کوا ٤۰۰ ملیارەکە؟

کوا ٤۰۰ ملیارەکە؟

241 خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم

هەڵمەتی هاشتاگی کوا ٤٠٠ ملیارەکە؟ کە چەند رۆژێکە لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان دەستی پێکراوە، هەڵمەتێکبوو کە هاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، لە سۆراخی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە دەپرسن، کە بەغدا بۆ پێدانی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی هەررێمی کوردستانی کردووە.


ئەو هەڵمەتە دەچێتە چوارچێوەی بەدەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان لەسەر مافی خۆیان، و کۆتیهێنان بە بێ دەنگی و ڕووبەڕوبوونەوەی سیاسەتی دەستگرتن بەسەر ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

،،

ئەگەرچی هاشتاگی کوا ٤٠٠ ملیارەکە؟ بەهۆی واقیعی سیاسی کوردستان لە دەڤەرێکەوە بۆ دەڤەرێکی دیکە جیاواز بوو، بەڵام ئەوەیان بەو مانایە نایەت کە هەموو لایەک نەیەوێت بزانێ چارەنووسی ئەو پارەیە چی لێهاتووە،حکومەت بۆچی ئامادەنیە مووچەی فەرمانبەرانی لێبدات؟


لە ئێستادا کە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان سەکۆیەکی گرنگی خەباتی مەدەنی گەلان پێکدێنن، لە دوای سەڕهەڵدانی بەهاری عەڕەبیش تواندرا ئەو تۆڕانە بکرێنە شوێنی دەڕبڕینی داخوازیەکانی خەڵکی ناڕازی لەو ولاتانەی کە بەر باهۆزی شۆڕش کەوتن.


هاشتاگی کوا ٤٠٠ ملیارەکەش لە هەرێمی کوردستان، خەباتێکی مەدەنیانەی خەڵکە، کە گوزارش لە لایەنی کەمی مافەکانیان دەکات، ئەویش ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو پارانەی بەناوی ئەوانەوە لە بەغداوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان.
بۆیە دەبێت لە کوردستانیش بۆ درووستکردنی ڕای گشتی و کاریگەرکردنی هەوڵەکانی گرووپی فشار، لەپاڵ شێوازەکانی دیکەی خەبات، پەنا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ببردرێت.


ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە ئەوەیە، کە بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هاشتاگێکی تۆڕە کۆمەلایەتیاکان، دەسەڵات نەتوانێت بێدەنگی هەڵبژێرێت.


بۆیە لە بەرامبەر هاشتاگی کوا ٤٠٠ ملیارەکە؟ وەزارەتی دارایی بەدەنگ هات، و لە روونکردنەوەیەکدا کە لە لای زۆربەی خەڵکی باوەڕپێنەکراوە، شێوازی تەخشان و پەخشانکردنی ئەو پارەیان بڵاوکردەوە.

،،

دوای روونکردنەوەی وەزارەتی دارایش چەند پەلەمانتار و راگەیاندکاریکی سوودمەند لە پارە و داهاتی خەڵکی، کەوتنە دژایەتی ئەو کەسانەی داوای چارەنووسی مووچەی مانگی شوبات دەکەن، و هاشتاکی کوا ٤٠٠ ملیارەکەیان بڵاوکردۆتەوە، ئەوان وەک هەر جارێکی دیکە کەوتنە بەشینەوەی تۆمەت بۆ ئەوانەی داوای چارەنووسی قووتی ژیانیان دەکەن!


بەڕاستی هەڵوێستی ئەو چەند پەرلەمانتارە سەیر و جێگای پرسیارە، چونکە لە تەواوی جیهان یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمانتار ئەوەیە بەدواداچوون بۆ داهات و سەرفیاتی وڵات بکات، لە لای ئێمە پێچەوانە بۆتەوە، پەرلەمانتار دێت لە وەڵامی داواو داخوازی ڕەوایی خەڵک، دەپێتە پینەچی دەسەڵات و خەڵک تۆمەتباردەکات.
دواجار دەڵێین وەڵامەکەی وەزارەتی دارایی، و تەنگەتاوبوونی کەسانێکی سەر بەدەسەڵات، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هاشتاکی کوا ٤٠٠ ملیارەکە؟ کاریگەری خۆی کردووە، بۆیە دەبێت ئەو جۆرە خەباتە درێژەی هەبێت، و چیتر خەڵکی لەبەرامبەر زەوتکردنی مافەکانیان بە تایبەت زەوتکردنی مووچە، نابیت بێ دەنگی هەڵبژێرێت.
دەبێت لەمەودوا خەڵکی لەبەرامبەر پرسیاری کوا داهاتی هەرێمی کوردستان؟ کوا مووچەکەم؟ کوا خزمەتگوزاری پێویست؟ وەڵامی درووست و باوەڕپێکراوی دەستکەوێت، نەک بێدەنگ بکرێت، وتۆمەتی بدرێتە پاڵ.