پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
بۆ داڕشتنی چوارچێوه‌ی تیۆری بۆ بابه‌ته‌كه له زانستی سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ پرۆفیسۆر (پاتریك ئۆنێڵ، Patrick H. O'Neil) نووسه‌ری كتێبی (بنچینه‌كانی سیاسه‌تی بهراووردكاریی، Essentials of Comparative Politics) كه جیاوازیه‌كی گرنگ ده‌كات له نێوان سێ چه‌مكی (ده‌وڵه‌ت، رژێم، حكومه‌ت)دا
به‌م شێوه‌ى خواره‌وه:
یه‌كه‌م: (ده‌وڵه‌ت، State): ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و سیاسییه، ده‌زگایه‌كه مافی قۆرخكردنی به‌كارهێنانی هێزی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمێكی جوگرافی دیاریكراو، واته خاوه‌ن سه‌روه‌رییه. ده‌وڵه‌ت دابینكه‌ری ئاسایش و جێبه‌جێكاری یاساكان و پارێزه‌ری مافه‌كان و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ناكۆكیهكانه له كۆمه‌ڵگادا له رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی سوپا‌و پۆلیس و دادگا‌و باج و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه. واته ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كی شه‌رعی و به‌رده‌وام و پێویسته.
دووه‌م: (رژێم، Regime): كۆمه‌ڵێك یاسا‌و رێسا‌و پێوه‌ری بنه‌ره‌تیه، رژێم واته كرۆكی پرۆسه‌ى حوكمڕانی هه‌ر وڵاتێك، چونكه جیاوازی پێوه‌ره‌كانی حوكمڕانی ده‌بێته هۆی جیاوازی نێوان رژێمه‌كان، رێگه‌ى ئاسایی بۆ زانینی جیاوازیه‌كان بهراووردكردنی ناوه‌ڕۆكی ده‌ستووری وڵاته‌كانه، به‌ڵام زۆرجار پێوه‌ره‌كانی رژێمی حوكمڕانی له بونیادی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا جێگیره‌و له رێگه‌ى پیاده‌كردنی سیاسه‌ته گشتییه‌كانی حكومه‌ته‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
سێیه‌م: (حكومه‌ت، Government): حكومه‌ت بریتیه له ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی سه‌ركرده‌و به‌رپرس له به‌رێوه‌بردنی كاروباری ده‌وڵه‌ت. شێوازی گه‌شتنی ئه‌م ده‌سته‌بژێره به ده‌سه‌ڵات جیاوازه له دیمۆكراسیهتهوه تا هێز و پاشایه‌تی، هه‌ر حكومه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی بكات بە ناچاریی رووبه‌رووی رژێمی حوكمڕانی ده‌بێته‌وه، یان ئه‌وه‌یه پشتیوانی له رێسا‌و بنه‌ما كارپێكراوه‌كان ده‌كات، یاخود رێگه‌ی ریفۆرم و گۆڕانكاری ده‌گرێته‌به‌ر.
لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و پێناسه تیۆرییانه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌م و به چه‌ند خاڵـێك سه‌رنجی خۆم بخه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: بۆ روونكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌ت و رژێم و حكومه‌ت، ده‌توانین بڵێین: ده‌وڵه‌ت بریتیه له فۆرمی ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه یاساییه‌كان، رژێمی حوكمڕانی له كه‌لتوری ده‌سته‌بژێری سیاسی حوكمڕاندا جێگیره، حكومه‌تیش كه‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن له‌و دامه‌زراوانه‌دا، واته ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت (هارد وێر)ی ئامێرى كۆمپیوته‌رێك بێت، ئه‌وا رژێمی حوكمڕانی (سۆفت وێرە)، حكومه‌تیش بریتیه له كارپێكه‌ر یان به‌كارهێنه‌ری ئه‌و سوفت وێره له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره. ئه‌م جیاكاریه زۆر گرنگه بۆ تێگه‌یشتن و شیكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌كانی پرۆسه‌ى سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا.
دووه‌م: هه‌رچه‌نده پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت زیاتر عێراق ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رێژه‌یی راسته به ره‌چاوكردنی دۆخی هه‌رێم وه‌ك به‌شێك له ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق، بۆیه كاتێك باسی قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، واته: بوونێكی ده‌ستووریی، دامودهزگاو ده‌سه‌ڵاته‌كان، شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له چوارچێوه‌ى عێراقدا. له‌م روانگه‌یه‌وه بێگومان پێویسته وه‌ك كوردێك پشتگیریی و به‌رگری له هه‌رێم بكه‌ین وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری و یاسایی به‌رده‌وام كه نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان ده‌كات له‌سه‌ر به‌شێك له خاكی كوردستان، كه ئه‌نجامی به‌رهه‌می خه‌بات ده‌یان ساڵ و خوێنی هه‌زاران شه‌هیده.
سێیه‌م: ناسنامه‌ى رژێمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا بریتیه له بیروباوه‌ڕی سه‌ركرده‌و به‌رنامه‌ى سیاسی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به پرسه سیاسی و ئابوریه‌كانی هه‌رێم كه چه‌ندین ساڵه له بڕیار‌و سیاسه‌ته گشتییه‌كاندا به‌رجه‌سته بووه. ئه‌وه‌ى به‌ڕوونی دیاره ناسنامه‌ى رژێمی حوكمڕانی له هه‌رێمدا له قه‌یرانێكی قوڵدایه، تا ئێستا ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی راسته‌قینه وه‌ك كورد بوونی نییه، له‌شكرێكی نیشتمانی له سه‌روو حیزبه‌وه له خه‌یاڵ نزیكه، نه تیۆرێكی سیاسی و ئابوری ڕوون، نه پرۆژه‌یه‌ك بۆ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه میكانیزمێكی روون و شه‌فاف بۆ كۆكردنه‌وه‌ى و دابه‌شكردنی داهاتی گشتی بوونی نییه به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و كاری كۆمپانیاكان.
چواره‌م: یه‌كێك له كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی لاوازیی بونیادی هه‌رێمه‌وه، سنووری نێوان قه‌واره‌ى هه‌رێم و رژێم و حكومه‌ت نه‌ماوه‌و هه‌مووی به حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی كراوه، بێگومان هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارو خاوه‌ن نفوز (پارتی و یه‌كێتی) به پله‌ى یه‌كه‌م به‌رپرسن له‌م تێكه‌ڵكردن و لاوازكردنه، به‌ڵام رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی راسته‌قینه ئه‌وه‌نییه قه‌واره‌كه‌ش بكرێته قوربانی گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی پاوانخوازی ئه‌وان، مه‌ترسی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه كه جیاكردنه‌وه‌ی قه‌واره له پێوه‌رو سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانی رژێم و حكومه‌ت بۆ خه‌ڵك ئاسان نییه‌و ئه‌وه‌نده‌ش مه‌ینه‌تییان چه‌شتووه ئاماده‌نین ئه‌م حسابات و جیاكارییه بكه‌ن.
پێنجه‌م: ئه‌وه‌ى كه زۆرینه‌ى هاوڵاتیانی هه‌رێمی به ده‌نگده‌رانی حیزبه دهسهڵاتدارهكانیشهوه نیگه‌ران كردووه، بریتیه له ناعه‌داله‌تی رژێمی حوكمڕانی و نا شه‌فافی له كۆكردنه‌وه‌و دابه‌شكردنی داهاتهكاندا، حكومه‌تیش له بری ئه‌وه‌ى ببێته ده‌زگای دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بینین وه‌ك ده‌زگایه‌ك كاریكردووه بۆ دابینكردنی پشك پشكێنه‌ى حیزبه به‌شداره‌كان و قوڵكردنه‌وه‌ى ئینتیمای حیزبی و ناوچه‌گه‌رێتی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵ و بنه‌ماڵه‌و خێزانه سیاسییه باڵاده‌سته‌كان، دوور له ره‌چاوكردنی شایسته‌یی و لێهاتوویی. له‌به‌رئه‌وه چه‌ند پێویسته پشتگیریی له قه‌واره‌ى هه‌رێم بكرێت به هه‌مان ئه‌ندازه پێویسته ره‌خنه‌ى توند ئاراسته‌ى (نادادییهكانی رژێمی حوكمڕانی و سیاسه‌تی قۆرخكاری حیزبی و ناشه‌فافیه‌تی داهات و دابه‌شكردنی كوردستان بۆ چه‌ندین زۆنی نفوز‌و نه‌بوونی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو) بكرێت.