یاساکە کێ سزا دەدات؟

یاساکە کێ سزا دەدات؟

227 خوێندراوەتەوە

پێشنیازە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی و سۆشیالمیدیا، کە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو ئێستا لە قۆناغی نوسینی ڕاپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانە بۆ ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاساکە، یەکێکە لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنوسان و هاووڵاتیانەوە بە گشتی، لەم ڕوانگەیەوە ئەم خوێندنەوەیە ئەخەمە بەرچاو.


یەکەم : ئەم یاسایە کێ ئەگرێتەوە؟
بەگوێرەی ماددەی(٤) ی پێشنیازی یاساکە، هەموو ئەوانەی لە ڕۆژنامەو پێگەی ئەلکترۆنی فەرمی بابەت بڵاودەکەنەوە، یان ئەوانەی لەو پێگە فەرمیانە سەرنوسەر یان خاوەن ئیمتیازن ، یان هەرکەسێک کە وەک تاک لاپەرە یان ئەکاونتی هەیە لە یەکێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە.
کەواتە ئەم یاسایە تایبەت نیە بە پێگەو ڕۆژنامە ئەلکترۆنیەکان، بەڵکو کۆی ئەو نوسین و بابەتانە ئەگرێتەوە کە لەلایەن کەسی سروشتی یان دامەزراوەی مەعنەوی بڵاو و پەخش ئەکرێنەوە، لە پێگەیەکی فەرمی بێ یا لاپەڕەو ئەکاونتی کەسیی.


دووەم : ئەم یاسایە سزای کێ ئەداو چی بە تاوان داناوە؟
لە ماددەکانی ١٢ ، ١٣،١٦ تاوان و سەرپێچی و سزاکانیش دەستنیشانکراون .
-ماددەی (١٢) :
لەم ماددەیەدا بێ دوبارەکردنەوەی جۆری تاوانەکان، ڕاستەوخۆ بڕگەکانی (٢ و ٤ ) لەماددەی چوارەمی یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر ) ی کردووە بە بەشێک لەم یاسایە و هەموو ئەوانەی ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە نابێ ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندندا هاتووە.


کەواتە ئەو بابەتانە کامانەن کە بە پێی بڕگەکانی (٢ ،٤ ) نابێ بڵاو ببنەوە ؟
ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٠٦ ئەڵێت: ئەم کارانەی خوارەوە بە تاوانی تیرۆر دادەندرێن و سزادەدرێن بە زیندانی، کە لە ١٥ ساڵ تێپەڕ نەکات.
بڕگەی ٢ لە ماددەکە کە ئەم پێشنیازی یاسایە پشتی پێبەستووە ئەڵێت: نوسراو، چاپەمەنی، کاسێتی تومارکراو، یان هاوشێوەی، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت، کە هاندان، بەچاک زانین، یان پڕوپاگەندە لەخۆبگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری بەمەبەستی بەخشینەوەی یان بڵاوکردنەوەی.
بڕگەی ٤ ئەڵێت: ئەگەر بە ئەنقەست، هەواڵ، ڕونکردنەوە، یان پڕوپاگەندەیەکی تۆقێنەر بڵاوبکاتەوە، هۆیەکانی ڕاگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو، یان ئەلکترۆنی بەهەل وەربگرێت، یان بەکاریان بێنێت، لە ئەنتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاوبکاتەوە کە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری وەها کە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسیەوە و ترس بخاتە نێو هاووڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکات.


جا ئەگەر بە وردی سەیری ئەو دوو بڕگەیە بکەین، ئەزانین کە بۆ خودی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆریش چەند کارەساتبارە ، کۆی ماددەی چوارەمی ئەو یاسایە پڕیەتی لە ناڕۆشنی و لاستیکیی چەمک و دەستەواژەکان، کە ئەمە بەردەوام ڕەخنە بووە لەو یاسایە و وەک داوێک بۆ سزادانی نەیارانی سیاسی پارتی و یەکێتی باسکراوە، بەڵام ئامادەکارانی ئەم پڕۆژەیە و دواتریش ئەوانەی واژۆیان لەسەر کردووە (بەئاگاییەوە بوبێ یا بێئاگایی ) مەودای ئەو سزایەیان لە سیاسەتوان و ئەندامانی پارتە سیاسیەکانەوە، فراوانتر کردووە تا کۆی ئەوانە بگرێتەوە کە قسە ئەکەن لە شوێن و پێگەی فەرمی بێ یا نا فەرمی.


ئاسایشی گشتی وتاوانی تیرۆرکاری کامانەن، کێ دەستنیشانیان ئەکات؟
هەواڵ و ڕونکردنەوەی تۆقێنەر چین و چۆن دیاریدەکرێن؟
بە جێهێشتنی تەفسیر و تەئویلکردنی هەموو ئەو ناڕونیانە بۆ دەسەڵاتێکی دادوەری حیزبی، لە بەرژەوەندی کێدایە؟
ماددەی (١٣) :
لەم ماددەیەدا ئەڵێت: جگە لەو سزایەی کە لە مادەی (١٢) هاتووە، دادگاکان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی "مادەی شەشەم"ی " یاسای رۆژنامەگەريی لە کوردستان/ ژمارە 35ى سالَى 2007"، سزای سەرپێچیکاران دەدات.
باشە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو ماددەیە لەیاسای ژمارە (٣٥) ساڵی ٢٠٠٧ ، ئەبینین تایبەتە بە ڕاستکردنەوە و وەڵامدانەوە ، واتە تایبەتە بەو پێگەو و ڕۆژنامانەی کە وەڵام یا ڕاستکردنەوەیەک بڵاو ناکاتەوە .
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە نێوان ئەو تاوانانەی لە ماددەی ١٢ ئاماژەیان بۆ کراوەو ئەوەی لە ماددەی ١٣ دا هاتووە، ڕیزێک تاوانی تر هەن کە لە سۆشیال میدیا ئەنجام ئەدرێن و ئەم یاسایە دورو نزیک نەچووە بەلایاندا و ئەوانە ئێستا کێشەی بەشێک لە خەڵک و بۆشایی یاسایشە ، لەوانی هەڵخەڵەتاندن ، دزی ، ئیستیغلالکردن و دەیانی تر.


ماددەی (١٦) :
زۆربەی بڕگەکانی ئەم ماددەیە دژ بەیەک و ناکۆکە لەگەڵ ماددەکانی پێش خۆی بە نمونە:
بڕگەی دووی ئەم ماددەیە سزایەکی پێنچ سەد هەزاری تا سێ ملیونی داناوە بۆ ئەوانەی کە سەرپێچی ماددەی (١١)ی یاساکە ئەکەن.
کە ئەگەڕێتەوە سەر ماددەی (١١) تایبەتە بە وەڵامدانەوە و ڕاستکردنەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماددەی (١٣) بۆ سزادانی وەڵامنەدانەوە و ڕاستکردنەوە گەڕاوەتەو بۆ ماددەی شەشەم ، بڕگەی دووەم لە یاسای ژمارە (٣٥)ی یاسای ڕۆژنامەگەری ، بەڵام لەوێدا سزاکە ١ ملیۆن بۆ ٢ ملیۆنە .
باشە لە یەک یاسادا چۆن دوو سزای جیا بۆ هەمان کردار دەستنیشان ئەکرێت، دادوەر بە کام سزایەیان بڕوات، ئەوەی لە یاسای ژمارە (٣٥) هاتووە و ماددەی (١٣) ئەم یاسایە خۆی پێوە پابەند کردووە یا یەوەی لە ماددەی (١٦) دا دەستنیشان کراوە.


بڕگەی (چوار)ی ماددەی (١٦) ئەڵێت :
سەرنوسەری "وێبسایت"، یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزا دەدرێن بە غەرامەكردنێك كە لە "1000000" ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و لە "5000000" پێنج ملیۆن دیناريش زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی كەسێكیان زڕاند، یان سوكایەتییان پێكرد، یاخود هەڕەشەیان لێكرد، چ بە بڵاوكردنەوەی پۆست بێت، یان كۆمێنت، یاخود نامە. ئەگەر هەر بەردەواميش بوون، تۆماركردنەكەیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكەیشیان دادەخرێت و بۆیان نابێت تا ماوەی "3" سێ‌ ساڵ، خاوەندارێتیی وێبسایت و لاپەڕە و ئەكاونت بەناوی خۆیانەوە بكەن.
ئەم بڕگەیەش هەمان ناوەڕۆکی ماددەی دووەمی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی
هەیە ، بەڵام بە سزایەکی توندتر لە ڕووی غەرامەوە.


بڕگەی (پێنج)ی ماددەی (١٦) دووبارە جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی (٢ ، ٤ ) لە ماددەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کردۆتەوە و لەم بڕگەیەدا ئەڵێت :
لە كاتی بڵاوكردنەوەی مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی "مادەی چوارەم"ی "یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق" بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون، سەرنووسەری "وێبسایت" و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزاكانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.


ئەم دوپاتکردنەوەیە نیەتی ئامادەکاران و ئامانجی یاساکە زۆرتر ڕوندەکاتەوە ، بۆیە تەنیا بە ماددەی (١٣) دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە و لە ماددەی (١٦) شدا ئەوەئ دوپاتکردۆتەوە کە سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕە هەمان سزا ئەیانگرێتەوە و مامەڵەی تیرۆرستیان بۆ ئەکرێت .
ئەمانەو چەندین سەرنج و تێبینی تر لە سەر زۆری سزاکانی ئاگادارنەکردنەوەی سەندیکا لە چەند حاڵەتێکت جیاوازدا.
بۆیە بە هەموو پێوەرێک ئەم پێشنیازی یاسایە ئەگەر ببێتە یاسا ، یەکێک ئەبێ لە خراپترین یاساکان بۆ کپکردنی ڕەخنەو دەنگی ناڕازیی.
هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ئیمزاکانیان پەشیمان بونەتەوە، واز لە باسی کێشانەوەی ئیمزاکانیان بێنن ، چونکە ئەوە تازە هیچ لە بەردەوامیی قۆناغەکانی پەسەندکردن ناگۆڕێ، بەڵام ئەتونن لە لیژنەکانیان و ناو هۆڵی پەرلەمان، دژی ئەو ماددانە بووەستنەوە نەهێڵن بەم شێوەیە پەسەند بکرێت.

 

author photo

 

نوسەر و پارێزەری یاسایی