‎مانۆڕەکەی کازمی لەدژی شانەکانی کاتیۆشا

‎مانۆڕەکەی کازمی لەدژی شانەکانی کاتیۆشا

646 خوێندراوەتەوە
داهۆ سه‌باح


هەر لەوەتەی کۆتایی بە ڕژێمەکەی سەدام حسێن هاتووە لە عێراقدا و لەگەڵ خۆیدا گۆڕانێکی ڕیشەیی لەکۆی سیستەمی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی هێنایە ئاراوە, ئەم ووڵاتە واڵا کرا بۆ ئێران و بەجۆرێک نەک هەر کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ناوخۆی ووڵاتەکە هەبوو بەڵکو بووبەهۆی تێکچوونێکی گەورەی باڵانسی هێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. تێکچوونی ڕەوشێک کە لەدووای جەنگی دووەمی جیهانیەوە ناوچەکە دەقی پێوەگرتبوو. ڕووخانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لەسەر دەستی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەڕووی سیاسی و مێژوویەوە خالی وەرچەرخانە لە شێوازی هاوکێشەی ململانێی نێوان کاراکتەرە سەرەکییەکانی ووڵاتانی ناوچەکە. بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس کێشەیەکی دیرۆکی ڕیفرێش کرایەوە کە ململانێی خوێناوی دوورودرێژی عەرەبی – ئێرانی بوو. هەربۆیە چرکەساتی مێژوویی کەوتنی بتەکەی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا, ڕێک چرکەساتی ڕادەستکردنی بەغدایە بەبلۆکی شیعی لە ناوچەکەدا.

‎ئا لێرەوە چیتر بڕیاربەدەستی ڕاستەقینە لە عێراقدا ئێران بووە. ئەوەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بە نوێنەرایەتی ئیسرائیل کردی لابردنی بەربەستی بەعس بوو لەبەردەم پرۆژەی شیعی دا. بەلابردنی بەربەستەکە ئیتر ڕۆڵەکە جێهێڵرا بۆ ئێران خۆی. تا ئەوەی بلۆکی سوننی لە ساڵی ٢٠١١ و بەهاری عەرەبیدا گەیشتە کۆتایی گێمی دۆڕانەکەی و پاشەکشەی کرد و دەستبەرداری کەیسە گەورە سێچارەکە سەدەییەکە بوو کە کەیسی عەرەب- ئیسرائیل بوو. لەمە بەدووا ووڵاتانی عەرەبی کە پێشتر تەرەفی یەکەم و ژمارەی گەورە بوون لەبەردەم ئیسرائیل دا ڕۆڵیان بچوک بوویەوە بۆ بەرگرتن لە هەژموونی ئێران و لەوەش بچوکتر ململانێی نێوان ڕژێمەکانی عەرەب و بەرەی ئیخوان موسلیمین لەنێوخۆی خودی جیهانی عەرەبیدا، بووبە بە ئاریشەی پلە یەک بۆ ووڵاتانی عەرەبی و چیدی پانتاییەک نەمایەوە بۆ ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی عەرەب- ئیسرائیل.

،،

‎دوای سەرکەوتنی بەرەی شیعی- یەهودی لە ناوچەکە بەسەر بەرەی زەبەلاحی عەرەبیدا, قۆناغێکی نوێ دێتە ئاراوە کە قۆناغی بەریەککەوتنی براوەکانی جەنگە. هەروەک سەرھەڵدانی ململانێی نێوان بلۆکی شۆسیالیزم و کاپیتاڵیزم دوای سەرکەوتنیان بەسەر نازیزمدا بە ڕێبەرایەتی ڕوسیا و ئەمەریکا. هەربۆیە لە دوای ڕوخانی بەعسەوە تاکو ڕوخانی خەلافەتەکەی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ دا,

قۆناغی زێڕینی ئێران بوو لە عێراقدا و ئەوەی بڕیاربەدەستی ڕاستەقینەبوو لە بەغدا, ئێران بووە و ئەمەریکییەکان چاودێربوون و تەنها لەبارە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا دەستوەردانیان کردووە و بەرسڤی ئێرانیان داوەتەوە. لەسەر ئاستی عێراقیش هەرچەندە کاندیدەکان و سەرۆکی کابینەکان بۆخۆیان چ ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردوو بریاربەدەستە خاوەن ھەژموونەکەی سەر گۆڕەپانی عێراق هەوڵی ڕازیکردنیان داوە و ئەگەر نابەرابەریش بێت کارییان لەسەر جۆرێک لە باڵانس کردووە. هەر بۆیە بەدرێژای ساڵی ٢٠٠٣ تاکو ٢٠١٩ هەموو ئەو سەرەک وەزیرانانەی لە بەغدا جانتای وەزارییان پێسپێردراوە کاندیدی ئێران بوون و ئەمەریکییەکان بەناچاری ڕەزامەندییان نیشانداوە, بەڵام لە ڕووداوێکی جیاواز و گۆڕانکارییەکی گەورەدا, بۆ یەکەمجار دووای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی, ئەمجارەیان ئەمەریکییەکان کاندیدیان بۆ سەرەک وەزیران دەستنیشانکرد و ئێران بە ناچاری قەبوڵی کرد کە ئەویش دانانی مستەفا کازمی بوو واتە ڕۆڵی ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕی پێکراو پێچەوانەوە بوویەوە. هەر بۆیە ئەوەی لەنێوان دەزگای دژەتیرۆر و حەشددا ڕوویدا لە بەغدا جگە لە سنوردانان بۆ هەڵسوکەوتی ئەو گروپانە, هەوڵێکی حکومەتەکەی کازمییە بۆ ڕاستکردنەوەی مامەڵەی ئێران بۆسەر نەریتی دیپلۆماسی و کەناڵی دەستوری لەگەڵ بەغدا بەدەر لە فشارکردن لە ڕێگەی گروپە چەکدارە پرۆئێرانییەکانەوە.

‎قەبوڵکردنی مستەفا کازمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ پۆستی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراقدا وەک دەستپێشخەرییەک لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان دێت لەگەڵ ئەمەریکادا. ئەم هەنگاوە گەورەیەی ئێران کارێکی هەروا لە خۆڕانەبووە یان بەشێوەیەکی تر لە سنگفراوانی نەبووە بەڵکو بەر ئەنجامی گرفت و ئاریشەگەلێکن کە لە ئێستا بەرۆکی ئێرانی گرتووە لەوانە گەمارۆی توندی ئابووری ئیدارەکەی دۆناڵد ترامپ و گەیشتنی بە قۆناغی ئەوپەڕی فشار و پاشانیش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی بەهای پەترۆل لەلایەک و سەرهەڵدان و بەرزبوونەوەی تەوژمی دژە ئێرانی لە نێوشەقامی عێراقیدا. هەموو ئەوانە بەسەریەکەوە وایان لە ئێران کردووە نیازپاکییەک پیشانبدات لە بەرامبەر ئەمەریکادا لانیکەم بۆ ئەوەی سەرەتایەک بێت بۆ ڕەخساندنی زەمینەی ووتووێژ لە ئاییندەدا یان بۆ ئەوەی کارنەگاتە ئەوەی ڕووداوی وەک کوشتنەکەی قاسمی سولەیمانی لێبکەوێتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تارانی ڕووبەڕوی شەرمەزاری کردبووەوە چونکە وەشاندنی گورزێکی وەها گەورە لەلایەن ئەمەریکاوە لە دژی ئێران بە پێی تۆنی شەڕی میدیای نێوانیان و گەفەکانی تاران، دەبوو کاردانەوەی ئێران زۆر گەورەتر بوایە لە بۆردومانێک لەدژی بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا کە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە. بۆیە ئەوەی کازمی بەرهەمی سازشی نێوان کاراکتەرە گەورەکانی جێ نفوزە لە عێراقدا. جا ئەرکی کازمی ئەرکێکی قورس دەبێت لە دۆخێکی وەک ئێستا دا کە دەبێت سنوورێک بۆ ڕۆڵی ئێران دابنیت لە عێراقدا و ئەوەش کارێکی ئێجگار سەخت و ئەزموونێکی مەترسیدار دەبێت. کە دیارترینی ئەو ئەرکە سنوردارکردنی ڕۆڵی ئەو تاقمانەی حەشدی شەعبیە کە لەکۆتاییەکانی ساڵی ڕابووردووە تۆمەتبارن بە کاتیۆشا بارانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.


‎هەرچەندە ئێرانیەکان لە دانانی کازمیدا چاوپۆشیانکردووە, بەڵام جگە لەوە نایانەوێت بەتەواوی گۆڕەپانی عێراق چۆڵبکەن. بۆیە یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی دەستی ئێران, گروپەکانی حەشدی شەعبییە لە عێراقدا, بەتایبەت ئەوانەی بە حەشدی وەلائی ناسراون کە زیاتر لە ئێرانەوە نزیکن وەک گروپەکانی حیزبوڵای عێراقی, عەسائیبی ئەهلی حەق و نوجەبا و هتد... هەر لەسەروبەندی دەستبەکاربوونی مستەفا کازمیدا چەند گروپێکی شیعی، بەیانیان بەناوی جیاواز جیاوازەوە بڵاوکردەوە و خۆیان وەک ڕەوتی مقاوەمە ناساند و بەڵێنی توڵەسەندنەوەی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان دا, هەرەشەیان لە هەرکەس و لایەنێک کرد کەوا هاوکاری ئەمەریکا و ئیمپریالیزم بێت. هەر چەندە بەپێی هەندێ سەرچاوە, حکومەتی عێراقی ئاگاداری ئەو گروپانە و ئامانجەکانیان بووە تەنانەت وەک دەڵین زانراویشە لە چ بارەگایەکدا بەیاننامەکەیان خوێندۆتەوە. بەڵام هەموو ئەوانە بۆ سنوردارکردن و ڕاگرتنی هەرپلانێکە لەدژی ئێران و هەر هەوڵێک بو کورتکردنەوەی دەستی تاران.

‎جا بۆیە ئەوەی شەوی ٢٥ی حوزەیران لە گوندی ئەلبو عیسە لە باشوری بەغدا ڕوویدا, دیاریکردنی هێڵە سورەکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکانە. هەڵکوتانە سەر بارەگای حێزبوڵای عێراقی وەک نزیکترین گروپی حەشدی وەلائی لە عێراقدا بە چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرەک وەزیران, تێستکردنی ئەنجامدانی هەنگاوی گەورەترە کە خۆی لە گەڕاندنەوەی شکۆی ڕاستەقینەدا دەبینێتەوە بۆ دەوڵەت. هەربۆخۆی بونی خودی سەرۆک وەزیران لەناو پرۆسەکەدا, دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کەوا ئۆپراسیۆنەکەی دۆرە کارێک نیە تەنها خۆی لە دەستگیرکردنی ١٤ کەسێکدا ببینێتەوە کە چەکداری گروپێکی دیاریکراوبوون بەڵکو کێشەکە ڕەهەندێکی هەرێمایەتی هەیە و دەرئەنجامەکانی هێشتا ماون کە بزانرێت کێ براوەدەبێت. هەرچەندە پاساوی دەستگیرکردنەکە ڕاستبێت یان نا, کەوا ئەو تاقمە پێشتر بۆردوومانی بارەگایەکی ئەمەریکییەکانیان کردووە لە فڕۆکەخانەی بەغدا و بە نیازیش بوون بۆردومانی ناوچەی سەوز بکەن, بەڵام کاردانەوەکانیان لە دوای پرۆسەی دەستگیرکردنەکە دەریخست ئەوانە ملکەچی یاسا نابن و بەڵکو هەرکات بیانەوێ چاڵێنجی دەوڵەت دەکەن. هەڵسوکەوت و مامەڵەی حەشد لەگەڵ ڕووداوەکەدا بەڵگەی نەک هەر سەلماندنی هاویشتنی موشەکە بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بەڵکو هەرکات پێویستیکرد بە ئاىشکرا و ڕۆژی ڕووناک ڕووبەڕووی سەروەری وڵات دەبنەوە.

،،
‎هەنگاوەکەی کازمی لە دژی حیزبوڵا, ئەگەر ئامانجەکانیشی وەک خۆی نەپێکابێت بەڵام لە چەندین لاوە قازانجی دەبێت و کۆمەڵیک سیگناڵی تێدایە کە بەسودی کابینەی تازە دەشکێتەوە, بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەگەر بە ڕەواڵتیش بێت ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی حکومەتی بەغدا بە ئاراستەی دەرچوون لەژێر هەژموونی ڕەهای ئێران و پەیامێکە بۆ هێورکردنەوەی شەقامی ناڕازی عێراق,

کە خودی کازمی و کابینەکەی بەرهەمی خوێن و ڕەنجی ئەوانە و دژایەتی ئەو گروپانە و هەڵکوتانە سەر بارەگاکانیان دروشم و ئامانجی سەرەکی رەوتی ناڕازی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردوو بوون. لەلایەکیترەوە, کازمی وەک ڕوخسارێکی نامەزهەبی و زیاتر لێبڕاڵ دەردەکەوێت بۆیە لە ئێستادا تا ئەندازەیەکی باش لە نێو شەقامی سونییدا قەبوڵکراوە. ئەم جۆرە مانۆەڕەش لە دژی گروپەکانی حەشدی شەعبی دڵخوازی بەرەی سوننی دەبێت و ئەشێ جۆرێک لە ئومێدی لەسەر هەڵبچنن بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ململانێی تایەفی و مەزهەبی کە چەندین ساڵە بەرۆکی عێراقی گرتووە. هەرچی کورد و هەرێمی کوردستانیشە هەرچەندە پێش دروستبوونی حەشدیش تا ئەندازەیەک کێشەی قوڵی دەستوری و سیاسی لەگەڵ ناوەندا هەبووە زۆر چاوی لەو جۆرە کار و کردەوانە نیە و پێی وایە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا ڕیشەی قوڵتریان هەیە و وەک پێکهاتەیەکی سەربازی جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان حەشد و سوپای عێراقیدا لە هەمبەر هەرێمی کوردستان نیە, بەڵام بونی ئەو دەسەڵاتە فراوانەی ئەو گروپە ناڕێکخرا و مەزهەبییانە هێندەی تر ئەرکی پێکهاتەی کورد لە عێراقدا قورستر دەکات. لەکاتێکدا ئەو گروپانە هەر بەناو لەژێر فەرمانی حکومەتتدان و زیاتر لەدەرەوە ئاراستە دەکرێن و ئەجێندای دەرەکی جێبەجێدەکەن. هەر پەیوەست بە هەرێمەوە, وێڕای سیاسەتی بەغدا وەک عەقلیەتی مەرکەزی, بەڵام ئەمجۆرە گروپانە هەر لەو ماوە دیاریکراوەی دروستبوونیانەوە چاودێر و فشار بوون بەسەر مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێم و هەمیشە دنەی بەغدایان داوە بۆ سازش نەکردن لەگەڵیدا.سەرباری ئەمانەش لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی, دەستبردن بۆ دۆسیەی حەشدی شەعبی بە هەر بیانوویەکەوە بێت بەدڵی ئەمەریکا, تورکیا و سعودیە و هاوپەیمانەکانیشی دەبێت. چونکە پاساوەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کە گوایە ئەو گروپە لە پشت چەند کارێکی موشەکبارانکردنەوەبوون هەر چەندە ڕەواش بێت ئەوا پێشتریش هەبووە و کراوە و بەڵام کابینەکانی تر هەنگاوی وەهایان نەهاویشتووە. دەکرا کازمیش ئەگەر بیویستایە, بە دانوستان و کۆبونەوەی ئەمنی دۆخەکەی چارەسەربکردایە, بەڵام هەرچەندە ئامانجە ڕاستەقینەکانی پرۆسەکە گرنگبێت بۆ کازمی و کابینەکەی ئەوا نمایشکردنی کردەوەکەش هێندە گرنگە بۆ ڕازیکردنی ئەو ئاراستەیە و ئەو فاکتەرانەی بوبەهۆی لەکارخستنی کابینەکەی عەبدولمەهدی.

‎دوواجار ئەوەی دەمێنیتەوە ئەوەیە, مانۆڕەکەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بۆ دەستگیرکردنی چەکدار و سەرکردەکانی حەشدی وەلائی, بەریەککەوتنی دوو دید و دوو بەرەی گەورەتری سەر گۆرپانەکەیە. بەمجۆرە هێشتا ڕوون نیە کێ براوە دەبێت و هێشتا دیار نیە کە ئەمجۆرە زۆرانبازیە بە لیکتێگەشتن چارەسەردەبیت یان بەردەوامدەبیت. بەڵام بەلای کازمی و هەموو دۆست و نەیارەکانیشیەوە ڕوونە, ڕووبەڕوبونەوەی ئێران سەرکێشییەکی مەترسیدارە ئەگەر بێتو لە سنوری خۆی دەربچێت. چونکە هێشتا هەموو ئەو هێز و ڕەوتە نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەی کە دژی ئێرانن بە دیاریکراوی لەسەر گۆڕەپانی عێراق ناتوانن بەبێ ئێران گەرەنتی سەرکەوتنی هیچ کابینە و حکومەتێک بکەن لە عێراقدا. لە باشترین ڕەوشیدا ئەوەی کازمی بتوانێت بیکات تەنها هاوسەنگکردنی ڕۆڵی ئێران دەبێت نەک نەهێشتنی یان سپاردنی عێراق بە ئەمەریکا. وە دانانی سنورێکە بۆ سەرکێشیەکانی هەندێک لەو گروپە کاتیۆشا ھاوێژانە کە بە هەڵسوکوتەکانیان ئاستەنگ و سەرێشە بۆ ئەجیندای حکومەت دروست دەکەن و مەسیجێکە بۆئەوەی تاران لە کەناڵی فەرمی و لەڕێگەی حکومەتەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدادا بکات و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بدەن. بۆیە دەبێت لێرە بەدواوە ئێران لەوە تێبگات کە عێراق و ناوچەکەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چیدی عێراق بەتەنها ئەو مەیدانە نیە بە ئارەزووی خۆی ئەسپی تێدا تاودات. خوێندنەوەیەکی ووردتر بۆ پێشهاتەکان بکات کەوا ئەو ڕۆڵەی لە ڕابوودوودا نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناویندا گێڕاویەتی, یارمەتیدراوە, بەدیوێکی تردا, بەرژەوەندی هێزی تری تێدابووە کە ئەمەریکا و ئیسرائیلە. بەڵام بەلاوازبوونی بلۆکی سوننی و پاشەکشەکردنیان لە هاوکێشەکاندا, ئیتر دەبێ ئێرانیش بوەستێت و میحوەرێکی ئەو ڕاگرتنەش عێراقە.