كازمی و ئاڕاستەكانی سیستانی و موقتەدا سەدر

كازمی و ئاڕاستەكانی سیستانی و موقتەدا سەدر

269 خوێندراوەتەوە

د. ئیدریس کاریتانی

هەرچەندە عێراق ئاڵۆزترین گۆڕەپانی سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی دەست تێوەردانی وڵاتانی ناوچەكەو جوگرافیاو پێكهاتە جیاوازەكانی و ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران، ئاراستەی دروست لەم وڵاتە ئەوەندە ئاسان نییە، بۆ هەر هەنگاوێك دەیان و سەدان بەربەستی سیاسی و تایفی رێی پێدەگریت، بەڵام هەڵکەوتەو كەسایەتی كازمی وانیشان دەدات كە عێراق بەرەو مەركەزیەتێكی بەهێز ببات

.

ئەوەی لە عێراق دەوری سەرەكی دەگیرێت و جۆرێك لەستراتیجیەت و قەزیەی بەدەستەوەیە لەئێستادا موقتەدا سەدرە، قەزیەكەشی بریتیە لە بەعێراقی و بەعەرەبی بوونی هێزو حكومەت و دام و دەزگاكانی، بۆ نموونە هەر لەسەرەتاوە هەر بابەتێك لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێم باس كرابێ‌، قسەی ئەو ئەوەیە ئێمە لەگەڵتاندا باش دەبین و نامانەوێ مووچە ببرێن، بەڵام دەبی عێراق یەك پارچە بێ‌، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەواوی گوتارەكانی تەنانەت لەگەڵ ئیرانیش

،،

هەمان وەڵامی هەیە و داوای بەعێراقی بوون و عەرەبی بوون دەكات، هەروەها پێیوایە دەبێ حەشدی شەعبیش سەر بەعێراق و عەرەبی بێ نەك فارس و ئێران.

لەبەرامبەردا مالكی و عامری و خەزعەلی و ئەوانی تر زۆر گرفتی ئەوان عێراق نییە، بەڵكو ئەو ئەجێندایانەیە كەپێیان سپێردراوەو هیچ ستراتیج و كەیسەكیشیان نیە بۆ عێراقیەكان، ئەمە وایكردوە ئەمانە لەلایەن گەلی عێراقەوە زۆر بوغزێنراون و بە دەستی ئێران لەقەڵەم دەدرێن.

لەبەرامبەردا موقتەدا سەدر هەر كات بیەوێ خەڵك دێنێتە خۆپیشاندان و داوای عێراق و عێراقی بوون دەكات و داوای دەركردنی ئەمریكاو ولاتانی بیگانە دەكات.

ئەم كەیسەی موقتەدا سەدر سیستانی لەگەڵیەتی، بەبریاری سیستانی حەشدی شەعبی دروستكرا دواتر بەتەواوی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی ئێران و تەنانەت فەتواش لەوانەوە وەردەگرن، ئەمەش وایكردوە سیستانی هەمان داوای سەدری هەبێ بۆ لاوازكردنی حەشدی شەعبی و گێڕانەوەی بۆ سەر عێراقی بوون و عەرەبی بوون.

كازمی و ئاراستەكانی سیستانی و موقتەدا سەدر

ئەم دوو ئاڕاستەیەی سیستانی و موقتەدا سەدر زۆر گونجاو و هاوئامانجە لەگەڵ داخوازییەكانی كازمی، كە بەسروشت كازمی كەسێکی خاوەن بریاڕ دیارە و ئەمریكاو تەنانەت سەرۆكی عێراق كە بەرهەم ساڵحە هاوكاری دەكات، گەورەترین گرفتی كازمی لەعێراق ئابورییە ئەمریكا بە جۆرێك لەجۆرەكان خاوەنی بانکی ناوەندی عێراقیە و ئابلوقەی ئابووری لەسەر عێراق دانانی، بەڵكو هاوكاری دارایشی دەكات، ئەمەیان عامیلێكی هاوكارییە بۆ كازمی و لەولاشەوە ئەمریكا هەوڵی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەدات، ئەگەر لەئێستادا كازمی ئەم هەنگاوانە بهاوێژێ ئەمە ئەمریكا هاوكار دەبێ‌.

كەواتە سیستانی و موقتەداو ئەمریكا هاوكاری پرۆژەكەی كازمین، بەسادەیش تەماشاكەین شیعەی عێراق و سونەو تەنانەت كوردیش نایانەوێ ئێران لە عێراق دەستی باڵای هەبێ، لەم خۆپیشاندانانەی دوایی زۆرینەی خەڵكی عێراق دژی هێزی دەرەكی بوون و زۆربەی بارەگاو قونسوڵیەكانیان سوتاند، ئەمەش عامیلێكی زۆر گونجاوە بۆ بەمەركەزی كردنی عێراق لەلایەن كازمیەوە.


كازمی و كورد

كورد لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ پێگەیەكی یەكجار بەهێزی هەبوو، لەنوسینەوەی دەستورو ئیدارەدانی دەزگاكانی رۆڵی سەرەكی بینی، تابەشێكی زۆر لەپۆستە سیادییەكانی پڕ كردەوە، دەوڵەتانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت گەلی عێراقیش قەبوڵیان كرد، كە كورد هاوبەشی سەرەكی بێت بۆ بونیات نانی هەرێمێکی بەهێز لەچوارچێوەی عێراقی فیدرال، دواتر بەهۆی ململانێی تایفی نێوان شیعەو سونە، هەروەها ململانێی دەوڵەتانی دراوسێ و دەوروبەری عێراق بەتایبەتی ئەمریكاو ئێران و هەژمونیان لەسەر دەوڵەتی عێراق، عێراقی توشی سەدان كێشەی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و بوارەكانی تر كردەوە ، بەم هۆیەشەوە مەركەزیەتی عێراق زۆر لاواز بوو، نەیتوانی وەك پێویست چاودێری هەرێمی كوردستان بكات، بەپێی دەسەڵاتەكانی دەستوری مامەڵە لەگەڵ هەنگاوە ناراست و نایاسایەكانی هەرێم بكات، لەولاشەوە هەرێم سەرمایەیەكی نەوتی زۆری لەبەر دەستدا بوو، چوكە لەهاتنی بوجەو پارەیەكی زۆری حكومەتی عێراقی بۆ هەرێم، ئەمانە وای كرد گەورەترین دەرفەت بۆ حكومەتی هەرێم برەخسێ‌ تا هەرێمێکی بەهێزی سیاسی و ئابووری و ئیداری دروست ببێ‌، بەڵام بەهۆی تێوەگڵانی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت و خراپی ئیدارەدان و لەسەرووی هەموشیانەوە دەست تیوەردانی حیزب لەحكومەت ، ئەم هەریمەی تووشی دەیان قەیران كردووە، خەریكە نەتوانێ لێی دەرچێ‌، قەیرانی ئابووری و سیاسی زاڵبوە بەسەر حكومەت و بەتەواوی لاوازی كردوە.

،،
ئێستا كازمی نایەوێت وەك كابینەكانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات، دەیەوێ مەركەزیەت بۆ عێراق بگێڕیتەوە، بەپاڵپشتی ئەمریكا ، كاتێك عێراق ئارامی سیاسی و ئەمنی نەبو ئەمریكا زۆر گرنكی بەهەرێم دەدا

بەڵام هەركات عێراق سیادەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە ئەمریكا گرنكی زیاتر بەعێراق دەدات، لەئێستادا ئەم ئاماژانە بەئاشكرا دیارن، وەفدەكانی هەرێم زۆر بەلاوازی رویان لەبەغدایەو ئەمریكا لایەنگری هەرێم نیە وەك جاران، پەرتەوازەیی و دوبەرەكی و گەندەڵی و باڵباڵێن و بەهەدەر دانی ماڵ و سامانی گشتی هەرێمی ئەوەندە لاواز كردووە، ناتوانێ روبەڕووی چاكسازیەكەی كازمی ببێتەوە. بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كازمی سزای زۆر سەختی هەرێم بدات.

بەپێی ئەم روداوانەی ئەم چەند رۆژەی حكومەتی كازمی حەشدی شەعبی و ئەوانی تر پێمان دەڵێت كازمی بەرەو عێراقێكی مەركەزی بەهێز دەبات.