دەسەبژێری سیاسی كوردەواری

دەسەبژێری سیاسی كوردەواری

155 خوێندراوەتەوە
ئیبراهیم حاجى زه‌ڵمى

ئەوەی باوە و دێتە بەرچاوان كە نوخبە (دەسەبژێر) لە تاقمێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی یەكگرتووی هۆشمەند پێكهاتوون، جەرگەی ڕووداوەكان و ناوەندی بڕیار داگیردەكەن و لەسەرخانی كۆمەڵگەدان لە سەرووی دامودەزگاكان و پارتە سیاسیەكان و دەستەو تاقمە بریاربەدەستەكانەوەن.

ئەوانەن كە بەردەوامی و پارێزگاری بە دەوڵەت و دەوڵەتداری دەبەخشن و پارێزگارن لە یادەوەری گەل و پتەوكەرو گرێدەری تاكەكانی كۆمەڵگەن و فاكتەری توندكردنەوەی بەهاو نەریتەكانن. دەست بە ڕەشوەی دەسەڵاتداریەوە دەگرن و شانازی بەشوناسیی نەتەوەییانەوە دەكەن.

،،

ئەم دەسەبژێرەش لەنێوان سیاسیەكان و ئابووریەكان وكەسایەتیە زانستی و ئاینی و كۆمەڵایەتیەكان و سەرانی هۆزو بنەماڵەكان دابەشبوون و دەچنە ناو بازارەكانی سیاسەت و سەندیكاو مافناس وئاڵوگۆڕی راوبۆچوون لەگەڵ بوارەكانی راگەیاندن و رۆشنبیریدا دەكەن، بە شێوەیەكی بەردەوام دەسەڵات و هەژموونیان بە سەر رێكخستنی كارگێڕی و چالاكی زانستی لە زانكۆو دەزگا زانستەیەكاندا هەیە.

بەڵام ئەم هەمو راستەقینانە تەنها چاوەڕوانین و هێشتا زیتەی چاوی كوردەوارین وخۆزگەو ئاواتێكن هێشتا سەرزەمینی واقیعیان نەبینیوە، مێژووی دەسەبژێری ئێمە مێژووی دەسەبژێرەكی پارچە پارچەبووە، كە هەربەدەوری خۆو بنەماڵەو چاولێگەری دەرەوەیدابووە، دەسەبژێری كوردەواری ئێمە لە تاقم وباڵی بێ بار، هەرخەریكی ئەمبەرو ئەوبەركردن و خەریكی هەڵبەزو دابەزو خەریكی خۆخواردن و تەڵەدانان بوون بۆ یەكتر، ئەمەش وایكردوە كە دەرەنجام تووشی راكردن لە راستی و ئازادی و كەوتنە ناو نیازە خراپەكانەوە بێت ولە شێوەی ئاڵۆزكاوی نێوان گوتەو رەفتارو كردەكاندا و لە بۆ شایی نێوان تیۆرو بەرنامەو كردەكانیاندا بن، كوردەواری لەتەماشەی دووری خۆی لەگەڵ نوخبەی وەها ئیدیۆمی " ئاسمان و رێسمان " ببینین.

ئەوەی جێگەی تێڕامانە لەمرۆی كۆمەڵگەی كوردیشدا دەسەبژێری كوردی وەك چۆن لەمێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردەواریدا وەك یەك بارستە و گڵۆلەیەكی گرێدراو نەمانبوەو نایبینین، ئیمرۆش لە واقیعی سیاسی و كوردەواریدا ئەوەی دەبینین لە دەسەبژێری نێو كۆمەڵگەی كوردی پێڕو تاقم و باڵی لێكدژی دوێنێ‌ وتاقمی دەست بەخوێنی شەڕی ناوخۆی دوێنێن!!، ئیمرۆش بەرژەوەندیبازی خاوەن كۆمپانیاو پیشە بازرگانی بەناو سیاسی داگیركەری هەموو پنتەكانی دەسەڵات دەكەوێتە بەرچاومان، كەدەسەڵاتێكیان فەراهەم كردوە شێلراوە لەگەندەڵی وكردەو ئامانج و خواستی لەگەڵ واقیعدا ئاسمان و رێسمانە!! وەك چۆن لەمتمانەشدا مەخابن خۆی وخەڵكەكەی كوردەواری دیسان ئاسمان و رێسمانە.

دەسەبژێری كوردی لە پێش هەمو شتەكان و لەهەموو كات زیاتر ئیمڕۆو لە قۆناغی هەستیاریدایە، خەریكە دەستی لەهەمبانەی خەمە مێژینەیی و نەتەوەییەكانی دەردەچێت، بۆیە قۆناغی یەكەم پێویستی بە ڕەخنەی خودی هەیە، پاشان لە قۆناغی دووەمدا هەڵوێست وەرگرتنێكی مەعریفیانەی گەرەكە بۆ تەماشاكردنەوەی خۆی بەتایبەت لە ڕوانگەی جەماوەرو كۆمەڵی مەدەنیەوە، نەك لە لایەن و تێڕوانینی دەسەڵاتـی فەرمیەوە، یان لەچاوی دەستەو تاقمی كلكەسوتەكی چواردەوری!!

،،

بەمانا پێویستی بەپێداچونەوەیەكی لۆژیكی كۆمەڵناسیانە هەیە، پاشان پێویستەو بەپەلە خۆی بهاوێتە سەرسەكۆو خۆیبداتە بەر نووكی رەخنەو هەڵوەشانەوە تاوەكو رزگاری بێت لەو چڵك و چەپەڵیەی بەهۆی دوێنێەوە تووشی هاتوە بەرچاوی گرتوەو ئیمرۆشی لێ تێكداوە وەك چۆن پێویستە لە هۆشیاری دۆگماو خۆی و كۆمەڵگای بەرەو نەهامەتی بردووە، بۆ دووبارە بونیاتنانەوە ڕووسپیكردنەوەی خۆی هەنگاو هەڵگری.

كاتێك پرسیارە گرنگەكە دێتەكایەوە، ئایا كاتێ كۆمەڵگەی دیموكراتی نوێ پێویستی بە دەسەبژێرێكی كاراو چالاك هەیە،لەهەمانكاتدا پێویستی بە جەماوەرێكی چاورۆشن و دەمكراوە هەیە.مەگەر ئیمرۆ دەسەڵاتی كوردەواری دەیەوێ دیموكرات بێت یان نەخێر وەك لاسایی چواردەوری پێ باشە، كەدەسەبژێری سەركوتكەر و خۆسەپێن و بەچاوی تەخوین و دەستی ئەم و ئەو تەماشەی كەسانی رەحنەگرو نارازی بكەن و جەماوەرێكی ترسنۆك و شەرمنیان قبوڵ بێت و گوتەو رای ئازادی خۆیان كپ بكەن و بیبەنەوە بۆ سەردیوارو دەرگای ئاودەستحانەكان؟؟

پێش وەڵامی ئەم پرسیارەش پرسیاری گەورەتر هەن بۆ دەسەبژێری كوردی..ئەوانیش ئایا دەسەبژێری كوردی چاوقایم و بێ باكە، یان شەرمن و ترسنۆكە؟ خاوەنی بریاری ناوخۆیی خۆیەتی، و خۆی كۆمەڵگە بۆ پرسەكان ئاراستەدەكات یان نەخێر ئەم وابەستەیەو تەنها رۆڵ دەگێرێت و ئاراستە دەكرێت؟ لەسەر مێزی گفتوگۆكاندا خۆیەتی پرسەكان یەكلادەكاتەوە یان پێی دەكەنەوە؟ هەوڵ و رەنجەكانی بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵگەكەی و دۆزە رەواو مێژینەكەیەتی یان خۆی ساباتەو حەوێنەوەرەوەی خواستی كەسی و بنەماڵەییو یان خواستی دەرەكیە؟ خۆی وەك سیاسی و بە ئامانجی سیاسی كاردەكات و سیاسەت لەپێناو سیاسەتێ‌ دەكات كە كارزانی و بەختەوەری كۆمەڵگەی تیا ئامانجە یان سیاسەت لە پێناو دەستخستنی هێز؟ ئەو هێزەی كە تائیمرۆ خاوەنی پەروەردەی ئیدارەدانی نیە و لە ژێر یەك چەترو كۆنترۆڵی راستەقینەی خۆیشیدانیە!! بەڵكو زۆن زۆنەو هێشتا ناراستەوخۆ دابەش و نەهاتوەوەیە لەگەڵ یەك خواستی گشتی؟!! ئایا هەر لەسەر پێیە بۆ ململانێی ناوەكی و كارایە بەدەستی دەرەوە پاشقولی ئەوانی تری پێبگرێت وپنتەكانی دەسەڵات و ئابووری و مەعریفەی پێ قۆرخ و كۆنترۆڵ بكات، لە پێناو ئامانجێك كەدوور بێت لە ئامانجی كۆمەڵگەكەی و لە خزمەتی خەمەدێرینەكانی كۆمەڵگەیدا بێت؟؟.

بۆیە پرسیاربكرێت كە ئیتر كەی ئەو دەسەبژێرە لەم قاوغە بێزراوەی خۆی دێتـە دەرەوەو دەگەرێتەوە بۆ پیادەكردنی رۆڵی سرووشتی دەسەبژێری خۆی كەهەنگاونانی دیموكرایتیانەیەو پێشەنگیكردن و سەركردایەتیكردن و كاریگەریدانانە؟

- ئەو ئەرك و كردانەی كە پێویستە لەسەرشانی بگرێت و ئەنجامیان بدات لەم قۆناغە هەستیارەدا كامانەن؟

- ئایا بەبەردانەوەی گۆمی متمانە لەجەماوەر پێشبینی جەماوەرێكی بێ دەسەبژێر دەكرێت یاخود دەسەبژێرەكی بێ جەماوەر دەكرێت؟

- ئایا بژاردە دەگونجێت جەماوەر رێنموونی بكات و ئاراستەی بكات و فێری ئیتیكی لێتێگەیشتن و شێوازی گفتوگۆو هونەرەكانی بەیەككگەیشتن لە شیمانەی كۆمەڵایەتی و بەهاكانی قوربانیدان و وەفاو میواندۆستی و گیان و ئیرادەی پێكەوەژیان كە ئەمانە سەرمایەو گەنجینەی رەمزی نەتەوەن؟

- ئایا رۆڵی دەسەبژێر كوردی لەم بارودۆخە نوێیەدا كە كۆرۆناو قەیرانی دارایی تەنگی پێهەڵچنیوە چی دەبێت؟

-ئەمانە هەموو پرسیارگەلێكن پێویستە دەسەبژێرەكان بگەرێن بەشوێنیانداو لەلای سۆسیۆلۆجیستانی سیاسی وەڵامی بنووسنەوە