ماڵتان ئاوا نەبێت، واتێكتان نەدا ئاسان چاكبكرێت

ماڵتان ئاوا نەبێت، واتێكتان نەدا ئاسان چاكبكرێت

869 خوێندراوەتەوە

محەمەد نوری

تۆما ئەكوینی كە یەكێكبوو لە فەیلەسوفە گەورەكانی سەدەی ناوەڕاست، رووداوێكی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەو دەنوسێت: رۆژێكیان چەند قەشەیەك بانگیان كردم راكە تۆما خێرا وەرە ببینە چەند مانگایەك بە ئاسمانەوەیەو دەفڕن، تۆما دەڵێت رامكردە لای پەنجەرەكەوە سەیری ئاسمانم كرد، هاوڕێكانم دایانە قاقای پێكەنین وتیان: هەی گەمژە مانگا كەی دەفڕێت؟ تۆماش دەڵێت: من دەمزانی مانگا نافڕێت، بەڵام باوەڕم نەدەكرد كە ئێوە درۆ بكەن.
ئێوەش كە دوای راپەڕین هاتن ئێمە دەمانزانی ئێوە ئەهلی بەدیهێنەری خەون نین، بەڵام باوەڕمانپێكردن و وتمان رەنگە تامی تاڵی شۆڕش بە هەنگوینی خۆشگوزەرانی كۆتاییبێت.

،،

كەوتینە ناو خەیاڵاتی وڵاتێك كە ئێوەی شاخ نشین دەتوانن شار بكەنە مەملەكەتی خەون و شار ئاوەدانتر بكەن و ماندبوونی شاختان بكەنە باشكردنی شارمان، نەماندەزانی كە جەردە ئاسا هەموو شتێك دەبەن و بە ئێمەش بڵێن سەیری ئاسمان بكەن ئەها مانگاكان دەفڕن، ئێمە دەمانزانی مانگا نافڕێت بەڵام نەشمدەزانی بەوشێوەیە ئێوە درۆی گەورەمان لەگەڵ دەكەن.


ئەوەی ئێستاش روودەدا ئەوە دەرئەنجامی ئەمڕۆ نییە ئەوە دەرئەنجامی راستەوخۆی دوای راپەڕینە كە مانایەكتان بۆ راستی و پاكی و متمانە نەهێشتووە، ئێوەی ئەهلی شۆڕش و هاتوو لەشاخ واتانكرد بە هیچ بەڵاو ڤایرۆس وتاعونێك بڕوانەكەین، متمانە بە هیچ رستەیەك نەكەین، ئێوەی هاتوو لەشاخەوە بۆ شارەكان یەكەم داری بێمتمانەیی و گەندەڵی و ناراستی و پارەبردن و شكاندنی كەرامەتی هاوڵاتیانتان شكاند، ئەوەی روودەدا ئێستا ساتی لەدایكبوونی بۆ هاتنە ناوەوەی ئێوە دەگڕێتەوە، بۆیە باشترین پێناسە بۆ شكستی شۆڕش: راپەڕینی جەماوەری گەلی كوردە.


نەمامی دڕكاویی گەندەڵی

گەورە كۆمەڵناسیی عێراقی عەلی وەردی چیرۆكی پیاوێك دەگێڕیتەوە كەناوی حەسەن كبریت بوە. حەسەن كبریت یەكێكبووە لە شەقاوەكانی بەغدا، ئەم پیاوە سەدان كەسی كوشتبوو، سەدان دزیشی كردبوو ،بەڵام دەیوت خوا هەر لێمخۆشدەبێت، بۆیە واشی دەوت، دەیگێڕایەوە كە جارێك دەچنە دزی و رووتكردنەوەی خەڵك، بەڵام گوێی لەدەنگێك دەبێت، كەبەرەو دەنگەكە دەچێت سەیر دەكات پیاوێك دەیەوێت دەستدرێژیی بكاتە سەركچێك، هەرلەوێدا حەسەن كبریت پیاوەكە دەكوژێت و كچەكە دەباتەوە بۆ ماڵی باوكی، بۆیە كبریت لایوابوو چەند پیاو بكوژێت وچەند دزیش بكات خوا هەر لێی خۆشدەبێت لەسەر ئەو كارەی كە كردوێتی.
ئێمە خاوەنی كۆمەڵێ روخساری گەورەی گەندەڵی بوین، لەدوای راپەڕینەوە سەدان كەس بەهۆی مەفهومی شۆڕشگێڕیی یان مەحسوبەیت بوونە خاوەن دەسەڵات و پێگە، ببڕەو بیخۆ وبدزە، گیرفانی ئاژداد و ئەولاد و ئەقرابایان پڕكرد، كەچی ئێستا دێن وباسی گەندەڵی دەكەن و تانەی گەورە دەدەن لە نەبوونی ژیانی شایستەی خەڵك، یان هەندێكیان وەك موعارەزە لە گردێكەوە یان لە ڤێلایەكەوە خۆی مەڵاسداوەو وەعزمان دادەداو داوادەكات گەندەڵی نەمێنیت، وەك ئەوەی بیرمان چوبێتەوە كە تەنها دوو رۆژنییە گەندەڵی هەیە، بەڵكو یەكەم نەمامی گەندەڵی لە دوای راپەرین بە دەستوپلی شوڕشگێڕە چاورەشەكانی شاخ نێژرا، ئەو زەوییەی نەمامەكەشیان تیاناشت فرۆشرا بە پرۆژەی بازرگانی بە ئەحبابەكانی خۆیان.

،،

كەواتە مانای ئەوەنییە ئێستا لەناو دەسەڵاتدانیت ئیترلات وابێت خەڵك بە نمونەی پیاوی پاك و باش وەسفت دەكەن، سەیری سامان و داهات وگیرفان وخانو وژیانت بكە بزانە چۆنە؟ ئەوكاتە زمانی رەخنەت لە گەندەڵی با تیژبێت.


ماڵتان ئاوا نەبێت ،واتێكتان نەدا ئاسان چاكبكرێت

هێگڵ، شكست و گۆڕانیی شۆڕشی فەرەنسی بۆ تیرۆر و تۆقاندن بۆ ئەوەدەگەڕێنێتەوە كە ئەم شۆڕشە كۆمەڵێ دروشمی ئەخلاقی جوان و گەورەی وەكو برایەتی و ئازادی ویەكسانی بەرزكردەوە، بەڵام ئەم دروشمانە هەر بەدروشم مانەوە ونەبوونە یاسا تا پراكتیزە بكرێن .(راپەرینی كورد هەر بەدروشمی مرد).
راپەرین پرۆسەی شۆڕش وگۆڕانكاریی نەبوو، بەڵكو رێكەوتێك بوو خولقا ،هیچ بەرنامەیەكی نەبوو بۆ باشكردنی ژیانی هاوڵاتی بەڵكو ئەوانەی دەمێك بوو لە شاخبوون گەڕانەوە بۆ شارەكان و كەوتنە خۆدەوڵەمەندكردن. بۆیە هەموو شتێك هەر بە دروشم مایەوە.خەون بوو بەكابوس، برایەتی بوو بە تۆخكردنەوەی ناوچەچێتی، ئازادی بوو بە وشەیەك بەكەییفی كەتافەلەبەرەكان پێناسە دەكرا ، عەدالەت هەر بێ سەروشوێن بوو، خۆشگوزەرانییش بۆ ژیانی بەرپرسەكان بونیادنرا.


ئێستا قسەی گەورە مەكەن ،ئەوەی روودەدا بەرهەمی ئەم چەند ساڵە كورتە نییە، بەرهەمی ئەودارە بەهێزەی گەندەڵییە كە لەدوای راپەڕینەوە بەدەستی هاتووەكانی شاخ نیژرا، ئێستاش هەموان باجی دەدەین و ئەوانیش لە دورەوە دەڵێن چاكی بكەن، وا تێكنەدرا تا بەئاسانی چاكبكرێت (ماڵتان ئاوانەبێت ).