كازمی دەیەوێت لە ڕێگای سعودیەوە كۆتایی بە هەژمونی ئێران بهێنێت؟ یان ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت؟

كازمی دەیەوێت لە ڕێگای سعودیەوە كۆتایی بە هەژمونی ئێران بهێنێت؟ یان ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت؟

517 خوێندراوەتەوە

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە نیازە دوای دەرچوونی شای سعودیە لە نەخۆشخانە سەردانی ئەو وڵاتە بكات، پاشانیش سەردانی هەریەك لە ئێران و ئەمریكا بكات،بەڵام كاری لە پێشینە و گرنگی سەردانی سعودیەیە،بۆیە لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە كایەوە، كە ئایا عیراق دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تاران و ریاز ببینێت؟ یان سەردانەكە یەكەم هەنگاوی دووركەوتنەوەی عیراقە لە ئێران؟.


كازمی نێوەندگیری دەكات و ئێرانیش ئامادەی دانوستانە:
لەكاتێكدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەنیازە دوای سعودیە، سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بكات، بەڵام محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی گەیاندە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبوەوە، سەردانی زەریف كاتێكی نەگونجاو بوو، چونكە كازمی خۆی دەچێتە ئێران، كەواتە ئەم سەردانە بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات نیە، بەڵكو پەیامێكی گرنگی لە پشتەوەیە،بەو پێیەی پێش ئێران سەردانەكە بۆ سعودیەیە، كەواتە پەیامەكەش هەر بۆ ئەو وڵاتە دەبێت و بە كازمیدا دەینێرێت ، لەپەیامەكەدا ئێران ئامادەیی دەردەبڕێت كە دانوستان لەگەڵ سعودیە بكات ، هەروەها دەشیەوێت ڕێگری لە عیراق بكات ،بۆئەوەی ڕێكەوتننامە لەگەڵ سعودیە واژۆ نەكات، بەتایبەت لە ڕووی وزەوە،ئەمەش بە ئاشكرا بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان پێی كردووە.
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " ئیرنا"ی ئێرانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی هەموو كات ئامادەی هاوكاری و دانوستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، ئەو پێی وایە گفتوگۆ تاكە ڕێگا بۆ كۆتایی هاتنی خراپ تێگەیشتنەكان.

،،
دەشڵێت:" ئێمە چەندین جار سیاسەتی جێگیر و بنەمای خۆمان دەربارەی سعودیە ڕاگەیاندووە، ئێستا تۆپەكە لە ساحەی ئەواندایە،دوای ئەوەش كارەكە پەیوەستە بە حكومەت و بەرپرسانی ریاز، تاوەكو دیدو بۆچوونی خۆیان لەسەر پێشنیارەكانی تاران دەرببڕن، كە بۆ هاوكاری و دەیالۆگی هەرێمی پێشنیازی كردوون".


ئەم لێدوانە و هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران پێش سەردانی كازمی بۆ سعودیە تەواو ئەوە دەردەخات، كە ئێران دەیەوێت بەرەی ناكۆكیەكانی كەم بكاتەوە و لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی كەنداو دانوستان بكات و ڕێك بكەوێت، لەم نێوەندەشدا نێوەندگیری بە عیراق سپاردووە.


بۆچی كازمی هەڵبژارد بۆ نێوەندگیری؟
ئێران هەرچەندە بە كازمی زۆر خۆشحاڵ نیە و لەكاتی كاندید بوونی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بێدەنگی هەڵبژارد و پشتگیری نەكرد، بەڵام دەیەوێت بۆ كارێكی گەورە سودی لێوەربگرێت، ئەویش نێوەندگیری نێوان وڵاتەكەی و سعودیەیە، دیارە مستەفا كازمیش بۆ نێو بانگی كەسایەتی خۆی و زیادبوونی هەژمونی وەك سەركردەیەكی كاریگەری ڕۆژهەڵات، ئەم نێوەندگیرە قبوڵ دەكات.


مستەفا كازمی پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە هەیە، تەنانەت بە سەرسەخترین داكۆكیكاری كازمی لە ناوچەكە دادەنرێت،بۆیە ئێران دەیەوێت پەیوەندی نزیكی ئەم پیاوە لەگەڵ ئەمریكیەكان و سعودییەكان بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەرخۆی بقۆزێتەوە، كە لەناوخۆ و دەرەوە دۆخێكی قورسی بۆ هێناوە و نزیكە لە تەقینەوە، بۆیە بە ناچاری دوژمنەكانی دوێنی دەكاتە دۆستی خۆی ، كۆمەڵێك دەستكەوت و كەمكردنەوەی هەژمونی دەكاتە قوربانی نەتەقینەوەی دۆخی وڵاتەكەی.


عێراق لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ سعودیە هەڵدەداتەوە:
كاتێك ڕژێمەكەی سەدام حسێن لە ساڵی (2003) لەلایەن ئەمریكیەكانەوە كۆتایی پێهات، كەسایەتیە شیعەكانی نزیك لە ئێران پۆستی باڵای سیاسی و سەربازیان لەعیراق كەوتە دەست، هاتنی ئەم كەسایەتیانە كە پێشتر لە ئێران بوون یان لەناو سوپای قودسدا كاریان كردووە، دەرفەتێكی زێرینی بە ئێران دا هەژمونی خۆی بەسەر عیراقدا بسەپێنێت ، بەمەش پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جۆرێك لاسەنگی پێوە تێكەوت، بەڵام هاتنی مستەفا كازمی بۆ سەر حوكم، خەریكە ریسەكەی ئێران دەكاتەوە بەخوری، لێدان لە گروپە شیعەكان و كۆنترۆڵ كردنی دەروازە سنورییەكان، دوو زەبری كوشندەی كازمی بوو لە هەژمونی ئێران، هەروەها یەكەم سەردانیشی بۆ دەرەوە كە بە سعودیە دەست پێدەكات، تەواو ئەو بۆچوونە پشت ڕاست دەكاتەوە، كە عیراق نایەوێت لەسەر نەهجی جارانی بڕوات و دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كەنداو فراوان بكات ، خۆبەستنەوەش بە ئێران تێپەڕێنێت.

،،

سەردانی كازمی بۆ سعودیە یەكەم هەنگاوی كردەیی سەرۆك وەزیرانە بە ئاڕاستەی كردنەوەی عیراق بەڕووی سعودیە و وڵاتانی كەنداو، لەوەش زیاتر دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە پتەوتر بكات و لەڕووی بازرگانی و وزە و وەبەرهێنانەوە سعودیە ڕاكێشێتە ناو عیراقەوە.


چاودێران پێیان وایە، سەردانەكەی كازمی تەواوكردنی هەوڵەكانی عەبدولئەمیر عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری داراییە، كە لە 23ی ئایار سەردانی سعودیەی كرد و لەسەر سێ تەوەر قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كرد، كە بریتین لە" هاوكاری بەپەلەی نەختینە بۆ بودجە، هاندانی كۆمپانیا سعودیەكان وەبەرهێنان لە عیراق بكەن،بەتایبەت لە بواری وزە و كشتوكاڵ،لەگەڵ لایەنی بازرگانی".


هەروەها ڕۆژی پێنج شەممە، نوێنەری حكومەتی عیراق و ئەمریكا و ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداوەوە كرا،بۆیەكازمی لە سعودیە یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی باس كردنی ئەم بەستنەوەیە دەبێت، كە بێگومان عیراق تەواو بە وڵاتانی كەنداو دەبەستێتەوە و لە ئێرانی دووردەخاتەوە، هەر ئەمەشە نیگەرانی لای بەرپرسانی ئێران دروست كردووە، بۆیە پێش چوونی بۆ سعودیە، ئێران بە وەزیری دەرەوەیدا پەیامی ئەوەی بە عیراق داوە، دەتوانێت بە نرخێكی هەرزانتر كارەبا بە عیراق بدات.


ئەم هەوڵانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، كۆمەڵێك ڕێكاری نوێن، بۆ ئەوەی لە دوور مەودا هەژمونی ئێران لەسەر عیراق كەمبكاتەوە و عیراق بگێرێتەوە بۆ وڵاتانی كەنداو و عەرەبی،هەروەها دەیەوێت نزیكی لە سعودیەوە بۆ نێوەندگیری بەكاربهێنێت،چونكە باش دەزانێت ناتوانێت تا سەر دوژمنایەتی ئێران و سعودیە بكات،بۆیە دەیەوێت لە یەكیان نزیك بكاتەوە و خۆشی بە كۆمەڵێك دەستكەوت بێتە دەرەوە،بەڵام ئایا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و چەندێتی ململانێی ئێران و سعودیە، لەگەڵ دۆخی ناوخۆی عیراق هاوكاری مستەفا كازمی دەبن،بۆ ئەوەی بە ئامانجەكەی بگات، یان شكست دێنێت و ناتوانێت ئەم ڕۆڵە قورسە بگێرێت؟.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی