هەرێمی کوردستان لە لێواری داڕماندا

هەرێمی کوردستان لە لێواری داڕماندا

246 خوێندراوەتەوە

توانا ئەحمەد خەیات


کوردستان ئەو هەرێمەی کە دەسەڵاتدارەکانی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەبێت عێراق لە ئەزمونی حکومڕانیدا چاویان لێبکات و سود لە ئەزمونە سەرکەوتووەکەیان ببینێت، لە ئێستدا گیرۆدەی چەندین کێشەو قەیرانە و داوای هاوکاری لە عێڕاق دەکات .


ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بە درێژایی 29 ساڵ لە چیدا سەرکەوتوو بووە؟
دەستکەوتەکانی ئەزمونی حکومڕانی کوردی چیبون وا دەسەڵاتدارەکان شانازی پێوە دەکەن؟

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و ڕزگار کردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستی حکومەتی بەعس ، خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرو پیری دامەزراندنی حوکمی خۆبەخۆیی کوردی و دەسەڵاتی کوردی چوون وهیوایەکی زۆریان بە بەڵێنی سەرکردەکان هەبوو کە بەردەوام بانگەشەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکرات و ئایندەیەکی خۆشگوزەرانیان بۆ میللەت دەکرد.


بێگومان گەر وەڵامێکی کورت و خێرای ئەم پرسیارانە بدەینەوە بە بێ باسکردنی هۆکارو کێشەکان دەتوانین بڵێن کە نە ئەزمونی حکومڕانی هەرێم سەرکەوتووە و نە ئەزمونی عێڕاقیش سەرکەوتووە.
کێشەی سەرەکی حکومڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا ، کێشەی دروستنەکردنی پایەکانی حکومەت بووە بە درێژایی 29 ساڵ.
بەردەوام دەسەڵآتدارانی هەرێم کە بەڕیَوەبردنی ئەم هەرێمەیان بە دەستەوە بووە، سەرقاڵی ناکۆکی سیاسی و ناکۆکی کەسی و ناکۆکی خێزانی بوون ، بە هۆی ئەو ناکۆکیانەوە هەمیشە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەوڵی بەهێزکردنی دەستەو تاقمی چوار دەوری خۆیان داوە لە جیاتی هەوڵی بەهێز کردنی پایەکانی حکومی نیشتیمانی لە هەرێمدا.

بە درێژایی ئەم چەند ساڵە لە جیاتی دروستکردن و بەهێزکردنی بنەماکانی دەسەڵاتی حکومڕانی گشتی و پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەتداری ئەوەی کە دروست بووە بریتیی بووە لە:

بەهێز بونی حزب لە کوردستاندا لە ڕووی سەربازی، ئابوری، لە ناو حزبەکانیشدا ئەوەی بەهێز بووە کەسەکان و بنەماڵەکانن لە ڕووی سەربازی و لەڕوی ئابورییەوە.
بە درێژایی ئەو ئەزمونە لە کوردستاندا هەر حزبێک هێزی خۆی هەبووە، هەر حزبێک دارایی و کۆمپانیای زەبالاحی خۆی هەبووە، هەر حزبێک زانکۆی خۆی هەبووە، هەر حزبێک گومرگ ی خۆی هەبووە، هەر حزبێک فرۆکەخانەی خۆی هەبووە، هەر حزبێک خاوەنی پەیوەندی جیا بووە لەگەڵ وڵاتان.
لە کوردستاندا هەموو ئەو دەزگایانەی کە پێوویستە هی حکومەتبن بونەتە موڵکی حزب، لەوەش کارەساتتر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەموو ئەو دەزگایانەی کە موڵکی حزب بوون بوونەتە موڵکی شەخسی کەسەکان و بەمەش ململانێ و ناکۆکییەکان بەرەو زیاتر و زیاتر دەچن.

لە بەرامبەریشدا ئەو دامەزراوەیەی کە پێيدەوترێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو دەزگاکانی تری وەک:

پەرلەمان، دامەزراوەی دادوەری، پەیوەندییەکان، میدیا ... کە پێویست بوو بەهێز بکرێن تەنها و تەنها وەک دامەزراوەی کارتۆنی بونیان هەیەو بۆتە جێگای وەرگرتنی ئیمتیاز و موچەی ساڵانەی قەبە، کە نە توانای گۆڕانکاری و نە توانای ئیدارەدانی هیچ قەیرانێکی هەیە.

ئەوەتا لە ئێستادا حکومەتی هەرێم توانای جێبەجێکردنی سەرتاییترین کاری حوکمداری نییە کە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرەکانێتی، چونکە قاسەکانی حکومەت بەتاڵە و بە درێژای چەندین ساڵ سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە لە جیاتی ئەوەی بچێتە گەنجینەکانی حکومەتەوە چۆتە ناو قاسەو گەنجینە حزبی و کەسییەکان و لە ئێستاشدا کەس ئامادە نییە ئەو سەروەت و سامانە تەسلیم بە حکومەت بکاتەوە، چونکە بونەتە موڵکی كەسی.