نەجات نوری
شەوێك كە تا دەوروبەری یازدەی خایاند ئاوا قسەی دەکرد: بە تەنیا خۆت خۆت پێ ڕزگارناكرێت، من دەمێكە خوێندنەوەیەكی وردم بۆ كردارو بیرو ڕەفتاری خەڵكی كردووە لێرە، تاك بە تاكی سیاسەكانو ڕۆشنبیرەكانی وڵاتەكەم لە ساڵی شەستەكانەوە بە هەموو باشو خراپیانەوە دەناسم، ئەمانە زۆریان هۆكاری شكستو داڕمانی بیری خەڵكن، خەڵك خۆیشیان هۆكاری گەورەن، لێرە زۆركات هیچ حیزبو گروپێكی كۆمەڵایەتی ناتوانێت سەركەوتووبێت لە پێناو ڕزگاری خەڵكیدا، یەكێك لە هۆكارەكان ڕاڕای تاكەكانی ناو ئەم كۆمەڵگایەیە كە تا سەر ناتوانن لەناو ئەو جوڵانەوانەدا تا زەمەنێكی زۆر پێكەوە كاربكەنو بگەنە كۆتایی ڕێگاكە، ئەمە ڕووداوی ڕوخانی مەترسی داری لێدەكەوێتەوە وەكو لە زۆر لەو جوڵانەوانەدا بینیومانە.
من دەتوانم بێدەنگ بمو لە دوورەوە لە سەدان كەس بڕوانم كە كەوتوونەتە كەندەڵانێكەوە ئیتر خەریكن كۆتاییان دێت، ئەمە خواستی دەسەڵاتێكە كە ئاوا كەندەڵانەكان پڕ دەكات لە مرۆڤی خۆ بە خۆ و لە یەكیان وەها دادەبڕێت كە هیچ متمانەیەكیان لە نێواندا نایەڵێتو لە هیچ ڕێكخراو بزوتنەوەیەكدا ناتوانن پێكەوە كار بۆ ڕزگاری خۆیان بكەن، ئەمە سەرئەنجامی خۆ خۆیە، لە مێژودا تاك وەكو خۆی هیچ كاتێ نەبۆتە هۆكاری ڕزگاری خۆیو كۆمەڵگاكەی، دەبێت نوخبەیەك لە كەسانی سیاسی یان ڕۆشنیری یان كەسانی ناو سەندیكاكان یان هەچ ناوێكی تر بێن ببنە ڕابەر لە ژێر ناوو بیرو باوەڕێكدا كار بكەن بۆ ڕزگاری خەڵك، لە دەرەوەی ئەمە هیچ كەسێك نەك كۆمەڵگا بەڵكو خۆیشی پێ ڕزگارناكرێت.
خراپ لە تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایە دەترسم، زۆر زوو دەكەونە ژێر پڕوپاگەندەی ئەم ڕاگەیاندنو ئەو نوسراو قسەی ئەو بەرپرسەوە، شیكاریان بۆ وێنەو سیاسەتو پڕوپاگەندەكان نیە، ڕێگە نادەن جوڵانەوەیەك بە هەموو خراپو چاكەیەكێكەوە كاربكات بۆ گەیشتن بە ڕزگاری، زۆر زوو تاكەكان بەجێت دەهێڵنو خۆیان لێدەبێت بە پاڵەوانو دواجاریش وەها شكست دەخۆن كە هەمووی دەچێتە خزمەت چەتەگەری دەسەڵاتەوە، بیرتان بێت زۆركەسیش بە ڕوكەش دێنە پەنات بەڵام ئەمانە حیزبەكانی ترو دەسەڵات وەكو جاسوسو تێكدەر دەیان نێرنە لات، هەن بۆ وەرگرتنی پۆست و پارە دێنە لات، كە دەسیان نەكەوت پشتت تێدەكەنو دەكەونە پلات گێڕان لێت، كوشندەیە بتوانیت ئاوا زۆركات سەركەوتووبیت، دەبێت مرۆڤ پشت بە كەسانێك ببەستێت ڕاڕانەبن لە گەڵتدا، لە مەرگ نەترسن، پلەو پۆستو مادە نەیان كاتەوە بە گژ هێزە ڕزگاركەرەكاندا... نەبنە بەربەست لەپێناو دەسەڵاتو پلەو پۆستی خۆیاندا، گرانیشە زۆركات لەم كەسە تایبەتیانەت دەست بكەوێتو بتوانن تاسەر لەگەڵتدا بجەنگن بۆ ڕزگاری.
ئەوە حەقیقەتەكەیە، ڕابمێنە هەڵسوكەوتێك هەیە بۆ هەتا هەتایە وەها وێرانت دەكات كە ئیتر تا ماویت ناتوانیت بچیتەوە سەر ئەو ڕێگایەی كە دەبێتە هۆكاری ڕزگاربوونت، ئیتر شكست دەخۆیت، خۆت وندەكەیت، دەبیتە پاسەوانی تەمەنێكی پوچ لە ژیانتدا، لە كەندەڵانێكدایت هیچ كەسێك ناتوانێت لە ژێر ناوی هیچ بیرو هێزێكدا بتهێنێتەوە دەرەوە، تۆ كە فریوخۆری هێزێكی بچوكی ناو ڕۆحی خۆتیت چی دەتهێنێتە ناو ڕیزی كەسانێكەوە كە خۆیان بۆ ڕزگاری ئامادە دەكەن، یان پێكەوە بیر لە ئایندە دەكەنەوە، هەر چییەك بێت زۆربەمان ئاوا فریوی هێزێكی بچوكی ناو ڕۆحی خۆمان خواردووە، یەك یەك پێمانوایە مادام قسە دەكەم و ڕەخنە دەگرم، مادام دەخوێنمەوە مادام خۆم بە ڕۆشنیبر دەزانم، مادام پزیشكم، مادام مامۆستای زانكۆم، مادام چەند سەد كەسێك لە عەشیرەتەكەم لەپشتمەوەیە، مادام خۆم بە فەیلەسوفو وەرگێڕو شاعیرو ڕۆژنامەنوسو هونەرمەند دەزانم ئیتر هەر خۆم دەتوانم خۆم رزگاربكەمو ببمە فریادڕەسی خۆم، ئەمە شكستەگەورە كەیە، تۆ سەر بە هەچ چینو توێژێكی ناو كۆمەڵگاكەی بیت وەكو خۆت ناتوانیت ببیتە فریادڕەس، ئەمەش ئەو پرسەیە كە تۆ یان من یان ئەو یان هەموو كۆمەڵگا خۆی لێدەبێت بە ڕۆشنبیر بە سیاسی بە كۆمەڵناس بە فەیلەسوف بە پاڵەوان بۆ ڕزگاری، بەڵام چونكە هیچ ئایدیاوو هێزێك پێكەوەمان گرێنادات ئەوا یەك یەك شكستمان خواردووە لە سەرەتایی ڕێگاكەدا، ئەمەش هەمیشە هۆكاری مانەوەی هێزە دڕندەو مشەخۆرەكان بووە، نیچە دەڵێت (هێز لە كوێ بوو ژمارەی گەورە لەوێیە) ڕێگە بدەن، بۆ چەند ساتێك بچنە گۆشەیەكەوە، خۆتان وەكو بیرو ناو بخوێننەوە، بە ڕۆحی خۆتاندا گەشتێك بكەن، بچنە خەڵوەتەوە بۆ چەند ڕۆژێك بزانن ئێوە دەتوانن خۆتان بناسن؟ بزانن لە كەلێنە قووڵاو تاریكەكانی تەمەنتاندا وەكو تاك بە تەنیا هیچتان پێ دەكرێت بۆ رزگاری خەڵك؟ یەكە بەیەكەمان لە تارماییەكەوە گلاوین دۆستای من، بێشك ئەگەر ئاوا بڕوات زۆرخراپ دەمرینو نابینە بەردی پردێك نەك بۆ ڕزگاری خۆمان بەڵكو دەبینە هۆكاری مانەوەی دەسەڵاتێك كە هەمیشە كاری بۆ تەفرەقەو دابڕانی یەكە بەیەكەمان كردووە لەیەكتری، تا ئەم ساتانەش تێیدا سەركەوتووبووە... بیرێك لە ڕەفتارو قسەو بۆچوونەكانی خۆتان بكەنەوە، تاك ئاوا لە دووری یەكتری دەمرێتو لە هیچ پڕۆژەیەكیدا سەركەوتوونابێت.