ئەرێ‌ بەڕاست بۆردومانی توركیا بۆ سەر پەكەكەیە یان...؟

ئەرێ‌ بەڕاست بۆردومانی توركیا بۆ سەر پەكەكەیە یان...؟

285 خوێندراوەتەوە

شەهاب بۆتانی

وەزیری بەرگری توركیا هەڵمەتی سەربازی ولاتەكەی بۆ سەر پەكەكە لەباشووری كوردستان بەناوی ( چاوی هەلۆ) لەدوێنیەوە راگەیاندو هەر لەبەرە بەیانی رۆژی 15-6-2020دەستی بەبۆردومان كردنی هەریەكە لەناوەچەكانی كەمپی مەخمور و قەندیل و چیای شەنگال و دەوروبەری بەچڕی كردو بەردەوامیشی دەبێت.
ئەردۆغان هەر لەدوای داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند كە هێرش دەكەنە سەر قەندیلیش بەبێ‌ ئەوەی حیساب بۆ هیچ كەسێك بكەن و هیچ هێز ناتوانێت رێیان لێبگرێت.

،،

ئەو لەخۆبایبوونەی ئەردۆغان لەكاتێدایە كە وڵاتەكەی ئەندامێكی دیاری ناتۆیەو ناتۆش رێگریی لێنەكرد لە هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوا، بۆیە بەدەرفەتی زانی پێگەی خۆی بەرفراوان بكات لەپەنای هەبوونی مەترسی بۆ سەر وڵاتەكەی، جا پەكەكەش پاساوێكی باشە بۆی، چونكە ئەوەی لەمێشكی ئەردۆغاندایە ئەوە نییە كە ئێمە هەستی پێدەكەین، نا بەڵكو زۆر شتی تری پشت پەردە هەیە لەئایندەدا بەدەردەكەوێت.

هەر سەبارەت بەو هەنگاوەی بەرەبەیانی ئەورۆی تورك كە بێ‌ ئەوەی حیساب بۆ سەروەری خاكی وڵاتێكیتر بكات بە ویستی خۆی كەوتە گیانی خەلكانێكی بێتاوان.


من لێرەدا سێ‌ پرسیار بۆ ئێوەی خوێنەر بەجێ‌ دەهێڵم:
1- ئاخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی چۆن دەبێت لەكاتێكدا وڵاتێكی دراوستێ‌ هەر كاتێك بیەوێت بەویستی خۆی بۆردومانی هەرشوێنێكی بكات و خەڵكی بێتاوان بەناوی پەكەكە كۆمەڵكوژ بكات؟


2- وەزارەتی پێمەرگە لەو هاوكێشەیە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؟


3- حكومەتی ئێراق و خودی سەرۆك وەزیرانەكەیان ماوەی چەند رۆژێكە بانگەشەی ئەوە دەكات بەهێز هەموو خاڵە سنووریەكان دەخەنەوە بن باڵی حكومەتەكەی بەئەوانی كوردستانیشەوە، ئایە كازمی دەتوانێت ئەو بۆردومانانەی توركیا رابگرێت؟
ئەگەر بەڵێیە، ئەوكات قسەی لەسەر ئەوە دێت بلێت من دەتوانم سنووری تەواوی ئێراق بپارێزم، ئەگەر نەخێر، ئەوە ناشتوانێت چیدیكە باسی وەرگرتنەوەی خاڵە سنووریەكانیش بكات.


ئەوەی ئێوە دەیبینن و لەشەوی رابردوو بیستتان و لەگەرمە هەواڵەكانمان خوێندتانەوە كە لەفەیسبوكی تایبەتی گەرمە هەواڵەكانم خستنە روو لەسەر بۆردومان كردنی توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان كە گوایە هێزەكانی پەكەكەی لێیە لێرەدا پرسیارێكی جدی خۆی دەسەلمێنێت وەكو پێشتریش سەرۆكی هەرێم فەرمووی "شەڕی توركیا لەگەل كورد نییە بەڵكو لەگەڵ پەكەكەیە".

،،

من دەپرسم ئەری بەڕاست شەڕی تورك لەگەل پەكەكەیەو بەس، یاخوود شتێكی دیكە لەپشت پەردە هەیەو زۆرێك لەئێمە بێئاگاین لێی ئەویش ئەوەیە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق توركیای عوسمانی بەشێكی خاكی باشووری كوردستان و ئێراقی لەبن دەست بوو،

بەرێككەوتنێك لەبەرامبەر هەندێك بەرژەوەندی دیكە لەگەل ئینگلیز و فەرەنسا رێككەوت و دەستی لەوناوچانە هەلگرت ئێستە 100 ساڵ بەسەر رێككەوتنەكە تێدەپەڕێت ئەردۆغان بەنەفەسی 100ساڵ پێش دەیەوێت هەژموونی عوسمانیی جاران ببوژێنتەوە و لەپەنای پەكەكە دەست بەسەر بەشێك لەخاكی باشووری كوردستان و ئێراقدا بگرێتەوە، ئەوەش بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێشتریش لەبانگەشەكانی ئەوەی راگەیاندووە.


ئەرێ‌ حكومەتی كوردستان و ئێراق بەئاگان لەو پیلانگێڕیەی توركیا یان هێشتا خەریكی ململانێی نێوان خۆیانن؟