حەفتانین و ئەنفال، دوو بۆسە لە دوو مێژووی لێکچوودا

حەفتانین و ئەنفال، دوو بۆسە لە دوو مێژووی لێکچوودا

239 خوێندراوەتەوە

خالید ڕەزا

ئەنفال:

لە پێش دەسپێکردنی هێرشەکەدا، لە سەرچاوە تایبەتییەکانی خۆمانەوە هەواڵمان پێ گەیشت بوو، کە عێراق لە ڕێگای ئاگاداری ئیستخباراتی خۆیەوە دڵنیا بووە لەوەی ئیران توانای هێرشی گەورەی نەماوەو، نیازی هیچ هێرشیکی گەورەی نییە، بۆیە ئەتوانن بێترس بەشێکی هێزەکانیان لە جەبهەکانی عیراق- ئێران بکێشننەوەو، پەلاماری بارەگاکانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بدەن.
هەندێ لەو بروسکانەی پێمان ئەگەیشتن ڕاستەوخۆ لە (دیوان الرئاسە)ەوە ئەنێردران بۆ سەرکردایەتی هێزەکانی جەیش.
بۆ پەکخستنی هێرشەکانی عێراق زنجیرەیەک چالاکی پێشمەرگەیی لەسەر جادە گشتیەکان ئەنجام درا. لەناو ئەوانەدا یەکێکیان لە هەمویان گرنگتر بوو. پێش دەس پێکردنی هێرشەکان هەندێ لە ئەندامانی (القیادە العامە للقوات المسلحە) لەگەڵ چەند قائید فەیلەق و قائید فیرقەیەک کە ئەبوو نەخشەی هێرشەکە جێبەجێ بکەن بۆ داڕشتنی دوا دێڕەکانی نەخشەی ئەنفال هاتنە ناوچەکە لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەرجادەی دوکان- سلێمانی بۆسەیەکیان بۆ دانرا. لەبەر ئەوەی هەمویان ئەفسەری پلە بەرزو، هەریەکەیان (حمایە )ی خۆی لەگەڵ بوو کاروانەکەیان ناڕێک و پێک بوو. بەرایی هێزەکەیان کە ئەگاتە نزیک بۆسەکە. جاشێک لە ڕەبیئەیەکی نزیک جادەکە بە ڕاکردن ئەیانگاتێ و ئەڵێ ٥٠ (مخرب) بۆسەیان بۆ داناون بگەڕێنەوە.
کابرای ئەفسەر تا ئاگاداری کاروانەکە ئەکا بگەڕێنەوە بەرایی هێزەکە ئەگاتە ناو بۆسەکە. چەند سەربازێ ئەکوژرێ و لۆرییەکیان لێ ئەگیرێ بەڵام کاروانەکە بەسەلامەتی بەرلەوەی بگاتە ناو بۆسەکە ئەگەڕێنەوە دواوە. وەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ٩١ دا لە بەغدا عقیدرکن ولید، کە جاشەکە ئەمی وریا کردبوەوە و، دواتر وەکو فریق اول رکن نزار خزرجی لە سەفەرێکی لەندەنی دا بۆ یان باسکردم ئەگەر بکەوتنیاتە ناو بۆسەکەوە لەوانە بو نەخشەی ئەنفالی ١ بە کوشتنی ئەمانە بە تەواوی پەکی بکەوتایە (١).

حەفتانین:
شەوی ١٦/١٧ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ لە ناوچەی حەفانین ی سەر بە ناحیەی باتوفە، سوپای داگیرکەری تورک بە باری ٨ هالیکۆپتەر نزیکەی ٣٠٠ سێ سەد کۆماندۆی شەڕکەری دابەزاند، بە مەبەستی ئابڵوقەدانی ئەشکەوتێک کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی میت و هەواڵگری سەربازی بەشیکی زۆر لە سەرکردەو فەرماندەکانی پارتی کرێکارازنی کوردستان (پەکەکە) لە هێڵی بەرگری یەکەم بۆ پاراستنی قەندیل لێیە و سەرەتای هێرشە فراوانەکەیان بۆسەر قەندیل‌و پەکەکە بە خەیاڵی خۆیان بەو گورزە لە گەریلا، دەست پێ بکەن.
خۆشبەختانە گەریلا پێشتر بە پیلانەکەی فاشستەکانیان زانیوە و، لە پێش گەیشتنی گورگە بۆرەکانی تورک ئەوان بۆسەیەکی پارتیزانانەیان بۆ داناون، کە تیایدا وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسیانکردوە بەچەکی پێشکەوتو، کۆماندۆکانی سپای داگیرکەری تورکیان خستە ناو تەپکەی گەریلاوە و گورزێکی کەمەر شکێنی وایان تێ سرەواندن کە نەخشە گڵاوەکەی فاشیەکانیان پەک خستوە.
لە دەستپێکی ئەنفالەکاندا وەک کاک نەوشیروان لە کتێبەکەیدا لە زاری فەرماندەکانی بەعسەوە ئەیگێڕێتەوە، ئەگەر جاشەكە نەبوایە لەوانە بوو پلانی پرۆسەی ئەنفالەکان پوچەڵ ببوایەتەوە. جاشێکی خۆفرۆش پلانی پێشمەرگەیان بۆ لە بۆسەنانی سپای داگیرکەری بەعس هەڵوەشاندوە، کێ ناڵێ ئێستە ئەو جاشە بە پلەی بەرز، بەرزتر لەو پێشمەرگانەی کە بۆسەیان بۆ لەشکری بەعس نابوەوە، لە لای یەکێ لە دوو حیزبەکە وە بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە، خانەنشینیان نەکردووە؟
هیوادارم بۆسە لوت شکێنەکەی حەفتانین سەرەتای تێکشکاندنی نەخشەی ئۆپەراسێۆنەکانی سپاسی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەریلا و قەندیل بێت.
داگیرکەرانی کوردستان لە هیچ کاتێکدا سڵیان لە تاوان بەرامبەر شۆڕشی کورد نەکردۆتەوە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان و شکست بۆ داگیرکەران. نەفرەت لەوانەی ناپاکی لە نیشتمانی خۆیان ئەکەن.


(١) سەرچاوە: نەوشیروان مستەفا خولانەوە لە ناو بازنەدا ل ١٤١-١٤٢