پەتای کۆرۆنا و جەنگی جیهانی سێیەم

پەتای کۆرۆنا و جەنگی جیهانی سێیەم

374 خوێندراوەتەوە

مەروان مەهدی

زۆرێک لەتوێژینەوە و ڕاپۆرت و شیکاری کەسانی شارەزا باسیان لەوە دەکرد جەنگی جیهانی سێیەم بریتیە لە جەنگ لەسەر (ئاو) !!

بەڵام بەڕای من سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ئەم پەتایەی کەئێستا بڵاوە بەنای (پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا) وای کرد کەوا سەرەتای جەنگێکی جیهانی دەستپێبکات.

هەردووجەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ئەو دوو جەنگ و کارەساتە گەورە و مێژوییەبوون کە لەماوەی ڕابردوودا بەرگوێی زۆرێکمان کەوتوە و لەیەکێک لە قۆناغەکانی خوێندن وەک دەرسی مێژوو یان لەشوێن و سەرچاوەی دیکەوە وەک زانیاری وەرمان گرتووە.

چەند سەرنجێک هەن لەسەر ئەو دوو جەنگە گەورەیە کەهەمان ئەو خاڵ و سەرنجانە لێکچونێکی تەواوی هەیە لەگەڵ کۆرۆنادا بگرە زیاتر و گەورەتریش :

یەکەم / لەڕووی ژمارەی مردوانەوە

هەردوو جەنگەکە ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤ تێدا بونەتەقوربانی کەبە قوربانیانی جەنگ ناسراون هەرچەندە ئەگەر ژمارەی قوربانیەکانیان زۆربن ئەوا لەبەرئەوەیە کە چەند ساڵێکی زۆری خایاندوە لانی کەم هەر یەکێک لەجەنگەکان ٤ ساڵی خایاندوە و بەهەردوو جەنگەکەوە ۸ ساڵی خایاندووە، بەپێی ئەو ئامارەی کەلەسەرچاوەکانەوەهەیە باس لەوەدەکات جەنگی جیهانی یەکەم (۱٦) ملیۆن کەس مردون و (۲٠) ملیۆن کەس بریندار و زیانمەندی جەنگەکەبوون ، هەروەها جەنگی جیهانی دووەم باس لەوەیە کە (٦٠) ملیۆن کەس کوژراو مردون، بەنیسبەت کۆرۆناوە کەماوەی چەند مانگێکە بڵاو بوەتەوە ژمارەی توشبوان () ملیۆن کەسی توشبووی تێپەڕاندوە و زیاتر لە (نیو) ملیۆن کەس بەم پەتایە مردوون! بەبەراورد بەوکاتە کەمە لەگەڵ دووجەنگە جیهانیەکەدا ژمارەکە زۆر و خێرایە!

دووەم / لەڕووی ئابوریەوە

لەڕووی ئابوریەوە مەترسی کۆرۆنا زۆر لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم زیاتر و زۆرترە کە بەسەدان ملیار دۆلار مەزەندە ئەکرێت، ئەگەر کاریگەریە خراپەکانی ئابوری هەردوو جەنگەکە چەند ملیۆن دۆلارێک بوبێت کەلەئێستای کۆرۆنا زیاتربوبێت ئەوە پەیوەندی بە کاتەوە هەیە پەتای کۆرۆنا لەماوەی ٦ مانگدا زۆرترین زەرەری لەئابوری سەرجەم جیهان و وڵاتان داوە لەکاتێکدا زیانی ئابوری و دارایی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم زیانی زیاد لە هەشت ساڵ جەنگ بووە بەڵام کاریگەریەکەی لەسەر چەند وڵاتێکی ئەوروپی و چەند کۆمپانیایەک و ژمارەیەک خێزانی ئەو وڵاتانەبووە کەبەشداری جەنگ بوون بەدیاری کراوی ، کاریگەری پەتای کۆرۆنا لەئێستادا هەموو وڵاتانی دونیای گرتوە بەجۆرێک جوڵەی ئابوری و بازرگانی هەموو دونیای وەستاندوە و ماڵێک نیە و کارگە و کۆمپانیایەک نیە و شار و دێ و وڵاتێک نیە پریشکی ئەم پەتا و کاریگەریە خراپە ئابوریەکانی ڕەنگی نەدابێتەوە، وەک دەوترێت دونیای توشی وەستان و تائاستی سەرسوڕمان کردوە کە پەتایەکی نەبینراو گواستراوە کارێکی کردووە ئابوری وڵاتانی بەچۆکدا هێناوە و قیڕەی هەڵساندووە لە زۆرینەی وڵاتان بەتایبەت ئەوانەی دواکەوتون لەڕووی داهات و بچوکی ئابوریەکەیانەوە کە بەوڵاتە تازەپێگەشتووەکان دەناسرێن.

بۆیە لەو بڕوایەدام کە کاریگەریە ئابوریەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کەمترە بە بەراورد بە جەنگی کۆرۆنا لەبەر چەند خاڵێکە :

۱.ئەو وڵاتانەی کەبەشداربوون لەجەنگەکاندا ژمارەیەک وڵاتی دیاری کراو بوە و تاڕادەیەک هەندێک وڵاتی دیکەی تریش تێوەگلاون لەو کاریگەریە خراپە بەهۆی مامەڵەی بازرگانی و سیاسی و عەسکەری لەگەڵ وڵاتە بەشداربوو زلهێزەکانی جەنگ، بەڵام ئەم جەنگەی ئێستا کەجەنگی کۆرۆنایە وڵاتێک نەماوە لەم سەر زەویەدا کەوا کاریگەری لەسەری نەبوبێت و پێی نەگەیشتبێت بۆیە ئەمەش وادەکات قەبارەی کاریگەریەکان زیاتر و گەورەتربێت بەبەراورد بەهەردوو جەنگی جیهامی یەکەم و دووەم.

۲.ئەو بوارانەی کە ئابوری زیانمەندبوە ئەگەر سەرگزەشتەیەک بکەین بەمێژوودا و بەدیاری کراوی کاتی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ئەوا دەبینی ئەو بوارانەی ئابوری لەو سەردەمەدا کەهەبوون و لەگۆڕەپانی کاری بارزگانیدابوون ئەوا هەندێک بواری دیاری کراوبوە بۆ نمونە (نەوت،کشتوکاڵ،پیشەسازی،کاری دەستی ....) ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی کاریگەریەکانی بەچەند ملیۆن دۆلارێک یان زیاتر بخەمڵنرێت لەوکاتەدا چەند کۆمپانیایەکی دیاری کراو کارگەیەک هەبوون کەکاریان کردوە وەپێویستی مرۆڤایەتی لەو سەردەمەدا بەو کۆمپانیاو کارگانە پڕکراونەتەوە تاڕادەیەکی باش بەڵام لەئێستا و لەم ڕۆژگارەدا دەبینی بوارەکانی ژیان و بازرگانی و کۆمپانیە زەبەلاحە جیهانی محەلیەکان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتوە و پێویستی مرۆڤایەتیش بەهەمان شێوە بەقەد زیادبونی ژمارەی مرۆڤەکان بەدرێژایی کات گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە بەنمونە ئەو بوارانەی کەئێستا هەیە لەبازرگانی و کاری پیشەسازیدا (نەوت،کشتوکاڵ،وزە،پیشەسازی،بازرگانی دەرمان،کەرتی فڕۆکەوانی،گەشتیاری،تەکنەلۆجیا .....)

،،

بەدڵنیاییەوە ڕێژەی ئەو زیانەی کەوتووە زۆر زۆرە و بەسەدان ملیار دۆلار دەبێت چونکە ئەم جەنگە زۆرێک لەکایەکانی ئابوری توشی وەستان و خاوبونەوە کردوە ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی ڕێژەیەکی زۆر لەبێکاری و بێئیشی، ڕۆژانە کۆمپانیاکان کارگەکان و تەنانەت دوکان کارە دەستی و بچوکەکان کارمەند و کرێکار دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە بەهۆی کەمبونەوە یان نەمانی کارەکانیان حەتمەن ئەمەش بۆتە هی خولقاندنی کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ خێزان و تاک بەتاکی کۆمەڵگە.

سێیەم / لەڕووی سیاسیەوە

سیاسەت لەئەمڕۆدا پانتاییەکی گەورەی هەیە لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا، (کۆرۆنا)ش بەدەرنەبووە لەم ململانێیە. سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا لەوڵاتی (صین) دواتر بڵاوبونەوەی بۆ وڵاتانی تر و تەشەنەکردنی بەخێرایی زۆر دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبویەوە ئەمە دەستکردە و دەستی چین خۆیی تێدایە و دەیەوێت وڵاتانی دیکە توشبێت و زەرەرمەندبن، بەتایبەت ئەم گومان و دەنگۆیە زۆرتر وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکرد و بەمجۆرە سەرەتایەکی دیکەی ململانێی نێوان ئەمریکا و چین دەستی پێکرد و پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بردە ئاستێکی سەختتر، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات لەبڵاوبونەوەی خێرای ئەم ڤایرۆسە سەرجەم وڵاتانی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی توشکردوە، ئەگەر سەرنج بدەین ئەمریکا لەدواتردا ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبویەوە و بەجۆرێک کە بەشێوەیەکی زۆر خێرا بڵاوبویەوە و تەشەنەی کرد و ژمارەیەکی زۆر توشبوی هەبوو بەجۆرێک بویە یەکەم وڵات لەڕیزبەندی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش بویە هۆی ئەوەی ئەمریکا پەشیمان بێتەوە لەگومانی ئەوەی کەگوایە ئەمە دەستکردی دەستی چینە، ناچار ئەمریکاو سەجەم وڵاتانی تر مەجبور بون ئەولەویەتی کاریان بریتی بێت لە ڕووبەڕووبونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ واقعی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە. تەنانەت دۆزینەوەی ڤاکسین و چارەسەری ئەم پەتا کوشندەیە بوەتە سەرەتایەکی دیکە سەرهەڵدانی ململانێی سیاسی لەنێوان وڵاتان و سیاسیەکان، ڕەنگدانەوەی ئەم ململانێ سیاسیە لەکاتی دۆزینەوە و فرۆشتنی (ڤاکسینی چارەسەر)ی ڤایرۆسەکە توندتر و ئاڵۆزتر دەبێت، بەبەراورد بە جەنگەکانی جیهانی یەکەم و دووەم زیاترە کاریگەریە سیاسیەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم وڵاتە زلهێزەکان و بەشدارەکانی جەنگ بەدەرەجەی یەکەم زرەرمەندبون، وڵاتانی دور پریشکی ململانێ سیاسیەکانیان کەمتر بەرکەوتوە و کاریگەریەکە لەسەریان کەمتربووە..

چوارەم / لەڕووی تەندروستیەوە

ئەم پەتا و ڤایرۆسە لەگەڵ بڵاوبونەوەیدا هەموو ئومێد و هیواکان لەسەر کەرتی تەندروستی هەڵچنران بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە و عیلاجی توشبووەکان، ڕێژە و ژمارەی توشبوان و مردوان لەهەر وڵاتێکدا بەشێکی زۆری لەسەر کەرتی تەندروستی بەندبوو بەوەی تاچەند توانای چارەسەر و ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکەی هەیە و دەتوانێت دڵنیایی بداتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی.

دکتۆر کارمەندی تەندروستی زۆرترین چاویان لەسەرە و زۆرترین بەرکەوتەشیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە هەیە وەژمارەیەکی زۆریشیان لێ توشبوەو مردووە، توانا و ئیمکانیەتی وڵاتان توانایەکی زۆر سنورداری هەبوو بەڕادەی ئەوەی زۆر وڵات بەتەواوی تەسلیم بوە و هاواری بێدەسەڵاتیان لێ بەرزبوەتەوە، پارە و سامانی وڵاتان و کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان هەمووی خراوەتە خزمەت کەرتی تەندروستی و چارەسەری پەتای کۆرۆنا بەڵام هێشتا لەئاست پێویستدانیە و هەوڵ و زیاتری دەوێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتاکە. بەداخەوە چارسەری بەرکەوتوانی کۆرۆنا لەزۆر وڵاتدا وای لێهاتوە لەبەر نەمانی شوێن و چارسەری پێویست واستە کەوتوەتە کار و خزم خزمێنە دەوردەبینێت و بەتایبەت، لەوڵاتێکی وەک بەریتانیا گەشتەوەتە حاڵەتێک کەدەڵێن ژمارەکە زۆربوە و خزمەتی ئەوکەسانە بکەن گەنجن چونکە گەنج بۆ داهاتوی وڵات سودیان هەیە و بەتەمەنەکان تەواوبون و لێبونەتەوە و بۆداهاتوی وڵات لەدوای ئەم پەتایە سودیان نیە بەداخەوە ڕێز و پێگەی مرۆڤ گەیشتەوەتە نزمترین ئاست لەپلەی مرۆڤایەتی، بەهەمان شێوە کەرتی تەندروستی لەزرمەنی هەردوو جەنگە جیهانیەکەدا کەمترین ئەرک و پارەی تێدا بەفیڕۆچووە بەقەد ئەوەی کە داهات و سامانی زیاتر بۆ بواری سەربازی و چەک و تەقەمەنی خەرجکراوە، بۆیە لەو کاتانەدا نەخۆشی و ڤایرۆسێکی دیاریکراو نەبوە کە بوبێتە هۆی بەیلاک بردنی سوپا و هاونیشتمانیانی وڵاتانی بەشدار لەجەنگ.

پێنجەم / لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە

لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵێک دەرکەوتەو کاریگەری لەسەر تاک وە لەسەر خێزان هەیە، هەندێکیان ئیجابی و هەندێکی سلبی، سلبی وەک نەمانی کار و کەمبونەوە و هاتنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و کارمەند و فەرمانبەر بۆ ماڵەوە بەهۆی کاریگەری و بڵاوبونەوەی ئەم پەتایەوە بوەتەهۆی کەم بونەوە و نەمانی داهات و پارەی پێویدت بۆ پڕکردنەوەی پێوسیتی ڕۆژانە بەمەش سەرۆک خێزان و خاوەن کاری ماڵەکەی ئیحراج کردوە و خستویەتیە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی زۆر قورس بۆ پەیداکردنی نان و بژێوی بۆ خێزانەکەی، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو کەسانە پەنا بەرنە بەر کاری ناشەرعی و نایاسایی لەبەر پەیداکردنی داهاتێک بۆ ژیانی خێزانەکەی،

کاریگەری ئیجابی ئەم پەتای کۆرۆنایە لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە کەبویەتی ئەوەیە بۆتە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ئەوەی بەرپرسی خێزانەکان و خاوەن کارەکانی خێزان کەزۆرجار خۆی لەڕەگەزی نێرینەدا دەبینێتەوە کاتێکی زیاتریان هەبێت لەخزمەت خێزان و ماڵ و منداڵیدابێت و بتوانێت قەرەبوی ماوەی ڕابردوی کەلەدەرەوە بووە بکاتەوە بەتایبەت لەڕووی پەروەردەییەوە بۆ باوکانێک کەلەخەمی داهاتوو پەروەردەی نەوە و منداڵەکانیاندان، زیادبونی سیلەی ڕەحم و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەهۆی بونی دەرفەتێک کە کۆرۆنا دروستی کردووە، یان سەرقاڵی بەڕێکخستنی ناوماڵ و بیرکردنەوە لەهەندێک جوانکاری و داهێنان بۆ جوانتر و باشتر ڕێکخستنی ناماڵەکەیان بێگومان ئەمەش بەهۆی ئەو دەرفەتەوەیە کە کۆرۆنا ڕەخساندویەتی.

شەشەم / لەڕووی ژینگەوە

لێدوانێکی زانایان و پسپۆڕانی بواری ژینگە جێی سەرنج بوو کەوترا (ژینگەی سەرزەوی بەجۆرێک پاک بوەتەوە گەڕاوەتەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش ئێستا) دیارە ئەمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو دۆخەوە هەیە کە کۆرۆنا هێناویەتیە بون، کەرەنتینە و وەستانی زۆرێک لە کار و پیشە گەورەکان و هاتوچۆ بەهەموو جۆرەکانیەوە بوە هۆکاری سەرەکی پاکبونەوەی سروشت بە (هەوا و ئاو و کەژ و کێو و دەشت و سەوزایی و دارستان)

،،

سەردان نەکردنی هاوڵاتی بۆ ئەو شوێنانە و مانەوەیان لەماڵەوە هۆکاری سەرەکی پاکبونەوەی ژینگەبوە. مانەوەی مرۆڤ لەماڵەوە بوەهۆکاری سەرەکی پشودانی سروشت و ئاهێک بەژیگەدا هاتەوە. بەبەراورد بە هەردوو جەنگی جیهانییەکەم و دووەم کۆرۆنا سودی بۆ سروشت و ژینگەی جیهان هەبووە، بەڵام جەنگ بوە هۆی کاولکاری و پیسبونی خاک و هەوا و ئاو و سەوزایی و دارستان و گشت سروشت.

بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک پرسیار بە زیهن و خەیاڵی زۆر کەسدا هاتووە کەئێستە ڕۆژانە تێیدا دەژی و خۆی لەناو واقیعەکەدایە و لەمسی حاڵەتەکەدەکات، پرسیارێک ئەوەیە باشە خەڵکی ئەوسەردەمە لەکاتی جەنگدا چۆن ژیاون و حاڵ و گوزەرانیان چۆن بەڕێکردووە؟

نوسینی /

مەروان مەهدی

۲۷/٦/۲٠۲٠ شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا