مامی گه‌وره‌ له‌ هه‌ولێر ده‌بێته‌ په‌نابه‌ر

مامی گه‌وره‌ له‌ هه‌ولێر ده‌بێته‌ په‌نابه‌ر

209 خوێندراوەتەوە

کارزان سەباح ھەورامی

له‌دواین چاوپێكه‌وتنی خۆی به‌رێز (مه‌لا به‌ختیار)، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌دواساته‌كانی ته‌مه‌نی خۆی سه‌رۆك تاڵه‌بانی، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌باره‌ی پارتییه‌وه‌ گوتویه‌تی كه‌ (هیچ كاتێك نابێت یه‌كێتی بكه‌وێته‌ سه‌نگه‌ری پارتییه‌وه‌ و هه‌ركاتێك ئه‌وه‌ كرا من ده‌چمه‌ هه‌ولێر و ده‌بمه‌ په‌نابه‌ر)، نزیك به‌ 10 ساڵ ده‌بێت ئه‌و رووداوه‌ روویدا، كه‌چی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌یه‌ك به‌ره‌ی هاوبه‌ش ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كان ببنه‌وه‌ هێشتا له‌سنگه‌ری یه‌كتردان، من پێشووتریش ئاماژه‌م به‌وه‌دا لاسه‌نگی بڕیاری سیاسی كاره‌سات دروستده‌كات، پارتی و یه‌كێتی له‌ ساڵی 1998 تا 2015 گه‌وره‌ترین هه‌وڵیان ئه‌وه‌بوو ئه‌و متمانه‌ی دروستیان كردبوو نه‌ڕووخێت، هه‌ردوو سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال، پێشه‌نگی ئه‌و هاوسه‌نگیه‌بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆری نه‌خایان، ده‌رئه‌نجام له‌پرسی هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ 23ی حوزه‌یرانی ساڵی 2015 به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌ ویستیان یاساكه‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و كاته‌ سه‌رۆك بارزانی بوو، ده‌سه‌ڵاتی كه‌م بكرێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدرێت ده‌نگدان به‌سه‌رۆكی هه‌رێم له‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، له‌و رۆژه‌وه‌ ئه‌و متمانه‌ی له‌نێوان پارتی یه‌كێتی هه‌بوو چوه‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌، كه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌ رووبدات، كه‌رووشیدا شتی دیكه‌هات به‌دوایدا، كه‌ئێستا ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بینرێت.

،،

په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوو حزب دڵخۆشكه‌رنین، ره‌نگ بێت قسه‌كه‌ی به‌رێز(مه‌لا به‌ختیار)، له‌م كاته‌دا دووباره‌ په‌یامێك بێت بۆ سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی كه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت په‌یره‌وی (مام جه‌لال) په‌یره‌وبكه‌ن، ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌ون، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ رێككه‌وتنی كۆنكرێتی ئاسته‌مه‌

فاكته‌ریش زۆرن بۆ باسكردنی، به‌ڵام به‌هێزترین هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی رێك نه‌كه‌ون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سروشتی بیكردنه‌وه‌ی سه‌ركردیه‌تی یه‌كێتی له‌دوای كۆنگره‌ گۆڕاوه‌ و مامه‌ڵه‌كردنی پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌م سروشته‌ زۆر قورسه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات هۆكاره‌ نه‌ك ده‌رئه‌نجام، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ررێككه‌وتنێكیش بكرێت، پێویسته‌ پارتی و یه‌كێتی چه‌ند پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن، بزانن له‌ كوێدا گرفت دروست بووه‌؟ ئه‌و گرژیه‌ی پارتی له‌ ساڵانی رابردوو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ی بوو په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی موخاته‌به‌كردنی سیاسیه‌تی گۆرانه‌وه‌ هه‌بوو به‌رانبه‌ر به‌پارتی، ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ گرژی دروست ده‌كات و گرفته‌كانیش چاره‌سه‌ر ناكات، نابێت یه‌كێتی رێگا بدات ئه‌م جۆره‌ گوتاره‌ی پێشووی گۆڕان یان سیاسه‌تكردن به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ ببێت، چونكه‌ ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی ناگاته‌ ده‌رئه‌نجام، و یه‌كێتی به‌ ئاسانیش ده‌توانێت له‌م هاوكێشه‌ ده‌ربچێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی داته‌كانی جه‌ماوه‌ری به‌دواوه‌بێت) بۆ یه‌كێتی روونادات.


جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی راهاتوون و ده‌نگده‌ری یه‌كێتیش بریتیه‌ له‌ (رێكخستن نه‌ك خیتابی)، و هه‌ر نزیك بوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌ پارتی هاوكێشه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ ناكات و جه‌ماوه‌ری له‌ده‌ست نادات، له‌ڕووی سیاسییشه‌وه‌ هه‌ر قسه‌كه‌ی كاك (مه‌لا به‌ختیار)ره‌ كه‌ گوتی: (یه‌كێتی ئه‌گه‌ر 1 كورسی په‌رله‌مانی هه‌بێت و 100 كورسیشی هه‌بێت هه‌ریه‌كێتییه‌) واته‌ سنوورێكی جوگرافیای كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و وه‌ك حزبی دیكه‌ نییه‌ به‌ دابه‌زینی كورسییه‌كانی مه‌ترسی لاوازبوونی له‌سه‌ر بێت (كه‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ نیم)، بۆیه‌ گرنگه‌ یه‌كێتی ئه‌م خاڵه‌ راست بكاته‌وه‌ و به‌ قورسایی پارتییه‌وه‌ هه‌وڵ بدات موخاته‌به‌ی ئه‌م حزبه‌ كات.

هه‌رجۆرێك بێت یه‌كێتی كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی كردووه‌ و خودی یه‌كێتییه‌كان بڕوایان به‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی ئێستایان هه‌ڵبژاردووه‌ و ده‌بێت رێزیشیان لێبگیرێت، زۆر خه‌ڵك ده‌پرسن كه‌ ئایا (پارتی دان به‌و كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌نێت)؟. دوو بۆچوون له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ پارتیش چاوه‌ڕوانی كۆنگره‌ی خۆی بكات، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتی ئه‌وه‌ی قبوڵكرد كه‌ كام گوتاری هه‌ڵبژارد به‌رانبه‌ر به‌پارتی له‌كۆنگره‌، بۆ پارتیش ده‌بێت راست بێت كه‌ له‌ كۆنگره‌ی خۆیدا كام گوتار هه‌ڵده‌بژێرێت به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كێتی، ره‌نگ بێت ئه‌مه‌ پرسێك بێت كاتی خۆی قسه‌ی زیاتر هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت پارتیش دوای كۆنگره‌ قسه‌ی دیكه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كێتی ده‌بێت، ره‌نگبێت رێككه‌وتنی ستراتیژی به‌ئالیه‌تی دیكه‌وه‌ بژارده‌ی سه‌ره‌كی بێت یان پاكێجی به‌رێوه‌بردنی كوردستان له‌ڕووی ئیداری و سیاسییه‌وه‌ بێته‌ ئاراوه‌، چونكه‌ چاره‌سه‌ری دیكه‌ نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا یه‌كێتی ده‌یكات له‌ سلێمانی به‌تایبه‌ت پرسی لامه‌ركه‌زیه‌ت رێگاخۆشكه‌رێك بێت بۆ گفتووگۆكانی داهاتوویان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئێستاوه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رێز (فازڵ میرانی)، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت: "پیرۆزبایی له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ین و مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی ئه‌و حزبه‌ ده‌كه‌ین". ئه‌م قسانه‌ی پارتی بۆ یه‌كێتی قۆناغێكی نوێ بوو، به‌ڵام دڵخۆشكه‌ر نییه‌، چونكه‌ یه‌كێتی قسه‌كانی كاك (فازڵ میرانی) به‌ تاكتیكی سیاسی ده‌زانێت تا ستراتیژیه‌تی بیركرنه‌وه‌، بۆیه‌ دوای لێدوانه‌كانیش قۆناغی به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندی و كۆبوونه‌وه‌كانیش له‌ ئاستی هه‌ردوولا وه‌ك پێویست نه‌بوو

،،

ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكاربن تاكه‌ ده‌رچه‌ی چاره‌سه‌ر له‌نێوان هه‌ردوولا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌غدا كوردستان لاواز بكات، ده‌بێت بڕیاری خۆیان بده‌ن، ده‌بێت خودی هه‌ردوو حزب له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ جوڵه‌ی به‌غدا به‌ ئاستی به‌هێزبوون و شپرزه‌بوونی كوردستان، هاوكێشه‌كان (جارانی سفر) ده‌كات و دواجار ئه‌وه‌ی زه‌ره‌ده‌كات كوردستانیانن.

بڕیاری دروست پێویستی به‌بیركدنه‌وه‌ی حه‌كیمانه‌ هه‌یه‌، سه‌ركرده‌ ده‌بێت له‌ سروشتی حزبی خۆی تێبگات، به‌رێز تاڵه‌بانی، به‌و هه‌موو په‌یوه‌ندی و لێگه‌یشتنه‌ سیاسی و ئاشته‌واییه‌ی هه‌ی بوو، دڵی یارو نه‌یاری راگرتبوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 2006ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی، مام جه‌لال، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرفتێك دروست بكات، خۆی بڕیاری دا پشكی یه‌كێتی له‌ سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت بداته‌ پارتی و گوتی: "كاك نێچیرڤان هی خۆمانه‌ و ئه‌و ده‌یكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رۆكی حكوومه‌ت". به‌یه‌ك قسه‌ كۆتایی به‌گرفته‌كان هات و به‌و قسه‌یه‌ش كاك نێچیرڤان بارزانی كه‌وته‌ به‌رده‌م ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌ كه‌ ئه‌و ته‌نیا هی پارتی نییه‌ هی یه‌كێتییشه‌، بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتییه‌كانیش قسه‌كانی به‌رێز (تاڵه‌بانی) نه‌شكێنن و رێبازه‌كه‌ی نه‌كه‌نه‌ په‌نابه‌ر له‌ هه‌ولێر .