هاواری پزیشکێک بۆهاوڵاتیانی بێبەش و مافخوراو

بەهۆی پربوونی نەخۆشخانەکان ناچار نەخۆشەکانم لە ماڵەوە داخڵکردون

هاواری پزیشکێک بۆهاوڵاتیانی بێبەش و مافخوراو

1695 خوێندراوەتەوە

د. بەختیار سادق تۆفیق


هاوڵاتی بەڕێز سەرەتا من وەک فەرمانبەرێکی ئەم حکومەتە لەئاست ئەو زوڵم و ستەمەی کەئەم دەسەڵاتە لە بەرامبەر هاوڵاتی و فەرمانبەرەکانی ئەیکات لە ئەوپەری بێزاری و بێتاقەتیدام، هەست بە ئیهانەیەکی زۆر گەورە ئەکەم کە مافم خوراوەو پێشێلکراوە، ئەم کەرامەت شکاندنە دواجار کەسایەتی تاکی ئەم وڵاتەی ئێمەی بەتەواوی شێواندووە بەجۆرێک هەست بەلاوازیکردن و کەمبایەخبوونی تاکی کوردی لای خۆی زەق و تۆخکردۆتەوە کەئەمەش بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر سیستمی بەرگریمان دەبێت کە ئەمە بەراستی بابەتی ئێستەی من نییە کە ئەمەوێ باسی بکەم..


ئەوەی من ئەمەوێ لێرە لەم دوانگەیەوە باسی بکەم مەترسی جددی کۆرۆنایە ! ئەم مەترسییە ئەوەندە حەقیقەت و راستییە کە نەبوونی مووچەو بژێوی خەڵک ناتوانێت ئەو مەترسییە پشتگوێ بخات و برەوێنێتەوە.


هاووڵاتیان و هاو ئازارە خۆشەویستەکانم، باوەڕ بفەرموون ڕۆژانە من وەک پزیشکێکی هەناوی شاهێدی هەناسە تەنگی و بڕست لێبرانی نەخۆشەکانی کۆرۆنام کە هیچ دەروو و گۆشەیەکی چارەسەر نەماوە لە ئەنجامی پربوونی نەخۆشخانەکان رووی لێبکەن، نەخۆشەکانم ناچار لە ماڵەوە داخلکردون و بە تەلەفۆن روونکردنەوەیان ئەدەمێ، بەراستی زۆر کارەساتە خۆشەویستان دەورووبەری خۆرهەڵاتنی ئەم بەیانییە کەس و کاری نەخۆشێکم بەگیرهاتبوون لە ئەنجامی ناجێگیری باری تەندروستی براکەیانەوە هاوار و ئاهوناڵەیان بوو هیچ نەخۆشخانەیەک نەبوو ڕووی لێبکەن، نەخۆشەکەیان خەریک بوو ئەخنکا، ئۆکسجین نەبوو چارەسەر نەبوو، زۆر خەم و پەژارە دایگرتم، ئەگەر لەمە زیاتر ئەم دۆخە پەرەبسێنێت باوەڕ بفەرموون زۆر نزیکە هەموو ماڵێکمان مردوویەک یان چەن مردوویەکی بۆ بڕواتەوە، هەر لەبەر ئەمە دەستی ماندوێتی و دەموچاوی حەسرەتباری هەریەکەتان ماچەکەم، توبیخودا رێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، جێگەی داخە بۆ من وەک پزیشکێکی پسپۆری هەناوی مەرگی ئازیزان و هاوشاری و هاووڵاتییە خۆشەویستەکانم بەچاوی خۆم ببینم و نەتوانم هیچ چارەسەرێکیان بۆ بکە، دووبارەی ئەکەمەوە تۆبی و خوا داخ و حەسرەتی مەرگی ئازیزان مەخەنە سەر مەلۆی حەسرەتی چەندساڵەی بێموچەیی و بێقەدری وکەرامەت شکاندنی بەردەوامی تاکی ئەم وڵاتە

،،

خۆشەویستانم ئازارەکە زۆر گەورەیە ئەوەندە ناخ هەژێنە بۆ منی پزیشک، نەخۆش بیت و لە جێگا بناڵێنی بەڵام خەرجی چارەسەرەکانت پێنەبێت

تابتکوڵێنێ و ئێسقانەکانت بکرۆژێ و تێچوی کوڵانت پێنەبێت، بۆخۆم رۆژانە شاهێدی دەروون قرچان و توانەوەی دەروونی و جەستەیی خەڵکم، شاهێدی نەخۆشکەوتنی چەندەها خێزانم کە لەماڵەوە تینووی ئۆکسجین و هەناسەن، بەڵام ئۆکسجینیان دەستناکەوێت، تینوون بۆ چارەسەر بەڵام دەستیان ناکەوێت، یان ناتوانن بیکرن، لێرەوە داواتان لێئەکەم ئێستا ئەوەی بە تۆی هاوڵاتی ئەکرێت وەک بەرپرسیاری لەسەر شانتە بەرامبەر خوداو هاوشاری وهاوڵاتییەکانت خۆپارێزیەکانت ئەنجام بدە بە پۆشینی ماسک و دەست شتنی بەردەوام و مانەوە لە ماڵەکانتان، خوای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەک بێت و هەموو لایەک بپارێزێت.


د. بەختیار سادق تۆفیق

پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ و کۆئەندامی هەناسە