ئەو دوو ساڵەی کە سەلەفی بووم

ئەو دوو ساڵەی کە سەلەفی بووم

2797 خوێندراوەتەوە

کاروان عەبدوڵا

سەرەتا ئەوە دەڵێم تکایە تکایە تکایە ئەمجارە ڕەحم بە سەلەفیەت و مەدخەلیەت مەکەن و چاوپۆشیان لێ مەکەن و تا بیشکرێ پشتگیریان نەکەن بە ناوی ئەوەی برامانن و حەقی برایەتی واجبە، چوونکە ئەوان لەوەتەی هەن قەسفی موسڵمانانی تر دەکەن و، باسیان دەکەن بە خراپەو ڕەدیان دەدەنەوە و تا ئێستاش وەستانیان نیە و سنور نازانن.

بۆیە تکایە وەڵامیان بدەنەوە و هۆشیان بێننەوە و بیان جوڵێنن تا بزانن لە چ دونیایەکدان و بۆچی هەموو موسڵمانانی تر بە لادەر دەزانن و خۆیان بە ڕاست و بۆچی ئێمە ڕێی جوومان گرتووە، ئەوانیش سوننەتی صەحیح.

پاشان لە باسی وەزعی زووی خۆمدا ئەم خاڵانەم نوسیوەو

هەموو ئەم خاڵانەم بەزیادیشەوە تیا بوووە:

٭ چاوم لە غەیری خـۆمان هیچ شتێکی تری نەدەدی، وەکو عادەتی هەموو سەلەفیەکان و تایبەتتر مەدخەلیەکان بەردەوام خۆم بە هەقی موتڵەق دەزانی و غەیری خۆشم لەسەر باطڵی مەحز و مطلق دەزانی.

٭ شەڕواڵم کورت بوو، بەڵام ئەو کاتە ڕیشم نەهاتبوو جارێ، موجەڕەد بەو شەڕواڵ کورتکردنەوە، وامدەزانی لە قاڵبێکی ئەعلا و ئەوجی دینداریدام و ئیتر ڕۆژێ لە ڕۆژان نەئەپەرژامە سەر ئەوەی زمانم بپارێزم لە موسڵمانان و درۆ نەکەم و بوهتان بۆ کەس نەکەم و کار لەسەر ئیخلاصی کردەکانم زیاتر بکەم و حەسوود نەبم و دڵم پاک بێت و گومانی خراپ نەبەم و غەش نەکەم و خیانەت نەکەم و بیرم لای ئەم شتانەو بابەتی تەزکیە نەبوو بە هیچ جۆرێ، تەنها شەڕواڵم کورت بوو ئیتر زوو زوو پێیان دەوتم مەلا کاروان مەنهەجەکەی زۆر بە باشی گرتووەو دەست خۆشیشم لێدەکرا. منیش شەڕواڵەکەم زیاتر کورت دەکردۆ.

٭ پێغەمبەری خوا دەفەرموێ تەکەبور (غمط الناس) ە بە کەم زانینی خەڵکیە، ئەم فەرمایشتەم لە خۆما تطبیق کردبوو، تێڕوانینم بۆ چوار دەور وابوو کە هەر کەس ڕیشی نەبوو شەڕواڵی کورت نەبوو، بە کەم سەیرم دەکرد و پێموابوو من لە هەموو خەڵک باشترم، تەنها ئەوانە نەبێ کە لەسەر مەنهەجن و ڕیش و شەڕواڵیان کورتە،عیبادەتەکەم تەکەبوری بۆ زیاد کردبووم.

٭ تێڕوانینم وابوو، کە دەبێ بەردەوام دەنووک و زمانی زبری جنێوم لەسەر ئیسلامیەکان و صۆفیەکان و غەیر سەلەفیەکان بێت، ڕۆژێ لە ڕۆژان سەرەتایی مەنهەج وەرگرتنم بوو، نەمزانی وەسفی سەرکردەیەک و بانگخوازێکی ئیسلامیم کرد، کەچی بووە هەرا لێم و شکاتیان لێکردم لای مامۆستا و منیش تا شەو و ڕۆژێ جەوم نەبوو وامدەزانی تاوانی کەبیرەم کردووە.

٭ ببوو بە پیشەو ئەخلاقم بەردەوام ئەچوومە هەر مەجلیسێ، خێرا دەمکردە نیقاش و تا جاری وا هەبوو تا دوانزەی شەو بە نیقاش دەڕۆیی و تەنها ئاگام لە دوو فەرموودەش بوو، بۆ هەموو مەجلیسێ موناقەشەم پێدەکرد

٭ لە سەدا سەد موقەلید بووم لە وەرگرتنی مەنهەج و فکرەکەم و بۆم نەبوو بچوکترین پرسیاری لێبکەم، خێرا دەیانوت ئەک برا شوبهەت بۆ درووست بووە ؟!!
منیش زوو زوو تەوبەم دەکردەوە و دەهاتمەوە سەر مەنهەجەکە.

٭ خوێندنەوەم سنوردار بوو، تەنها ئەو کتێبانە نەبێ کە مامۆستاکانمان دەیوت باشەو ئۆکەی لەسەر دەکرد و دەیوت بیکڕە، سەیری کتێبەکانمان دەکرا خێرا دەوترا ئەک برا ئەوە کتێبی فڵانی هەیە!!
ئیتر خێرا دەچووم لە بازاڕ دەمگۆڕیەوە بە کتێبێکی تر و بۆم نەبوو لە قاڵبی مەنهەجەکە دەرچم، گەر نیەتی کتێبکیشمان هەبووبێ لە دەرەوەی مەنهەج، سەرەتا پێم دەوترا ڕەددەکەی بخوێنینەوە ئەوسا کتێبەکە خۆی، چوون هەزارەها شوبهەمان بۆ دروست دەکــات.

٭ هیوایەتم بوو ببیستم کە دەیان وت فڵان ڕەدێکی فڵانی داوەتۆ، خێرا دەچووم ڕەدەکانم دەکڕی و دەمخوێندنەوە و نیوە زیاتری کتێبیەکانی کتێبخانەکەم بریتیبوو لە ڕەد و ڕدوودی بێکەڵک و بێسەرو بن، لەخوا بەزیاد بێ لەم دووایا زۆرینەییم فرۆشت و دوورم خستنەوە لە خۆم، ئایی لەو کات فەوتاندنە بەس قەینا ئەزموونێ بوو بینیم.

٭ هەموو کتێبەکانی (موحەمەدی کوڕی عبدولوەهابم) خوێندبوو بە شەرحیشەوە و نیوەی کتێبەکانیشم لەبەر بوو کە خاوەنی (١٨) نامیلکەیە، هیچ زەمێکی ئەو پیاوە ناکەم لێرەدا، بەس قەناعەتی خۆم باسەکەم، قەناعەتم وابوو پێش ئەو ئومەی ئیسلامی تێکڕا موشریک بووەو ئەم پیاوە هاتووە، هەمووی هێناوەتۆ بۆ ئیسلام.

٭ ئیتر ژیانێ سەیرە بەڕاستی برادەرمان بووە، چەندین مانگ بوو، باوکی خۆیی هەجر کردبوو قسەی لەگەڵ نەدەکرد و دەشچووەوە ماڵۆ، جا لەسەر ئەوەی ئیسلامی بوو باوکە فەقیرەکەی، ئێمەش زیاتر هانمان دەدا، له جیاتی ئەوە داینیشێنین و بڵێین وەرە خوای گەورە دەفەرموێ:﴿ گەر دایک و باوکت هەوڵیشیان دا لەگەڵتا بۆ ئەوەی شیرک بۆ خوا بڕیار بدەی بە گوێیان نەکەیت، بەڵام بیرت بێ (وصاحبهما فی الدنیا معروفا ) دەبێ لە دونیادا چاک بیت لەگەڵیان ) سورة لقمان ۱٥.

٭ ئایی توخوا عەقڵم وابوو بە لای هەندێ کەس و موسڵمانی ئەهلی مزگەوتدا تێپەڕ دەبووم سەرم دا دەخست بۆ ئەوەی سڵاوی لێنەکەم و بەلایدا دەڕۆشتم بەو بیرەوە کە ئەمە مەنهەجێکی خوار و خراپی هەیە و ئەهلی سوننە نیە، خەجاڵەتیان خۆم ئێستا، چۆن ئەو هەموو ئەجری سڵاو کردنەم ڕۆشتوون و لە کیس چوون.

٭ جا کەڕ و کاس هەمیشە ئەو مزگەوت و ئەم مزگەوتم بوو ئەوەندە دەگەڕام و وامدەزانی دینداری بەتەنها وا لەوەیا کە دوو سەعات لە دوای سەوت خۆشێکەوە بوەستی بۆ نوێژ و وتارێکی ئەو کەسە گوێ لێگری کە ئەهلی سوننەیە و خواش ئەزانێ من بێجگە حەماسەتێکی مەنهەجی زاهیری هیچی ترم زیاد نەدەبوو.

٭ لایەنی کۆمەڵایەتیم زۆر زۆر زەعیف ببوو، هەرچی برادەری مەکتەبم هەبوو پەیوەندیم لەگەڵا پچڕاندن و پێموابوو، ئیتر من کەسێکی مەنهەجیم و نابێ ئیتر برادەری دەرەوەم هەبێ و لەگەڵ خزم و کەسوکاریشا ئێجگار زۆر پەیوەندیم زەعیف ببوو.

٭ زوو زوو کۆبوونەوەمان پێدەکرا لەسەر ئەوەی کە ئیتر فڵانیش لە مەنهەج دەرچووەو وریا بن سڵاوی لێنەکەن و ئیتر بەچاوێ ترەوە سەیرمان دەکرد و هیچ ڕێز و ئیحترامێکمان بۆ دا نەدەنا.

٭ هەموومان موجتەهید و موفتی بووین، تەنها بە یەک فەرمودەوە، بەبێ هەبوون و زانینی یەک مەرجی موجتەهید و موفتی و زانینی زانستەکانی (حیکمەت و مەنتیق و اصول فقە و زانینی مقاصد و زانین و زاڵبوون بەسەر لوغەتدا و زانینی فقە و قەواعیدی فقە و زانینی اصولی تەفسیر و بەلاغە و فقهی نێواندکاری و ئەددلەکانیان و هتد ....... )

٭ بە بێ ڕەچاو کردنی فیقهی واقیع و خوێندنەوەی وەزعیەتی خەڵکی، هیوایەتمان ئەوەبوو دەلیل بێنە بەسەقەتی تطبیقی کە بەسەر خەڵکا و حوکم ببەخشەرەوە بەسەریاندا و کێ موبتەدیعە و کێ فاسقە و کێ جاهیلە و کێ باغیە و کێ خارج عن الملة یەو، قەناعەتان هەبێ خۆم شەخسەکەم نەناسیوە لەبەر ئەوەی مامۆستاکەم بە دڵی نەبووە، منیش وتووە تەواو موبتەدیعە.

٭ تا قیامەت سەلەفی بوومایە نەمدەزانی سەر بە چ مەزهەبێکی فیقهیم، ئەمڕۆ شافعی ئەددلەی بەقوەتە، بەیانی لە شتێکی ترا حەنبەلی بووم، بۆ سێ بەیانی فیقهی شەوکانی دەکرا بە قوڕگما، بەو حاڵەشەوە ئەمان وت لەسەر ئەددلە و بەڵگەی قورئان و سونە دەڕۆین مەزهەب ناخوێنینۆ ، دوای چەند ڕۆژ سەیرمان دەکرد بەڵگەیەکی ترمان دەدی پێچەوانەی بەڵگەکە ئەو ڕۆژەمان دەبوو، ئەی هاوار ئێستا چیبکەم ... ئێ خۆ ئیمام ئەحمەد لەمەیا سێ ڕەئی هەیە یان دوو ڕەئی هەیە، ئێستا کامیان دەلیلی لەسەر بووە؟

ئیتر فەوزایەکە ئەوسەری دیار نیە، بە تەنها بەڵگەیەک حوکمی تەواومان دەداو حوکمی تەواومان وەرەگرت (بە تەشتێ ئاو دەکەوتینە مەلە) بێ ئاگا لەو هەموو بەڵگانەی تر و توانای تەرجیح و جمعیشمان نەبوو، سووریش بووین لەسەر ئەوەی کە تەنها ئەوەی ئێمه ڕاستـە.

٭ هەندێ وایان لێدەکرم، هەموو یادگاریەکانی ناو مۆبایلەکەم دەسڕیەوە دەیان وت ڕەسم و وێنە حەرامە، ڕۆژێ تر وەڵا فڵان وتوویەتی فۆتۆغرافی قەینا، ئەی هاوار چیبکەم ئێستا
ئێ دەی چیتر وەڵا چوونە بەرئاوێنە زۆر باش نیە، نینۆک کردن لە هەندێ کاتدا باش نیە، ئێ چیتر وەڵا کل و سورمەی چاو دەبێ بکەن دایم، ئێ چیتر وەڵا کوا مستیلەکانتان دەبێ دایم پێتان بێ و لە دەستان بێ، ئێ چیتر، بڕۆ سمێڵت بتاشە، ئێ چیتر، دەبێ شانەی تەختەتان پێ بێ بۆ ڕیش و قژ و شت، زەیتی زەیتونیشمان نەهێشتبوو لە بازاڕا بۆ سەرو شتمان، ئیتر ئەبوا هەموو ڕۆژێ سەرمان بشۆردایە ئەوەندە چەور دە بوو.
ئێ باش ئەم شتانە، لەگەڵ ئەم هەموو سوننەتەیا دڵم خاڵی لە ڕوحیەت و مەعنەویەتی دین.

٭ هەموو مودەتی سەلەفیەتم دڵم زۆر دانەمزاو بوو، شەک و گومان دڵمی داگیر کردبوو بەردەوام، مورتاح نەبووم لەو عیبادەتەی دەمکرد، شکڵی دەرۆ و زاهیرم موخالیفی شکڵی ناوەوەم بوو بە ڕێژەیەکی بەرچـاو نەک بە گشتی، حەز و خولیام بۆ هەندێ شت قەت لە ناوەوە کۆنتڕۆڵ نەدەکرا، خەڵکیش وای دەزانی بە شکڵەکەم هیچم نەهێشتۆتۆ و زۆر دامەزراوم و حەز و خولیام بۆ هیچ ناڕوا.

٭ وا فێر کرابووین کە هیچ عیلاقەیەکمان بە باسکردنی سوڵتە و دەسەڵات و عەلمانیەت نەبێ و تەنها ئیشمان دەعوەیە و لە دەعوەشدا ناکەوینە ناو باسی زوڵم و
ستەمی حوکمڕانان و زاڵمان.

٭ قەناعەتیشم وایە هیچ سەلەفیەکی ئێستا پێیان، نەوترێ زاهیری و حەنبەلی مەزهەب، چوونکە بە موطڵەقی وەک حەنابیلەی کۆن نین و وەک زاهیریەکانی کۆنیش نین، بەڵکوو ئەمان زۆر شکڵێکی ئاڵۆز و مشەوەش و ناڕێک و نا ڕوونیان گرتووە.

٭ پێیشم وایە ئەو قسەیان تاسەر ئێسقان ئیدعایەکی بەتاڵە کە دەڵێن کتاب و سوننە پێش هەموو و شتێکە پێش قەوڵی زانایانە، زانایانی خۆیان زۆر زۆر خۆشتر دەوێ لەو خۆشەیستیەی کە لەنێوان دەڕوێشێک و شێخەکەیدا هەیە، من بۆ خۆم گوێم لێبووە لە کەسی گەورەیان وتوویەتی (مجنون چەنە عاشقی لەیلا بوو چەنی خۆشویستوە، من دوو هێندەی ئەو شێخ صاڵح فەوزانم خۆشەوێت ) ، یان تا ڕادەیەک گەیشتوون گوێم لێیان بووە وتوویانە فڵانە زانامان پێمان بڵێ نوێژ مەکەن نایکەین، یان هەیان بوو لەم کوردستانەی خۆماندا چبووە لای شێخ ڕەبیع دوایی لە وتاردا ئەوە بۆ ئێمه باسدەکات بە وردی کە شێخ چۆن دانیشتووە و چۆن پێکەنیوەو چۆن ددانەکانی دەرکەوتووە و لەسەر خۆ قسەی کردووە و ڕەنگی سوور بووە و!!! .... هەزار و یەک شتی تریش، جا بۆیە تا سەر ئێسقان تابیعی زانایان دوور له قورئان و سوننە.

٭ دوای واز هێنانم لەم فکرەیە، لە هەر شوێنێکا هەر بانگخواز و کەسایەتی و مامۆستایەکم دیوە کە پێشتر قسەم پێ وتووە داوای گەردن ئازادیم لێ کردووە و ڕۆژێ هات بە خەیاڵما وتم خوا هەزار مەنهەجی وا ببڕێ کە وای لە من کرد ئێستا داوای لێبوردن لەم هەموو خەڵکە بکەم، بەڵام هەر بەس نیە نەکەوتە قیامەت.

٭ ئینجا وای ئەوەی ئەم فکرەیە وا خنکاندبوومی، ئیتر کاتێ تۆزێ مەیلم هەبوو دوور بکەومەوە، خۆیان دوایی هەزارەها قسەی وەکوو ئەوەی بۆتە صۆفی و بۆتە حیزبی و بۆتە موبتەدیع و فاسیق دوورتریان خستمەوە و هەجریان کردم و شکور بۆ خوا نەجاتم بوو وە دەوری خۆمم تەواو کرد، پێیشم وایە ئەم فکرەیە ئینسان زوو وەری دەگرێ و زوویش تاقەتی لێی نامێنێ و دایم وتوومە وەکوو مارێک کە شتێکی زیاد لە حەد گەورە قوت دەدات، یان دەتاسێ و یان دەتۆپێ، یان فڕەی دەداتە دەرۆ و تەحامولی ناکاو بۆی ئەزم ناکرێ، فکرەی سەلەفیش وەکوو ئەو شتە گەورە وایە، بۆت ئەزم ناکرێ دەبێ زوو فڕەی بدەیتە دەرۆ، یان لانی کەم نیوەی فڕدە دەی بۆ ئەوەی ئەوی تری ئەزم کرێ، یان دەتتاسێنێ و هەر وا ئەیبەیت و بەڵام شان و بارت هەر قورسە و ئیستیفادەیشی نیە، یان شان و باڵت دەشکێنێ و دەت کوژێ و تاقەتی هیچ هیچت نامێنێ و واز لە دین دێنیت.

ــــ بۆ زانیاری هەموو لایەک ئەمە وەزعی خۆمە و باسی دەکەم خوا دەزانێ هیچ جۆرە غلو ئیفراط و تەفریطم تیا نەکردووە و هێشتا من سەلەفیەکی معتدلیش بووم و زۆریش قوڵ نەببومەوە و سادە و ساکار گرتبووم، هەموو ئەم قسانەشم بە شێوەیەکی گشتی شەرت نیە لە هەموو سەلەفیەکدا هەبێت

ئەکرێت بەم شێوازەی لای خوارۆ باسی بکەین و لای من وایە:
یەکەم : لام وایە سەدا چلی ٤٠٪ سەلەفی وەکوو ئەو کاتەی من وایە.

دووەم: لە سەدا سی ٣٠٪ سەلەفیەکان لەو کاتەی من زۆر خراپتر و وێرانترن و زۆر زۆر توندن و وەکوو وتم مەنهەجیان زۆر بە سەختی گرتووە.

سێیەم: لە سەدا سییەکەی ٣٠٪ تریشی زۆر معقول و باش و چاک و سەردەمی و مێشک وشک نین و ئومێدی خێریان لێدەکرێ باشتر بنن و زیاتر عاقڵتر ببن و ڕاستر ببن.

تێبینی: زۆر بە زمانێکی سادەو ساکار و تۆزێکیش عەشایەریانە ئەم باسی خۆمم نوسیوە، بۆ ئەوەی هەموو کەسێ لێی حاڵی ببێ و تایبەت چینی تازە بێ گەیشتوو کە ئەزموونێکی وایان نیە و زیاتر بە زاهیریەتی سەلەفی و شکڵیاتیان تێکەوتوون.