باوكم باوەڕی بە گەڕانەوەی عیساو هاتنی محەمەدی مەهدی و هاتنی دەججال نەبوو

باوكم باوەڕی بە گەڕانەوەی عیساو هاتنی محەمەدی مەهدی و هاتنی دەججال نەبوو

1359 خوێندراوەتەوە

گروپی گوڵنار

فارووق موحەممەد كوڕی مەلای گەورەی كۆیە و برای بیریاریی گەورەی كورد مەسعوود موحەممەدە و دە ساڵ لە مەسعوود موحەممەدی برای گچكەترە و ساڵی 1929 لەدایكبووە، ئەو كەمتر ئاگاداری ژیانی مەلای گەورەی كۆیەی باوكییەتی، چونكە لە تەمەنی 14 ساڵی دا باوكی كۆچی دوایی كردووە و بەشێكی كەم لە بەسەرهات و ژیان و ئەزموونەكانی مەلای گەورەی كۆیە بە بیر ماون.

گرووپی گوڵنار، لە زاری ئەوەوە بەشێك لە سەروەرییەكانی بنەماڵەی جەلیزادان و خودی مەلای گەورەی كۆیە و مەسعوود موحەممەدی بیرمەند بۆ خوێنەرەكان دەگوازێتەوە.

گوڵنار: بەشێك لە خەڵكی بەپێی بۆچوونی خۆیان لێكدانەوە بۆ بۆچوون و ڕایەكانی مەلای گەورەی كۆیە دەكەن، جەنابت لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟

فاروق محەمەد: بەڵێ ڕاستە و منیش فریای جوابدانەوەی ئەو هەموو خەڵكە ناكەوم، ئێستا ئەم كتێبەی كە لەبەردەستمدایە () ناحاڵیبوونێكی گەورەی تیایە دەربارەی باوكم، گوایە باوكم لە شوێنێك دەڵێت پیاو نابێت بە سووكایەتی ناوی (عوززەما – گەورەكان) بهێنێت، بۆ نموونە هیتلەر و ستالین و مۆسۆلۆنی و ئەتاتورك. مەبەستی باوكم تەوحیدی ناحیەی وڵاتەكەیەتی، واتە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە نابێ بە خراپە باسی گەورەكانیان بكەن، چونكە ئەوان هەوڵیانداوە وڵاتەكانیان بكەنە یەك، باوكم دەیفەرموو: چونكە كورد ئەوەندە پەرتە ئەگەر یەكێكی وەك ئەو ناوهێنراوانەیان بۆ پەیدا نەبێت قەت نابنە یەك! ئەگینا باوكم دەیزانی ئەتاتورك دژی میللەتی كوردە، دەیزانی هیتلەر سەگ و سەگبابە و حەفتا ملیۆن مرۆڤی بە كوشتن دا! مۆسۆلۆنی و ستالینیش لەو خراپتر. باوكم هەموو ئەمانەی دەرك پێدەكرد، بەڵام مەبەستی تەوحید و یەكڕیزییەكە بوو، كە بتوانێت و هەوڵبدات ئەو میللەتە بكاتە یەك بەرە. چۆن ئیسلام هەوڵی دەدا هەموو شوێنكەوتووانی بكاتە ئوممەتی ئیسلامیی، ئەو كەسە گەورەیەش بتوانێت لە چوارچێوەی وڵاتەكەی خۆت تەوحیدت بكات و بتكاتە یەك.
هەروەها باوكم هەندێ ڕاوبۆچوونی نوێی هەبوون لەبارەی عومرە و حەج، كە خۆتان خوێندتانەوە بەراوردی بكەن و بزانن مەلای گەورە بۆ ئەو قسانەی كردووە؟ مامۆستا عەلی باپیر لە تەفسیرەكەی دا ڕەخنەی لە مەلای گەورەی كۆیە گرتووە و دەڵێت: وا دیارە مەلای گەورە لە حەدیس لاواز بووە، ئەگینا نەدەبوو ئەو بۆچوونانە دەرببڕێت. باوكم تەماشای حەدیسی پێغەمبەر و تەماشای عەزەمەتی پێغەمبەری دەكرد، لە زۆر شوێن دا دەیفەرموو: ناكرێ ئەم فەرموودەیە لە زاری ئەو پێغەمبەرە گەورەیە هاتبێتە دەرەوە! هەروەها كاتی خۆی مەلیك فەیسەڵی یەكەم بۆ تەحسیلی عیلم ویستی بێتە كۆیە سێ مانگ و لەلای باوكم بخوێنێت، چونكە پێشتر ناسیبووی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەیزانی كە چ كەسایەتییەكی هەیە و چی كردووە و چی نەكردووە، وە ناوبانگی باوكیشم بەملاوبەولادا بڵاوبووبوویەوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانكارییەكانی وڵاتەوە پێی نەكرا و نامەیەكی پۆزشی بۆ باوكم لەگەڵ چەند كتێبێكی گرنگی ناردبوو، پێشتریش بڕێك پارەی زۆری ناردبوو تا باوكم شوێنێك بۆ مانەوە و ئیسراحەتی مەلیك درووست بكات، چونكە شوێنێكی وا نەبوو كە مەلیك تێی دا بحەوێتەوە، باوكیشم لە مزگەوتی خۆمان دوو هۆدە و هەیوانێكی بۆ درووستكرد كە دەیڕوانی بەسەر باخچەیەكی جوان دا.

گوڵنار: پێموابێت بەدەر لە جیاوازییە فیكری و ئایینییەكان، خەڵكانێكی تر هەبوون ڕاستەوخۆ دژایەتییەكی شەخسییان لەگەڵ مەلای گەورەی كۆیە دەكرد، بە مەسەلەی ئەو پارەیەی مەلیك دا بیرم كەوتەوە، كەسێكی شیوعی بەناوی خالید دلێر تانە لە مەلای گەورە دەدات؟

فاروق: زۆر ڕاستە، خالید دلێر كە كەسێكی شیوعی بوو دژی باوكمی دەنووسی، دەڵێت: مەلای گەورە كەیفی پێدا هاتووە كە ئەو پارەیەی بۆ نێردراوە! باوكم لە ژیانی دا كەیفی بە پارە نەهاتووە، چەندجار ڕووی لێنراوە كە نامەیەك بۆ مەلیك و دەسەڵاتدارانی بەغدا بنێرێ تا مەسرووفی خۆیی و فەقێیەكانی بكا، ئەویش چەندجار دەیفەرموو: بەخوا بە نووكی گۆچانەكەم ئاو بۆ بنی دار هەنارێكی چنارۆك ڕاكێشم لە هەموو سەروەت و سامانی مەلیك بەلامەوە خۆشتر و باشترە. ئینجا باوكم ئەو پارەیەی بۆ خۆی سەرف نەكرد بەڵكو كردییە دۆ هۆدە و هەیوانێك بۆ مەلیك.

بەڵام بەداخەوە خالید دلێر ئەوە لە یەك ناداتەوە كە مەلیك فەیسەڵی یەكەم لەناو هەموو زانایانی عێراق و كوردستان و ناوچەكەش، مەلای گەورەی كۆیەی هەڵبژاردووە كە بێ تەحسیلی عیلمی لەسەر بكا، تەنانەت مەلیك بە باوكمی گوتبوو: وەرە لە كۆشكی پاشایەتی خۆم بژی و هەموو پێداویستییەكانت بۆ دابین دەكەین و لەگەڵ خۆم بژی، باوكیشم بە ئوسلووبێكی ماقووڵ وەڵامی دابوویەوە، گوتبووی: میللەتەكەم پێویستی بە منە دەبێ لەناویان بم، ئەگەر نان و پیازێكیش هەبێ بیخۆم لەناو ئەوان دا مورتاحم و نایەمە بەغدایێ.
هەروەها لە شوێنێكی تردا لەبارەی ئەو ڕووداوەی كە مامۆستا مەسعوود موحەممەد دەیگێڕێتەوە كە برایەكی خاوەنپێداویستی تایبەتمان هەبوو بەناوی (موقتەدیر)، ڕۆژێك لەلای باوكم و مەلا مەعسوومی هەورامی قسەی نەشیاو بە مەلا مەعسووم دەڵێت، باوكیشم لە تەریقی دا زللەیەكی لێ دەدا و دەبوورێتەوە، خالید دلێر دەڵێت: مەلای گەورە بە جەستە و قەڵافەت گەورە بووە، نەك بە عیلم و دیندارییەكەی، ئەوەتا بەجۆرێك لەو مناڵە بەستەزمانەی داوە كە خستوویەتییە باری بوورانەوە!

بەڵام بۆ حەقیقەت دەیڵێم موقتەدیری برام هەر بە زگماك ئێسكی سەری بەرەو ناوەوە قوپابوو و كاری كردبووە سەر مێشكی و ئەوە بووبووە ناتەواوییەك تیایا. جا خالید دلێر ئەو قسانەی كە كردوونی ئەسڵ و ئەساسی نەبووە، نەك ئەسڵ و ئەساسیشیان نییە، بەڵكو جانیبی ئیجابییەكەی دەشارێتەوە و لە تاریكیان دەخات و بە باری سلبی دا دەیانشكێنێتەوە، ئەو وەك كەسێك تەماشای بنەماڵەی ئێمەی كردووە كە ئەگەر نۆ خاڵی باش و تەواومان هەبێت و تەنها خاڵێكی سلبی و ناتەواومان هەبێت، هەر نۆ خاڵە باش و ئیجابییەكەمان دەكات بە قوربانی خاڵێكی سلبی!


هەروەها بەسەرهاتی سلێمان نەزیف هەیە، كە كوردێكی توركیایی بوو و خەڵكی دیاربەكر بوو، والی موسڵ بوو پێش دامەزرانی عێراق، مەشرووعێك دەرچووبوو بۆ ئەو ناوچەیە، (جا نازانم پرۆژەكە پرۆژەی پرد و ڕێگاوبان بوو، یا پرۆژەی ڕێگای ئاسنی شەمەندەفەر بوو)، ئەویش بانگەوازی مەلاكان دەكات كە بچن پرسوڕایان پێ پێ بكات و باوكیشم بەڕێدەكەوێ، لەوێ كە پرۆژەكە دەكرێتەوە (ئیفتیتاح دەكرێ) سلێمان نەزیف بە مەلایەكانی موسڵ دەڵێت: فەرموون یەكێكتان بەو بۆنەیەوە وتارێك بدەن. ئەوانیش دەڵێن: وەڵا ئێمە پێشتر هیچمان پێنەگوتراوە و خۆمان حازر نەكردووە و ناتوانین وتار بدەین! باوكیشم ئەو هەو هەلەی قۆستبوویەوە بۆ وتاردان، چونكە باوكم توانایەكی زۆر سەیری هەبوو لە وتاردان بە زمانی عەرەبی و كوردی و توركی و فارسی و شارەزای هەر چوار زمانەكە بوو بە باشی. وتارێكی وا گرنگ و پڕ ڕەوانبێژی پێشكەشكردبوو، كە پێشتریش هیچ ئامادەكارییەكانی بۆ نەكردبوو، ئەسڵەن هەر نەیزانیبوو كە وتاردانی تێدایە، سەرنجی سلێمان نەزیفی ڕاكێشابوو، ئەویش بە ئەسپ و عەرەبانەی خۆی هێنابوویەوە بۆ موسڵ و سێ چوار ڕۆژ لای خۆی گلی دابوویەوە و پێی گوتبوو: لە پێداویستیی و داواكارییەكانی ژیان چیت دەوێ تا من بە شانازییەوە بۆت بكەم؟! تەبعەن باوكم لە بیستوپێنج ساڵی تەمەنی دا تووشی نەخۆشی و ئازاری مەعیدە بووبوو، گەلێك جاران لە تەفسیرەكەی دا دەنووسێت: ئەوە قەڵەكەم دانا و لەبەر ئازاری مەعیدەم ناتوانم بنووسم. باوكیشم دەفەرمووێت: هیچم ناوێ تەنها مەكتەبێكم بۆ بكەوە لە كۆیە تا مناڵی كورد فێری خوێندەواریی ببن! لە كاتێكا چارەسەر و نەشتەرگەری باوكم لە پێشتر بوو، بەڵام چونكە ئەمە داوایەكی تاكەكەسیی بووە و سوودەكەی تەنها بۆ خۆی بووە، هیچكات ئەو داوایەی نەكردووە، بەڵام نزیكی لە دەسەڵاتداران بۆ خزمەتی میللەتەكەی و ناوچەكەی قۆستۆتەوە و سوودی لەو نزیكی و دۆستایەتییە وەرگرتووە. دوای ماوەیەكی زۆر كەم بە پراكتیكی و لەسەر فەرمانی سلێمان نەزیف خوێندنگەكە لە كۆیە كرایەوە و خودی باوكیشم لەسەر موڵكی ئەوقاف شوێنەكە دەستنیشان دەكات و خوێندنگەكەی لەسەر بینا دەكەن.


بۆیە باوكم ئەگەر كەسێكی خۆپەرست بووایە و حەزی لە ئاڵ و واڵایی دونیا بووایە، وە هەوڵی بدایە كە پلە و پێگەكەی بۆ بەرژەوەندی تاكەكەسیی خۆی بەرێتە پێشەوە، هیچ نەبووایە دەیگوت: بمنێرنە ئاستانەی، یا دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەم، كە سەرەنجام هەر بەو نەخۆشییەش كۆچی دوایی كرد.

گوڵنار: زۆرجار باس لە زانستخوازیی مەلای گەورەی كۆیە دەكرێت و دەشگوترێ پێش سەردەمەكەی خۆی كەوتووە و دژی خورافە و دواكەوتوویی گەل بووە، لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟

فاروق محەمەد: باوكم هەمووجار دەیگوت: عیلم و مەعریفە لە مەكتەبە و لە داهاتوودا مەكتەب كۆمەڵگە ئاراستە دەكات و پێیدەگەیەنێت. بۆیە ئەسڵەن تەكلیفی لە من نەدەكرد بچمە مزگەوت، تەنانەت دوو ساڵ باوكم كۆششی بە كاكم (مەسعوود موحەممەد) دەكرد، باوكم دەیگوت: مەسعوود تۆ بڕۆرە مەكتەب مەیەرە مزگەوتێ! مەبەستی لایەنی زانستی سەردەمییانە بوو، بۆیە هەموو ئەو تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنانەی تۆ دەیبینیت، هەمووی زانستی سەردەم بەرهەمی هێناون. بۆیە هەندێ زانستی نقڵی و ئیسلامیی ناتوانێ ئەو هەموو خزمەتە بكات، زانستە ئیسلامییەكان لە بواری ئەخلاق و ڕەوشت و مەعنەوییەتەوە كەمتەرخەمییان نەكردووە، بەڵام بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە تەنها عیلم و مەعریفەتی هاوچەرخ دەتوانێ ئەوە بكات. سێ مەجالی هەیە ڕیازیات، فەلەك - فیزیا، عیلمی ئەحیا – عیلمی تەبیعەت.

بۆیە باوكم دەڵێت: زانایانی ماددییەت هەموو شت دەدەن پاڵ تەبیعەت و سرووشت و پێیان وایە سرووشت شتەكانی دەورووبەری درووستكردووە، بۆیە دەفەرمووێت:
عیلمی تەبیعەت عیلمی خودایە
(قال)ە و (قول)ە، گشتی (هەبا)یە
ئەگەر (قیل) و (قال) چ كەڵكی هەبا
دەبایە (دونیا) گشت هی ئێمەبا
باوكم باوەڕی بە عیلم هەبوو، كەس هەیە لە مەلایەكانی ئێستا بزانن بیردۆزی پەرەسەندن و بنەچەی جۆرەكانی داروین چییە و خوێندبێتییەوە؟ جارێكیان لە ئەنجوومەنی بەغدا وابزانم زەهاویش لەوێ دەبێت، یەكێك لە ئەشرافەكانی كۆیەش لەوێ دەبینن، هەموو گەورەكانی بەغداش لەوێ دەبن، باوكیشم كتێبێكی بەدەستەوە دەبێت گۆستاف لۆبۆن، هی تەقەدەمول ئومەم، كابرایەك دێتە ژوورەوە دەڵێ: ئێستا لەو مەیدانەی كەسێكی عاشق هات و سێ چوار جاران گوتی: (الله اكبر .. الله اكبر) چووە ناو زەوییەكەوە و زەوییەكە دایپۆشی و دایشاردەوە! ئامادەبوونی ئەوێش هەموویان دەڵێن: سبحان الله .. سبحان الله لەو موعجیزەیەی! باوكیشم بە نەرمی پێدەكەنێ و زەردەخەنە دەكات، حەمە تەیب ئاغای كۆیە دەڵێت: مەلا موحەممەد! ئەوە دەبینم پێدەكەنی؟! باوكیشم دەڵێ: وەڵا بەو كتێبەی پێدەكەنم، دەڵێ: سەیری تەقەدومەل ئومەم واتە پێشكەوتنی گەلان بكە! باوكم بە گاڵتە و سەرسوڕمانەوە وا دەڵێت!

گوڵنار: ئەمە تەنها باوكت وابوو بەهۆی سەرچاوە نووسراوە هاوچەرخەكانی ئەو سەردەمەوە، یا باووباپیرانی تریشت وابوون؟

فاروق محەمەد: حاجی مەلا عەبدوڵای باپیرم زۆر مەلا بووە، بەڵام وەك باوكم نەبووە. باوكم لە زۆر لە مەلاكانی پێش خۆی تەنویرتر بوو تەنانەت لە باوكی خۆشی كە حاجی مەلا ئەسعەد بووە، چونكە باوكم دەیگوت: هەر مرۆڤێك كوڕی سەردەمی خۆیەتی، دەگونجێ باوكم شتێكی چنگ كەوتبێ و پەی بە شتێك بردبێ لە سەرچاوە مەعریفییەكان باپیرم پێی نەگەیشتبێ. هەندێ عالم هەیە دەڵێ: گۆرانی حەرامە، ئێمە دراوسێیەكمان هەبوو ڕادیۆیەكی هەبوو، باوكم دەیگوت: بیهێننە نزیك پەنجەرەكەی دەمەوێ گوێ لە گۆرانییەكانی ئوم كەلسووم بگرم! وە كە موحەممەد ڕەفعەتیش قورئانی دەخوێند، دەیگوت: دەبێ جوبرائیلیش كاتی خۆی بەو دەنگە ئاسمانییەوە قورئانی هاویشتبێتە دڵی پێغەمبەرەوە و ئەویش قبووڵی كردووە. باوكم زۆر دەگمەن بوو لە كۆمەڵگەكەی خۆی دا، بە تەنهاش بوو كەسی لەگەڵ نەبوو، قۆڵی لێهەڵماڵیبوو دەیویست ئەو ئایینە لە خورافە و جەهل و لە هەژاری پاك بكاتەوە و پڕی بكات لە عیلم و مەعریفەت. هەمیشە لە شەڕدا بوو دژی تاریكی و نەزانی، بێ ئەوەی كەس هاوكاری بێت، دەیویست خەڵك هۆشیار بێت، جا كاتی خۆی گۆرانیبێژێك هەبوو لە كۆیە پێیان دەگوت: قالە كەچەڵ و گۆرانی دەگوت، دەیگوت: من لە مزگەوت ڕۆژانی جومعە سێ سەعاتان چەنە و چەڵچەچەڵچی لێ دەدەم و ئامۆژگاری ئەو خەڵكە دەكەم، شەو كە گوێیان لە گۆرانییەكی قالە كەچەڵ دەبێتەوە هەموو قسەكانی منیان لە بیر دەچێتەوە!
كاتی خۆی ئاو لە حەمامۆكێ بە جۆگە دەهاتە ناو شاری كۆیەوە، دوایی پرۆژەی ئاو هات و باوكم لە بازاڕ مەدحی پرۆژەكەی دەكرد و دەیگوت ئەمجارە ئاوەكە زۆر خاوێنە و زۆر بە باشی بۆ خواردنەوە دەست دەدات و خەڵكی كەمتر ماندوو دەبێت بۆ هێنانی ئاوەوە، یەكێك لە مەلایەكان گوتی: مەلا موحەممەد من تێبینییەكم هەیە، باوكیشم گوتی: فەرموو. گوتی: بۆچی جاران كە ئاوەكە بە جۆگەدا دەهاتەخوار كە من دەمخواردەوە تامی خۆشتر بوو؟! باوكیشم گوتی: وەڵایی ڕاستەكەی چونكە ئەو گڵاسە ئاوەی تۆ دەتخواردەوە چوار پێنج گرام پیسایی مرۆڤی تێدابوو بۆیە لە زارت دا تامی خۆش بووە! مەبەستم ئەوەیە مەلایەكە دژی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە بوو باوكیشم زۆر پێشكەوتنخواز بوو.
كاتێكیش كە پرۆسەی دەرهێنانی باباگوڕگوڕ دەستی پێكرد، جوابی بۆ سەید ئەحمەدی خانەقا ناردبوو، گوتبووی: ئاگاتان لێبێت ئەوە هەمووی غازاتی پڕ مەترسییە دوایی دەنیشێتە سەر كشتوكاڵ و خواردنەكانتان و دوایی دەبێتەوە بە ژەهر بۆ جەستەتان، ئەوكاتە دەیزانی كە نەوت چ ئاسەوارێكی خراپی بۆ ژینگە و كشتووكاڵ هەیە. هەروەها لە شیعرێكیشی دا دەڵێت: ئەوە نەوتە ئەو هەموو عالەمەی بە شەڕ هێناوە و زۆر دەوڵەتی تێكبەرداوە، نەكەن نەوت بگاتە دەستی شیعە، باوكم بیری زۆر بەقووەت بوو زۆر!

گوڵنار: زۆرجار بەگژاچوونەوەی خورافە و ئەفسانە و بیروباوەڕە چەوتەكانی كۆمەڵگە لەلایەن مونەووەر و پێشەنگەكانی كۆمەڵگەوە، دژایەتی دەكرێ لەلایەن بەرژەوەندخوازانی كۆمەڵگەوە، مەلای گەورەی كۆیە لەو كاتەدا چۆن دەیتوانی درز بخاتە ناو بیروباوەڕی چەوتی خەڵكەوە كە لای خەڵكی دەستبردن بۆیان هێڵی سوور و بڤە بووە؟

فاروق محەمەد: مەلاكان هەندێكیان باش و دۆستی باوكم بوون و هەندێكی تریشیان دژی باوكم دەوەستانەوە. با شتێكت بۆ بگێڕمەوە، مەلایەكان چووبوونە لای حەمەئاغای گەورەی كۆیە و پێیان گوتبوو: مەلا موحەممەد دەڵێت: لازمە ئینگلیزی فێربین، ئەوە كوفرە و نابێ. حەمەئاغای گەورەش پاش چەند ڕۆژێك تووشی باوكم دەبێ و دەڵێ: ئەوە مەلا موحەممەد بیستوومە كە گوتووتە پێویستە فێری زمانی ئینگلیزی ببین و پێموایە ئەوە بۆچوونێكی باش نییە و پێویستە دەستبەرداری ئەو فیكرەیە بیت! باوكیشم گوتبووی: من نەمگوتووە كە پێویستە فێری ئینگلیزی ببین، بەڵكو گوتوومە فەرزە لەسەرتان دەبێ فێری ببن! ئینجا باوكم گوتبووی: بڕۆن فڵانە كتێبم بۆ بهێنن، كتێبەكەیان بۆ هێنابوو، ئەویش لە ڕوانگەی ئەو كتێبەوە قەناعەتی بە حەمەئاغای گەورە كردبوو و هێنابوویە سەر بۆچوونەكەی خۆی، حەمەئاغاش لە دوای مەلایەكانی ناردبوو گوتبووی: ئێوە مادام شتێك نازانن بۆچی دەمی تێوەردەدەن.
هەروەها نوێژی ئیستیسقا (نوێژەبارانە) ئایا ئێستا هەموو عالەم باوەڕی پێی نییە؟ بەڵام باوكم باوەڕی پێی نەبوو، باوكم ئەسڵەن باوەڕی بە گەڕانەوەی عیسا و نوێژەبارانە و هاتنی موحەممەدی مەهدی و هاتنی دەججال نەبوو!


گوڵنار: دیدی مەلای گەورەی كۆیە بۆ فەرموودە چی بوو؟

فارووق: تۆ ئەوە چاك بزانە ئیسلامەتی قۆناغ بە قۆناغ تێپەڕیوە، زەمانی خولەفای ڕاشیدین، هەڵگەڕاوەكان، ئەمەوی، عەبباسی، عوسمانی و فاتمی، هەریەك لەوانە بەپێی بەرژەوندی حوكمڕانی خۆی پاساو و بیانوویەكی بۆ خۆی داتاشیوە، باوكم ئەوانەی ڕەفز دەكرد، دەیگوت: حاشا ئەمە قسەی پێغەمبەر نییە! بۆ نموونە یەكێك لەو قسانە ئەوەبوو دەڵێت: الفقر فخر، واتە: هەژاری شانازییە، باوكم بە هەموو شێوەیەك ڕەدی دەكردەوە و تەنانەت شیعریشی لەسەر دەنووسی، دەیگوت: ئەو قسانە لە پێغەمبەر (سەلامی خوای لەسەربێت) ناوەشێتەوە كە ئەو دینە نازدارەی هێناوە و خۆشەویستی خوایە. دەیگوت: دەیان شت دراوەتە پاڵ پێغەمبەری خوا كە ئەو پێغەمبەرە لەو قسانە ناكات. بەڵام مەلا و دەسەڵاتداران بۆ نان و بەرژەوەندی خۆیان ئەو قسانەیان بڵاوكردووەتەوە.

گوڵنار: پێوەرەكەی چی بوو بۆ هەڵسەنگاندنی فەرموودە؟

فاروق محەمەد: یەكەم قورئانی پیرۆز، دووەم عەقڵ و مەنتیقی دەكردنە پێوەر، تەماشای قورئانی پیرۆزی دەكرد بیزانیایە شتێك پێچەوانەی قورئانە قبووڵی نەدەكرد. یا دەیگوت: تەماشای عەقڵ و مەنتیق دەكەم گەر بزانم درووست نییە منیش نامەوێ و پێموایە ئەو شتە لە پێغەمبەری پێشەوا ناوەشێتەوە.

گوڵنار: ئێمە هەمیشە كوشتەی دەستی ئایینێكی ڕەشبین و مەرگدۆست و مرۆڤبوغزێنی سەلەفییانەین، ئەوەی كە بەرهەمی وەهابییەت و زانایانی بیابانە، زانایانی كوردیش بە درێژایی مێژوو و پێچەوانەی ئەو ئایینە مرۆڤكردە هەمیشە هەڵگری ئایینێك بوون كە هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەی كوردی بووبێت، ئەم جۆرە لە ئایینە لە كوێوە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی كوردی؟

فاروق محەمەد: ئەوە هی بیركردنەوەی زانایانی كورد بووە، سەلەفییەتیش هی بیركردنەوەی خۆیان بووە، ئەوەی كە باوكم دەیگوت و دەیویست پێیوابوو كتومت یەكاندگیرە لەگەڵ قورئانی پیرۆز و ڕووحی شەریعەت دا، بۆیە ئەو ئایینە جوانەش بەرهەمی بیركردنەوەكانی خۆی بوو، تەنانەت ئەوانە بەرامبەر بە كوردیش ڕەشبین بوون، باپیرم و شێخ كەریمی بەرزنجی و نالی شاعیر، دەبینن كۆمەڵێك مەلای حیجاز كتێبێكیان لەبەردەستە بەناوی (ئیرشادول عیباد فی زیممەتول ئەكراد) و دەیخوێننەوە، باپیریشم لێیان دەچێتە پێشەوە و لێیان دەپرسێت، ئەوانیش دەڵێن: ئەمە كتێبێكە دەیخوێنینەوە چونكە باس لە دژەكانی ئیسلام دەكات كە كوردن. باپیریشم دەڵێت: جا چ پێویست دەكات لۆمەی كوردان بكەن لە كاتێك دا قورئان لۆمەیان دەكات و لۆمەی قورئانیش كافییە، ئیدی ئێوە بۆچی خۆتان ماندوو دەكەن؟! ئەوانیش دەڵێن: چۆن چۆنی لە قورئان دا زەمی كوردان هاتووە؟ ئەویش دەفەرمووێت: ان الاكراد اشد كفرا ونفاقا! ئەوانیش دەڵێن: كاكە تۆ تەنانەت قورئانەكەش نازانی بخوێنیت، ان الاعرابە نەك ان الاكراد! جا مەبەستی ئەوە بووە كە دەرسێكی باشیان دابدا و ئیدی گاڵتە بە كورد نەكەن. جا كاكم لە جێگەیەك دەڵێت: باوكم گوتوویەتی: یقول الحق ولا یخشی لومە لائم، لەگەڵ هەق بوو، لە شوێنێك دا موتەسەریف ویستوویەتی پێشی ئەو و مەلا فەندی بكەوێ، دەستی گرتووە و گێڕاوێتییەوە و گوتوویەتی: من خۆم شارەزام و پێویست بە بەرچاوڕوونی تۆ ناكات، تەنانەت خۆی لە شوێنێك دا دەڵێت: گەر پێنج شەش مەلای وەك من هەبا، ئیسلامەتی گەلەك لە ئێستا زیاتر گەشەی دەكرد.

گوڵنار: ئایا مەلای گەورەی كۆیە باوەڕی بە ئاوێزانكردنی ئایین و سیاسەت، دین و دونیا هەبوو؟

فاروق محەمەد: باوكم پێیوابوو نابێ ئایین تەداخولی سیاسەت و دەوڵەتداریی بكات، پێیوابوو شوێنی ئایین مزگەوت و پەرستگایە، پێیوابوو ئایین دەبێ بۆ لایەنی حوكمداری نەسیحەت و ئیرشادات بكات، چاودێربێ بەسەر حكومەت و دەسەڵاتدارانەوە، بەڵام فیعلەن نابێ تەداخول بكات، كە تەداخولی كرد ئەوسا ئایینەكە دەفەوتێ و بەرژەوەندی دێتەگۆڕێ. لە ساڵانی سییەكان دا بەشێك لە ڕۆشنبیرەكانی ئەوسای كۆیە دەچنە لای، دەڵێن: ئێمە وەك پێگەیەكی گەورە تەماشات دەكەین ئەگەر حیزبێك درووست بكەین و تۆ ببیتە ڕابەرمان. گوتبووی: من نەسیحەتتان دەكەم بەڵام من هیچ جۆرە ئینتیمایەك ناكەم، ئەگەر ئینتیما بكەم بۆ ئەو حیزبە، ئایینەكە لاواز دەكەم و بەرژەوەندی پەیدا دەبێت، بۆیە پێیوابوو دەبێ ئایین لە سیاسەت بكرێتە دەرەوە.

گوڵنار: زۆرجار خەڵكێك پێیوایە ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئیسلامیی و خێزانی ئیسلامیی دا ستەمی لێدەكرێت و بە هاوڵاتی پلە دوو تەماشا دەكرێت، دەمەوێ بزانم ئافرەت لە دید و بیركردنەوەی مەلای گەورەی كۆیەدا چ پێگە و ڕۆڵێكی هەبووە؟

فاروق محەمەد: زۆر زۆر ئیحترامی ژنانی دەگرت، لەلای بە قیمەت و بەڕێز بوون، دەیگوت: ئەوانەی كە پێیانوایە سەربڕاوی دەستی ژنان ناخورێت، ئەگەر ئێستا ژنێك مریشكێك سەربڕێ ئامادەم پێش خۆیشی و خەڵكی تریش من بیخۆم، تەوقەشی لەگەڵ دەكەم و دەستنوێژیش ناگرمەوە و نوێژەكەم دەكەم و دەچمە سەر مەزهەبی حەنەفی. ژنێكمان لەلابوو زۆر عەفیف بوو، عەسر بوو بۆ جەژن مانگی بینی، باوكیشم كردییە جەژن، پاشان كۆمەڵێك كۆلكەمەلا گوتیان: باشە چۆن ئیعتیماد دەكەیتە سەر شاهیدی ژنێك و یەك كەسیشە؟! باوكیشم گوتی: باشە بۆچی هەموو عەرەب شانازی بە زەرقای یەمامە دەكات كە لە ماوەی سێ ڕۆژ دوور نازانم چی بینیوە و چی بیستووە؟ بۆچی بۆ ژنێكی كورد چاوی هێندە تیژ نەبێ كە مانگ ببینێ و من باوەڕی پێنەكەم؟ چ فەرقێكیان هەیە؟ بۆ مەسەلەی حیجابیش دەیگوت: ئەخلاق و ئیحتیشام، دەیگوت: حیجاب پەیوەندی بە ئەخلاقەوە نییە، ئەگەر ژنێك جلی مۆدەشی لەبەر بێت بەڵام ئەخلاقەكەی ئیسلامیی و پەسەندبێت، ئەوە گرنگە. ئیحتیشامەكەش بۆ سەرنجی بەرامبەرە كە عالەم تەماشای دەكات، بەڵام جەوهەری خۆی حسابە، حەتا شیعرێكی هەیە:
بڵێن بە قەومی كوردان
دەستی من و داوێنیان
حەیفە بە حەقی یەزدان
ژنهێنان و تەڵاقدان
ژن زینەتی دونیایە
ئەمانەتی خودایە
حەبیبی موستەفایە
خەڵاتن لە بۆ مێردان
بۆیە زۆر حورمەتی ژنی دەگرت، دەیگوت: ستەملێكراون.