ئەردۆگان و ئەفسانەی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان!.

ئەردۆگان و ئەفسانەی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان!.

305 خوێندراوەتەوە

د. جەبار قادر


کەمالییەکان پەیماننامەی لۆزانی ساڵی (١٩٢٣) بە سەرکەوتنێکی مەزن بۆ بزووتنەوەی کەمالی و سەرکردەکەی دادەنێن، کە لە ڕاستیشدا لە بارودۆخی ئەو ڕۆژانەی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا بێ وێنە بوو. لە کاتێکدا سوڵتان/ خەلیفەی عوسمانی، کە ئەردۆگان و لایەنگرانی بە شێوەیەکی دوور لە ڕاستییە مێژووییەکان وێنای دەسەڵات و سیستەمە ڕزیوەکەی دەکەن و بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن، دەروازەی باڵای بەتەواوی ڕادەستی خواستەکانی دەوڵەتانی هاوپەیمان کردبوو و ملکەچی هەموو بڕیارەکانیان بوو.


ماوەیەکە ئەردۆگان لە قیڕەقیڕ و وتارە بەردەوامەکانیدا بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی فراوانخوازانەی تورکانی ئیسلامی/ناسیۆنالیستی باس لە پەیماننامەی لۆزان وەک شکستێک بۆ تورکیا دەکات کە بە وتەی ئەو بە ناهەق ناچار کرا دەست لە زۆر ولایەتی دەوڵەتی عوسمانی هەڵبگرێ. باسکردنی بەردەوامی ساڵی ٢٠٢٣ وەک ساڵێکی یەکلاکەرەوە و ئەفسووناوی، کە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ بۆچوونێکی وای دروست کردووە گوایە لە سەد ساڵەی ئەو پەیماننامەیەدا، ئیتر کاتەکەی تەواو دەبێ و دەستی تورکیا کراوە دەبێ و ئەوەی بیەوێ دەیکا و بە خواستی خۆی بڕیار لە سەر هەموو پرسەکانی ناوچەکە و بگرە دونیا دەدا و لە دەریای ناوەڕاست و ویلایەتە کۆنەکانی دەوڵەتی عوسمانی خاوەن بڕیار کۆتایی دەبێ.

،،

ئەردۆگان هەلپەرستانە و دووڕوویانە ئەم کارە دەکات، لە لایەکەوە بۆ ڕازی کردنی توندڕەوانی تورک لە کەمالی و گورگە بۆرەکان، وا باسی ئەم پرسە دەکات کە ئەو لە سەد ساڵەی کۆماری تورکیادا، وڵاتەکەی وا بە هێز دەکات، خەونی ئەوانەی دروستیان کرد بە دی دینێ، لە کاتێکدا دامەزراندنی تورکیا لە سەر کەلاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی تەواو ناکۆکە لە گەڵ گوتارە ئاینییە – عوسمانییە فراوانخوازەکەی خۆیدا. لە لایەکی تریشەوە لێدانە لە مستەفا کەمال و کەمالییەکان و هەموو کردەوەکانیان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، چونکە ئەوان بوون کە بەم جوگرافیا "بچووکە"ی ئێستای تورکیا قایل بوون و دانیان بە لەدەستدانی هەموو ئەو وڵاتانەدا نا. لێرەشدا ئامانجێکی سەرەکی ئەردۆگان هەڵتەکاندنی هەموو بنەماکانی عەلمانییەتەکەی مستەفا کەمالە.


دەبێ لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکرێ، ئەویش ئەوەیە کە هەرچەندە ئەردۆگان و حیزبەکەی لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوودا بەرگێکی ئیسلامی سیاسییان بە سەر بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای تورکیدا سەپاندووە، بەڵام ئەو دەستورە لە تورکیادا کاری پێدەکرێ هێشتا کۆمەڵێ زۆر بنەمای عەلمانی تێدایە کە کاتی خۆی مستەفا کەمال دایڕشتوون، ئەمەش ئەردۆگان و هاوبیرانی هەراسان کردووە و خەو بەو ڕۆژەوە دەبینن کە بە یەگجاری خلۆیانی لێ ڕزگار بکەن، بۆیە بەشێکی ئەم هەڵمەتە بۆ سڕینەوەی هەموو مۆرکەکانی ئەو عەلمانییەتە دیکتاتۆرییانەی مستەفا کەمالە. ‌


لایەنگرانی ئەردۆگان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا ئەم هەڵایەی ئەردۆگان و حیزبەکەیان قۆزاوەتەوە و پڕوپاگەندەیەکی زۆری بۆ دەکەن، وا خەریکن لە لای خەڵکێکی زۆر دەیکەن بە ڕاستییەکی مێژوویی. بەشێکی کوردیش، چ ئەوانەی دژی ئەردۆگانن و چ ئەوانەی بە "خیلافەتە"کەیەوە دەبینن، باوەڕیان بەم ئەفسانەیە هێناوە گوایە ساڵی ٢٠٢٣ ئیتر تورکیا هەرچی بیەوێ دەتوانێ بیکا و دەستی لە سەر هەموو ئاستەکان کراوە دەبێ و ئیتر لە ڕۆژهەڵاتدا قانوونی جەنگەڵستان سەروەر دەبێ.


ئەم ئەفسانەیە هیچ بنەمایەکی قانوونی یا مێژوویی نیە. پێم سەیرە لە کاتێکدا دەقەکانی پەیماننامەی لۆزان بە زۆربەی زمانە گرنگەکانی دونیا بڵاوکراونەتەوە و لە سەرچاوە مێژووییەکان و لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێتیشدا دەستدەکەون، خەڵکێکی زۆر بەو شیوەیە وەدووی ئەم درۆ زلە بکەون و بانگەشەی بۆ دەکەن. ڕاستە توندڕەویی ئایینی، مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی نەتەوەیی مرۆڤ کوێر دەکەن و وایان لێدەکەن راستییەکان نەبینن، ڕەنگبێ ئەمەش نموونەیەکی زەقی ئەم دیاردە کوشندەیە بێ.


پەیماننامەی لۆزان لە ١٤٣ ماددە پێکهاتووە و بە سەر ١٧ بەڵگەنامەدا دابەش کراون کە بریتین لە "ڕێککەوتنامە"، "پەیمان"، "ڕاگەیاندراو" و "پاشکۆ". بە پێچەوانەی ئەوەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێ، گوایە پەیماننامەکە بەندی نهێنی هەبووە، هیچ شتێکی وا لە ئارادا نیە و عەقڵ قەبووڵی ناکات هیچ بڕیاڕ و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی سەد ساڵ بە نهێنی بمێنێتەوە. نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی لەو سەردەمەدا لە کایدا بوو، واتا کۆمەڵەی نەتەوەکان یا کۆمەڵەی گەلان بە کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شیوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵوەشایەوە، بەڵام هەموو ڕێککەوتننامە و بەڵگە نێودەوڵەتییەکان وەک میرات بۆ ئەم ڕێکخراوە نوێیە مایەوە.


لە هەموو ماددەکانی پەیماننامەی لۆزان و هەموو پرۆتۆکۆل و بەڵگەنامەکانی تردا، کە پەیوەندییان بەم پەیماننامەوە هەیە، یەک وشە نیە باس لەوە بکات کە ئەم بڕیار و ڕێککەوتنانە بۆ ماوەیەکی دیاری کراوە و لە دوای سەد ساڵ یا دوو سەد ساڵ کۆتاییان پێدێ. ئەوەی باوە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و ڕێککەتننامەی نێوان دەوڵەتەکاندا ئاماژە بە کاتی جێبەجێ کردن و کات دەکرێ، بەڵام بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕێکی جیهانی و دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی نێودەوڵەتی مەرج نیە هەمان شت بکرێ.

،،

بە پێی ئەوەی ئەم ئەفسانەیە خەونی پێوە دەبینێ، دەبێ سنوورەکانی چەندین دەوڵەت سەرلەنوێ دیاری بکرێن و هەندێ دەوڵەتیش بە یەکجاری لە سەر نەخشە جوگرافی نەمێنن، کە ئەمە ڕەنگبێ تەنها لە باری هەڵگیرسانی شەڕێکی جیهانی نوێدا لە دونیا و ناوچەکە سیناریۆیەکی لەم جۆرە بێتە کایەوە.


هەڵبەتە تورکیا ئەگەر ئەوەندە بە هێز بوایە و بە هێز بێ کە خواستەکانی خۆی بە سەر هەموو زلهێزەکانی دونیادا بەسەپێنێ، ئەوا نەک لە دوای سەد ساڵ، بەڵکو دەیتوانی لە دوای بیست ساڵ یا پەنجا ساڵ و کەمتر یا زیاتر، داوای پیداچوونەوە بە بەندەکانی لۆزاندا بکات و بە خواستی خۆی خاڵ و بەندەکانی دابڕێژێتەوە. خۆ تورکیا یەک لە دەی هێزی ئابووری و سیاسی ئەڵمانیا و ژاپۆنی لە دونیادا نیە، کە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی واتا 75 ساڵ، نەک شەڕی یەکەم و نزیکەی سەد ساڵ، کۆمەڵێ مەرجی سەختیان بەسەردا سەپێنراوە کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە دەسکاری بکەن یا خۆیان لە جێبەجێ کردنیان بدزنەوە.
دیارە مەبەست لەم پڕوپاگەندە خەیاڵییەی ئەردۆگان و هاوبیرانی دروستکردنی خەلیفە و سوڵتانێکی کارتۆنییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەریک کردنی گەڵانی ناوچەکەیە بە کێشمە کێشێکی نوێوە.