نەخشەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان

نەخشەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان

421 خوێندراوەتەوە

تەحسین تەها چۆمانی

تورکیا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا شتێکی نەوتووە کە دواجار نەیکات، و نەبێتە واقیع. نیگەرانییە( ئەمنییەکانی) تورکیا لە رۆژئاڤای کوردستان، بۆ دروستکردنی (ناوچەیەکی ئارام) سەرەتا، تەنها لەسەر ئاستی میدیاو گوتار و لێدوانی سیاسییدا پەرەی پێدرا، دواجار هێز کۆکرایەوەو بەهۆی خراپی رەوشی سوریاو جێبەجێکردنی تیۆری واقیعگەرایی لەلایەن ئەنکەرەوە، دوای شەڕێکی قورس، هێز، وەک تاکە فاکتەری شەڕەکە، هۆکاربوو بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام. تورکیا، شەڕی بەرژەوەندی خۆی دەکات، باری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ هەر کارێک کە بیەوێت قۆستۆتەوە.

،،

ئەنکەرە و ئەردۆغان لە رۆژئاڤای کوردستان، نیگەرانی ئەمنی خۆیان کردە واقیع.


ئێستا ئەوان روو لە هەرێمی کوردستانن، نەخشەیAhd_i Milli نەخشەی موریدی نەزەری تورکیایە، ئەوان بە بیانوی پەکەکە، هاوکات ئاسانی داخل بوونیان بۆ ناو خاکی هەرێم، دەیانەوێت ناوچەی ئارام بە درێژایی 30 کیلۆمەتر دروست بکەن، دروستکردنی ناوچەکە جێبەجێکردنی نەخشەی ناوبراو و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازی عوسمانلی نوێیە.


تورکیا بێ گوێدانە نیگەرانییەکانی عێراق، بۆ پێشێلکردنی خاکی وڵاتەکەی بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنە زەمینی و ئاسمانییەکانی دەدات. لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆک کۆماری عێراق، و لای خۆشیەوە حکومەتی عێراق، لێرەو لەوێ بە شێوەی پچڕ پچڕ، ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر ئەم پرسە دەربڕیوە. بەڵام تورکیا لە سەر زاری وەزیری بەرگریدا، دڵنیایی داوە لەوەی کە ئەوان رێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرن، بەڵام کۆڵنادەن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر پەکەکە.
تورکیا، هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئامانجەی کە دەیەوێت، ئەویش وەشاندنی گورزێکی کوشندەیە لە پەکەکە، بەڵام لە بەرامبەردا پەکەکە، رۆژانە رایدەگەیەنێت کە ئەوان گورزی کوشندەیان لە هێزە تایبەتەکانی تورکیا وەشاندووە.


ئەوەی کە بۆ تورکیا لە ئێستادا قورسە ئەوەیە کە رەنگە نەتوانێت بە تەنها و بێ هاوکاری عێراق و ئێران، رووبەڕووی پەکەکە بێتەوە. هشام الهاشمی، شارەزا و ئاگادار لە کاروباری نهێنی ئەمنی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوویدا لە یەکێک لە تویتەکانیدا رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە هەماهەنگی نهێنی و پەناکارانەی عێراقە.


تورکیا، بۆ زیاتر قایمکردنی پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، لە هەوڵی دروستکردنی بنکەو بارەگای زیاترە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تا ئیستا تورکیا نزیکەی ١٠ بارەگای، گەورەی سەربازی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە نێویشیاندا سێ هەزار سەربازی جێگیرکردووە.

،،

قسەکەی ئێستا بوونی ئەو نیگەرانیانەن کە ئەنکەرە و ئەردۆغان چاویان لێیەتی. نەخشە سورەکەی تورکیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان تا ویلایەتی موسڵی جاران، دەرخەری ئەو راستیەیە کە تورکیا تەنها بەدوای ئۆپەراسیۆنەکانیدا نییە بۆ سەر پەکەکە، بەڵکو ئەوەی تورکیا دەیەوێت، وزە و بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانە.


تا ئەم ساتە وەختە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیای بەجددی بە مەبەستی تر وەرنەگرتووە، شارەزایان و هەندێک سیاسیش لە هەرێمیش ئێستا باس لەوە دەکەن، کە هێرشەکانی تورکیا کاریگەری جیۆسیاسی لە هەرێمی کوردستان بە دیدەهێنن و ئەگەری داگیرکردنی کوردستان، وەک تەنها ناوچەی ئارام و خاوەن سیادەی خۆی، لە نێوان هەر چوار وڵاتەکەدا ئەگەرێکی نزیکە.

تورکیا، بۆ بە واقیعکردنی نەخشەکەی پێویستی بە زیاتر ساردبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، هەروەک پێویستی بە دەورەدان و مانەوەی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق و لەگەڵیشیدا کێشە دەرەکییەکانییەتی. بۆ تورکیا چەندە عێراق لە کێشەدا بێت، هێندە زیاتر دەرفەتە بۆ ئەوان کە شوێن پێگەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان قایم بکەن. چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغداد، بۆ ئەم ساتەوەختە مێژووییە، هەر بۆ پرسی موچە گرنگ نییە، بەڵکو لایەنە ئەمنییەکەی ئەو رێککەوتنە، هەڵبەتە ئەگەر هەرێم ئەوە بکات یەکێک دەبێت لە خاڵە گرنگەکان. لەلایەنی یاسایی و دەستوورییەوە، عێراق، نەک هەرێم دەتوانێت سەروەری خاکی خۆی بپارێزێت. هەرێم بە پەیوەندییە لۆکاڵیی و دۆستایەتییەی هەیەتی لەگەڵ وڵاتانی بیانی، مەگەر هەر وەک پرسی دوای ریفراندۆم پشتیوانی بکرێت. بۆیە بەر لەوەی ناوچەی ئارام لە باشووری کوردستان و نەخشەی ئەهدی میللی ببێتە ئەو واقیعەی تورکیا خەونی پپێوە دەبینێت، پێویستە هەرێم، روو لە بەغداد بکات و ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە.