-كشتوكاڵ , پیشه‌یه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانی شه‌رفمه‌ندانه‌ بووه‌ بۆ كورد..

-كشتوكاڵ , پیشه‌یه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانی شه‌رفمه‌ندانه‌ بووه‌ بۆ كورد..

175 خوێندراوەتەوە
لهۆن قادر

بیهێننه‌ پێش چاوتان ئه‌گه‌ر كاربه‌ده‌ستانی كورد ڕاسته‌وخۆ ئیتڵاعاتی ئێرانی و میت-ی توركی و هه‌ر دووژمنێكی سه‌رسه‌ختی دیكه‌ی كورد بووایه‌ , كشتوكاڵی كوردستانی هه‌ربه‌م ده‌رده‌ ده‌برد كه‌ ئێستا شۆڕشگێڕانی كوردستان بردوویانه!!


‌.ئێمه‌ی كورد نه‌ك ته‌نیا شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ستپێكی دۆزینه‌وه‌ی كشتوكاڵ و ده‌رئه‌نجام هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شارستانییه‌ت لێره‌وه‌ گاوگۆڵكێی كردووه‌,به‌ڵكو زه‌وی و به‌رهه‌مهێنانی قووتی ژیانمان له‌و زه‌وییه‌ ,مایه‌ی ژیانی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌مان بووه‌ و مرۆڤی ئێمه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن بینراوه‌ نانی شه‌ره‌فی ڕه‌نجی شانی خۆی (كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌گشتی كشتوكاڵی و شوانكاره‌ییه‌)بخوات و پیس خۆر و دواتر چڵكاوخۆر بێت.حیزبی به‌عس ئه‌مه‌ی باش ده‌زانی , هه‌وڵیدا لادێكانی كوردستان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ژیانه‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه‌ ,وشك بكات ,به‌ڵام نه‌یتوانی ,چونكه‌ جوتیاری كورد ڕیسكی ده‌كرد و ده‌یان ڕێگه‌ی ده‌دۆزییه‌وه‌ تا ده‌ستی به‌ زه‌وی و باخه‌كانی بگات و نه‌هێڵێت وشك بێت و به‌و هیوایه‌وه‌ ده‌ژیا ڕۆژێك بگه‌ڕێته‌وه‌.

،،

له‌ یادمه‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكان (بمبوورن له‌نموونه‌ی شه‌خسی),نه‌نكی ڕه‌حمه‌تیم ,واته‌ دایكی دایكم ,به‌ تۆپبارانی ئێران و به‌ موحه‌ڕه‌مه‌كردنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن جه‌یشی عێراقییه‌وه‌ ,سوودی له‌ بوونی براكانی ئه‌بینی له‌وێ (واته‌ له‌ بیاره‌) كه‌ پێشمه‌رگه‌ی شێخ عوسمانی سیراجه‌دین-بوون ,سه‌دان جار گیانی خۆی ده‌خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و نه‌یده‌هێشت خاك و باخه‌كه‌ی بێ خزمه‌ت بێت.


به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی گۆڕا به‌ كوردی ,به‌ڵام به‌ ئه‌خلاقی به‌عسیانه‌ و سپڵه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خاك و سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌.ئه‌مان هه‌رزوو ده‌ركیان به‌وه‌ كرد كه‌ مرۆڤی كورد نایه‌ته‌ ژێر باروو و شه‌ڕی ناوخۆیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانیان بۆ ناكات ئه‌گه‌ر نانی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی جوتیاری هه‌بێت. حیزبی كوردی بوونی به‌نده‌ به‌ده‌ست پان كردنه‌وه‌ و زه‌لیلكردن و پیسخۆركردنی تاكی كورده‌وه‌,ئیتر چۆن پلانی ده‌بێت بۆ گرنگی دان به‌كشتوكاڵ و خوڵقاندنی ژیانی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌!!؟.

تێبینی بكه‌ن:
-ئه‌و زۆمبییه‌ی كه‌ پێی ئه‌ڵێن ئۆردوگان,له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌قاوه‌ی سه‌رۆكی ڕوسیا ,له‌سه‌ر هه‌مووشتێك ڕێككه‌وتن,ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر قورسترین جۆری چه‌ك و ستراتیجی سیاسی,به‌ڵام ڕێككنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كڕینی ته‌ماته‌ی توركیا له‌لایه‌ن ڕوسیاوه‌.چونكه‌ ,به‌ڵێ ئۆردوگان له‌ هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی بازاڕدایه‌ بۆ به‌رهه‌می جوتیاره‌كانی به‌ڵام پۆتین وێڕای گونده‌یی ,جورئه‌ت ناداته‌ خۆی كه‌ بازبدات به‌سه‌ر به‌ر ژه‌وه‌ندی جوتیاره‌كانیدا بۆیه‌ وێڕای ئیلحاحی زۆر و به‌رده‌وامی توركیا ,به‌ڵام ملی نه‌دا بۆ كڕینی ته‌ماته‌ی توركیا.


-له‌ ئێران هه‌زاران كێڵگه‌ی به‌خێوكردنی ماسی سه‌له‌موون هه‌یه‌,یه‌كێكیان سپی كه‌ هی ئێران خۆیه‌تی و یه‌كێكی تریان كه‌ گۆشته‌كه‌ی سووره‌ و زیاتر بازاڕی هه‌یه‌,به‌ڵام ئێران گراكه‌ی له‌ فه‌ره‌نسا ده‌كڕێ. ئه‌وه‌ی جێگای تێبینییه‌ فه‌ره‌نسا كه‌ گراكان ده‌فرۆشێ به‌ ئێران ,نه‌زۆكیان ده‌كات تا ئێرانییه‌كان نه‌توانن خۆیان لێیانه‌وه‌ گرا به‌رهه‌مبهێنن و ئێران پشت به‌ خۆی ببه‌ستێ و پێویستی به‌وان نه‌بێت.

پلانی ده‌وڵه‌تداری و خۆشه‌ویستی نیشتیمان ,له‌و جۆره‌یه‌ و عه‌قڵ و زانست و لێبڕان و دڵسۆزی ده‌وێ ...نه‌ك:

- له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی كوردی هه‌یه‌,به‌ ته‌زكییه‌ی حیزبه‌كان,كۆمه‌ڵێ به‌تاڵه‌ی ناردووه‌ته‌ پۆسته‌كان كه‌ به‌ عومریان شه‌ره‌ف و عه‌قڵی ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ دوو دینار له‌ بازاڕا بۆ خۆیان ده‌ست بخه‌ن ,ئێستا ئێمه‌ به‌ته‌ماین نه‌ك وڵاتمان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رن به‌ڵكو بۆمان دروست كه‌ن!!؟...له‌نموونه‌ی وه‌زیری زراعه‌كانمان كه‌ دوای چوارساڵ له‌ وه‌زیری زراعه‌,له‌ كۆنگره‌‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا پێمان ده‌ڵێن:ده‌شتی شاره‌زوور زۆر به‌ پیته‌ بۆ كشتوكاڵ!!! واوووو له‌م كه‌شفه‌ نوێییه‌....دواینیان و له‌ دوا ته‌سریحی دا ,پێمان ده‌ڵێ :من هه‌شت مانگێكه‌ وه‌زیرم ,به‌م هه‌شت مانگه‌ ئه‌و هه‌موو كاره‌ ناكرێت!!!خاتوونی وه‌زیر ,ئه‌و عه‌قڵه‌ عه‌بقه‌رییه‌ی تۆی كاندید كرد ,سیی ساڵه‌ حكومه‌ته‌ ..له‌ولابێ یان له‌ملا هه‌ر ئامۆزاكان مقده‌ری سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌ست بووه‌ ..بۆ ده‌تانه‌وێ هه‌مووجار وامان تێگه‌یه‌نن كه‌ مێژوومان له‌ ساتی ئێوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و ئێوه‌ فریاد ڕه‌سن و ده‌ستان نه‌بووه‌ له‌ ڕابردوو!!؟
-سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كه‌ی كشتوكاڵیشی ئه‌ڵێی فێری داڕشتن نووسینمان ده‌كه‌ن ,زوو زوو دێنه‌ سه‌ر شاشه‌ و پێمان ده‌ڵێن :ئێمه‌ ده‌بێت كشتوكاڵ بكه‌ینه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئابوریمان!!ئێ كێ ده‌ستی گرتوون!؟ كێ بیكات!؟ ئه‌وه‌ سێ كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی دۆشاو و له‌ كوردستان داخراوه‌ به‌ فه‌رمانی وه‌زیری ته‌ندروستییه‌كه‌تان...گریمان بیانووه‌كانیش ڕاست بن,هیچ چاره‌یه‌ك نه‌بوو جگه‌ له‌ داخستن!!؟
به‌ڕاست عه‌قڵتان پێناشكێ ئه‌م بابه‌تانه‌ ببه‌ستن پێكه‌وه‌ یان ئێوه‌ به‌شێكن له‌ جێبه‌جێكاری پیلان و پلانی گه‌وره‌تر له‌ خۆتان..یان هه‌ردووكیان و هی تریش...!!؟
هیوادارم ئه‌م گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی جوتیارانی كوردستان ده‌ستپێكی گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ بوون و ژیانی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی خۆمان.بوون و گه‌شه‌كردنی مرۆڤ به‌رده‌وام په‌یووه‌ست بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوییه‌وه‌..

١-جووتیاران بێ هیوانه‌بن له‌ به‌رهه‌مهێنانی زه‌وییه‌كانیان...
٢-سه‌رمایه‌دارانی ڕه‌سه‌نمان سه‌رمایه‌ له‌م پرۆژه‌ شه‌ره‌فه‌ندانه‌یه‌ بخه‌نه‌ گه‌ڕ و دڵنیابن له‌م بواره‌دا به‌ به‌راورد به‌ پیشه‌سازی نه‌وت كه‌مترین پێویستیان به‌ عه‌قڵ و سه‌رمایه‌ و ده‌ستی كار و كۆمپانیای ده‌ره‌كی ده‌بێت.
٣-هه‌روه‌ها خه‌ڵكی كوردستانیش له‌وه‌ تێبگه‌ین ,ڕووكردنه‌ به‌رهه‌می خۆماڵی,وێڕای زه‌مانی ته‌ندروستی زیاتری خۆمان ,ئامرازێكی كاریگه‌ری خه‌باته‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێك كه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی زیاتر له‌ دوژمنه‌كانی هۆكاری دواكه‌وتنی بوون.