە. بۆ ئیسرائیل پرسێکی گرنگە كە ئەگەر وڵاتەكە بیەوێت وەک دەوڵەتێکی جولەکە و دیموکراسی بمێنێتەوە. لەبەرئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆستی ئیسرائیلە، پێویستە ھانی بدەین لە داھاتوودا دەرگا بۆ ئەو ئەگەرە بکاتەوە، ئەویش بە رێگرتن لە دروستکردنی نشینگەکانی کەرتی خۆرئاوا یاخود رێگریکردن لە لکاندنی بە وڵاتەکەوە کە دوو ھەنگاون پرۆژەی سازشکردنی خاک لەگەڵ فەڵەستینیەکان ئەستەم دەکات. بەڵام کاتی ئەوەیە کۆتایی بە شانۆگەری ھێنانە پێشەوەی ئەو پلانی ئاشتیانەی ئەمریکا بھێنین کە لە دواجاردە لایەنێکیان رەتیان دەکاتەوە.


ئەگەر ئیسرائیل چیتر بەرژەوەندی گرنگی ئەمریکا نەبێت، ئەی چی دەربارەی داعش؟ سەرەڕای ھەموو شتێک، ئەوەی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەسپێدەکات لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا نامێنێتەوە، ھەروەک ھێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەر بەتەواوی نیشانی داین. بەڵام لەدوای لەناوبردنی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی ئاڵنگارییەکە بریتیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکانی ئەو گروپە و قاعیدە. دەکرێت ئەم ھەڵمەتی پاککردنەوەیە، بە ژمارەیەکی کەم سەربازی ئەمریکی، پێکەوە بە ھەماھەنگی نزیک و پاڵپشتیکردنی لایەنەکانی ناوچەکە، لەوانە کورد و دەوڵەتی عێراق و لایەنگرانمان لە ھاوپەیمانێتی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی، ئەنجام بدرێت.

ئەمە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران جێدەهێڵێت. رێگریكردن لە كێبڕكێی چەكی ئەتۆمی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك بەرژەوەندییەكی گرنگی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەمێنێتەوە_ئەو پرسە هەنوكەییەیە كە دەشێت لە چوارچێوەیدا ئەمریكا پەنا بباتە بەر جەنگ. بەڵام پێویستە وریای ئەوانەبین كە بۆ بەرەكانی جەنگ هەڵپە دەكەن.

بەپێچەوانەی كۆریای باكور یاخود پاكستانەوە، ئێران چەكی ئەتۆمی نییە. سزاكانی ئەمریكا ئابوری ئێرانیان خنكاندووە و رژێمەكە بەرەوڕووی ناڕەزایەتی زیاتر ناوخۆیی و بەرهەڵستیی ناوچەیی بووەتەوە. بەڕێز ترەمپ نەزانانە لە رێكەوتنی ساڵی 2015ی ئەتۆمی ئێران كشایەوە، بەڵام سەركردەكانی ئێران پێشوەخت ئامادەییان دەربڕیوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەروونی دەیانەوێت خۆیان لە ململانێی توندوتیژانە بەدوور بگرن.

جڵەوكردنی خواست و تەماحە ئەتۆمییەكانی ئێران بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەكەدا پێویستی بە دیبۆماسیەتی چالاكانەی ئەمریكا هەیە، نەك جەنگ. سزاكان ترەمپیان دەستكراوەتر كردووە. پێویست لە ئێستادا ئەو ئاماژەیە بۆ تاران بنێرین كە ترەمپ ئامادەیە سزاكان سوك بكات ئەگەر ئەوان واز لە پێشێلكردنی بڕگە و مادەكانی رێكەوتنە ئەتۆمیەكە بهێنن. پێویستە هەوڵی دڵ راكێشانی هاوپەیمانە ئەوروپیەكانیشمان بدەین نەك لە بایەخیان كەم بكرێتەوە. وە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ روسیا و چینیشدا بكەین كە هەردووكیان وەك ئێمە دژی ئەوەن ئێران بگاتە چەكی ئەتۆمی.

پاڵپشتیكردنی دیبلۆماسیانەی هەوڵەكانی كۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن و تۆكمەكردنی ئاگربەستی واقیعیی لە غەززە و لە كۆتاییشدا بونیادنانەوەی سوریا دەتوانن توانای ئێران لە دەستوەردان لە ململانێكانی ناوچەكە كەم بكاتەوە. پێویستە لەم هەوڵانەدا بچینە پاڵ ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبیە سونییەكان نەك تەنها پاڵپشتی مافی بەرگریكردن لە خۆیان بكەین، كە ئەوە تەنها سود بە ئەمریكا دەگەیەنێت.

لە ساڵی 1975، ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدوای جەنگی لاوازكەری ڤێتنام پشتی لە وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا كرد. لە هەمان كاتدا بەڕێز كیسنجەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمریكا لە دەستوەردانە دەرەكیەكانیدا لەنێوان پڕجوڵەیی و شەكەتی و لەنێوان پاڵنەرە داگیركارییەكان و پاشەكشەكاندا ئەمسەر و ئەوسەری كردووە.

ئێمە ناتوانین پشت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكەین_كە لانكەی یەهودیەت و مەسیحیەت و ئیسلام و شوێنی یەدەگی گەورەی نەوت و جێی گەمەی گەورە و بەردەوامی نێوان هێزە بەتەماح و دامەزراوەكانە. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە خەیاڵدانی ئەمریكیەكان ناچێتە دەرەوە، كە نەتەوەیەكە خاوەنی هێزێكی گەورە و تێكەڵەیەكی بێوێنەیە لە بێتاوانی و لوتبەرزی و ئەو باوەڕەی هەیە كە هەموو كێشەیەك چارەسەرێكی هەیە و حەزێكی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی ناوچەكە بخەینە وێنەكەی خۆی. لەگەڵ ئەوەدا دوای قوربانیدانی ژمارەیەكی زۆر ئەمریكی و بەهەدەردانی وزە و پارەیەكی زۆر لە هەوڵە شێتانەمانمان كە ئەوەندەی خراپەیان لێكەوتەوە هێندە باشەیان لەگەڵ خۆیدا نەهێنا، كاتی ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكان رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە پەلامار و پاشەكشە بەدناوە پڕخەرجیەكانی. ئێمە پێویستمان بەوەیە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی پتر واقیعیانەی بەرژەوەندیەكانمان ستراتیژێكی تۆكمە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژین. كاتی ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لە شەڕە دوانەهاتووەكان و ئامانج قەبەكان –وەك كردنە دەرەوەی ئێران لە سوریا، لەناوبردنی ئایەتوڵڵاكانی ئێران یاخود چارەسەركردنی ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستین– لەپێناو ئەو ئامانجە پتر سنوردارانەی كە دەتوانین بە ئامرازی مامناوەندیتر بەدەستیان بهێنین.