شەقام حیزبی تەڵاق داوە

شەقام حیزبی تەڵاق داوە

744 خوێندراوەتەوە

ئارام قادر حەمەسور

بێگوومان هەرێمی کوردستان ماوەی بیست و هەشت ساڵە خاوەنی حکوومەت و پەرلەمانە، یەکێتی و پارتی قۆرخی دەسەڵاتیان کردووە. لەم ماوەدا ملیارەها دۆلاریان لەبەر دەست بووە، تەنانەت لەدوای ڕوخانی سەدامەوە نزیکەی سەد ملیار دۆلار لەبەغداوە هاتۆتە قاسەکانی یەکێتی و پارتی. جگە لەداهاتە زۆرەکەی نەوت و داهاتی ناوخۆ.


کارەساتەکە ئەوەیە ئێستا حکوومەت دەڵێت بیست و حەوت ملیار دۆلار قەرزارین! چ ئابڕوچونێکە دەسەڵاتێک خاوەنی ئەم هەموو پارەیەبێت، بەڵام ئێستا بە گەلەکەی دەڵێت قەرزارین. بێگوومان زۆرینەی خەڵک بڕوا بەقسەکانی حکوومەت ناکەن، بە کادیرانی خۆشییانەوە.

ماوەی چەندین ساڵە حکومەت دەڵێت چاکسازیی دەکەین، دیارە بوونی پڕۆژەی چاکسازی بەمانای بوونی گەندەڵی دێت، بەمانای بوونی سیستەمێکی خراپ دێت.
بەڵام یەکێتی و پارتی تا ئەمڕۆش نە یانتوانیوە پڕۆژەی چاکسازی ئەنجام بدەن لە حکومەتدا، وە ناشتوانن ئەنجامی بدەن، چونکە ڕەگی گەندەڵی قووڵە و بۆتە کولتوور. هەموو کات چاکسازییان بە کابینەی دواتر بەستۆتەوە، بەڵام کابینە لە کابینە فاشیلترە، ئەم کابینەی نۆیەمە فاشیلترینیانە، چونکە خەڵک لە وپەڕی بێئومێدی و ژیانی خراپ دایە. تەواوی کابینەکان هی یەکێتی و پارتیە و ئەوان لێی بەرپرسن بێ جیاوازی. حکومەتێکی گەندەڵە لەسەر دوو پێ وەستاوە، یەکێکیان پارتیە و ئەوەی تریان یەکێتی. حیزبەکانی تریش گەر بەشدارییان پێکراوە تەنیا بۆ جوانکاری و بێدەنگکردن بووە.

،،

گەورەترین درۆیی سیاسیی ئەوەیە بڵێی من بەشداری حکومەت دەکەم تا چاکسازیی بکەم. چاکسازی لە حکومەتی یەکێتی و پارتی ناکرێت و سیزیفە. واتا تەنیا هەڵگەڕانە بە چیادا و دووبارە کەوتنەخوارەوە و دووبارە هەڵگەڕان. بەبێ ئەوەی بگەیتە لووتکەی چیاکە.

ئێستا کۆتایی هیواکانە بەم دەسەڵات و حیزبانە، بە حیزبەکانی دەسەڵات و بە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن. لەم دۆخە سەختەدا حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن(کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی) وادەزانن نە با ی دێت و نە باران. ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە لە سەردەمی ئەم حکومەتە خراپەو ئەم گەلە چەوساوەدا تەمبەڵترین ئۆپۆزسیۆنە. ئۆپۆزسیۆن گەر جورئەتی نەبوو لە ئۆپۆزسیۆنبوون دەکەوێت. ئێستا دەبێت شەقام ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە جێگەی خەوەکەیدا بێنێتە شەقام! دوای گەرمبوونی شەقام ئۆپۆزسیۆن و سەرکردەکانی دێنە شەقام و سنگ دەچەقێنن.


ئێستا کۆتایی ئومێدەکانە و هیچ حیزبێک لە ئاستی پەرۆشی خەڵک دانیە، هەمووان تەواوکەری ئەم چەوساندنەوەیەن.

کاردانەوەی خەڵک ئەمجارە جیاوازترە، خەڵک لە شەقام حیزبی تەڵاق داوە، نابێت ڕێگەش بدات حیزبێک ماندووبوونی شەقام بباتە سەر مێزی گفتوگۆی دەسەڵات، ناکرێت چیتر ماندوبوونی شەقام لەقوماری دەسەڵاتدا بدۆڕێندرێت.

لە ئێستا دابێت یان داهاتوو، کاردانەوەکان بەهێز دەبن و گشتیان بەپێی بەرپرسیارییان تووڕەبوونی شەقامیان بەردەکەوێت. چونکە زۆرینەی خەڵک کەوتونەتە ژیانێکی قوورس و بێئومێدەوە و متمانەیان بەم دەسەڵاتە نەماوە. وەڵامی بێئومێدەکان وەڵامێکی قوورس و بەهێزە، وەڵامێکی دەستەجەمعی دەبێت. دەکرێت کۆژانێک هەمووان کۆبکاتەوە و هۆشیارییەکی گشتیی دروست بکات و گشت حیزبەکان بلەرزێنێت.