رێکەوتنی ھەرێم و بەغدا بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێ!؟

رێکەوتنی ھەرێم و بەغدا بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێ!؟

898 خوێندراوەتەوە

کاروان عەلی شامار

ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکانی پێشوی حکومەتی ھەرێم، یەکەم بەرپرسی حکومی بوو کە دانی بەو حەقیقەتە تاڵەداناو راستگۆیانە وتی ئەگەر نرخی نەوت ببێتە ١٠٠$ ناتوانین مووچەی فەرمانبەران دابین بکەین! ئەو بە زمانێکی میللی پێی وتین کە پرسی نەوتی ھەرگیز بۆ خۆشگوزەرانی خەلکی کوردستان نەبوەو لە ئایندەدا بۆ خەڵکی کوردستان دەبێتە عیللەت نەک نیعمەت!


بەغدا لە ھەموو کابینە وەزارییەکانیدا پابەند بووە بە رێکەوتن و بەشە بودجەشی لەکاتی خۆیدا ناردووە لێ بەرپرسانی کوردستان نییەتی رێکەوتنیان نەبوەو، لەکاتی دانوسانەکاندا داتاو ئاماری ناراستیان خستۆتە بەردەم بەرپرسانی بەغداو بەمەش کێشەی ھەڵپەستراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا وەک خۆی ماوەتەوە!

،،

دوای ئەوەی لەمانگی ئەپرڵدا دەرەنجامی گفتوگۆی لەنێوان شاندی حکومەتی ھەرێم و بەغدا بەھاوکاری سەرۆک کۆمار ئیجابی بوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران نیەت پاکی خۆی بۆ رێکەوتنەکە سەلماندو لە ھەنگاوی یەکەمدا بری (٤٠٠)ملوێن دۆلاری خستە سەر ژمارە حسابی بانقی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی پێ دابەشکرێ بەلام حکومەت بەبیانوی نەبونی پارەو تەرخانکردنی ئەو گوژمەیە بۆ دانەوەی قەرز، پارەکە ھاوشێوەی مانگەکانی تر دیزەبەدەرخونە کرا!


کۆتای مانگی حوزەیران دوا وادەیە بۆ رێکەوتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا، فۆکەسی خەڵک لە بەرپرسانی ھەرێمە بۆ ئەوەی رێکەوتن بکرێ و بەیەکجاری کۆتایی بە کێشەکانی نێوانیان بھێنرێ، لێ چەن رۆژێکە نرخی نەوت ھەلکشانی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو بەرپرسانی ھەرێمی ساردکرۆتەوەو مومکینە جارێکی تر ھەڵەی پێشوو دوبارەکەنەوەو بەناوی ئابوری سەربەخۆوە کوردستان دەرگیر بە ماڵوێرانیەکی گەورە بکەنەوە!

خولاصە، لێکتێگەیشتنی باش ھەیە لەنێوان شاندی دانوسانکاری ھەرێم و بەغدا بەڵام چەن رۆژێکە پارتی لە میدیاکانیەوە ھەواڵی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆی کردۆتەوە مژاری رۆژ! پێویستە پارتی بۆ جارێکیش بێ لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا واز لە بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی بھێنێ و رێکەوتن لەگەڵ بەغدا بکا. ھەرێم لەلێواری روخاندایەو ھاوڵاتیانیش بەرگەی ئاڵنگاری زیاتر ناگرن و گەر پارتی بەدەوام بێ لەسەر ئەو لۆجیکەی ئەوا بارو گوزەرانی خەڵک و مووچەخۆرانی کوردستان خراپتر دەبێ و نرخی نەوتیش چەن بەرزبێتەوە وەلێ نابێتە فاکتەری دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی ھاولاتیان!