بێئومێدی و دەسەڵات

بێئومێدی و دەسەڵات

420 خوێندراوەتەوە

زەیدان تەها

بێئومێدی جەماوەر و گوتارەکانی دەسەڵات هێندە بەقووڵی پێکەوەبەستراون و پێکداچوون کەوەک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەی لێهاتوە، هەتا گوێبیستی زیاتری پەیامەکانی دەسەڵات دەبین زیاتر هەست بەو بێئومێدیەی جەماوەر دەکەین ،کە بێ ئومێدیەکی فرە ترسناکە، بەڵام ئەم بێئومێدیەش بەرەنجامە و هۆکارەکەشی خودی دەسەڵاتە، دەسەڵات وەک دەزگایەکی لەئومێدخستن و بەرهەمهێنانی بێهیوایی ئیشی کردووە.

کە ئەمەش بەشێک بووە لە ستراتیژی دەسەڵات کە هەمیشە لەئومێدخستن و بێهیواکردنی خەڵک لەگۆڕانکاری خۆی چڕکردووەتەوە، کە بەرەنجامی حکومکردنی زیاتر لەچارەکە سەدەیەک و 29 ساڵ ئیدارەدانە، بەشێوەیەکە کە نەک لەخودی دەسەڵات بگرە لەتەواوی حیزبە یەک لەدواییەکە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بێ هیوابوون دروستبووە و باوەڕی تەواویان لەق بووە بەگۆڕانکاری.


بێئومێدیەکی سەرتاپاگیرە کەلەتەواوی ئەو شتانەی لەژینگەیدا ئەگوزەرێت بێئومێدە هەندێجار دەگاتە ئاستی ئەوەی لەخودی خۆشی بێئومێدە کە بتوانێت گۆڕانکاری لەژیانی کەسیی خۆشیدا بکات ، کەتۆوی بێ ئومێدیان لە سایکۆلۆژیای تاکەکاندا چاندووە، مرۆگەلێکی "پاسیڤیان" بەرهەم هێناوە کە چاوەڕێی موعجیزەیەک خوایی ئەکەن گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە .

خاڵی جەوهەری جیاکەرەی نێوان نەوەی پێش ڕاپەڕین و نەوەی دوای ڕاپەڕین، هەر خودی لەباربردنی ئەم هیوایەیە، ڕاستە لەهەردوو بارەکەدا هەریەکەیان بەکۆمەڵێک تەنگەشە و باری سەخت و نالەباردا ژیاون، بەڵام نەوەی پێش ڕاپەڕین ئومێد و هیوایان پڕ بووە و کەڵکەڵەی شۆڕش و ڕاپەڕین و گۆڕانکاریان تێدابووە، بەڵام ئەم نەوەیەیەی دوای ڕاپەڕین بێ ئومێدیەکی ئێجگار خەتارناکی تێدا بەدی دەکرێت.

یەکێک لەدیمەنەکانی ترسناکی ئەم هیوابڕاویە لەوەدا دەردەکەوێت کە داواکارییەکانی تەواوی خۆپیشاندەران و دەنگی ناڕەزایی ئەم دواییەش تەنها لە لادانی کەرەنتینە و کردنەوەی بازاڕەکان چڕکرابوەوە، گەر ڕۆژانێک دروشمەکانیان ڕوخانی دەسەڵات بووبێت، ئێستا داواکاریەکان لەئاستێکدان کە ئەسڵەن لەبنەڕەتدا پێویستی بەداواکردن نییە هێندە شتی سانان، گەر ئاوڕێک لەڕابردوو بدەینەوە بەڕوونی ئەو دەبینین کەساڵ دوای ساڵ ناڕەزاییەکان وداواکاریەکان بەرەو بچووکبونەوەی زیاتر و بێهیوایی گەورەتر ڕۆشتون .

ئەم بێ ئومێدیە وایکردووە لەبابەتێکی مەترسیداری وەک کۆرۆنادا کەمەترسی جدی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەبووە و زەرەرمەندی گەورەبوون چ لەڕووی ئابووریی و چ لەڕووی قووربانییەوە و عێراق و کوردستانیش بەدەر نەبووە لەم مەترسییە، بەڵام ئەو ئیدیۆمەی لای جەماوەر دروستکردوە و باڵادەستە ئەویش دەستەواژەی "سیناریۆ " یە کە گومانی تەواویان لەو ئامارانە هەیە کەڕۆژانە وەزارەت و دەزگا تەندروستیەکان دەیانخوێننەوە بەتایبەت ئامارەکانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا کە بەدرۆ و فێڵی دەسەڵاتی ئەبینن ، تەنانەت ئامارەکان و و ‌گواستنەوەی دیمەنی توشبوان و هەواڵی مردنەکانیش هیچ نایانبزوێنێ و بەڵکو بەگاڵتەجاڕی دەبینن و خەنییان پێی دێت ، کە ئامارەکان و کەرەنتینە کردن و مەنعە تەجەول (قەدەغەی هاتووچۆ) و داخستنی مزگەوت و بازاڕەکان وەک سیناریۆی دەسەڵات دەبینن بۆ پێنەدانی مووچەو سەرقاڵکردن و تۆقاندنی خەڵک و ڕێگەگرتنیان لەبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایی.