ڕەفتار لەتەك توندوتیژیدا

ڕەفتار لەتەك توندوتیژیدا

248 خوێندراوەتەوە

دکتۆر ڕێبوار فەتاح

سەرنج:
بەئاگام، ئەم نوسینەم زۆر کەس سەغڵەت دەکات. هەڵبەت بە هیوام، بتوانین دیبەیتێكی ئەقڵبەند لەسەر توندوتیژی، بە هەموو جۆرەکانیەوە، لەنێویشدا خەباتی چەكدار دەستپێ بکەین، بەڵکو بگەینە خاڵێك کە لەگەڵ ژیانی هاوچەرخدا تەبا بێ و ئەقڵ قبوڵی بکات.

-----
لەم یەكدوو ڕۆژەدا دوو تاوان ناخیان هەژاندم. تاوانێكیان دەرحەق بە لاوێكی کورد، ئەدیب محەمەد، کرابوو، کە پێدەچوو پۆلیسی هاتوچۆ بێ لە گەرمیان - کوردستان. بەرگە یەکپۆشە سپیەکەی هەم لە بەریدا دڕێنرا بوو، هەم بە خوێنی خۆی سوور کرابوو. تاوانەکە لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە کرا بوو.

تاوانەکەی دیکەیان دەرحەق بە لاوێکی دیکەی کوردە. ئەمیان کوردی ڕۆژهەڵاتە. هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە تاوانی هاوکاریکردنی حزبێکی چەکداری ڕۆژهەڵات، ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی لە سێدارەی دا.

هەردووکیان تاوانن. دیارە لە تای تەرازوی تاواندا یەکسان نین

گەر جۆری تاوانەکە بخەینە لاوە و تەنیا بە دابڕاوی لێیان بڕوانین، هەردووکیان هاوتان لە تەرزاوی دادی کۆمەڵایەتی و لە تەرازوی ئەقڵدا. کوشتن و لێدان هەردووکیان توندوتیژن و ناڕەوایی دەچەسپێنن. بە پێوانەی هەردوو وڵات - ئێران و عێراق، یەکیەکیان بە قانون کراوە؛ ئەوەی دیان بێ قانون. لای من، توندوتیژی نابێ بچێتە هیچ خانەیەکی قانون و مۆڕاڵەوە. هەم 'دە ڕێساکەی حەزرەتی موسا'، کە زیاد لە ٢٥٠٠ ساڵ کۆنە، یاساغی کردووە؛ هەم قانونی مافی مرۆڤی ئەمڕۆی وڵاتانی شارستان.

توندوتیژی تەنیا ئازاری قوربانیان نادات، بەڵکو هەموومان دەکاتە قوربانی. ڕوانین لە سێدارەدان یان خوێندنەوەی هەواڵەکەی، ئێمەش دەکات بە قوربانی. هەندێك لەم ئازارانە هەمیشە لەگەڵماندا دەمێننەوە؛ ژیانمان نائارام دەکەن. دەکرێ ئەم تێزەی من تاقی بکەنەوە. کەمێك بە تەنیا ڕابمێنە لە ژیان و بگەڕێوە دواوە؛ ئەو ڕووداوانەی لە یادگەتدا تۆمارکراون، زۆربەیان دەربارەی ئازاری کەسانێكن کە ڕەنگە تۆ هەر نەشت ناسیبن.

تەندوتیژی نواندن لایەکی دیکەشی هەیە لە شپرزەکردنی ژیانی کۆمەڵدا. زۆربەی ئەوانەی توندوتیژن، کەسانێكن منداڵیان نائارام بووە. دەستدرێژیان لێ کراوە. ڕەنگە بیانەوەێ هەقی خۆیان لە کۆمەڵ بکەنەوە یان تەنیا بە ژیانێکی توندوتیژ ڕاهاتوون؛ ناتوانن لە دەری توندوتیژی بیر بکەنەوە یان ڕەفتار و گوفتار بکەن. ئەو زاراوە و کۆنسێپتانەی پەیوەندن بە توندوتیژیەوە، وەك 'هەقکردنەوە'، 'تۆڵەسەندن'، تد، زۆربەیان دەرهاویشتەی تافێکن، کە ئێمەی مرۆڤ لە کۆمەڵێکی سەرەتایدا ژیاوین؛ نەمان توانیووە کۆمەڵێك دابمەزرێنین، کە دادی کۆمەڵایەتی تێیدا بەرکەماڵ بێ. ئەمڕۆ ئەقڵ - یان ڕیزن، ئەقڵبەند، ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە کۆنترۆڵی بیرکردنەوە و ڕەفتار و گوفتارماندا.

کوشتنی جۆرج فلۆید-ی پێستڕەش چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە ئەمەریکا، هەموومانی نائارام کرد. پۆلیس نەیتوانی کاری پیشەمەندی خۆی پیادەبکات، پێدەچێ دەسەڵات بە ڕق ڕەفتاری کردبێ. کەسێك کە هیچ مەترسیەكی بۆسەر پۆلیس نەبێ لە دەستگیر کردنیدا، پێویست ناکات توندوتیژی دژ بەکار بهێنرێ. بە کوشتنی فلۆید، تەنیا تاقە پۆلیسێك شکستی نەخوارد، بەڵکو هێزی پۆلیس و دەوڵەت شکستیان خوارد. کوشتنی فلۆید، بە ئەقڵی من، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە سەرکردایەتی ترەمپ-ەوە، کە کەسێکی ساویلەکەی نەزانی ڕقئەستووری، بێ مۆڕاڵە. ناکرێ ئەم ڕقەی لە ئەمەریکادا ئەمڕۆ بەربڵاوە، لە ڕەفتار و گوفتاری جوداخوازی ترەمپ داببڕێ. ئەم سەرچاوەیەکی گرنگێتی؛ نەیتوانی تەبایی کۆمەڵ ڕابگرێ؛ نەیتوانی ببێ بە نمونەی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

توندوتیژی نواندن کۆتای بە توندوتیژی ناهێنێ. ئەوەی توندوتیژی بنوێنێ، توندوتیژیشی قبوڵە. گەر ئەم دژواریە بەردەوام بێ، هەموومان دەبینە قوربانی؛ ئازاردان و ئازارچەشتن بە بێ کۆتایی و بە نەمری دەمێنێتەوە، نەك خۆشەویستی و تەبایی.

زۆرجار توندوتیژی نواندن پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەشدارانەوە نیە. بەڵکو ئەنجامی گرێی دەروونی پێشتری کەسی توندوتیژە، نەخۆشە. دەنا پاسەوانی زیندانێكیش دەتوانێ کەمێك میهرەبانتر بێ، پێویست ناکات بە هەموو هێز و توانای لە نێچیرەکەی بدات، بە مەرجێ کە دەزانێ زیندانیەکەی دەربازبوونی نیە.

توندوتیژی چارەسەری هیچ ناکات و هیچ ناگۆڕێ. ئەو ناوانەی ئەم دنیایەیان باشتر کردووە، کەسانێکی ئاشتیخوازی دژ بە توندوتیژی بوون. لە گاندی، مەندێلا، ماتن لۆثەر بڕوانن! هەموو بە هێمنی دنیایان گۆڕیووە. گاندی لەو هەموو زوڵم و زۆرداریەی بەریتانیای مەزن بەرامبەر بە گەلەکەی، کاردانەوەی توندوتیژی نەبوو. ئەوانەی دنیایان بەرەو کوشتن و بڕین بردووە و ئاسایشی کۆمەڵایەتیان تێكداوە، کەسانی توندوتیژ بوون، وەك جەنگیزخان، هۆلاکۆ، ستالین، هێتلەر، مۆسۆلۆنی و سەدام.

ناکرێ داوا لە دەسەڵاتێك بکەین توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە بنەبڕ بکات، گەر خۆمان بمانەوێ بە توندوتیژی بیگۆڕین؛ ناگۆڕدرێ. بگرە جێی دەگیرێتەوە بە ڕژێمێکی دیکەی توندوتیژ، کە قوربانی زیاتر دەبێ.

ئەو لایەنانەی توندوتیژی دەنوێنن، جا دەسەڵات بن یان کەسانی ئاسایی، پێویستیان بە هاوکاری دەروونی هەیە؛ نەخۆشن. جێی بەزەین. پێویستە لە دەستگای گونجاودا هێوەربکرێنەوە. زۆرجار هەموو کۆمەڵ پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەیە. بۆ نمونە 'کۆمیوسیۆنی ڕاستگوتن و یەکبوونەوە'ی باشوری ئەفەریقا، ئامانجی هێوەرکردنەوەی دەروونی کۆمەڵێکی توندوتیژ بوو، کە لەسەر بنەمانی ڕەنگی پێست و ڕەگەز دامەزرابوو.

ڕەنگە کۆمەڵی هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەبێ. دەنا بۆچی، کە کوردی هەرێمی کوردستان لە ڕژێمی سەرکوتکەری سەدام، ڕزگاری دەبێ، حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکەونە گیانی یەکتر و جگە لە داڕمانێکی سەرخان و ژێرخانی هەرێم، ٥٠٠٠ کوردیش بە کوشت دەدەن بە ئامانجی دامەزراندنی سنوری دێگەڵە. سەرکردەکانی ئەم جەنگە کوردیە خوێناویە، دەبووایە هەموو بخرانابا نەخۆشخانەی دەروونیەوە. کەچی تا ئەمڕۆ حوکمڕانن. ڕەنگە ئەو دیاردەیە گوزارشێکی دەروونی گرنگ بێ لە دۆخی ئەقڵی سەرکردەکانی خەباتی شاخ، هەڵبەت گوزارشێکی قوڵترە لە سایکۆلۆجی کۆمەڵی کوردستان، کە بە مێژوویەکی دوورودرێژدا ڕاهێنراون توندوتیژیان قبوڵ بێ و توندوتیژ بن.

ئازارگەیاندن بە لاوێك، پۆلیسێکی هاتوچۆ، دەبێ ئەم دنیایە بۆکوێ بەرێ! دڵنیام بەرەو ڕووناکی نابات.

لە سێدارەدانی لاوێك، دڵنیام ئەم دنیایە بەرەو ئاشتی و ئارامی نابات. بگرە بەرەو تاریك و نوتەکی دەبات.

عەبدوڵڵاپوور تاوانەکەی هاوکاری حزبێکی کوردی بوو، لە تێکهەڵچوونی چەکداری گوندی قەرەسەقەل-ی شنۆ لەگەڵ هێزی سوپای پاسداراندا. هەر ئەم دەستگیر نەکرا، بەڵکو حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهیر فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام، هەموو کەوتنە دەست هێزەکانی دەسەڵات. چارەنووسی ئەمانیش ڕەنگە وەك ئەوەی عەبدوڵڵاپوور بێ. کێ بەرپرسە لەم کارەساتە؟

کاری حزبە کوردیەکەش هەر توندوتیژ نواندنە؛ ناتوانن و نازانن کاردانەوەی توندوتیژی نەبێ لە بەرامبەر توندوتیژی ڕژێمدا. دەنا دەبێ کوشتنی پاسدارێك یان دوو، ئەم دنیایە بەرەو کوێ بەرێ. دڵنیام بەرەو ڕووناکی نابات؛ هەروەك دڵنیام کوردستان ناکات بە بەهەشت و ئێران بە دیموکرات. سەرباری ئەوەش، ئێمە دەرئەنجامی خەباتی چەکمان دیووە؛ ئەو کارەساتەیە کە ئەمڕۆ ناسراوە بە 'هەرێمی کوردستانی عێراق'. ئەمیش لەسەر بناغەی حزبایەتی دامەزراوە، کە هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕەگەزپرستدا. هەرچی توانا هەبوو وەلاخرا بۆ بێتوانایی حزبی.

دەکرا توانای عەبدوڵڵاپووری قارەمان، یادی هەر بەخێر بێ، لە کارێکی گەشدا بەکاربهێنرابا. دەکرا هاوکاری بکرابا لە پەروەردە کردنی کوڕ و کچە چاوگەشەکەیدا، کە ئێستا بێ باوکن. نە سەرکردایەتی خەباتی چەکدار و نە هەموو گەلی کوردستان، جێی باوکی ئەم دوو منداڵە ناگرنەوە.

ئێستا ئەم شەهیدە بوێرە، ژمارەیەکی شانازیە بۆ کۆمەڵێك سەرکردە، دەڵێن شەهیدمان زۆر داوە. لە ژیانی سیاسی کوردەواریدا، تا لاو زۆرتر بە کوشت بدەیت، حزبەکەت کوردیترە. دەبووایە لە بەرامبە هەموو شەهیدێکدا، سەرتاسەری مێژووی کورد، سەرتاسەری خەباتی چەك و سەرتاسەری سەرکردەکانی حزبە چەکدارەکان بخرانابا دادگای ئەقڵەوە. مەخابن، ئەقڵ لەکوێ بێنم.

گیانێکی دیکەش کرایە قوربانی؛ قارەمانێکی دیکەش خۆی بەخت کرد. چرایەکی ژیان کوژایەوە.