تا كار لەكار نەترازاوە فریای خۆتان بكەون

تا كار لەكار نەترازاوە فریای خۆتان بكەون

767 خوێندراوەتەوە

شەهاب بۆتانی

ئەوەتا ئەردۆغان بەنەفەسی سەردەمی خەلافەتی عوسمانیی جارانیان، هزر لە فراوانكردنی سنوور و پێگەی وڵاتەكەی دەكات لەسەر حیسابی نەتەوەو وڵاتانی دیكە، تەنیا لەسنووری دراوسێكانیشی نەوەستاوە، ئەوەتا بگرە لە لیبیاو چەند وڵاتێكی دوورە دەستی خۆشی خەریكی خۆسەپاندن و چەوساندنەوەی گەلانی دیكەیە.


بەڵام وەكو پێشینان گوتوویانە هەر كەسەو بۆ مردووی خۆی دەگریێت، هەموومان بینیمان لەشكركێشی ئەردۆغان بەهەموو عەزەمەتی خۆی و هەرچی چەك هەیە بەكاری هێنا بۆ داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان لەبەرامبەردا هێزە كوردییەكانی رۆژئاوا بەو هێز و چەكە سوكەی لەبەردەستیانە، توانیان بەرگریەكی بێوێنە تۆمار بكەن كە لەهزری هیچ وڵاتێك نەبوو، زیانێكی زۆریشیان بە هێزی توركیا گەیاند، بەڵام دواجار هەردوو هێزەكان لاسەنگ بوون و چەكی كیمیاویشی بەكار هێنا لەبەرامبەر خەڵكی سڤیلی بێتاوان بۆیە هێزی ئەردۆغان توانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات لەپێش چاوی هەموو جیهان.


تەواوی دونیا بەچاوی خۆیان بینیان هێزە داگیركەرەكەی ئەردۆغان چ كاولكاریەكی بەرپا كرد لەرۆژئاوا بەوەندەش نەوەستا دیمۆگرافیای بەتەواوی گۆڕی.
هەر ئەوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند لەدوای تەواوبوونمان لەرۆژئاوا هێرشەكانمان بۆ سەر پەكەكە دەبێت لەقەندیل و هیچ هێزیك ناتوانێت رێگریمان لێ‌ بكات!، ئەو قسانەی لەكاتێكدابوو ئەمریكا رێگری لێ‌ نەكرد بۆ داگیركاریەكانی بۆ رۆژئاوا بۆیە وەكو سوڵتانێكی عوسمانی خۆی دەهاتەوە پێش چاو، خۆ هەر ئەوكات دەبوایە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا بیریان لەو قسە بێ‌ منەتیانەی بكردایەوەو خەمێكی جدیان لێ‌ بخواردایە جا بەهەر شێوەیەك بوایە، بەرای خۆم دەبوایە هەردوو حكومەت قسەی جدیان لەگەڵ پەكەكەش بكردایە ئەوكات‌و دواتریش لەنێو خۆیان هەرسێ‌ لایەن واتا هەردوو حكومەتی كوردستان و بەغدا و پەكەكە بگەیشتبانایە رێككەوتنێك و چارەسەرێكیان بدۆزیبایەوە بۆ ئەوەی هەم بەر لە پاساوەكانی ئەردۆغان بگرن و هەمیش پێش ئەوەی دەست بەهێرشەكانی بكات و خەڵكی بێ‌ تاوانی گوندەكانی كوردستان شەهید بكات چارەسەرێكیان پێبایە.

،،

بەڵام بەداخەوە كە نەكرا هێزی توركیاش فەرمانی سەرۆكەكەیان بەجێگەیاند و لەشكركێشیەكانیان بۆ سەر كوردستان بەفرۆكە و پیادە دەستپێكرد، ئەوەتا هێزەكانی توركیا لەشەردایە لەگەڵ پەكەكە و چەندین هاووڵاتیی سڤیلی گوندەكانیش بەپریشكی ئاگری شەری هەردوولا شەهیدو بریندار بوون.


لەئێستەدا توركیا بێ‌ منەتانە هێزەكانی لەچەند شوێنێكی كوردستان بڵاوە پێكردووە بێ‌ ئەوەی حیساب بۆ هیچ حكومەتێك بكەن، لێرەدا پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە ئەرێ‌ بۆچی كوردستان و ئێراق دەستەوەستان رۆلی سەیركردن دەگێرن، لەكاتێكدا سەروەری ووڵاتەكەیان پێشێل كراوە ئایە هەر ئەوەهاش دەمێننەوە و لەدوورەوە سەیری شەڕی هەردوو لادەكەن لەسەر خاكی خۆیان و تا چەندینی تر لە هاووڵاتیانی بێ‌ تاوان شەهید بكرێن؟


دەبێ‌ ئەوەش بزانین نیەتی توركیا لەوهێرشانەی لەناو بردنی پەكەكە نییە بەتەنیا وەكو پێشتریش لەگوتارێكی بەندە باس كراوە، بەڵكو خودی مەبەستەكە لێی بەرفراوانكردنی پێگە و هەژموونی ووڵاتەكەیەتی بەداڵغەی سەردەمی عوسمانی، ئەوەتا نایشارتەوە هەر شوێنێكی كوردستان و ئێراق پێش 100 ساڵ لەدەست ئەوان بووە دەیانەوێت بەهێز بیگەڕێننەوە بن دەستی خۆیان‌و بیكەنە ویلایەتەێكی سەر بەتوركیا، توركیا نیەتی داگیركردنی تەواوی كوردستان و هەردوو پاریزگای كەركووك و نەینوای هەیە! بەڵی بێگومان كاریشی لەسەر كردووە بەپلانی تۆكمە، ئەوكات با بڵێن توركیا شەری كورد ناكات شەری پەكەكە دەكات.


ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە دوای داعش كوردێكی زۆر خانووی خۆی لەمووسل فرۆشت و بەهاندانی توركیا زۆربەی ئەو خانووانە لەلایەن توركمانەكانەوە كڕدراون بۆ ئەوەی هەر كاتێك توركیا هەنگاوی خۆی نا بۆ داگیركردنی شارەكە توركمانەكان بەچەپڵە رێزانەوە پێشوازیان لێ‌ بكەن، پیلانێكیش لەو چەند رۆژەی رابردوو لەكەركووك سەری هەڵدا كە ئاڵای پەكەكە لەسەر باڵەكانەكانی شارەكە لەچەند شوێنێك هەَلدرا رۆژنامەنووسانی شارەكەش گومانی زۆریان لەسەر توركمانەكانی كەركووكە كە لەلایەن ئەوانەوە هەڵدرابێت بۆ ئەوەی بەتوركیا بڵێن كەركووكیش ئارام نییەو لەدەستی پەكەكەدایە!.


ئەوە پیلانێكی جدیە و تا ئێستە هەم هەرێم و هەمیش بەغدا بێ‌ ئاگان لێی و تا ئێستە رێگریان لە هێزەكانی توركیا نەكردووە لەناو خاكی هەرێم، بۆیە دەبێت تا كار لەكار نەترازاوە هەرێم و ئێراق هەلوێستی جدیی هەماهەنگیان هەبێت بۆ دەركردنی توركیا و هانا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوروپا ببەن ئەگەر نا لەچەند رۆژی ئایندە هەنگاوەكانی هێزەكانی توركیا دەبینین چۆن بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێن ئەوكات داری خۆزگە بێ‌ بەرە.