كێ دەچێتە سەر كورسییەكەی مەلیك سەلمان

كێ دەچێتە سەر كورسییەكەی مەلیك سەلمان

665 خوێندراوەتەوە

لە ناوی بنەماڵەی ئال سعودا لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا نەریتێك باو بووە كە كوڕی گەورەی مەلیك عبدالعزیز فەرمان ڕەوای دەگرنە دەست و دوای مردنی مەلیكی پێش خۆیان، ئەم نەریتە تاساڵی ٢٠١٥ و هاتنە سەر دەسەڵاتی مەلیك سەلمان بەردەوامبوو.


بەڵام مەلیك سەلمان ئەم نەریتەی گۆڕی و دوای دەستبەركاربوونی محمد بن نایف كە نەوەی دووەمی مەلیك عبدالعزیزە، وەك وەلی عەهد دیاریكرد، لەكاتێكدا دەبوو بەپێی نەریت كوڕە بچوكی مەلیك عبدالعزیز شازادە ئەحمەد وەك جێگرەوەی خۆی دەستنتشان بكات(ئەحمەد برای مەلیك سەلمانە).

،،

ئامانجی مەلیك سەلمان لەم هەنگاوە ڕادەستكردنی دەسەڵات نەبوو بە محمد بن نایف لە دوای خۆی، بەڵكو شكاندنی نەریت بوو بۆ ئەوەی محمدی كوڕی بكات بە جیگرەرەوەی خۆی سیستەمی دەسەڵات لە بنەماڵییەوە بگۆڕێت بۆ خێزانی و محمد بن سەلمانی وەك وەزیری بەرگری دامەزراند.


دواتر مەلیك سەلمان لە ساڵی ٢٠١٧ بەكرداری گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوای لە بنەماڵەییەوە بۆ خێزانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و محمد بن نایفی وەلی عەهدی لەكار دوورخستەوە و محمد بن سەلمانی كرد بە وەلی عەهد و هاوكات عبدالعزیزی كوڕی كرد بە وەزیری ووزە و خالد بن سەلمانی كوڕی وەك جێگری وەزیری بەرگری دامەزراند
هەنگاوەكانی مەلیك سەلمان. سەرەتا ناڕەزایەتی لەناو بنەماڵەی ئال سعودا دروست كرد و هەربۆیە لە هەڵمەتێكدا ئەمیرە ناڕازییەكان دەستگیركران و لە هۆتێلی ڕیتزكارڵتۆن زیندانیكران.


دواتر بە مەرجی بیدەنگ بوونیان ئەمیرە دەستگیركراوەكان ئازاد كران، ئەم بێدەنگیە تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی شازادە ئەحمەد بن سەلمانی برای مەلیك سەلمان بە گرەنتی ئەمەریكا و بەریتانیا لە لەندەنەوە گەڕایەوە سعودیە بەڵام سەرەتای ئەمساڵ بە تۆمەتی پلاندان جارێكی تر محمد بن نایفی وەلی عهدی پێشوو و شازادە ئەحمەد بن عبدالعزیز دەستگیركران و تا ئێستا ئازاد نەكراون.


هەڵوێستی ئەمەریكا
لەسەرەتادا ترەمپ پشتیوانێكی بەهێزی محمد بن سەلمان بوو بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕینی ڕیشەی لە كۆمەڵگای سعودییەدا بۆ ئەم مەبەستەش محمد بن سەلمان پرۆژەی ٢٠٣٠ بۆ كرانەوەی كۆمەڵگای سعودی و پرۆژەی نیۆمی ئابوری خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
هۆكاری ئەم پشتیوانییەی ترەمپ پەیوەست بوو بە سێ هۆكار دەگەڕێتەوە:
١- بۆ ئەمەریكا گرنگە گۆڕانكاری لە كۆمەڵگای سعودییەدا بكرێت، چونكە لە ساڵانی ٢٠٠٠-٢٠١٠ جارێكی تر لە سعودیەوە ڕەوتی سەلەفی جیهادی لە گەشەكردندابوو و كە ڕووداوەكانی ١١ سێبەتەمبەر و ئاڵۆزییەكانی عێراقی ساڵی ٢٠٠٤-٢٠٠٨ لە سعودیەوە بوو.
٢- بن سەلمان پشتیوانێكی بەهێزی ڕێكەوتنی سەدەی ئیسرائیل - ئەمەریكیە و دۆستێكی گرنگی ئیسرائیلە و پرۆژەی نیومی ئابوریش ئیسرائیل تیایدا بەشدارە.
٣- هاوكات بن سەلمان هاوڕێی نزیكی كۆشنەری زاوای ترەمپە و بەڵێنی پرۆژەی ئابوری گرنگی بە كۆشنەر و ترەمپ داوە.
هەموو ئەم هۆكارانە وایكرد كە ترەمپ پشتیوانێكی بەهێزی بن سەلمان بێت، بە جۆرێك پلانیان دانابوو كە بەهاوكاری ترەمپ لە ٢٠١٧/٦/٥ قەتەر داگیر بكەن و تەمیم بن حەمەد لە دەسەڵات دوور بخەنەوە، بەڵام وەك ڕیك تیلرسنی وەزیری دەرەوەی پێشوو تری ئەمەریكا دەڵێت ( من ڕێگریم لە پلانەكە كرد و كۆنگرێسم لە مەترسییەكانی ئاگادار كردووە).


بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ پشتیوانی ترەمپ و ئیدارەكەی بۆ بن سەلمان لاواز بووە ئەمەش بەهۆی:
١- دۆڕان و شكست لە شەڕی یەمەندا.
٢- هەڵگیرساندنی شەڕی نەوت و داڕووخانی نرخەكەی لە بازاڕدا.
٣- دەستگیركردنی شازادە ئەحمەد بن عبدالعزیز و چالاكانی مەدەنی.
٤- تیرۆركردنی جەمال خاشوقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەمبوڵ كە ڕووی بن سەلمانی لە ئاستی دەرەكی ناشیرین كرد و پێگەی لاواز كرد.
٥- ناڕەزایەتیەكانی ناو بنەماڵەی ئال سعود كە ئەمەریكا مەترسی تەقینەوەی هەیە.
ئەم هۆكارانە وایكرد كە بن سەلمان وەك كەسێكی لاواز دەربكەوێت و نەتوانێت لە ئاست پێشبینیەكاندا بێت، لەلایەكی ترەوە مەترسی تەقینەوەی ناكۆكیەكانی ناو بنەماڵەی ئال سعود بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا دەخاتە مەتەسیەوە چونكە سعودیە دووەم. گەورەترین وەبەرهێنی نەوتە و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكایە.
هاوكات سعودیە چەقی جیهانی ئیسلامییە و لەڕابەدوودا چاوگەی بیری سەلەفی جیهادی بووە كە لە مەترسییە بۆ سەر هێز و بەرژەوەندی ئەمەریكا.
هەربۆیە ئەمەریكا دەترسێت لە هەر تەقینەوەیەكی سیاسی و گۆڕانكاری لە سعودیە دژی مەلیك سەلمان و كوڕەكەی ببێتە هۆی ئەوەی سعودیە لەبەرەی ئەمەریكاوە بچێتە بەرەی ڕووسیا.


چارەنوسی كورسیەكەی مەلیك سەلمان
لە ئێستادا مەلیك سەلمان كەتەمەنی ٨٤ ساڵە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە بە جۆرێك بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی مەلەكی ئەمڕۆ٢٠٢٠/٧/٢١ نەشتەرگەری دەرهینانی زراوی بۆ كراوە بۆیە مەلیك سەلمان و محمدی كوڕی دەیانەوێت دەست و برد بكەن لە جێگیركردنی محمد وەك مەلیكی سعودیە پێش مردنی.
بەڵام ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم ئەم هەنگاوە سێ هۆكاری سەرەكیە:
١- سعودییە چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و چارەنوسی ترەمپ دەكات كە ئەگەر ئەگەری دۆڕانی ترەمپ مسۆگەر بێت ئەوا محمد بن سەلمان پێش مانگی ١١(تشرینی دووەم) دەبێت بە مەلیكی سعودیە چونكە بایدن و بن سەلمان زۆر ناكۆكن، هەربۆیە ئەگەر بردنەوەشی گرەنتیكراو بێت ئەوا دوا دەكەوێت بۆ كۆتای ئەم ساڵ و ساڵی ٢٠٢١.
٢- لە ئیستادا ناكۆكیەكی زۆر لەناو بنەماڵەی ئال سعودا هەیە و پێویستە بن سەلمان پیش چوونە سەركورسی كۆتاییان پێبهێنێت.
٣- كێشەی كرۆنا و قەیرانی دارای وایكردووە سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا ڕوون نەبێت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەوەش دەسەڵاتی فەرمانڕەوای لە سعودیە بە فەرمی لە بنەماڵییەوە دەگۆڕێت بۆ خێزانی و پیشبینی دەكرێت لە دوای دەستنیشانكردنی محمد بن سەلمان وەك مەلیكی سعودیە خالید بن سەلمانی برا بچوكی وەك وەلی عەهد و جێگرەوەی خۆی دەستنیشان بكات و دەوڵەتی سعودییەی نوێ دوای نزیكەی سەد ساڵ لەدایك بێت.


دەر ئەنجام:
١- پێشبینی دەكرێت لە ماوەیەكی كورتدا ( كەمتر لە ساڵیك) بن سەلمان بچێتە سەر كورسی پادشایەتی سعودیە بە دەستبەردار بوونی مەلیك سەلمان( ئەگەر زیندوو بێت).
٢- سعودیە لە سەر ئاستی ناوخۆ دەست بە چاكسازی ئابوری دەكات بەو بیانوەوە نەیارانی بن سەلمان. بیدەنگ دەكات.
٣- ئەگەر بایدن سەركەوتووبێت لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا سعودیە پەیوەندییەكانی زیاتر لەگەل ڕوسیادا بەهێز دەكات.
٤- لەسەر ئاستی ناوچەیش سعودیە هەوڵ دەدات گرژییەكانی لەگەل وڵاتانی ناوچەكەدا هێمن بكاتەوە چونكە چوونە سەر كورسی شاهانەی باوكی پێویستی بە هێمنی هەیە.
٥- گۆڕانكارییەكان بەتەنها لە سعودییە نابێت و لە دوو ساڵی داهاتوودا گۆڕانكاری گرنگ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات.
٦- ئەمەریكا پیویستی بە هاوپەیمانێتیەكی بەهیزی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو هەیە بۆ جێگرتنەوەی توركیا و سنورداركردنی دەسەڵاتی چین و ڕوسیا و ئێران ،( ئەمە لە ئەرگەری سەركەوتنی ترەمپدا)لە ئەگەری سەركەوتنی بایدندا ڕوون نیە چی ڕوودەدات.
٧- سعودیە بۆ ئەمەریكا گرنگە لە رووی جەنگی ئابووریەوە كە لە ماوەی داهاتوودا ئەمەریكا دەكەوێتە جەنگی ئابوری لەگەڵ چین و روسیا و ئەوروپادا و چەكی نەوتی سعودیە و هێزە ئابورییەكەی بۆ ئەمەریكا گرنگە كەلەو جەنگەدا بەكاریبهێنێت.
٨- بن سەلمان دەیەوێت سنورێك بۆ بیری توندڕەوی سەلەفی جیهادی لە سعودییە دابنیت و نمونەی ئیمارات لە كرانەوەی كۆمەڵگادا دووبارە بكاتەوە.
٩- سعودیە لە ئەگەری بردنەوەی بایدندا متمانە بە ئەمەریكا ناكات و لە ناوچەكدا بە دوای دۆست و هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕیت.
١٠- هەرچی پەیوەستە بە عێراقەوە بن سەلمان پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ كازمی كە پێش ئەوەت ببێت بە ڕاوێژكاری لە دەزگای هەواڵگری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠ هاوڕێی بن سەلمان بووە.

 

author photo

 

 

ـ خویندكاری دكتۆرا. 

ـ لێكۆڵەر لە ناوەندنی ئیمارات بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژی.

ـ لێكۆڵەر لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژی.