لە چاوەڕوانی گۆدۆدا

لە چاوەڕوانی گۆدۆدا

505 خوێندراوەتەوە

بەرئەنجامی شكستی دەسەڵاتی كوردی‌و بازرگانە سیاسییە حكومڕانەكان، خراپترین دۆخی ژیان لە هەرێمی كوردستان خولقاوەو ناڕەزایەتی هاووڵاتیانیش گەشتووەتە لوتكە، بەڵام هێشتاش ئاماژەكانی بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتەو سەرداربوونی سەردارانی بازرگانی حكومەتی هەرێم زۆرن‌و لە هەمبەریشدا هیچ ئاماژەیەك بۆ گۆڕانكاری لە گۆڕێدا نییە.


لەگەڵ ئەوەدا كە هۆكارەكان بۆ گۆڕانكاری لە سیستمی سیاسی‌و حكومەتداریدا لاوازن، هاوكات چەندان فاكتەر هەن‌و ڕۆڵ دەگێڕن بۆ ڕوونەدانی گۆڕانكاری‌و پاڵپشتی مانەوەی سیستمە سیاسی‌و حكومەتدارییەكەی هەرێمی كوردستان دەكەن.


قەیرانی دارایی‌و بێمووچەیی‌و خراپی ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیان، فشارێكی گەورەی سەر دەسەڵاتەو دەكرێت بكرێتە بەهانەو بنەمای گۆڕانكاری لە سیستمەكەدا، بەڵام، نە شەقام‌و نە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات‌و نە ئۆپۆزیسیۆن، قودرەتی ئەوەیان نییە ئەمە بكەنە فاكتەرو هێزی گۆڕانكاری لە دەسەڵات‌و سیستمەكەدا.


مەگەر فشاری دەرەكی‌و گۆڕینی ستراتیژی ئەو وڵاتانەی ڕۆڵیان لە نەخشەی عێراق‌و هەرێمی كوردستنادا هەیە، دەنا بە ڕوانین‌و لێكدانەوەی ئەم هۆیانەی خوارەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی كە گۆڕانكاری زەحمەتە، با دۆخە دارایی‌و ئابورییەكە بەرەو خراپتریش بچێت‌و دۆخی ژیانی هاووڵاتیانیش سەختتر‌و دژوارتریش بێت.

- ئەوانەی كە بە دۆخەكە ڕازیین‌و خوازیاری بەرقەرابوونی سیستمەكەن، گەلێك زۆرترو زیاترن لەوانەی كە بەهۆی نا دادی‌و فەشەلی حكومڕانی‌و بێمووچەیی‌و سەختی ژیانەوە خوازیاری گۆڕانكاری‌و كەوتنی ڕژێمەكەن.


- ئەوانەی كە دەسەڵات‌و دوو هێزەكەی دەسەڵات مووچەی بەلاش‌و بندیواری‌و ئیمتیازاتی جۆراو جۆریان پێدەدات، دوو هێندەی ئەوانەن كە ستەمیان لێكراوەو بوونەتە قوربانی نادادییەكانی دەسەڵاتی كوردی.


- لە هەرێمی كوردستاندا، سیستم‌و دەسەڵاتێكی دیاریكراو نییە كە دەنگە ناڕازییەكان ڕوی لێبكەن‌و پەیامی ئاڕاستە بكەن‌و فشارەكانیان بۆ سەری چڕ بكەنەوە.
ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا ناوی لێنراوە حكومەت، لە ژێر هەیمەنەو بڕیاری دوو بنەماڵەدایەو ئەوان حكومەتن‌و حكومەت ئەوانە.
جیا لەوەش دوو قەڵەمڕەوی جیاوازی سلێمانی‌و هەولێرو زۆنی سەوزو زەردو ئەم دیو دێگەڵەو ئەو دیو دێگەڵە، یەكێك لە لەمپەرە گەورەكانەو بەردەوام هەوڵ‌و هێڵەكانی گۆڕانكاری كاڵ دەكاتەوە.


- سەرباری ئەوەی لە نەهامەتی‌و كێشەكاندا هاوبەشن، بەڵام شەقام‌و جەماوەری ناڕازیی تەواو پەرتەوازەو پەرتن‌و بەوەش هێزو وزەی شەقام‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكان ون‌و بێبەرهەم بوون‌و هەر ئەم حاڵەتی پەرتبوونەش وایكردووە زۆرێك لەوانەشی كە بەشداری گەندەڵین خۆیان بخزێننە ناو شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان‌و داوای چاكسازی‌و گۆڕانكاری بكەن.


- شەقام‌و خەڵكی ناڕازیی، ڕابەرێك، یان هێزو گروپێك شك نابەن كە وەكو پاڵپشتی ئیلهامی لێوەربگرن‌و كەمێك ئومێدی پێدا هەڵواسن.


- هەردوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان، جگە لە دابەشكردنی لە نێو خۆیاندا، گەندەڵییان بەسەر زۆر هێزو كەس‌و لایەنی دیكەشدا دابەشكردووەو بەڕێگەو شێوازی جۆراو جۆر ئەوانیشیان هاوبەش پێكردووەو تێوە گلاندووە، دۆخێكیان درووستكردووە كە جەماوەری ناڕازی ئەگەر وەكو پارتی‌و یەكێتی لەو هێزو كەسانە نەڕوانن، ئەوا وەكو هاوبەشی ئەوان تەماشایان بكەن‌و جیاوازی نەكەن لە نێوانیاندا.


- جگە لەوەی كە لاوازو بێهێزن‌و توانای ڕێبەرایەتیكردنی جەماوەری ناڕازیی‌و شەقامیان نییە، ئەوەی لە نێوان هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن‌و نەیارەكانی دەسەڵاتدا دەگوزەرێت، بووەتە مایەی خێرێكی گەورە بۆ دەسەڵات‌و سیستمەكە، ئەوان نەك هەر متمانەیان بە یەك نییەو نەك هەر كۆك نین‌و پرۆژەی هاوبەشیان بۆ گۆڕانكاری نییە، بەڵكو دژایەتییەكی زۆریش لە نێوانیاندا هەیەو ئەو وزەیەی لە ململانێی یەكتردا خەرجی دەكەن، هاوتا، یان زیاتر لەو فشارانەیە كە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دەكەنەوە.


لەگەڵ نەدۆزینەوەی ڕێگەیەكدا بۆ گۆڕانكاری، ڕەنگە جیا لەوانەی باسكران، هۆكاری دیكەش هەبێت بۆ نائومێدی‌و گەشتن بەو ئاستەی كە چاوەڕوانی گۆدۆ بكەین.

+ گۆدۆ، ڕزگاركەرێكی ئەفسانەییەو لە دوا قۆناغی بێهیواییدا دێت‌و دەبێتە فریادڕەس

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی