چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ی بندیواره‌كان

چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ی بندیواره‌كان

407 خوێندراوەتەوە

د. كامه‌ران مه‌نتك

زاراوه‌ی بندیواره‌كان، زاراوه‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ زمانی كوردی و له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی ئێراق هێزه‌كانی عه‌شایری سووك، واته‌ فه‌وجی جاشه‌كانی تۆمار ده‌كرد، جێگای خۆی كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌و كه‌سانه‌ ده‌گوترا، كه‌ له‌پێناو پاراستنی خۆیان ناویان لای سه‌رۆك جاشه‌كان تۆمارده‌كردو ده‌وامیان نه‌ده‌كرد، به‌رامبه‌ر ئه‌وەش‌ سه‌رۆك جاشه‌كه‌ مووچه‌كه‌یانی بۆخۆی ده‌گێرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایاندا بوو، كه‌سی بندیوار ده‌یتوانی له‌ لایه‌ك ژیانی خۆی بپارێزت و نه‌چێته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سوپای ئێراق، هاوكات بۆخۆی ده‌یتوانی كارێكیش بكات، سه‌رۆك جاشه‌كه‌ش مووچه‌یه‌كی بۆخۆی وه‌رده‌گرت و له‌پاڵ ئه‌مه‌ش چه‌ندانی تری به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی تۆمارده‌كردو مووچه‌كانیانی وه‌رده‌گرت، له‌راستیدا ئه‌م كه‌لتووره‌ له‌مێژووی كوردا شتێكی نوێ نیه‌، ئینگلیزه‌كان له‌سه‌رده‌می شێخ محمود، ئامۆزایه‌كی شێخیان، كه‌ قائمقامی ناوچه‌ی رانیه‌ بوو، به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد، كه‌ به‌زاراوه‌كه‌ی ئێستا زیاتر له‌ بیست بن دیواری هه‌بوو!

،،

دوای راپه‌ڕین ئه‌و كه‌لتووره‌ له‌رێگای ئه‌و سه‌رۆك جاشانه‌وه‌ هاته‌وه‌ ناو كایه‌كانی كۆمه‌لگای كوردی، جاشه‌كانی دوێنێ، ئه‌مڕۆ به‌ناوی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ قۆناغی شه‌ری ناوخۆ ناوی خه‌ڵكیان وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ده‌نووسی و مووچه‌كانیان بۆ خۆیان وه‌رده‌گرت، ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ئه‌وانه‌شی گرته‌وه‌، كه‌ به‌خۆیان ده‌گوت پێشمه‌رگه‌ و ئه‌م په‌تایه‌ به‌خێرایی هه‌موو شوینیكی گرته‌وه‌، له‌ناو سوپاو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌ره‌كان.


حزبه‌كانی كوردی ئه‌و بندیوارانه‌یان بۆ خزمه‌تكردنی خۆیان به‌كارهێناوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی، زۆربه‌ی ئه‌و بندیوارانه‌ش له‌كادیرو لایه‌نگرانی حزبه‌كانن، بۆ نمونه‌ له‌ كاتی ده‌نگدانه‌كاندا ده‌نگیان پێساخته‌ده‌كردن و هه‌موو كارێكی بیانویستبوایه‌ پێیان ده‌كردن، واته‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وانه‌ خزمه‌تێكیان پێشكه‌ش به‌و حزبانه‌ كردووه‌و ده‌كه‌ن، به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش، وه‌ك پاداشتێك ئه‌و حزبانه‌ به‌ مووچه‌یه‌كی بندیوارچاكه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گیرفانی خۆیان نا، به‌ڵكو له‌گیرفانی حكومه‌ت، كه‌ ئه‌مه‌ باری بۆجه‌ی حكومه‌تی تا راده‌ی شه‌كه‌تكردن، شه‌كه‌تكردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی ده‌هاته‌ كوردستان كێشه‌ی ئه‌وانه‌ زه‌ق نه‌ببوه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ هاته‌ به‌رباس، كاتێك هه‌رێم دووچاری قه‌یرانی دارایی بووه‌وه‌، ئێستا ئه‌وانه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ن، له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كانی كوردستان له‌ پاڵ چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی راسته‌قینه‌ به‌ده‌یان فه‌رمانبه‌ری له‌و شێوه‌یه‌ هه‌یه‌، كه‌ ناویان هه‌یه‌و مووچه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام نه‌ده‌وام ده‌كه‌ن و نه‌هیچ كارێكی فه‌رمی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ له‌ هه‌رێمێكی بچووكدا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ ملوینێك و چاره‌گێك ره‌تبكات، كه‌ ئه‌مه‌ هاوشێوه‌ی نیه‌ له‌هیچ وڵاتیكی تری دنیا.

كێشه‌ی بندیواره‌كان یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئیراده‌ی ئه‌وه‌ی نیه‌ ئازایانه‌و راشكاوانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكا، چونكه‌ ئه‌و بندیواره‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌ره به هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانن، ئه‌مه‌ وایكردووه‌، ئه‌و كێشه‌یه‌ ببێته‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی قووڵ له‌نێوان حزبه‌كانی هه‌رێم به‌ تایبه‌تیش له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی، كه‌ زۆرترین رێژه‌ی بندیواریان هه‌یه‌، تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ هیچ چاره‌سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بدۆزنه‌وه‌، جگه‌ له‌ چاره‌سه‌ریه‌كی نادادپه‌روه‌رانه‌، كه‌ له‌سه‌ر حیسابی فه‌رمانبه‌ری راسته‌قینه‌یه‌و بۆ رازیكردنی ئه‌و بندیورانه‌ و حزبه‌كانیان‌ غه‌در له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ئیداره‌كانی هه‌رێمن و سه‌نگی كاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان

،،

دیاره‌ ئه‌م چاره‌سه‌ریه‌ ره‌نگ بێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌رهاویشته‌ی مه‌ترسیداری لێبكه‌وێته‌وه‌.


چاره‌سه‌ر چیه‌؟

به‌رله‌هه‌موو شتێك ده‌بێت دان به‌راستیه‌ بنێین، كه‌ ئه‌و بندیوارانه‌ ئه‌و مووچه‌یان به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانیان به‌ حزبه‌كان وه‌رگرتووه‌و وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه‌ شێوازی ژیانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بنیاتناوه‌، ره‌نگ بێت بڕینی ئه‌و مووچه‌یه‌ ببێته‌ هۆی تیكدانی شیرازه‌ی زۆر خێزان، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی بندیواره‌كان له‌وانه‌ن، كه‌ ده‌ستیان ده‌ڕوات له‌ناو حزبه‌كان، یاخود ده‌ستیكیان له‌پشته‌و دۆخی ئابوریان باشه‌!، به‌ڵام ئه‌مه‌ پاساو بۆ بڕینی مووچه‌ی هه‌زاران كه‌س ناهێنێته‌وه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی حزبه‌كانه‌و ده‌بێت ئه‌وان خۆیان چاره‌ی بكه‌ن، دیاره‌ خه‌ڵكی ئاسایش هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا چ سه‌رمایه‌كیان به‌یه‌كه‌وه‌ نا، كه‌ ده‌توانن نه‌ك چه‌ند هه‌زار بندیوارێك، به‌ڵكو وه‌ك ده‌ڵێن گه‌لی چینیش به‌خیوبكه‌ن، بۆیه‌ باشترین ریگا بۆ چاره‌سه‌ری، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌و بندیوارانه‌یه‌ بۆ سه‌رحیزبه‌كان و له‌ هه‌وكی حكومه‌ت بكرێنه‌وه‌، پێویسته‌ حزبه‌كان حۆیان له‌ داهاته‌كانی خۆیان، كه‌ زۆر له‌داهاته‌كانی حكومه‌ت زیاتره‌، مووچه‌ی ئه‌وانه‌ بده‌ن، به‌م چه‌شنه‌ نه‌بێت كێشه‌ی بندیواره‌كان نه‌ك چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی و سه‌قامگیری ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه.