كازمی لە ماوەی 100 ڕۆژی حكومەتەكەیدا چی بۆ عێراقیەكان كردووە؟

كازمی لە ماوەی 100 ڕۆژی حكومەتەكەیدا چی بۆ عێراقیەكان كردووە؟

475 خوێندراوەتەوە


سەرەڕای ئەوەی كە 100 ڕۆژ بەسەر پێكهێنانی حكومەتی عێراقی بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمیدا تێپەڕیوە، كە لە 7ی ئایاری ئەمساڵدا متمانەی پێدرا، بەڵام هێشتا كۆمەڵێك لەمپەرو كێشەی لەبەردەمدایە كە بۆتە باس و خواسی سیاسیو جەماوەریش، كە گرنگترینیان هەڵبژاردنی پێش وەختەو ناكۆكی لە وادەی هەڵبژاردنەكە، ئەمە جگە لەوەی كە نەیتوانیوە لێپێچینەوە لەو كەسانە بكاتە كە زیاتر لە 700 خۆپیشاندەریان لە سەردەمی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كوشتووە، هەروەها ناڕوونی لە هەڵوێستی بەغداد لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەشێكی دیكەی لەمپەر و كێشەكانی بەردەم كازمین.


عامر فایز ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانێتی " فەتح" لە لێدوانێكیدا بۆ " العربی الجدید" وتی:" بەرنامەی حكومەتەكەی كازمی هیچی جێبەجێ نەكراوە لە ماوەی ئەو سەد ڕۆژە، تەنها دیاری كرنی ڕۆژی هەڵبژاردنەكان نەبێت،حكومەت لێپێچینەوەی لە بكوژان و گەندەڵكاران نەكردووە".


دەشڵێت:" حكومەتی 6ی حوزەیرانی 2021ی وەك ڕۆژی هەڵاَبژاردنەكان دیاری كردووە، بەڵام وا پێویستی دەكرد، كەمێك لە دواتر بووایە، چونكە هەڵبژاردنەكان پێویستی بە چەند شتێكی دیكەی گرنگ هەیە، لەوانە یاسای هەڵبژاردنەكان، تەواو كردنی نیسابی دادگای فیدراڵی، دیاری كردنی بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەكە".


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەكات، كە "دۆخی تەندروستی و خزمەتگوزاری لە پاشەكشەی بەردەوامدایە، هیچ پێشكەوتنێك لەو بوارانەدا بەدی نەهاتووە،چاوەڕوان دەكەین بزانین حكومەت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چی دەكات".


پەرلەمانتارەكەی فەتح دەشڵێت:" حكومەت لە ماوەی ئەو 100 ڕۆژەدا نەخشەیەكی بۆ چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا دانەناوە،كازمی لەم مانگەدا دەچێتە واشنتن، داوا دەكەین پابەند بێت بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كە تایبەتە بە چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتدا، عێراقی ئێستا پێویستی بە هێزەكانی ئەمریكا نیە، عیراقیەكان پسپۆڕیان لە بەرگری كردن لە ولات بەدەستهێناوە".

،،

عامر فایز ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانێتی " فەتح" ڕەخنە لە حكومەتی كازمی دەگرێت، كە لەسەر ڕێكەوتنی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بێ دەنگی هەڵبژاردووە،لەو بارەیەوە دەڵێت:" حكومەت نە بە خراپە و نە بەباشە هیچ هەڵوێستێكی دەرنەبڕی، بۆیە كازمی لە ماوەكانی ڕابردوودا نەیتوانیوە گەل و هێزە سیاسیەكانی عیراق ڕازی بكات".


لەلایەكی دیكەوە، حسێن عقابی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق راِیدەگەیەنێت، كە حكومەتەكەی كازمی لەو ماوەیەدا هیچ هەنگاوێكی ڕاستەقینەی بۆ چاكسازی نەناوە، هەروەها بەرنامەیەكی واقعی نیە، لەو بارەیەوە دەڵێت:" بەداخەوە، كازمی وەك پیاوی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ كێشەو قەیرانەكان ناكات، بەڵكو وەك چالاكوانێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خۆی دەردەخات، زۆرمان لەو شێوازەی بینیوە، كە تەنها خۆنمایش كردنی ڕاگەیاندنە،كە لە بنەڕەتدا بەتاڵە لە ناوەڕۆكی چارەسەركردنی كێشەكان".


ئەو پەرلەمانتارە هیوا خوازە، كە قۆناغی داهاتووی حكومەت، قۆناغی واقعی و جدیەت بێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهێنانی ویستی عیراقیەكان، هەروەها چارەسەری هەڵەی حكومەتەكانی پێش خۆی بكات.


چالاكوانانی مەیدانی ئازادی بەغداد، داوا لە كازمی دەكەن، كە بەوەفا بێت و بەڵێنەكانی بەرێتە سەر كە لە كاتی پێكهێنانی حكومەتەكەی بە خەڵكی داوە،وەك هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك و بێ ساختەكاری،لێپێچینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران،باش كردنی دۆخی خزمەتگوزاری، ئەو چالاكوانانە دەڵێن:" ئەوەی حكومەت لەو ماوەیەدا جێبەجێ كردووە، زۆر لەوە كەمتر كە بەڵێنی جێبەجێ كردنی دابوون، كە ئەمەش لەگەڵ داوای خۆپیشاندەراندا ناگونجێت".


هەروەها ئیحسان شەمەری سەرۆكی سەنتەری بیری سیاسی دەڵێت:" حكومەتەكەی كازمی بە حكومەتێكی ڕاگوزەر دادەنرێت،كە بەهۆی شۆرشی ئۆكتۆبەرەوە پێكهێنراوە، كاری ئەو حكومەتە ڕێكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستكردنی نەوەیەكی نوێی سیاسیە كە پشتگیری چاكسازی بكەن".


ئاماژە بەوەش دەكات، كە" چەند پرسێكی دیكەی وەك كوشتنی خۆپیشاندەران، وەستاندنی داڕمانی دەوڵەت كە حكومەتەكەی پێشوو لێی بەرپرسە، لە كارە لەپێشینەكانی كازمی بوو، حكومەت بە جدی كار لەسەر ئەمانە دەكات، ئەمە جگە لەوەی كەوتۆتە گفتوگۆیەكی چڕەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها دووبارە پەیكەری دامەزراوەی ئەمنی ڕێكخستۆتەوە".