ئەو ڕاپۆرتەی کوردناسانی سۆڤیەت کە سەدامی تووڕە کرد!

ئەو ڕاپۆرتەی کوردناسانی سۆڤیەت کە سەدامی تووڕە کرد!

613 خوێندراوەتەوە

تەنها چەند مانگێک پێویست بوون دوای کودەتاکەی بەعس(١٧–٣٠ی تەمموزی ١٩٦٨) تا هەموو لایەک لەوە تێبەگەن کە سەدام حوسێن خاوەن بڕیاری کۆتای و یەکلاکەرەوەیە لە دەسەڵاتی نوێی بەغدا. کاربەدەستانی باڵای یەکێتی سۆڤییەت لە ڕێگای پیاوەکانیانەوە ئەم پێگە بەهێزەی سەدامیان بە باشی خوێندبووەوە. بە ناوبژیوانی ئەوان وتووێژەکانی ئاشتی لە گەڵ سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردا گەیشتنە ئەنجام و ڕێککەوتننامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ مۆر کرا.

هەر بەپشتگیری بە هێزی ئەوانیش بوو بڕیاری خۆماڵی کردنی نەوت لە حوزەیرانی ١٩٧٢ درا، چونکە پێش ئەوە بە کەمتر لە دوو مانگ (٩ نیسانی ١٩٧٢) "پەیماننامەی دۆستایەتی و هاوکاری" لە نێوان یەکێتی سۆڤییەت و عێراقدا مۆر کرا بوو. ئەمە عێراقی کردبوو بە هاوپەیمانێکی نزیکی مۆسکۆ. لە بەردەوامی ئەو هەنگاوانەشدا "بەرەی نیشتمانی پێشکەوتنخواز" لە نێوان حیزبی بەعس و حیزبی شیوعی عێراقی لە ١٦ تەمموزی ١٩٧٣دا بەنەوەکامی لە دایکبوو.

،،

لەو ڕۆژەوە میدیای سەر بە یەکێتی سۆڤییەت و پارتە کۆمۆنیستی و چەپەکانی جیهان کەوتنە پڕوپاگەندە بۆ ڕژێمی "نیشتمانی و پێشکەوتنخوازی" بەعس و "گەشەی ناسەرمایەداری" وسەدام کرا بە کاسترۆی عێراق و بنکەیەکی بە هێزی "ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئیمپریالیزم و زایۆنیزمدا". ئەم پێشهاتانە ڕژێمی بەعسیان لە سەر ئاستی سیاسی زۆر بە هێز کرد.

لەسەر ئاستی سەربازیش یەکێتی سۆڤییەت و دەوڵەتانی پەیمانی وارشۆ تازەتریی چەک و ئامێری شەڕیان خستە بەر دەست عێراقی بەعس. لەم چرکە ساتەوە سەدام بڕیاریدا هەموو دوژمن و نەیارەکانی یەک لە دوای یەک لە بەین ببا. هەر دەبوایە لە بزووتنەوەی چەکداری کوردیشەوە دەسپێبکات چونکە بەهێزترین و فراوانترین بەرەی بەربەرەکانی بەعس بوو. دوای ئەوەی لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ١١ ئازار پەشیمان بووە و لە ساڵی ١٩٧٤ سیستەمێکی ئۆتۆنۆمی کارتۆنی داهێنا، شەڕی بە سەر کوردا سەپاند. دوای ساڵێک شەڕ و کوشتار ئەو ئامانجەی بەدی نەهات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شکست نزیک دەبووەوە. لەو ئان و ساتەدا لە گەڵ شای ئێران لە جەزائیر لە ٦ ئازاری ١٩٧٥ ڕێککەوت و بە هەموو لایەکەوە گەمارۆی کوردیان دا و ئەوانەشی پەیمانی هاوکارییان بە کورد دابوو هیچ هەڵوێستێكیان نەنواند. هەموو وردەکارییەکانی ئەم چیرۆکە زانراون.


ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە، کە دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت ڕێککەوتننامەی جەزائیریان وا دەخوێندەوە کە سەدام و ڕژێمەکەی لەو سیاسەتە"پێشکەوتنخوازەی" گرتبوویانەبەر خەریکن لادەدەن و لە ڕێگای شا و ساداتەوە خۆیان دەدەن بە دەست ڕۆژئاوای ئیمپریالییەوە. بەعسیش هێدی هێدی گوتارە توند و دروشمە قەبە "شۆڕشگێڕانەکانی" خاو دەکردەوە. لە دوای نسکۆی کوردیش بە خشکەیی کەوتە گیان حیزبی شیوعی عێراقی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێگەکەی لاواز دەکرد، تا لە کۆتاییدا کەوتە ڕاونان و قەڵاچۆکردنی کۆمۆنیستەکان و ناچاری کردن یا ببن بە پیاوی، یا هەڵبێن بۆ چیاکانی کوردستان یا بۆ دەرەوەی عێراق.


لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ ڕەوانشاد پرۆفیسۆر شاکرۆیێ محۆیی ( شاکرۆ مگۆیان) کوردی ئەرمەنستان و پسپۆر و شارەزا لە مێژووی هاوچەرخی دۆزی نەتەوەیی کورد لە باشوری کوردستان، کە دوو ساڵ زیاتر بوو دەمناسی و دۆستایەتییەکی برایانەمان لە نێواندا بوو، پێی ڕاگەیاندم کە قەولە بەم زووانە سەدام حوسێن سەردانی مۆسکۆ بکات، چونکە سەرکردایەتی سۆڤییەت نیگەرانن لە سیاسەتی تازەی حکومەتەکەی. دوای یەک دوو ڕۆژ زۆر دڵخۆش بوو و داوای لێ کردم بۆ ئێوارەکەی لە ئوتێل میترۆپۆڵ یەک ببینین و هەندێ باس و خواسی گرنگی لایە بۆم باس دەکات. ئێوارەکەی چووم بۆ لای و پێی ڕاگەیاندم کە لە کاربەدەستانی باڵای دەوڵەت و حیزبەوە داوا لە ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسی کراوە ڕاپۆرتێك لە بارەی عێراقەوە ئامادە بکرێ بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بدەن بە کاربەدەستان و لە کاتێ وتووێژ لە گەڵ سەدامدا کەڵکی لێ وەربگرن. پرۆفیسۆر شاکرۆ ئاگداری کردم کە ئەو و ڵازەێف ڕاسپێردراون ئەو بەشەی تایبەتە بە دۆزی کورد لە عێراق ئەمان ئامادەی بکەن.

بە حوکمی ئەوەی ڕەوانشاد محۆیی هەردوو دکتۆراکەی لە بارەی دۆز و بزووتنەوەی کوردەوە بوو لە باشوری کوردستان، هەموو وردەکاری و زانیارییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی بەعس و و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە لای ئەم بوون. من بۆ خۆم چەندین ڕۆژ بە سعاتان لە گەڵیدا دانیشتووم و "ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی هەشتەمی" حیزبی بەعسم بۆ خوێندووەتەوە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هەڵوێستی بەعسەوە هەبوو بەرامبەر بە کورد و بۆم کردووە بە ڕووسی بۆ ئەوەی هەم لە ڕاپۆرتەکە و هەم لە دکتۆرا ناووکەکەشی کەڵکی لێ وەربگرێ. هەرچی ڕەوانشاد پرۆفیسۆر ڵازەرێف بوو ئەوا ئەم زۆر بە توانا بوو لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنی بیرۆکە و ڕاسپاردەکان. محۆیی زۆر دڵی خۆش بوو بەو کارە و هەر دەیوت بە دڵی خۆمان، واتا بە دڵی کورد، ڕاپۆرتەکەمان نووسیوە و هیوادارم بەرهەمێکی هەبێ. هەڵبەتە وردەکاری ئەوەی نووسیبوویان بە منی نەوت، بەڵام لە ڕێگای ئەو تێبینیانەوە کە لە کاتی وەرگێرانی دەقە عەرەبییەکە و گفتوگۆکانماندا تۆماریانی دەکرد، بیرۆکەیەکم لە لایە پەیدا ببوو.

،،

لە کانوونی دووەمی ١٩٧٧دا سەدام حوسێن سەردانی مۆسکۆی کرد و پێشوازییەکی لێ کرا کە بۆ کەم سەرۆک دەوڵەت دەکرا، هەرچەندە ئەم بە فەرمی تەنها جێگیری سەرۆکی "ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی" هەڵوەشاوە بوو. تەلەفزیۆنی سۆڤییەتی بە "تەڤاریش – هاوڕێ – رفیق" ناوی دەهێنا و باسی ڕۆڵی مەزنی دەکرد لە گەشيکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا.

ئەوەی بۆ ئەم وتارە کورتە گرنگە یەک ڕستەی ئەلیکسێی کۆسیگن سەرۆک وەزیرانی یەکێتی سۆڤییەت بوو لە کاتی ئاهەنگی پێشوازی کردنی سەدام حوسێندا لە کرێملن. کۆسیگن لەوێ وتی"شکستی باڵی ڕاستڕەوی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە عێراق واتای ئەوە نیە مافەکانی گەلی لە بەرچاو نەگیرێن" من بە دیار تەلەفزیۆنە تاقانەکەی بەشی ناوخۆی قوتابیانەوە دانیشتبووم و سەیری ئەو ڕیپۆرتاژەم دەکرد، کە تەلەفزیۆنەکە بە بۆنەی سەردانەکەی سەدامەوە پەخشی دەکرد، ئەو وتەیەی کۆسیگنم گوێ لێ بوو و هەندێ دڵم پێی خۆش بوو، هەرچەندە دەمزانی ئەوە لە بەر چاوی ڕەشی کورد نەوتراوە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی عێراق زۆر گوێ لە سۆڤییەت ناگرێ و پەیوەندییەکانی نێوانیان باش نین. لەو چرکەیەدا کامیرەکە خرابووە سەر سەدام و بە ڕوونی ناڕەحەتی و سەغڵەتی پێوە دیار بوو. هەر ڕیپۆرتاژەکە تەواو بوو، تەلیفۆنی پرۆفیسۆر محۆییم کرد و پرسی بینیت تەڤاریش کۆسیگن چی وت، منیش وتم بەڵێ زۆر بە باشی گوێم لێ بوو. بۆ سبەینێکەی پێی ڕاگەیاندم کە سەدام لەو وتەیەی ئەلیسکێی کۆسیگن زۆر ناڕەحەت بووە و بڕیاری داوە سەردانەکەی کورت بکاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.

ئەو "باڵی ڕاستڕەوە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردا – الجناح الیمیني في الحرکة القومیة الکردیة" لە داهێنانی حیزبی شیوعی عیراقی بوو و میدیای چەپی سەر بە یەکێتی سۆڤییەت لە سەرانسەری جیهان بە کاری دەهێنا. لایەنگرانی بزووتنەوەکەش بە "دیدی یا ئاسۆی بەرتەسکی نەتەوەیی – ضیق الأفق القومي" تۆمەتبار دەکران.


خۆزگە ئەو ڕاپۆرتە و بگرە هەزاران ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە و کتێبی شاراوەی تر لە قاسە و کۆگاکانی زانیارییە شارەواکانی ڕووسیادا ئاشکرا دەکران و دەخرانە بەر دەستی توێژەران. لە نووسینێکی تردا باسی "کۆگای زانیارییە شاراوەکان" دەکەم، کە بە ڕووسی پێی دەترا "سپێتس – خرەنێنیا" و لە هەموو دەزگا و ناوەندەکانی زانست و توێژینەوەدا ئەو کۆگایە هەبوو. هەڵبەتە بۆ ئێمە نەبوو لێی نزیک ببینەوە.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد