پڕۆژەیەک بۆ سەد ساڵەی سیڤەر

پڕۆژەیەک بۆ سەد ساڵەی سیڤەر

604 خوێندراوەتەوە
شێرکۆ کرمانج ــ سەردار عەزیز ــ ئارام ڕەفعەت ــ هەردی مێد

دوای سەدەیەک لە مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر، پێداچوونەوە بە ڕووداو و دەرکەوتەکانی ئەو سەد ساڵەو تێڕوانین لە دوارۆژ کاتی هاتووە. سەدەی بیست لە زۆر ڕووەوە جیاوازە لە سەدەکانی پێشووتر. لە سەدەی بیستدا، تێگەیشتن‌و هاوبەشە دینییەکان وەک گرێدەری کۆمەڵگەکان لاواز دەبێت‌و خەلافەتی موسڵمانان لەناودەچێت. ئەوروپییەکان هەوڵدەدەن ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دیدی خۆیانەوە دابڕێژنەوە. ئەم هەوڵەو دەرئەنجامەکانی تراژیدیای جۆراوجۆر لە ناوچەکە بەرهەمدێنن.


ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، وەک هێزی باڵاو سیستەمی بەڕێوەچوونی ناوچەکە، هەڵدەوەشێنرێت. لە جێگایدا سیستەمگەلێکی نوێ‌ بە کۆمەڵێک چەمک‌و ئایدیا دێتە ئاراوە، لەوانە: دەوڵەت، نەتەوە، سنور، شوناس، مۆدێرنە، بەشاربوون، کە بەگشتیی ئایدیای ئەوروپایین. بۆ سەر لە نوێ داڕشتنەوەی ناوچەکە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سازدەکرێت، لەوانە: کۆنفرانسی ڤێرسای‌و سیڤەرو لۆزان، چەندین پەیمانیش مۆردەکرێت.


پەیمانی سیڤەر لەنێوان بەریتانیا، فەڕەنساو ئیتاڵیا وەک لایەنی سەرەکی براوەی شەڕی یەکەمی جیهانی لەلایەک‌و تورکیا وەک لایەنی دۆڕاو لە ١٠/٨/١٩٢٠ لە شاری سیڤەر لە فەڕەنسا مۆرکرا. بەپێی پەیمانی سیڤەر، لە بەشە داگیرکراوەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چەند دەوڵەتێک لەژێر ئینتیدابی بەریتانی‌ یان فەڕەنسی دروستکران‌، بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ئەرمەنییەکان‌و ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمییش، کە هەلی گەشەکردنی بۆ دەوڵەت هەبێت، بە کورد درا.

،،

ماددەی ٦٤ ی پەیمانی سیڤەر پێشنیارێک دەخاتەڕوو بۆ یەکگرتنەوەی بەشێکی بەرچاو لە کوردستانی ژێر دەستی عوسمانییەکان‌و ڕایدەگەیەنێت ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستبەکاربوونی پەیمانەکە، کوردەکانی تورکیا داوایەکیان پێشکەش بە کۆمەڵەی گەلان کردو نیشانیاندا کە ئارەزو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوەو ئەویش داواکەی ڕەچاوکردن، ئەوە دەبێت تورکیا دەستبەرداری هەموو مافەکانی بێت. هاوکات، پێشنیاری پێکەوەلکانی ئارەزومەندانەی کوردەکانی ویلایەتی موسڵیش بە کوردەکانی دەوڵەتە سەربەخۆکە دەکات.


کاتێک ئێمە وەک کۆمەڵێک ئەکادیمیی ئاوڕ لە ساتەوەختی سیڤەر دەدةینەوە، وەک ڕووداوێکی سیاسی تەماشای دەکەین‌. ڕووداوی سیاسی بەمانای ئەوەی هەوڵ بۆ دەستکاریکردن‌و گۆڕینی ئاراستەی پیادەکراو و دەستپێکردنی ئاراستەیەکی نوێ. ساتەوەختی سیڤەر ڕووداوێکی دەوڵەمەندە بۆ تێگەیشتنی کورد بۆ خۆی‌و پەیوەندی بە سیستەمی ناوچەیی‌و جیهانی‌و نۆرمەکانی بەڕێوەبردنەوە.


لەکاتێکدا سیڤەر ساتەوەختی دانپێنان‌و ناسین‌و هەوڵدانە بۆ بەرجەستەکردنی مافەکانی کورد وەک نەتەوەکانی دیکە، لەهەمانکاتدا، بەرجەستەبوونی دیاردەیەکە کە زلهێزەکانی دنیا پەیمانێک دەدەن‌و پاشان بەهۆی گۆڕانکاری هێزو بەرژەوەندییەکانییان لە ناوچەکەو دنیا دا پشتگوێی دەخەن. وەک هەموو ڕووداوێکی ئومێدبەخش کاتێک فەراهەم نابێت، نائومێدی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.


دوای سێ ساڵ لە پەیمانی سیڤەر، هاوپەیمانان پەیمانێکی دیکە لەگەڵ تورکە کەمالییەکان‌ دا لە لۆزان مۆردەکەن. لۆزان نەک هەر ڕێگربوو لە پێش دامەزراندنی ناوچە ئۆتۆنۆمەکە‌و دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکە، بەڵکو کوردستانی عوسمانی بەسەر سێ دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەدا، عێراق، تورکیاو سوریا، بەفەرمی کرد‌و گەلی کوردیشی لە مافی بەدەوڵەتبوون، پێچەوانەی گەلانی دیکەی ناوچەکە، بێبەری کرد.


کوردەکانی ئێران کە سەدان ساڵ بوو لە ململانێکانی نێوان سەفەوییەکان‌و عوسمانییەکان ناوچەکانیان خرابوویە سەر قەڵەمڕەوی سەفەوییەکان، بەهاتنی قاجارەکان‌و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی ئێران لە ١٩٢٥ دا، وەک کوردانی دیکە، لە مافی بە دەوڵەتبوون بێبەشکران.


لە غیابی دەوڵەتدا، گەلی کورد مافی سەربەخۆیی‌و سەروەرییشی لێ زەوتکرا. ئەمەش لەوکاتەوە هەتا ئێستا، کڕۆکی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێکدێنێت. لەو ساتەی گەلی کورد بوو بە بەشێک لە پێکهاتەی چوار وڵاتەکە، بوونی کوردو پرسی کورد نەک هەر لە دامەزراندنی دەوڵەت بەڵکو لە فەراهەمکردن‌و چێژوەرگرتن لە مافە سەرەتاییە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی – وەک ئۆتۆنۆمی ناوچەیی، بەکارهێنانی زمانی دایک، پراکتیزەکردنی ئازادانەی کەلتورو داب‌و نەریت – بێبەشکراوە، قەدەغەکراوە، سنووردارکراوە یان ڕێگریلێکراوە.


لە سیڤەرەوە تا ئێستا مامەڵکردن لەگەڵ گەلی کوردو پرسی کورد لەلایەن چوار وڵاتەکەوە کەم تا زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ڕۆژگارو قۆناغ هەبووە کورد لەسەر شوناسی کوژراوە، دووچاری پاکسازیی نەتەوەیی بۆتەوە، جینۆساید کراوە، قۆناغیش هەبووە بە تاک یان بە کۆمەڵ هەندێک لە مافە سیاسی‌و کەلتورییەکانی بەدەستهێناوەو پیادەکردوە. سەرەڕای ئەمە، چوار دەوڵەتەکە بە تێکەڵەیەک لە بەکەمینەکردنی کوردو بەئاسایشکردنی پرسەکەی مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردوە.

،،

مەبەستی سەرەکیش لەم مامەڵەکردنە تواندنەوەو سڕینەوەو قڕکردنی کورد بووە لە پڕۆسەی دروستکردنی چوار دەوڵەت-نەتەوە دا. ئەم جۆرە مامەڵەیە قەیرانی فرە ئاستی بەرهەمهێناوە، کە پێویستی بە چارەسەرە نەک هەر بۆ کورد بەڵکو بۆ ئەوانی دیکەش چونکە پرسی کورد پێشئەوەی کێشەی کورد بێت، کێشەی شکستی ئەو وڵاتانەیە کە ناتوانن مەدەنی بن، بوار بە جیاواز بدەن، دیموکراسی ڕاستەقینە بن.


بەردەبازی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە جیاکردنەوەی چەمکی داوا و ماف دەست پێدەکات، ئەوەش بەو مانایەی کاتێک کورد داوای مافەکانی دەکات بە مافی دەوڵەتی سەربەخۆو سەروەرییشەوە، ناکرێت وەک داوایەک بۆ دابەشکردن‌و هەڵوەشانەوەی ئەو وڵاتانە تەماشابکرێت، بەڵکو دەبێت وەک ماف‌و ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئەم وڵاتانە ببینرێت بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی‌و ئاشتی لەو وڵاتانەو لە ناوچەکەو لە جیهان.


خوێندنەوەی سیڤەر دوای سەدەیەک، خوێندنەوەی چارەسەرەکانی پرسی کوردە. سیڤەر کۆمەڵێک خەسڵەت‌و نۆرمی هەبوو کە تا ئەمڕۆ بەردەوامن، وەک باڵایی بکەرە دەرەکییەکان‌و دۆخی نێودەوڵەتی، دروستبوونی دەرفەت لە میانەی دروستبوونی درز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، درزگەلێک کە دەرفەت بۆ کورد دەڕەخسێنێت لێیانەوە بێتە ناو مێژووەوە. سیستەمی نێودەوڵەتی چەندە ناجێگیرو دڵڕەقە هێندەش دەرفەت ڕەخسێنە‌. لە دۆخی کەم دەسەڵاتی دا مەعریفەو توانای تێگەیشتن‌و زانین‌و هەڵسەنگاندنی دینامیکیەت‌و میکانیزمی سیستەمی نێودەوڵەتی زێدە گرنگە.


بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تابلۆیە ئێمە قسەو گفتوگۆی چارەسەرو ئەگەرەکان دەکەین. سەرەتا پرسی چارەسەر بۆ کێ؟ بە سودی كێ؟ لەپێناو چی دا؟ جەختیان لەسەر دەکرێت. چارەسەر دەبێت هەم لە قازانجی کورد، هەم لە قازانجی گەلانی هاوسێ دا بێت چونکە کورد لەگەڵ گەلانی ناوچەکە پێکەوە بژی یان جودابێتەوە، ئەوە هەر لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەژێت.


هەڵبەت، پێکەوەژیان چەندین جۆری هەیە، پێکەوەژیان وەک نەبویەک. لە پاش سیڤەرەوە ئەو سیستەمەی کە لە ناوچەکەدا داڕێژراوە چارەسەری پرسی کورد لەم بژاردەیەدا دەبینێت.


ئێمە لەو دونیابینیەوە پرسەکە دەبینین کە ئەگەر دەوڵەتێک لەسەر سڕینەوەی کورد دروستکرابێت ئەوە لە دەرئەنجامدا نەک بۆ کورد بەڵکو کێشەی گەورە بۆ خودی دەوڵەتەکە‌و کۆمەڵگاکەی‌و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دروستدەکات. بەسەربازییبوونی کۆمەڵگەکان، گەشەنەکردنیان، باڵادەستیی عەقڵیەتی فاشیزم بەشی هەرە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ داننەنان بە کوردو چارەسەرنەکردنی پرسەکەی.


هەندێک پرسی پێکەوەبوون لە ئاستی فیکریدا لە پارادایمی دیموکراسیدا دەبینن‌و بەدیموکراسیکردنی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدا دەژی وەک چارەسەر بۆ پرسی کورد وێنادەکەن. ئەم دیدە زیاتر ڕۆمانسییە لەوەی مێژوویی‌و واقیعی بێت. دیموکراسی تەنیا کاتێک دەبێتە چارەسەر کە زامنی فرەیی‌و جیاوازییەکان بکات‌و دووربێت لە خواستی هەژموونگەرایی نەتەوەی یان گروپی سەردەست‌.


یەکێکی دیکە لە تێزەکانی پێکەوەژیان کە ئەمڕۆ برەوی هەیە، تێزی عەبدوڵا ئۆجەلانە. ئەم تێزە چەندین لایەنی جوان‌و چەندینی کێشەئامێزی هەیە. تێزی ئۆجەلان لەسەر گۆڕینی سیستەمی دەوڵەتیی‌و نێودەوڵەتی ناوچەکە بونیادنراوە، کە لە هەوڵی کۆتاییهێنان بە مۆنۆپۆلکردنی دەوڵەت وەک ئامرازێکی نەتەوەی سەردەستە. لەجێی ئەودا پێشنیاری ئیدارەی خۆسەری دەکات. ڕەخنەی سەرەکی ئێمە لەو تێزە سەرچاوەکەی لەوە گرتوە کە وەک سیڤەر پێمان دەڵێت هەڵوەشانەوەی سیستەمی دەوڵەتیی ناوچەکە پرسێکی ناوخۆیی نیەو کەمتر پەیوەستە بە خواست‌و ئارەزوی گەلانی ناوچەکە، بەڵكو پرسێکی نێودەوڵەتییە.


لێرەدا پرسی دەوڵەتبوون وەک بەدیل دێتە پێشەوە. بەڵام دەوڵەتبوون زیاتر لە ڕێگایەکی هەیە. فۆرمێکی باوی دەوڵەتبوون لای کورد، مۆدێلی نافیکریی‌و هەستسازیی تەقلیدییە. ئێمە ئەم دیدە بە لاوازو پڕ کێشە دەبینین.


ئێمە سەرەتا دەوڵەتبوون لە نیشتیماندا (تێرەتۆریدا) دەبینین، هاوکات‌و دواتر دەوڵەتبوون لە حوکمداریدا، لە دروستکردنی کۆمەڵگەدا، لە هەبوونی ئاگایی دەوڵەتدارییدا، لە تۆکمەکردنی خودو شوناس‌و زمان‌و کەلتوری پێکەوەژیان‌و یەکسانی‌و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، لە بەرهەمهێنانی هێزدا، لە پێشاندانی نمونەی جوان بە دنیادا دەبینین، نەک داوایەکی ڕوتی سۆزدار.


دەستەبژێری سیاسی تەقلیدی کوردی بە گشتی لە ئاستێکدا نەبووە کە بتوانێت هاوتەریب لە ناوەوەو دەرەوە برەو بە پرسی دەوڵەتبوون بدات. هۆکارەکانی ئەمە زۆرن، لەوانە باڵایی حیزب بە سەر نیشتماندا، شەڕی ناوخۆیی، نەبوونی توانای دروستکردنی دەزگاو سیستەمی بان-حیزبی‌و بان-سنوریی‌، واتە نیشتیمانیی. لەم ساڵانەشدا، بەتایبەتی لە باشور، پرسی کەڵەکەکردنی سامانیش ئاستەنگێکی گەورەیە.

،،

لەبەرئەوەی دەوڵەت یەکەی سەرەکییە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، ئەوا بێدەوڵەتی واتە ئامادەنەبوون لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا‌و لاوازبوون‌و بەکەمینەبوونیش لەنێو چوار وڵاتەکەدا. ئەمەش کورد دەخاتە بەر ڕەحمەتی دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست‌و ئەگەری سڕینەوەو لەناوچوون دێنێتەگۆڕو بەواقیعدەکات، چ بەخێرایی چ بەهێواشی.


بەکورتی، پڕۆژەکەی ئێمە ئاوڕدانەوەیەکە لە سیڤەر بەڵام بە چاو لەسەر دواڕۆژ کە خۆی لە نوسینی کتێبێک بە زمانی کوردی دەبینێت بە تەرجومەکردنی بۆ تورکی‌و فارسی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی‌و فەڕەنسی. کتێبەکە بە هەڵوەستەیەک لەسەر پەیمانی سیڤەر دەستپێدەکات، دواتر دێتە سەر دەستنیشانکردن‌و گفتوگۆکردنی ئەو بنەمایانەی کە پرسی کورد پێکدێنن. بەدواداچوونێکیش دەکات بۆ سەد ساڵ لە بێبەشکردنی کورد لە هاوتابوون‌ بە ئەوانی دیکەو پەراوێزبوونی لە مێژوودا.

ڕەهەندە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکانی پرسی کورد‌و کاریگەریی بکەرو ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان‌ لەسەر پەراوێزخستن لەلایەک‌و دەرخستنی کورد لەلایەکی دیکە بەشێکی گرنگی پڕۆژەکە پێکدێنن. لە کۆتاییدا، پڕۆژەکە بەچڕی گفتوگۆی چارەسەرو پێشنیارەکان بۆ پرسی کورد دەکات‌و هەوڵدەدات بیرۆکەی نوێ بخاتەڕوو بۆ گفتوگۆو کەڵک لێوەرگرتن‌، بەمەبەستی دروستکردنی گفتوگۆیەک لە نێو کورد‌ خۆی‌و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.

دوو کەسایەتی دیکە، د. بورهان یاسین‌ و کاک تاهیر خالیدی، لە دەستپێشخەری‌و گەڵاڵەبوونی بیرۆکەکانی ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵی کاریگەرییان هەبووە، ئێمە ڕێزو پێزانینمان بۆ هەوڵەکانیان هەیە.