تاكتیكی یەكێتی و پارتی  بۆ فریودانی حكومەتی عێراق

تاكتیكی یەكێتی و پارتی بۆ فریودانی حكومەتی عێراق

740 خوێندراوەتەوە

حكومەتی هەرێم تەنها لە هەشتی مانگی ئەمساڵدا ٤.٥ ملیار دۆلاری مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران قەرزدارە و لە ئێستاشدا تەنها ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە گەنجینەكەیەدا و ڕێكەوتنیش لەگەڵ بەغداد ئەگەرێكی كراوەیە، هەرچەندە هەرێم واینیشانداوە كە گەشتووەتە بن بەست.


ــ ڕێكەوتنی هەرێمی بەغداد بە كوێ گەشتووە....؟
ئەگەرچی حكومەتی هەرێم لە بەیانامەكەی دوێندا شكستی دانوستاندنەكانی خستە ئەستۆی بەغداد بەڵام ئەوەی شكستی بە دانوستاندنەكان هێنا نێچیرڤان بارزانی بوو چونكە:
١- لە كۆبوونەوەی دوو ڕۆژ پێش ئێستای یەكێتی و پارتیدا بە نێوەندگیر نێچیرڤان بارزانی و پشتیوانی قوباد تاڵەبانی ڕێكەوتن لەگەڵ بەغداد شكستی پێهێنرا
چونكە بەغداد مەرجی ڕادەستكردنی داهاتی لەسەدا٥٠% خاڵە سنورییەكانی بۆ هەرێم دانابوو و هاوكات لەگەڵ بەڕێوبردنی هاوبەش و چاودێركردنی خاڵە سنورییەكان لەلایەن بەغدادەوە
كە ئەمەش جگە لە وەی جوڵە خاڵە سنورییەكان دەخاتە ژیر چاودێری بەغداد هاوكات ڕێگری دەكات لە قاچاغی دەرمان و جگەرە و نەوت و كحول كە لەلایەن كۆمپانیاكانی حیزبەوە دەستی بەسەردا گیراوە و داهاتی مانگانەی نزیكەی ١٠٥ ملیۆن دۆلار بووە پیش كرۆنا
كە ئەمە بەتەنها زیان نیە بۆ پارتی و زیانیشە بۆ یەكێتی ، هاوكات بە گرەنتی نێچیرڤان بارزانی بەڵێن بە یەكێتی دراوە ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكانی یەكێتی بكرێت شمەك لە ئیبراهیم خەلیلەوە داخڵی هەرێم بكەن و بەشێك لە نەوتی یەكێتی ڕەوانەی توركیا بكرێت


٢- بەڵام هێشتا باڵی شێخ لاهور بە تەواوی ڕێكەوتنەكە ڕازی نەبووە و گومانی لە بەڵێنەكانی پارتی هەیە و لەبەڕدەم ئیحراجیەكی گەورەدایە چونكە بەڵێنی داوە ئەگەر مووچە لێی ببڕدرێت لە حكومەت دەكشێنەوە هاوكات، ترسی لەتەقینەوەی دۆخە لە سنوری یەكێتی هەیە بە دەستێوەردانی پارتی بەڵام پارتی بەڵینی هاوكاری داوە لە ئەگەری هەر جوڵەیەكی شەقامدا لە سنوری یەكێتی


-تاكتیكی یەكێتی و پارتی بۆ فریودانی حكومەتی عێراق
یەكێتی پارتی بەو شێوەیە ڕێكەوتوون كە ڕەتكردنەوەی ڕێكەوتن لەگەڵ بەغداد وەك تاكتیك بەكار بهێنن بۆ ئەوەی بەغداد بەوە ڕازیبكەن كە تەنها لەسەدا ٥٠% داهاتی خاڵە سنورییەكان ڕادەست بكەن و ڕێگە نەدەن بەغداد چاودێریان بكات بەڵام ڕوونە بەغداد لەم جوڵە تاكتیكیە ئاگادارە و بەمەرجەكەی یەكێتی و پارتی ڕازی نابێت


-بژاردەكانی بەردەم هەرێم
ئەوەی ڕوونە ئێستا داهاتی مانگانەی هەرێم نزیكەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە كە سەدا ٢٥% مووچەی مووچەخۆرانە و ناتوانن لەم ساڵدا لە دوو مووچە زیاتر بدەن بۆیە دەیانەوێت:
١- بەڕادەست نەكردنەوەی خاڵە سنورییەكان كازمی ئیحراج بكەن لەبەرامبەر شەقامی عێراقی و هێزە سیاسیەكاندا و بە ڕادەست كردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان ڕازی بێت بەڵام ئەمە قورسە و دوای سەردانی كازمی بۆ واشنتن بەغداد فشاری زیاتر لە هەرێم دەكات
٢- یەكێتی و پارتی دەیانەوێت مووچە بە چەند قۆناغێك دابەش بكەن بەسەر وەزارەتەكاندا بۆ ئەوەی خەڵك سەرقاڵ بكەن و هاوكات بە درێژكردنەوەی ماوەی دابەشكردنی مووچە بڕە پارەی نەوت و داهاتی مانگی تەموز و ئاب بێتەوە سەر بودجە
هاوكات بەلایەنی كەمەوە سەدا ٤٠-٣٥% مووچەی فەرمانبەران ببڕن بەیانووی نەبوونی داهاتەوە و بەشێك لە پرۆژەی چاكسازیش جێ بەجێ بكەن ، بەڵام ئەمە ڕەنگە ئەمە باڵیكی یەكێتی و ناڕەزایەتی خەڵك ڕایبگرێت
٣- یەكێتی و پارتی چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەكەن و دەیانەوێت هەر ڕێكەوتنێك لە گەڵ بەغدا بۆ دوای هەڵبژاردنەكان دوابخەن چونكە ئەنجامەكان كاریگەری لەسەر ئایندەی حكومەتی كازمی و عێراق دەبێت
٤- گرەوێكی تری یەكێتی و پارتی لەسەر سەردانی كازمی بۆ واشنتن و دەر ئەنجامەكانی دەبێت چونكە ڕەنگە دوای سەردانەكە هەندێك جوڵەی سیاسی لە عێراق ڕووبدات
لە هەموو ئەگەرەكاندا ئەوەی قوربانییە خەڵكی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانە كە تا كۆتای ئەمساڵ دۆخی دارای هەرێم بە بێ ڕێكەوتن لەگەڵ بەغداد و چاكسازی بنەڕەتی باش نابێت و ڕەنگە حەوت مووچەیان بكەوێتە ساڵی داهاتوو بەڵام بە دڵنیاییەوە بەپێی زۆرینەی ئاماژەكان سەرەتای ساڵی داهاتوو سەرەتای باشبوونی دۆخی دارای خەڵك دەبێت .


- دەرئەنجام:
١- كازمی بەوورد ئاگاداری هەموو جوڵەیەكە لە هەرێم و ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی لە قاڵب دەدات چونكە كازمی تەنها جێبەجێكاری ستراتیژی ئەمەریكا كە بەئاراستەی سنورداركردنی دەسەڵات پوكانەووەی ئەو هێزانەیە
٢- ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردندا سەر بكەوێت لە ماوەیەكی كورتدا دۆخی عێراق و میلیشیاكانی حەشد یەكلای دەكاتەوە و عێراقێكی بەهیز دادەمەزرێنێت و ئەم گۆڕانكارییە هەرێمیش دەگرێتەوە
٣- یەكێتی و پارتی چاویان لە سەركەوتنی بایدنە و پێیان وایە لە ئەگەری سەركەوتنی دا ئاسۆیەك بەڕوویاندا دەكاتەوە و پارسەنگی هێز بەلای هەرێمدا دەشكێنێتەوە نەك بەغداد
٤- ئەوەی ڕوونە تا كازمی شوێن پێی خۆی قایم بكات زیاتر لە گەڵ هەرێم توند دەبێت
٥- ئەگەر كازمی بۆ ماوەیەكی درێژ لە دەسەڵاتدا بێت و لە هەڵبژاردندا سەربكەوێت ئەوا نەوتی هەرێمیش دەكەوێتە دەستی بەغداد و سیستەمی مووچەی هەرێم و بەغداد ڕێكدەخرێت و هەرێم لە ژێر دەستەی ئێران و توركیا رزگار دەكرێت
٦- ئەوەی سپۆنسەری ڕێگرییە لە رێكەوتنی هەرێم و بە غداد توركیایە و لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە ئەم كارە دەكات بۆ ئەوەی ئیبراهیم خەلیل و نەوتی هەرێم نەكەوێتە ژێر دەستی بەغداد
٧- ئەگەر كازمی لەگەڵ هەرێم بگاتە بن بەست بەهاوكاری ئەمەریكا پەیوەندی لەگەڵ توركیا دەپچڕێنن بەڵام ئەمە كاتێك كێشەی ئێران یەكلای ببێتەوە و دەروازەی سنوری عێراق كەنداو و ئوردوون بكەوێتە سەرپێی خۆی ئەگەرنا لە ئێستادا داخستنی سنور بەڕووی توركیا دەبێتە هۆی بەهێزبوون و فراوانبوونی هەناردەی ئیران بۆ عێراق كە ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە
٨- لە كۆتایدا ئەوەی لەم چەند مانگەی پیش هەڵبژاردنی ئەمەریكادا یەكێتی و پارتی دەخاتە جوڵە و ناچار بە ڕێكەوتنیان دەكات تەنها فشاری باڵێكی یەكێتی و جوڵەی شەقامە ئەگەر شەقام بیدەنگ بێت بەو شێواز و تاكتیكانەی لە پەراوێزی سەرەوەدا باسكرا دۆخەكە بەم شێوەی ئێستا دەگەیەننە كۆتایی ساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو.
٩-پرسی رادەستكردنی خاڵە سنورییەكان تەنها بابەتی كاتە ئەگەرنا هەردەبێت ڕادەست بكرێت بەپێی دەستور و دەخرێتە ژێر چاودێری بەغداد و ئەم پرسە لە كازمی و یەكیتی پارتی گەورەترە و پەیوەستە بە ستراتیژی ئیدارەی ترەمپەوە لە عێراق.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی