چەکە بێدەنگەکان بۆ بردنەوەی جەنگێکی سارد

چەکە بێدەنگەکان بۆ بردنەوەی جەنگێکی سارد

430 خوێندراوەتەوە

د. هەڤین کەمال

لەساڵی (١٩٨٦) دا بەڵگەنامەیەکی زۆر نھێنی و زۆر گرنگ دۆزرایە بە ڕێکەوت، ئەم بەڵگەنامەیە بەناونیشانی (silent weapons for quiet war) بوو، کە بەرواری نووسینی دەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ و بەشێوەی نامێلکەیەک بوو . کاتێک شارەزایان پشکنینیان بۆ کرد بۆیان دەرکەوت ئەم نامیلکەیە لەلایەن ھەندێ بازنەی لوتکەی دەسەڵات و سەرمایەدارە جیھانییەکان و ھەندێ شارەزا و خەبیر لەبوارە جیاوازەکاندا دانرابوو.

،،

لەم بەڵگەنامەیەدا باس لەو خاڵانە کرابوو کەبەھۆیەوە دەتوانرێت گەلە جیاوازەکان و کۆمەڵگا تازەکانی مرۆڤایەتی مل کەچبکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت لەلایەن سیستمی سەرمایەداری جیھانی ھاوچەرخ و وڵاتە زلھێزەکانەوە.

لەژێر ڕووناکی ئەم بەڵگەنامە نھێنییەدا، بیرمەند و فەیلەسوف و زانای زمانەوانی ئەمریکی (ناومی تشومسکی) ھەڵسا بە دانانی (دە ستراتیژی ) کەتیایدا ڕوونی کردەوە چۆن ئەم ستراتیژیانە بەکاردەھێنرێت لە لایەن ھەڕەمەکانی دەسەڵات و سەرمایەدارە جیھانیەکانەوەو ئەوانەی خاوەنی کۆمپانیا فرە نەتەوەکانن (مڵتی ناشناڵەکان) ، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جیھان و سیاسەتی نێودەوڵەتی، وەچۆن ئەم بازنانە دەتوانن کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بەکاربھێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

لێرەدا باس لەو دە ستراتیژیە دەکەین و ئاماژە دەدەین بەھەریەکەیان و ڕوونی دەکەینەوەو بەراوردیشی دەکەین بەژیانی ڕۆژانەی ئێستایی تاک لە کۆمەڵگاکانی جیھانی سێھەمدا.

ئەو دە ستراتیژیە کامانەن کە ( ناومی تشومسکی) باسی کردووە.

١- ستراتیژی خافڵاندن:
ئەویش بەخافڵاندنی کۆمەڵگا بەشتی لاوەکی و بێ نرخ و چێژ بەخش، و دوورخستنەوەی لە کێشە سەرەکیەکان و ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی لەدەوری ڕووئەدات، ئەمەش تاکێکی بێئاگا و ڕووکەش دروست دەکات، کەھیچ پێشبینیەکی نیە بۆ دواڕۆژی خۆیی و کۆمەڵگاکەشی . (بۆ نموونە کە هەموو کۆمەڵگا مەشغوڵ دەکرێت بە خانمێکی جوانەوە کە چا دەفرۆشێت و کاردەکات.

٢- ستراتیژی دروستکردنی کێشە، پاشان دۆزینەوەی چارەسەر:
ئەم ستراتیژیە کەناسراوە بە ( کێشە، کاردانەوە، چارەسەر ) ، لەم ستراتیژیەدا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا کێشەیەک دەھێننە پێش چاوی خەڵک، و فکر و بیری جەماوەر ئاراستە دەکەن بەلای کێشەکەدا، وا لەجەماوەر دەکەن کاردانەوەیەکی لە ڕادەبەدەری ھەبێت بۆ کێشەکە و داوای چارەسەری بۆ بکەن ، پاشان دەسەڵات یاخود سەرمایەدارێک خۆی دەکات بە خاوەنی کێشەکەو چارەسەر پێشکەش دەکات.

٣- ستراتیژی پلە بە پلە و درێژکردنەوە:

ئالێرەدا ئایدیای نیولیبرالی وەردەگرین کەلەگەڵیدا ڕێژەیەکی زۆر بێکاری و ناھەوسەنگی دروست کرد لە ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگاکانی زۆربەی وڵاتانی جیھان، ئەگەر ئەو گۆڕانکاریانە پلە بە پلە و بەپێی پلان نەبوایە لەوانەیە کاردانەوەیەکی جەماوەری زۆری دروست کردایە و ھەندێکجار بە شۆڕشێک کۆتایی بھاتایە، بەڵام کاتێک ھەنگاو بەھەنگاو و بە بەرنامەیەکی درێژخایەن ئەنجام دەدرێت و چەند ساڵێک دەخایەنێت ئەنجامدانی پڕۆسێسەکە، کۆمەڵگا ھێمنانە کاردانەوەی دەبێت بۆ ئەو بڕیار و پڕۆسێسانەو ملکەچ دەبێت بۆی.
بۆ نموونە : ( کاتێک مووچە کەمدەکرێتەوەو دەبڕێت ، یاخود ڕێژەیەکی زۆر خەڵک لەسەر کارەکەیان لادەبرێن و بێکاری بڵاودەبێتەوە ) ئەگەر بڕیارەکان بەرەبەرە و بەپێی پلانێکی درێژخایەن بێت کاردانەوەی جەماوەر ھێمنانە تر دەبێت بۆ بابەتەکە. ئێستاش بە ڕوونی ئەو حاڵەتە دیارە هیچ کەس کاردانەوەیەکی کاریگەری نییە بۆ کەمکردنەوەی مووچە.


٤- ستراتیژی دواخستن:
ئەمیش ستراتیژیەکە کەپەنایی بۆ دەبرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ بەدێھێنانی ڕەزامەندی بۆ ھەندێک بڕیاری ناپەسەند لەلایەن جەماوەرەوە لە ئایندەدا، لەم ستراتیژیەدا یاری بە کات دەکرێت بە تەواوی، جەماوەر وا لێدەکرێت بڕوای وابێت ( کە بێگومان بەیانی باشتردەبێت لە ئەمڕۆ ) ، بۆیە ھەندێ بڕیار با ئازاربەخشیش بن و ناپەسەند بن لە لایەن جەماوەرەوە لە ئێستادا، بەڵام زەڕوورەتەو قازانجە لە دواڕۆژدا، مەرجیش نیە ئەمە ڕاستی بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە جەماوەرقایل کەیت بەو بڕیارەی کە دەسەڵات دەیەوێت . قوربانیدانێک لە ئایندەدا ھەمیشە ئاسانترە لە قوربانیدان لە ئێستادا بۆیە جەماوەر بە ئاسانی ملکەچ دەکرێت بۆ ئەو جۆرە بڕیارانە.

٥- ستراتیژی گفتگۆکردن لەگەڵ جەماوەر وەکو کۆمەڵێک مناڵ:
زۆربەی ئەو ڕیکلام و بەرنامانەی پێشکەش دەکرێت لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەبارەی بابەتە جیاوازەکان ، شێوازێکی منداڵانەو گاڵتەجاڕانەی ھەیە بەبیرو ھۆشی بینەر، بینەر وەک مناڵێک یاخود بیرکۆڵێک سەیردەکات و لەو گۆشەیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەمەش وادەکات بە تێپەڕینی کات جەماوەریش ڕیئەکشن و کاردانەوەی بۆ ئەو ڕیکلامانە یاخود بەرنامانە کاردانەوەیەکی منداڵانەو بێ فکر و دوور لە ڕەخنە بێت . ( ئەمە زۆر بەڕوونی دەبینرێت لەھەندێک ڕیکلام بۆ کەرەستەکانی ماڵ یاخود چا ...ھتد یاخود ھەندێک بەرنامەی بە ناو پەروەردەیی . )

٦- ستراتیژی جووڵانی ھەست و سۆز لەبری بیر و ھۆش :

ئەمەش ڕێگایەکی کلاسیکییە بۆ پەکخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لێکدانەوەی مەنتیقی تاکەکان ، ئەویش بە بەکارھێنانی ھەندێک وشەو تێکستی سۆزداری و عاتیفی لە کاتی باسکردن و لێکۆڵینەوەی بابەتەکانی ڕۆژ و کێشە سەرەکیەکان بە جۆرێک جەماوەر لەبری ئەوەی بیر و فکری بەکاربێنێت، ھەست و سۆزی بەکاردێنێت بۆ ھەڵسەنگاندنی کێشەکان.
یاخود باسکردنی ئەو شتانەی لای مرۆڤەکان پیرۆزن و ڕەخنەگرتن لێیان بڤەیە ، وەکو( ئاین ، کولتوور ، نەریت ، شوناس ) کەوا دەکات کاردانەوەی جەماوەر بێئاگا و سۆزدارانە بێت و دووربێت لە بیرکردنەوەو فکر.

٧- ستراتیژی ھێشتنەوەی زۆرینەی گەل بە نەخوێندەواری و گەمژەیی:
ئەم جۆرە ستراتیژیە ئەو نایەکسانیەو ناھاوسەنگیەی سیستمی سەرمایەداری جیھانی دووپات دەکاتەوە ، کەوا لەجەماوەر دەکات بێئاگا بێت لەو ستراتیژی و ڕێگایانەی بەکاردێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ملکەچکردنی.

ئەمیش لەو کاتەوە دەستپێدەکات کەجیاوازیەک دروست دەکرێت لە جۆر و کوالێتی ئەو خوێندنەی پێشکەش بە خەڵکی عەوام دەکرێت بە بەراوورد بە نوخبەو سەرمایەدار و پیاوانی دەسەڵات . ( منداڵی نوخبەو سەرمایەدارەکان لەباشترین خوێندنگا ئەھلیەکان دەخوێنن و بە چەندەھا زمانی بیانی ، منداڵی خەڵکی سادە و عەوام خراپترین کوالیتی خوێندنی پێشکەش دەکرێت ) .


٨- ستراتیژی ھاندانی جەماوەر بۆ دەستخۆشیکردن لە شتگەلێکی بێ بەھاو بێنرخ:

لەم ستراتیژیەدا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەرپرسن لە خراپبوونی تێڕوانین و زەوقی گشتی بۆ بابەتەکان ، ئەویش بە جوانکردنی شتە بێ بەھاو بێ فکرو بێنرخەکان لەبەرچاوی بینەر ، بۆ نموونە ( کاتێک نمایشکارێک یاخود بەندبێژێک ..ھتد ، دەھێنرێتە سەر شاشە و وەکو سیمبوڵێکی سەرکەوتن و پڕ بەھا ئاماژەی پێدەکرێت لەبەرچاوی بینەردا ، لەبری ھێنانی بیرمەندێک یاخود پزیشکێکی سەرکەووتوو ، یاخود زانایەک ).

٩- ستراتیژی ھەستکردن بە ئازاری ویژدان لەبری یاخیبوون:

لەم ستراتیژیەدا تاک والێدەکرێت بەردەوام ھەست کات کە خۆی بەرپرسە لە ئازار و ناخۆشیەکانی ، ( بەر پرسیاریەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی زیرەکی و تواناکانی وەکو تاکێک ) ھەر بۆیە لەبری ئەوەی یاخی بێت دژ بە سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵات و ھەوڵ دات بۆ باشتر کردنی ژیانی، ملکەچ دەبێت بۆ واقعەکەی و مرۆڤێکی بێئومێد و خەمۆک بەرھەم دێت، کەئەمەش کۆمەڵگایەکی داخراو و خەمۆک و بێدەسەڵات دروست دەکات.

١٠- ستراتیژی ناسینی تاکەکان زیاتر لە خۆیان:

لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا و بەھۆی ئەو پێشکەوتنە بەرچاو و خێرایەی ڕوویداوە لە تەکنەلۆژیاو لە بوارە جیاوازەکانی زانست دا ، (وەکو زانستی زیندەوەرزانی بایۆلۆژی، نیورۆلۆژی دەمار و مێشک ، سایکۆلۆژی و دەروونزانی شیکاری ) و بەپشت بەستن بە کەسانی شارەزاو پرۆفیشناڵ لەم بوارانەدا.
ھەرەمەکانی دەسەڵات لە جیھان دا و وڵاتە زلھێزەکان و سەرمایەدارەکان ، دەتوانن زانیاری لەسەر تاک کۆکەنەوەو بەکاریبھێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بە جۆرێک کە دەسەڵات کۆنترۆڵی تاک دەکات و زیاتر لەخودی خۆیی دەیناسێت و بەپێی ئەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات .
ئەم دە ستراتیژیەی تشومسکی باسیکردووە دەتوانین زۆر بە ئاسانی ڕەنگدانەوەکانی ببینین لە ژیانی ڕۆژانەماندا.

ھەر بۆیە لێرەدا پرسیارەکە ئەوە دەبێت :
ئایا دەسەڵاتێکی لۆکاڵیی دەیەوێت دەست بگرێت بەسەرماندا و مێشکمان بشواتەوە؟ یاخود بابەتەکە زۆر لەوە شمولی تر و گەورەترەو ، ئێمە و ھەموو تاکێکی تری کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی لەلایەن سیستمێکی تۆکمەی سەرمایەداری جیھانیەوەو و خاوەنی کۆمپانیا گەورەکانی جیھان ئاراستە دەکرێن ، و بەپێی سیاسەتەکان و بەرژەوەندی ئەوان ژیانمان بە ڕێوە دەچێت !؟


سەرچاوەو پەراوێزەکان:

١- 10 إستراتيجيات للتحكم في الشعوب يخبرها لك نعوم تشومسكي
د. محمد کریشان .
٢- " 10 strategies of manipulations " by the media _ ( Noam chomsky ) .
٣- پەرتووکی (الربح فوق الشعب - اللیبرالية الجديدة والنظام العولمي) للكاتب نعوم تشومسكي .
وەڕگێران بۆ عەرەبی : مازن الحسيني .
٤- Who Rules the World? (American Empire Project) .
By . Noam chomsky