ئایا شەقامی ١٠٠ مەتریش بە دەردی پرۆژەکانی تر دەچێت؟

ئایا شەقامی ١٠٠ مەتریش بە دەردی پرۆژەکانی تر دەچێت؟

377 خوێندراوەتەوە
هونەر جەمال

دوای چاوەڕوانیەکی زۆرو تێپەڕاندنی دەیان ئاستەنگ و گرفتی ھونەری و تەکنیکی و یاسایی و دارایی، سەرەتای ئەم ھەفتەیە بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانراو بەشێوەیەکی فەرمی پرۆژەکە چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بۆ شاری سلێمانی لە قۆناغی ئێستادا چەندین لایەنی گرنگ و ئیجابی ھەیە کە دواجار خەڵکی شارەکە لێی سودمەند دەبن، ھەر لە جولانەوەی بازاڕو رەخساندنی ھەلی کار بۆ سەدان کەس، بە تەواوبونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە سلێمانی فراوانیەکی زۆرتر بەخۆیەوە دەبینێت و قەرەباڵغیەلی زۆر لەسەر شەقامەکانی ناوشار کەمدەبێتەوە و ئەوەش وادەکات ڕوداوی ھاتوچۆو قوربانیان کەمتر بێتەوەو خەڵکێکی زۆریش بە ئاسانتر دەگاتە شوێنی کارو ماڵی خۆی. لەدوای ڕاگەیاندنی پرۆژەکەوە بەشێک لە خەلک بە گومانەوە لە پرۆژەکە دەروانن و کە ئێستاوە نوقلانەی شکستھێان و تەواونەبونی پرۆژەکە لێ دەدەن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

،،

ئەگەرچی ئەزمونی چەندین ساڵی ڕابردووی ئیدارەو حکومڕانی ھەرێمی کوردستان ھەڵگری چەندین چیرۆکی ناخۆشی شکستی پرۆژەو ئیدارەدانە، بەلام ناکرێت ھەمیشە بە چاوی نائومێدیەوە لە ھەموو کارو ھەنگاوێکی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بڕوانین،

کەمنین ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیاو سەرمایەدارانەی کە نیەتی خێرو کاری باشەو بەرەوپێشبردنی ئەم وڵاتەیان ھەیە با ئێمەش پشتیوان و چاودێربین بەسەر ئەو کارانەوە و لە کوێ کاری باش کرا دەست خۆشی و پشتیوانیان لێ بکەین و لە کوێش کەموکوڕی و گەندەڵیمان بینی لێی بێینە دەنگ و بەھەموو توانامانەوە دژی بوەستینەوە.

بە چەند ھۆکارو ئاماژەیەک گەشبینم بە جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری و تەواوبونی لە وادەی خۆی یان پێش وادەی خۆشی.

١- لەڕوانگەی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان ڕەچاوی بارودۆخی دارایی ھەرێمی کردووەو چۆتە ژێر باری دابین کردنی بڕی ١٠٠ ملیار دینار لەھەنگاوی یەکەمدا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەو دواتر وەرگرتنەوەی بە قیست لە حکومەتی ھەرێم.

٢-یەکێکی تر لە ئاماژەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە پشتیوانی لایەنی ئیداری و حکومەتی خۆجێی سلێمانیە بۆ لابردنی ھەموو ئەو ئاستەنگ و ڕێگری و زیادەڕەویانەی دێنە سەر ڕێی شەقامەکە( پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند ئەگەر مزگەوتیش ببێتە بەربەست بۆ ڕێگاوبان و پرۆژەی گشتی دەبێت لاببرێت ) .

٣-بە پێی ئەزمونی چەند ساڵەیان گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بە تواناو کەرەستەی خۆماڵی و سود وەرگرتن لە کۆمپانیای بیانی خاوەن ئەزموون لە بواری ڕێگاوبان پرۆژەکە جێبەجێ دەکات ئەوەش وادەکات بە باشترین شێوەو بەرزترین کوالێتی پرۆژەکە ئەنجام بدرێت.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم ڕەخنەگرتن مافێکی ئاسایی و یاسایی ھەموو تاکێکەو ئازادیشە لەوەی چۆن و لە کوێ و لە کەیا ڕەخنە دەگریت، بەڵام ناکرێت ھەموو شتێکی باش و ھەنگاوێکی دڵسۆزانە بێ بەھاو ناشرین بکرێت، ھەرچەندە ئەو شەپۆلە لەرەخنەو نارەزاییانەی ئەم چەند سالە لە سۆشیال میدیاو دەزگا راگەیاندنەکان پەیرەو کراوە زۆربەی کایەکانی دنیای ئێمەی بێ بایەخ کردووە و سیاسەتێکی پۆپۆلیستی بەرھەم ھێناوە کە کار لەسەر بێنرخکردنی ھەموو شتێک دەکات بە مرۆڤیشەوە.