کارۆ کاوه
له جیهانێکی ئاڵۆزی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا (هیچ نه‌کردن) ترسناکترین جۆری کرداره، (هیچ نه‌کردن) بێگوناهی نیه، به‌ڵکو کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه له‌سه‌ر مه‌رگ، ئیدی هه‌ر جۆره مه‌رگێک بێت، مه‌رگی تاکێک بێت یان شوناسێک یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک.
هیچ نه‌کردن غه‌ریزه‌ی تێک‌شکاندن و هه‌لاهه‌لاکردن و گه‌مه‌کردنی دڕندانه‌ی به‌هێزه‌کان داده‌گیرسێنێت، نه‌وه‌ک هێوریبکاتهوه. ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها هیچ کاتێک ناتوانێت ببێت به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها به‌بێ بوونی بێده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها.
(به‌ختیار عه‌لی)
ئه‌وه‌ی واده‌کات دیاربیت و مافت نه‌خورێ، خۆسه‌لماندنی خود-ه له ژیاندا، گرنگ نیه به‌رامبه‌ره‌که‌ت قه‌باره و هێزی چه‌نده، گرنگ ئیراده و باوهڕبوونته به خۆت، هه‌ڵه تێگه‌یشتنێکی زۆر باو هه‌یه له‌ناو به‌شێکی زۆرینه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌ویش ئێمه بێده‌سه‌ڵات و بێتواناین له‌به‌رامبه‌ر دوژمن و نه‌یاره‌کانمان، بۆیه واباشتره به‌ده‌ردی خۆمانه‌وه دانیشین و هیچ نه‌که‌ین.
،،
کاره‌ساته‌که لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات که خۆت وه‌کو بێده‌سه‌ڵاتێک له‌قه‌ڵه‌م بده‌ی، ئه‌وه‌ی واده‌کات ئێستا شه‌ڕڤانان خۆڕێبه‌ری دیموکراتی له ڕۆژاڤا په‌یڕه‌وبکه‌ن و خه‌ونی خه‌لافه‌ت و ته‌عریب و دواکه‌وتووی له گۆڕبنێن، له به‌هێزی ئیراده‌یانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت نه‌وه‌ک قوڕپێوان و شین و ڕۆڕۆ و خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیارێتی، ئه‌وه‌ی واده‌کات گه‌ریلا به کڵاشینکۆفێکی کۆنه‌وه بچێته ناو معاده‌له نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه، وهستانهوهیهتی به‌رامبه‌ر یه‌کێک له ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌کانی ناتۆ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵێت من ئه‌مه‌م پێناکرێت، چونکه ده‌زانێت به‌رگری و به‌رخودان، ئه‌گه‌ر نابهرامبهریش بێت له‌ڕووی هێز و چه‌که‌وه، ئه‌وه ڕێگریه‌کی باشه له‌وه‌ی دوژمن ده‌ستی بگاته ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها، ئه‌گه‌ر ئه‌م شۆڕشه‌ی شه‌ڕڤانان نه‌بووایه، ئێستا داعش و تورکیا و جه‌بهه‌ی نوسره و میلیشیا تیرۆریسته‌کانی دیکه حوکمی ڕۆژاڤایان ده‌کرد.
ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری، هه‌ستی بێده‌سه‌ڵاتی له‌ناو تاکه‌کاندا ده‌چێنێت، ئه‌مه‌ش زه‌مینه بۆ فراوانکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆشده‌کات، چونکه به‌رپه‌چی هیچ به‌ره‌نگاریه‌ک نابێته‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا له ڕۆژاڤا ده‌گوزه‌رێت، نموونه‌یه‌کی زۆر جوانی چاندنی هه‌ستی ده‌سه‌ڵاته له‌ناو ناخی تاکه‌کان دژ به داگیرکاری و دوژمنان له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانان و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌رییه‌وه.
به‌رخودانه واده‌کات دوای ده‌یان ساڵ له ته‌عریب و داگیرکاری، پڕۆگرامی خوێندن له ڕۆژاڤا بکرێته زمانی کوردی و دروشمی (ژیان به‌بێ به‌ره‌نگاری هیچ مانایه‌کی نیه) به‌رزبکه‌نه‌وه.