ڕێوییە فریودەرەکە کێیە؟

ڕێوییە فریودەرەکە کێیە؟

809 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ مایك پۆمپیۆ ڕایگەیاند برایان هۆكی بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە كار دوور خراوەتەوەو لە جیگاكەی ئیلۆت ئەبرازم دیاری كراوە.

ئەبرامز كێیە؟
ئیلۆت ئەبرامز لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایك بووە و لە خێزانێكی یەهودی توندڕەو، لەسەرەتای لاویدا پەیوەندی بە ڕێكخراوە یەهودییەكانی ئەمەریكاوە كردووە و دەرچووی بەشی یاسای زانكۆی هار ڤەردە.

ئەبرامز زیاتر لە ٣٥ ساڵە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كار دەكات بەتایبەت لە دۆسییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو بۆ یەكەمینجار لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگاندا ساڵی ١٩٨٥ ڕاوێژكاری كۆشكی سپی بووە بۆ كاروباری ئێران.

،،

بەڵام لەدوای ئاشكرا بوونی ئابڕوو چوونە گەورەكەی ڕۆناڵد ڕیگان كە بە ئابڕوو چونی (كونتیرا) ناسرا كە ڕیگان ی سەرۆكی ئەمەریكا بە نهێنی و نایاسای لەسەر دەمی شەڕی عێراق ئیراندا چەكی بە ئێران فرۆشتووە و داهاتەكەشی بۆ هاوكاری گروپی چەكداری كونتیرای نیكاراگوا بەكار هێناوە.


ئەندازیاری ئەم گرێبەستانەی فرۆشتنی چەك بە ئێران ئەبرامز بوو كە دوای ئاشكرابوونی داگایی كراو سزادرا، دواتر لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە كاری دەكرد و یەكێكە لە دارێژەرانی یاسایی نوێی كۆمارییەكان لە كۆتایی ساڵی نەوەدەكاندا.
هاوكات بە یەكێك لە بیرمەندان و دارێژەرانی سیاسەتی كۆمارییەكان دادەنرێت و ساڵی ٢٠٠٠ پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی ئامادە كرد و پێشنیاری ڕووخانی سەدامی كرد.

ئەبرامز و شەڕی عیراق
ساڵی ٢٠٠٢ جۆرج بۆش وەك ڕاوێژكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری كرد و یەكێك بوو لە ئەندازیارانی ڕووخانی سەدام، دوای كۆتای دەسەڵاتی بۆش سەرۆكایەتی ڕێكخراوە ئاینییەكانی یەهودی كردووە.

،،

لە ڕووی بیری سیاسیەوە ئەبرامز سەر بە باڵی لیبراڵی كۆمارییەكان بووە، بەڵام لە دوای كار كردنی لەگەڵ ریگاندا بووە یەكێك لە بیرمەندانی كۆمارییە نوێیەكان یان ڕاستر بووترێت كۆمارییە ڕاسترەوە توندڕەوەكان كەلەژێر كاریگەری بیری تەوراتیدان.


ئەبرامز وەك كەسایەتی و وەك پسپۆری زۆر لە برایان هۆك بەهێزترە و بە ڕێوییە فریوودەرەكە دەناسرێت(لیلا تامار بەڕەحمەت بێت وا ناوی هێناوە) و كەسێكی زۆر توندە بەڵام لە كاركردندا بە پلان و ستراتیژە و زۆر گرنگی بە گوێگرتن و ڕاوێژ بە ناوەندەكانی لیكۆڵینەوە دەدات.

 

author photo

 

 

ـ خویندكاری دكتۆرا. 

ـ لێكۆڵەر لە ناوەندنی ئیمارات بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژی.

ـ لێكۆڵەر لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژی.