قوڵتر لە قەیران

قوڵتر لە قەیران

452 خوێندراوەتەوە

ئەوەی ئێمە پێوە دەناڵێنن زمانێکمان نیە بۆ دەربڕینی. ئەوەی ئێمە دەریدەبڕین زمانی تایبەتی دۆخەکە نیە، بەو مانەیەی نوێنەرایەتی ئەوە بکات کە دەگوزەرێت. بەڵکو ناڵاندنە، ئازارچەشتنە، کەفوکوڵە، دەردە دڵە، بۆڵەیە، بێزارییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەربڕی عەقڵ نیە. دەکرێت ئەم جۆرە زمانە هەبێت، بەڵام نەک تەنها جۆرە زمان یان دەربڕین بێت. هەرچەندە ڕەنگە بپرسین بۆچی تەنها جۆرە زمانە؟ ڕەنگە تیورەی کۆنسیومەریزم یان بەرخۆرێتی بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارەکان بداتەوە. ئەو جۆرە زمانە کڕیاری هەیە. بەڵام ئەم زمانە هیچ بەجێناهێڵێت و هیچ کاریگەرییەکی نابێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی زمانی بیر، یان زمانێک کە نوێنەرایەتی دۆخێکی ئێجگار ئاڵۆز بکات ئەوەیە کە هێمنانە دێت، فرە توێژ و ئاڵۆز و بێخەمە.

،،

ڕەنگە زۆر وشە و زاراوە و تێرم بەکاربهێنرێن، بەڵام نابنە چەمک، بەوەی کە هەڵگری کلیلی کردنەوەی دەرگایەک، پەنجەرەیەک یان کونەواجەیەک بێت بە سەر ئەوەی کە دەگوزەرێت، هەتا دەرفەتی بینینی هەناوی دۆخەکە بدات و بتباتە ئەودیو ڕوکەشی خەڵەتێنەرەوە.


ئێمە لە قەیرانداین. بەڵام چەمکی قەیران خۆشی لە قەیراندایە. قەیران نەک لە زمانی کوردیدا، لە وشەیەکی مردو زیاتر نیە، بەڵکو لە دونیادا توشی قەیران بوە. لە دیدارێکیدا لە گەڵ ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئەگامبین دەڵێت:
چەمکی قەیران بوەتە مۆتۆی سیاسەتی سەردەم. وشەی قەیران دوو رەگی سێمانتیکی هەیە: یەکێکیان لە بواری تەندروستیدا، کە ئاماژە بە سوڕی نەخۆشییەک دەکات، هەروەها لە بواری خوداناسیدا ئاماژەیە بۆ دواین دادگا لە قیامەتدا. هەردوو ماناکە بە گۆڕانکاریدا تێپەڕییون لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا.


لە مانا کۆنەکەیدا چەمکی قەیران لە بواری تەندروستی و میدیسێندا بە مانای دادوەریی هاتوە، کاتێک کە دکتۆر بڕیاری داوە کە کەسێکی نەخۆش: ئایا دەژی یان دەمرێت. بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا چەمکی قەیران یان کرایسیس ئاماژەیە بۆ دۆخێکی درێژخایەن و بەردەوام. بە جۆرێک کە نادڵنیایی و ناسەقامگیری بۆ داهاتو درێژدەبێتەوە، تا ناکۆتا. بەڕای ئەگامبین لە دونیای ئەمڕۆدا بڕیاردان و دادوەریی، جەجمێنیت، دابراوە لە دۆخی قەیران و بڕیاردان لە دۆخی قەیراندا بۆ هەمیشە دوادەخرێت. لە ئاستی تیولۆجیدا بە هەمانشێوەیە، بڕیاردان یان دادوەریکردن جیانەکراوەیە لە کۆتایی کات یان ئەوەی بە کوردی پێی دەوترێت دونیا ئاخری.
ئەم دیدەی ئەگامبین دیدی خۆی نیە، بەڵکو پراو پڕی لە مێژوناسی گەورەی ئەڵمانی ڕایانهارت کۆسیلاکەوە وەریگرتوە. لای ئەو، ئەوەی مۆدێرنە جودا دەکاتەوە قەیرانە، بە مانایەکی تر قەیران ئەو ئیمزا یان واژۆیەیە کە مۆدێرنەی پێدەناسرێتەوە. لە هەناو مۆدێرنەدا دیدی فرە جیاواز هەیە بۆ قەیران، مارکس و ئەوانی تری دوایی خۆی، قەیرانیان وەها دەبینی کە نیشانەی ناتەواوی و لاوازی سیستەمی کەپیتالیزم بیت. بۆ لیبرالەکان قەیران، بە تایبەت لە بواری ئابوریدا ساتەوەختی گواستنەوەیە. قەیران و چارەسەر وەها دیارە خەسڵەتێکی ڕۆژئاوایی یان ئەمریکییە: وەک کیسنجەر دەڵێت: ئەمریکاییەکان وەها بیر لە قەیران دەکەنەوە کە چارەسەرێکی تایبەتی هەیە و ئەگەر هاتوو ئەو چارەسەرەت بۆ دابینکرد ئەوا قەیرانەکە کۆتایی دێت. بەڵام چینیەکان وەها بیردەکەنەوە کە هەموو قەیرانێک چارەسەرێكی هەیە، کە ئەو چارەسەرەش دەبێتە هۆکاری جۆرێکی تر لە قەیران. بۆیە چارەسەری بێ قەیران نیە.


بە کورتی قەیران ساتەوەختی هەستپێکردن و دەستنیشانکردن و گەڕانە بە دوای چارەسەردا. بەڵام لە دۆخی عەقڵی کوردیدا، قەیران ئەم مانایانەی نیە. وەک دەردەکەوێت لە دۆخی سیاسی کوردیدا، دابرانێک هەیە لە نێوان قەیران و چارەسەردا. قەیران دۆخی باڵاو خوازراوە. ئەو دۆخەیە کە چارەسەرەکەی دەزانرێت، بەڵام چارەسەرەکەی بەدڵی کەس نیە، بۆیە ئەگەر زۆر زۆر ناچاری نەبێت کەس خۆی لە توخنی چارەسەر نادات. چارەسەر تەنها ساتەوەختێکی کورتە، بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە کورد ڕوبەڕوی لە ناوچون دەبێتەوە. هەرکاتێک مەترسی لەناوچونەکە کەم بوەوە کورد دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی قەیران. چۆن ئەم دۆخە پێچەوانە بکرێتەوە؟ یان چۆن چارەسەر ببێتە بنەماو قەیران ببیتە ساتەوەختی کورت یان گواستنەوە؟ ئەم گواستنەوەیە پێویستی بە وەرچەرخانێکی تەواو تەواوی لە عەقڵیەتی گشتیدا هەیە. بەڵام ئەمە مەترسیدارە بۆ نوخبە. نوخبەی کوردی لە نەبونی قەیراندا لەناودەچێت یان ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم دۆخە ئاوارتەییە هەمیشەییە وەها دەکات کە قسەکردن لە سەر گەشە و کەڵەکەکردن و پێشکەوتن و بەرەوپێشچون و سەردەمیانە و هەموو ئەمانە تەنها قسەی شیعری بێت.


لە ڕاستیدا زمانی کوردی بە گشتی زمانی شیعرییە. زمانی شیعری بەو مانایەی کە ئەوەی دەوترێت تەنها دەربڕینێکی زمانییە، مەرج نیە هیچ پەیوەندیەکی بە واقیعەوە هەبێت. ئەمەشە وەهایکردوە کە ناتوانیت ئابوری، زانست، فەلسەفە بە کوردی دەرببڕیت، بەڵکو ئەوەی بە کوردی کورد لێی تێدەگات، کەفوکوڵ و ئاهوناڵە و های هوو و هوو هایە.

،،

ئەمە دەرخەری ئەو تراژیدیایەیە کە ئەدەبی ئێمە گفتوگۆیەکی تیادانیە. دوو کەس نەیانتوانیوە گۆڕینەوەی فیکری بکەن بەڵکو هەرزوو خزاون بۆ بواری شڵەژانی دەرونی و هەڵچون و جنێو.


جنێو باڵاترین دەربڕینی مەعریفییە لە ناو کورددا. جنێو ئەو ئۆرگازمەیە کە هەموو کەسێک پاش پیادەکردنی ئاهی پیادادێت و دەحەسێتەوە. مرۆڤی لەمجۆرە ناتوانێت بەیەکەوە هەڵبکات. ناتوانێت کۆمەڵگا پێکبهێنێت. ناتوانێت پێکەوەبێت. ئەم بونەوەرە بۆ هەمیشە لە دەرەوەی دەوڵەت دەمێنێتەوە. هەتا ئەو ساتەی کە هەست نەکات کە لە قەیراندایە و پێویستی بە هەڵسەنگاند و بڕیار و گۆڕینە.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان