کازمی، وەک پۆلیس

کازمی، وەک پۆلیس

135 خوێندراوەتەوە

کازمی سیمبولی دەوڵەتی مۆدێرن و راقی و دیموکراسی نییە، توخمی یەکەم و عەڕابی ناو دەوڵەتسازییەکی تازەی پۆلیسیی و نهێنگەرای توندە بەدەست ئەمریکا و مەرجەعیەتەوە.


‎مستەفا کازمی، پێگە سیاسییەکەی وەک دەسەڵاتێکی بڕیاردەر و نیمچە رەها خەریکە بەکاردەهێنێت بۆ مەبەستی دیکە لە ژێر پەردەی بنبڕکردنی گەندەڵی و فەوزا و نەهێشتنی میلیشیات و دیسپلینکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش لە بەسڕەوە دەستی بەم جوڵەیە کرد.


ئەم کاراکتەرە تازەیە، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت خەریکە ئاو بە کۆرەگەی ئاشێکی دووبارەدا دەکات کە پێشتر گەورەکانی قووتدا و کەسانی وەکو قاسمی سولەیمانی و مەهدی موهەندیس نەخشەدانەریی بوون و مالیکی و عەبادی و عامریی و خەزعەلی شاگردانی ئەو ڕێبازەن. بێزەحمەت با لەو شاگردانەوە دەستپێبکات کە هیچ باوەڕێکیان بە پرەنسیپەکانی ریفۆرم و گۆڕانکاریی و چوونەژێرباریی یاساکان و دەستوور نییەو بینیمان مانگی پێشوو چۆن جوڵەیان بە هێزەکانیان کرد دژی دەستوورو یاساو خودی کازمیش!؟

،،
‎جارێ هەڵبژاردنی ئاسایی لە عێراق ئەوە دوو دەیە، هیچ گۆڕانێکی ڕادیکاڵی دروست نەکرد، ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە لە عێراق کە ئەجێندایەکی گوماناویی ئەمریکی ئێرانییە دەبێت چ واقیعێکی نوێ بهێنێتە پێش جگە لە قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکانی کوردو شیعەو شیعەو سوننە، کازمی لەبری ئەوەی کار بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی و شکۆی عێراق بکات لەدەستی حەشدی شیعی و سنوربەزاندنی تورکیاو بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی و دابینکردنەوەی سیولەی بانکی و گەراندنەوەی بەها بۆ نەوت و دیناری عێراقی، خەریکی بەهێزکردنی لیستێکی پەڕلەمانییە بۆخۆی و خولگەکەی چواردەوری، هەمان یارییەکانی پێشوو بە کەمێک دەستکارییەوە.


کازمی سەرەتا وەک فەرمانبەری ئیستیخباراتی دەوڵەت و دواتر وەک کۆدی نهێنی ناو تەوافوقاتێکی سیاسی ژێربەژێر هات و دانرا لە سەری سەرەوەی هەڕەمێکی پڕلە کێشەو ئاریشە، ئێستا دەیەوێت بەو شەرعیەتە دەستکردە شەرعیەتی گەل وەدەست بخات و هەڵبژاردن دوبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی پێگەی ئەمنی و سەربازیی و ئابوریی و سیاسی خۆی مێخڕێژو تەئمین بکات بۆ چەندین ساڵی ئایندە، هەمان ئەو ڕێچکەیەی کە مالیکی گرتیەبەرو ئێستاش خاوەن هێزو میلیشیاو جەبەروتی خۆیەتی و هیچ هێزێک بە کازمیشەوە توانای نییە لێپرسینەوەی لەتەک بکات، کازمی گەر بیەوێت بەم هەڵبژاردنە لیستی گەورە دروست بکات و تەوافوق و ئیجماعی میللی کوردی تێک بشکێنێت و کورد پەرتەوازە بکات بۆ خاتریی هەندێک دەوڵەت ئەوا هەڵەی مەنهەجی گەورە دەکات، چونکە کوردستان تازە بۆتە یەک پاکێج و جوگرافیاو وابزانم ئاسان نابێ تێکدانی ئەو دیفاکتۆیە.

،،
‎بۆ عێراقیش چ له‌ ئێستاو چ له‌ رابردوو، به‌تایبه‌تی دوای خه‌لافه‌تی راشیدین و دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاتی دینی و ئاینی عه‌لی كوڕی ئه‌بوتاڵیب و حه‌سه‌ن و حسه‌ین و یه‌زیدی كوڕی موعاویه‌و ئالوبەیتەکانیان‌، تا موعتەسیم بیلاو موقتەدا سەدرو خودی مستەفا کازمی خۆی، له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ عێراق خاوه‌ن حه‌زاره‌تی مێژویی و ده‌ستنووس و مره‌كه‌ب و خوێنده‌واریی و باشترین باخی خورماو دانه‌وێڵه‌و سامانی سروشتی و وڵاتی دوو رووبار بووه‌

مەزهەب و کەلتوریی شەرقی و دینی بەدەویی کۆنترۆڵی کردوەو نەیهێشتوە هەناسە بدات، لەوکاتەوە جه‌نگ و شمشێر نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌مل و گه‌ردنی ئه‌م حه‌زاره‌ته‌و به‌ كوفه‌و كه‌ربه‌لا تێپه‌ڕیون تا داروالخیلافه‌ی به‌غدادو کوردستان و بۆیە ئاسان نییە هیوایەک هەبێ لەو بەغدادەوە، بەتایبەتی ئەو نەفەسە پۆلیسییەی کازمی کە نەفەسێکی ڕیاکارانەو بێستراتیج و نزیک مەودایەو بە ئاسانی ناتوانێت خۆی لە تەڵزگەکانی مەزهەب و گەمە موخابەراتیەکان قوتار بکات، لەوپەڕی حاڵەتدا ڕۆڵە پۆلیسیەکەی کازمی تا تونێلێک دەڕوات و بەس، ناکرێت مرۆڤ ئەوەندە خەونی لەسەر هەڵچنێت، بەتایبەتی بەرەی دیموکراتخوازو لیبڕاڵ لە عێراق و کوردستان، ئەوانەی دژی دەوڵەتی پۆلیسی و ئیستیبدادی مەرکەزین باشترە دڵیان ئەوەندە خۆش نەکەن بەم هەنگاوانە.


‎کەواتە کازمی بەم سیحری باڵڕاوەشاندن و فۆتۆگەرییە میدیاییەوە عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوەو مۆدێلێک لە حوکمی ڕاقی نابات، بگرە سەرەتایەکی تاریکە بەرەو حوکمڕانییەکی پۆلیسی و ئیستیخباراتی، کورتکردنەوەی دەستی گەندەڵکاران و کۆتاییهاتنی فەوزای سوپاو میلیشیاکانی حەشد، بە پچرانی پەیوەندی ئێران بە عێراقەوە بەندە کە کازمی ناتوانێ ئەمە بکات و دێت لە تەنکاودا مەلە دەکات، قورسترین کارێک بۆ کازمی کە هەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت نەهێشتنی بلۆکە ئایدۆلۆژیستە دینی و مەرجەعە مەزهەبیەکانە ئیتر ریفۆرم لە چی و لە کوێی عێراقدا دەکات.


‎ئەو سیحرەی کازمی لە ڕاستیدا کورت مەودایەو ئەجێندایەکی کاتییەو بە ئاسانی هەرس نابێت بۆ عێراق، کازمی گەر چاکسازیی دەوێت پێویستە سەرەتا قاچی ئەقتابەکانی شیعەی عێراقی وەک مالیکی و عامیریی بگرێت و بیانباتە دادگاو بزانم بەرگەی ئەو پێلەقەو هەژمونە دەگرێت؟

 

author photo

نووسەر و رۆژنامەنووس