ئه‌و سوكایه‌تیكردنه‌ به‌ زانكۆكان رابگرن...

ئه‌و سوكایه‌تیكردنه‌ به‌ زانكۆكان رابگرن...

181 خوێندراوەتەوە

د. كامه‌ران مه‌نتك
10\6\2020

ناكرێت وه‌ك نه‌خوێنده‌وارێك مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ مامۆستای زانكۆ بكرێت و ئه‌و هه‌موو رێنماییه‌ نازانستی و نایاساییه‌ی له‌سه‌ر بسه‌پینرێت، به‌راستی وه‌زاره‌تی خویندنی باڵاو سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكان سه‌لماندیان، كه‌ به‌گۆتره‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ل زانست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت خویندنیش وه‌كو زه‌وی و خاكی كوردستان ببه‌خشنه‌وه‌و بیكه‌نه‌ چاكه‌و پیاوه‌تی‌، ئه‌وه‌ ناكرێت رێگاتان پێبدرێت له‌مه‌ زیاتر خویندن سووك بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئه‌مساڵ هه‌موو قوتابیان ده‌ربچوێنن، بڕیاریك بده‌ن و واز له‌و گه‌مه‌ مه‌هزه‌له‌ ئامێزه‌ بێنن، ئه‌و شێرو رێویه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌كه‌ن

،،

بیانوو بۆ راكردن له‌ به‌رپرسیاریه‌تی مه‌هێننه‌وه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ به‌ مامۆستایان مه‌كه‌ن!.


چۆن ده‌كرێت وه‌ره‌قه‌ی مانگانه‌ی قوتابی له‌جیاتی په‌ڕاوی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ هه‌ژمار بكرێت، چۆن ده‌بێت به‌ راپۆرتێك ساڵێك تێپه‌ڕێنرێت؟، كه‌ خۆتان باش ده‌زانن له‌سایه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی خۆتان و حیزبه‌كانتان به‌سه‌ر زانكۆكانتان هێناوه‌، قوتابی له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا توێژینه‌وه‌یه‌كی پێنانوسرێت، ته‌نانه‌ت قوتابی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا زیاتر له‌ رۆژێك ده‌وامی نه‌كردووه‌و بوێری ئه‌وه‌تان نه‌بووه‌ فه‌سڵی بكه‌ن، چۆن ده‌كرێت به‌چه‌ند رۆژێك راپۆرتیك بنوسێت و بكرێته‌ بیانگه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی ساڵێكی بۆ تێپه‌ڕێنرێت، ئێمه‌ هه‌موو ده‌زانین، كه‌ زۆرینه‌ی قوتابیان چۆن ئه‌و راپۆرتانه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌‌ن و به‌شێكیشیان به‌ ئاماده‌كراوی ده‌یهێنن، كه‌واته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ سووككردنی مامۆستا هیچی تر نیه‌، بۆچی هه‌وڵده‌ده‌ن مامۆستا له‌به‌رچاوی خۆی و كۆمه‌ڵگا له‌مه ‌زیاترسووك و ریسوا بكه‌ن؟

ئه‌گه‌ر ئێوه‌ رێنمایی له‌ حیزبه‌كانتان وه‌رده‌گرن، ئه‌وا ناكرێت مه‌رجه‌عی زانستی مامۆستایانی دڵسۆزو رۆشنبیر حیزبه‌ نه‌خوینده‌واره‌كان بێت، كه‌ هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانێت چیان به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان داهێناوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت خاڵێك بۆ ئه‌و ره‌فتاره‌ نا به‌رپرسانه‌ی خۆتان دابنێن،

،،

له‌وه‌ زیاتر دۆخی زانست له‌ هه‌رێمی كوردستان ریسوا مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیاریشتان داوه‌و هه‌ر ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و له‌مه‌ زیاتر ئاوه‌زتان به‌سه‌ر چاره‌سه‌ری داناشكێت، ئه‌وا به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ مه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی مامۆستایان و خۆتان له‌ ئاستی ئه‌ركه‌كانتان ببیننه‌وه‌

بڕیارێك بده‌ن كۆی ئه‌مساڵ تێپه‌ڕێنریت و ساڵیكی تر خوێندن زیاتر چڕ بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بڕیارتان داوه‌ هه‌ر به‌رده‌وامیش بن له‌و هه‌نگاوه‌ نایاساییانه‌، ئه‌وا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی مامۆستا به‌ڕێزه‌كان بخه‌نه‌ ناو ئه‌و پڕۆسه‌ گه‌نده‌ڵیه‌و له‌كه‌داریان بكه‌ن، ئه‌وا لێژنه‌یه‌ك له كادیره‌كانی حیزبه‌كانتان له‌ناو زانكۆ دابنێن و چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، كه‌یفی خۆتانه‌ به‌ڵام له‌مه‌ زیاتر بێڕیزی به‌رامبه‌ر مامۆستای راسته‌قینه‌ مه‌كه‌ن! ئه‌و ره‌فتاره‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن دوا گولله‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ی ئه‌و ئه‌سپه‌ی له‌ گیانه‌ڵاو لێواری تۆپیندایه