یه‌كێتى و پارتى پلانیان هه‌یه‌ یان پیلان؟

ئاگاداری ئەم سێ پیلانەی دەسەڵات بن!

یه‌كێتى و پارتى پلانیان هه‌یه‌ یان پیلان؟

508 خوێندراوەتەوە

حەکیم داود قەرەداغی

هەر کەس پێیوابێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان – پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان- بێ پلانن ئەوە دەکەوێتە هەڵەوە. بەپێچەوانەوە، ئەو دوو حیزبە بەردەوام سەرقاڵی دانانی پلانن بەڵام لە زمانەوانیدا ئەوەی ئەوان دەیکەن پێیناگوترێ پلان بەڵکو پێیدەگوترێ پیلان. بۆیە وەک هاووڵاتی بەردەوام ڤاکسینی دژە-پیلان لە خۆت بدە بۆ ئەوەی بەبێ ئاگایی نەکەویتە ناو پیلانەکانیان.


پیلانی یەکەم: هەموو حیزبەکان گەندەڵن

یەکەم پیلانی پارتی و یەکێتی کە لەدوای ٢٠٠٩ـەوە دەستیپێکردووە ئەوەیە وا لە خەڵک بگەیەنن هەموو حیزبێک خراپە، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن جیاوازی نییە. ئەو نەهامەتیانەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتوون هەموو حزبەکان بەشدارن تێیدا و حیزبی باش لە کوردستان نەماوە. ئەگەر تۆ وابیردەکەیتەوە ئەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداری خۆت کەوتوویتەتە نێو ئەو پیلانەی دەسەڵاتەوە:
چۆن دەبێ حزبێکی وەک پارتی کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە سەرۆکی حکومەت، ١٥ ساڵە سەرۆکی هەرێم، زۆرینەی وەزارەتەکان، هەندێکجاریش سەرۆکی پەرلەمان، ئاژانسی پاراستن، یەکەی ٨٠ی و چەندین لیوای پێشمەرگە و دژەتیرۆر، دەیان کۆمپانیا و بانک، دەیان کەناڵ و رۆژنامە و سەدان وێبسایت و تۆڕی کۆمەڵایەتی ، بەروارد بکرێ بە یەکگرتووی ئیسلامی. چۆن دەبێ یەکێتی بەراورد بکرێ بە کۆمەڵی ئیسلامی کە ئەو حزبەش وەک پارتی چەند ساڵێک سەرۆکی حکومەتی هەبووە، هەمیشە جێگری سەرۆکی حکومەت و نیوەی وەزیرەکان، زۆرجار سەرۆکی پەرلەمان، هێزی پێشمەرگە و یەکەی ٧٠، دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆر، دەیان کۆمپانیا و بیزنسی گەورە، دەیان کەناڵ و رۆژنامە و وێبسایت، سپۆنسەری سەدان پەیجی ساختە دەکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
هەر کەس بیربکاتەوە تێدەگات کە ئەم حیزبانە وەک یەک نین، بەڵام دەسەڵات بە چەندین رێگە وای لە بەشی زۆری خەڵک کردووە بڵێن هەمو حیزبەکان گەندەڵن و جیاوازیان نییە. بەداخەوە لەم پلانەدا دەسەڵات سەرکەوتوو بوو.

پیلانی دووەم: پەرلەمان تەنیا شوێنی پارەخواردنە.

پەرلەمان رۆحی سیستەمی دیموکراسییە، چونکە پەرلەمانتاران کە نوێنەری گەڕەک و شارەکانی خۆیانن لەڕێگەی گوێگرتن لە خەڵک یاسا بۆ قەیران و کێشە تازەکان دەردەکەن، دواتر چاودێریی حکومەت دەکەن و لێپرسینەوەشی لێدەکەن. حکومەت بە دەنگی ئەوان دادەنرێ، ئەگەر پەرلەمان بەهێزبێت زۆر بە ئاسانی دەشتوانێ حکومەت لاببات. بەڵام پەرلەمانی کوردستان لەم جۆرە نییە. ئەمە چۆن روویدا؟

،،

ئێوە دیقەت بدەن بزانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر باسی مووچەی وەزیر دەکرێ یان هی پەرلەمانتار، بزانن کەسی باسی مووچەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکان و هەزاران پاسەوانیان دەکات.

کەواتە روونە، پەیامەکە پیلانێکی دەسەڵاتە بۆ ناشیرینکردنی پەرلەمان و پەرلەمانتار، لەوەشدا دەسەڵات سەرکەوتووبووە، ئێستا ئەگەر دەنگدان بکرێ کە پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێتەوە، زۆرینەی خەڵک بێگومان بە بەڵێ دەنگی بۆ دەدەن چونکە وا تێگەیەنراون کە پەرلەمان سەرچاوەی گەندەڵییە، لەکاتێکدا پەرلەمان دەبێ شوێنی لێپرسینەوەی گەندەڵەکان بێت. لە پرسی رەتکردنەوەی خانەنشینیشدا لە چەند رۆژی رابردوو تەرکیزی هەمووان هەر هێنرایەوە سەر پەرلەمانتاران، لەکاتێکدا وەزیرەکان و سەرجەم پلە باڵاکانی دیکەش هەمان یاسا دەیانگرێتەوە، کەچی باسناکرێن.

دەسەڵات لە پیلانەیدا زۆر زیاتر لە پیلانی یەکەم سەرکەوتوو بووە.

پیلانی سێیەم: بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست تاوەکو کەس بڕوا بە زانیاری راستیش نەکات

لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیادا رۆژانە سەدان زانیاری و هەواڵت بەرچاو دەکەون، بەشێکیان هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆت بڵاویدەکەنەوە، کە ئەوە بەشە سەلامەتەکەی سۆشیاڵ میدیایە. بەڵام بەشە مەترسیدارەکەی سۆشیاڵ میدیا ئەو پەیج و ئەکاونتانەیە کە تۆ لایکت کردوون و ئەوانیش رۆژانە زانیاری دەهێننە ماڵەکەت. حیزب و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی تۆ بخەڵەتێنن بە چەندین رێگە دێنە بەردەمت، بۆ نموونە پەیجێک تۆ لایکت کردووە ناوی "كێشەی فڵانە شتە" یان "هونەری کوردیی"يە بەڵام بەشێک لە پۆستەکانی ئامانجی سیاسیان هەیە، واتە چۆن کەناڵ و رۆژنامەی سێبەری حیزب و دەسەڵات، هەیە بەهەمانشێوە پەیجی سێبەریش هەیە.

واتە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ بە دروستکردنی شەپۆلی زانیاری ناڕاست و هەواڵی دروستکراوە وا لە خەڵک بکەن تاوەکو بڕوا بە زانیاری ڕاستیش نەکات.

هەواڵی ناڕاست چۆن دروستدەکرێت؟

بۆ نموونە، پەیجەکان بەپێی بەرژەوەندی حیزبەکەیان قسەیەک بەناوی پەرلەمانتارێکەوە دەنووسن و وێنەیەکی دەخەنەسەر، تۆش وادەزانی ئەو پەرلەمانتارە لە راستیدا قسەکەی کردووە، چونکە گرافیک و دیزاینەکە بەجۆرێک کراوە کە وادەزانی هی میدیایەکی ناسراوە. چونکە ئێستا وەک جاران نەماوە تەنیا دوو –سێ کەناڵ هەبن و لۆگۆکانیان بناسرێنەوە. سەدان کەناڵ و هەزاران پەیج لە کوردستان هەن، هەر ئەمەیە وایکردووە رۆژانە پەرلەمانتار و بەرپرسەکان ناچارن روونکردنەوە بدەن کە ئەو قسەیەی بڵاوکراوەتەوە هی ئەوان نییە. ئەم پرسە زۆر ئاڵۆزە و ئێرە شوێنی باسکردنی نییە.

،،

بەڵام باشترین رێگە بۆ ئەوەی نەکەویتە هەڵەوە، هەوڵبدە هەر قسە و زانیارییەک لە کەسەکە خۆیەوە، یانی بە ڤیدیۆ گوێت لێنەبوو بڕوای پێمەکە، ئەگەریش شتێک سەرنجی راکێشایت و لەلات جێگەی سەروسوڕمان بوو فڵان پەرلەمانتار ئەو قسەیەی کردووە (ئەوە بزانە هەواڵە ساختەکان هەمیشە جێگەی سەروسوڕمانن و خەڵک بۆ خۆیان رادەکێشن)، لەو کاتەدا ئەوە هەوڵبدە پەیجەکەی فەرمییەکەی خۆی بدۆزەرەوە و لەوێوە دڵنیابەرەوە کە ئایا قسەکە هی ئەوە یان نا.

دەسەڵاتدارەکان باشەکان زۆرجار پلانیان هەیە بۆ وڵات و خەڵکەکەیان، دەسەڵاتدارە گەندەڵ و خراپەکانیش هەمیشە پیلانیان هەیە بۆ ئەوەی چۆن لە دەسەڵات بمێننەوە و خەڵکیش رازیبکەن کە پشتیوانیان بن. بێگومان دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان پیلانی کاریگەر و نوێ دادەهێنن لەپێناو مانەوەیان، تاکە رێگەش بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەوان ئەوەیە کە تۆ وەک هاووڵاتی، وەک خێزان و وەک کۆمەڵگە پلانت هەبێ بۆ ئەوەی هەم پیلانەکانیان پووچەڵبکەیتەوە، هەمیش وڵاتەکەت بەرەو داهاتوویەکی باشتر ببەیت بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش نەبنە قوربانی پیلانی کەس و حیزبە خراپەکان.