پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی و پێشێل کردنی مافی ئازادی ڕادەربڕبن

پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی و پێشێل کردنی مافی ئازادی ڕادەربڕبن

362 خوێندراوەتەوە

چیا اسماعیل

ئاشکرایە ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە ئازادیە گشتیەکان و مافە سروشتیەکانی مرۆڤ کە لە دێر زەمانەوە مرۆڤایەتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە، تاکار گەیشتوە بەوەی لە پەیماننامە نێو دەوڵەتیەکاندا دانی پێدا نراوە هەر لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان کە بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ دەدەن، تەنانەت لە دەستوری ووڵاتانیشدا گرنکی پێدراوە لەوانەش ووڵاتی عێراق.


ئازادی کاری میدیایش یەکێکە لە جۆرەکانی ئازادی ڕادەربڕین بەڵکو گرنگترینیانە، چونکە پەیامی ڕاستەقینەی میدیا بریتیە لە خزمەت کردنی کۆمەڵگە لە ڕێی هۆشیار کردنەوەی تاک و چاودێری دەسەڵات و ڕەخنە گرتنی بنیات نەرانە و دەرخستنی کەلێن و گەندەڵیەکان لە دامو دەزگا حکومی و ناحکومیەکان بە ئامانجی گەشەپێدان و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگە، بۆیە لەسەر دەوڵەت پێویستە کە فەزایەکی ئارام و ئازادی وەهای بۆ فەراهەم بێنێت و مافەکانی بەیاسا بچەسپێنێت تا بتوانێ بێ هیچ ترس و فشارێک پەیامی خۆی بگەیەنێت.

،،

بەڵام ئەوەی لەم ڕۆژانەدا تێبینیمان کرد لە هەرێمی کوردستان نەک بە یاسا ماف و ئازادی رادەربڕین ناپارێزرێت بەڵکو خەریکن بە یاسا پێشێلی دەکەن.


کێشەی سەرەکی پڕۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی کە خوێندنەوەی یەکەمی لەپەرلەماندا بۆ کراوە ئەوەیە کە لە مادەی ١٦ دا سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سزا دەدات بە سزای ئەو تاوانانەی کە لە خاڵەکانی (٢), (٤) ی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٠٦ی بەرەنگار بونەوەی تۆقاندن(تیرۆر) لە هەرێمی کوردستاندا هاتوە، لە کاتێکدا خودی یاسای ناوبراو لە هەندێک مادەیدا مەترسیەکی حاشا هەڵنەگری تێدایە بۆسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و بنەما و پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتیش مادەی چوارەم کە سزای تا ١٥ ساڵ زیندانی دەسەپێنێت بە سەر میدیاکاردا، واتە تاوانەکان بە جۆری جینایە دیایکراون و دادوەر دەست کراوەیە لە ٥ ساڵ تا ١٥ ساڵ زیندانی بسەپێنێ بەسەر تۆمەتباردا.


ئەوەی جێی سەرنجە لەم یاسای بەرەنگار بونەوەی تیرۆرەدا کاری میدیا تێکەڵ بە تیرۆر کراوە کە لەڕاستیدا ئەو دوو خاڵەی پەیوەندیان بە کاری میدیاوە هەیە دەبو یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی بۆ هەموار بکرایەتەوەو تاوانە ئەلکترۆنیەکانیشی لەخۆ بگرتایە نەک لە نێو چوارچێوەی یاسای تیرۆر دابنرێت، جگە لەوەش کە لەم مادەیەدا دەستەواژەی لاستیکی تێدایە کە دەشێ بە خراپ بەکار بهێنرێن لە دژی کەناڵە میدیاییەکان و میدیاکاران.

،،

لە لایەکی ترەوە بڕگەی کۆتایی مادەی ١٦ لە پڕۆژە یاساکە بە هەمان چاو سەیری سەرنوسەری وێبسایت دەکات لەگەڵ خاوەنی ئەکاونت و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وە هەمان سزایان بە سەردا دەسەپێنێ لەکاتێکدا ئەکاونت هی هاووڵاتی ئاساییە و میدیاکار نیە، وە تاوانی سوکایەتی پێکردن و ناو زڕاندن یەکسان کراون لەگەڵ تاوانەکانی یاسای تیرۆر لە مادەی چواردا هاتوە و هەمان سزایان هەیە کە پێبژاردنی ١ ملیۆن دینار بۆ ٥ ملیۆن دینارە.


دژ یەکیش لە پرۆژە یاساکەدا بەدیدەکرێت بۆ نمونە باس لە تۆمار کردنی وێبسایت و ماڵپەڕ و دامەزراوە میدیاییە ئەلکترۆنیەکان دەکات لە سەندیکای ڕۆژنامە نوسان، بەڵام کەباسی سزا دەکات خاوەنی ئەکاونت و پەیجەکانیش دەخاتە پاڵیان لە کاتێکدا ئەوان کەسی ئاسایین و دامەزراوەی میدیایی نین
لە مادەی ١٦ ی یاساکەدا باسی دەستەواژەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆر دەکات بە جۆرێک کە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسیەوەو ترس بخاتە دڵی هاووڵاتیەوە، ئەم دەستەواژانەش لاستیکین و زۆر شت دەگرنەوە.


واتە لەم یاسایەدا هیچ جیاوازیەک نەکراوە لە نێوان هاووڵاتی ئاسایی کە خاوەنی ئەکاونتی تایبەتی خۆیەتی لەگەڵ دامەزراوەیەکی میدیایی کە زۆرترین خوێنەری هەیە و گایگەریەکەیان بەراورد ناکرێت چ لە ڕووی بەرپرسیارێتیەوە چ لە ڕووی سزاوە، لێرەشدا دادپەروەری دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە لە بنەڕەتدا یاسا دەردەچوێنرێت بۆ پاراستنی ماف و ئازادیەکانی هاووڵاتی و بەدیهێنانی داد پەروەری نەک پێشێل کردن و زەوت کردنی مافەکان، بۆیە هیوادارین پێداچونەوەی جدی بۆ ئەم پڕۆژە یاسایە بکرێت بە جۆرێک کە هەموو کەلێن و کەموکوڕیەکانی پڕ بکرێتەوە، وە پێویستە یاسادانەر بە نەرم ونیانی مامەڵەی تاوانی میدیایی بکات چونکە ئەم تاوانە سروشتێکی جباوازی هەیە لەتاوانەکانی تر بەڵکو تەنها لادانە لەسنوری ماف و ئازادی ڕا دەر بڕین، لانی کەم پێویستە هاوشێوەی ووڵاتانی دراوسێ یاسای بۆ دابنرێت کە لە ڕووی ڕێکار و سزاوە جیاوازی بکرێت لە گەڵ تاوانەکانی تر، وە نەخرێتە خانەی تاوانە گەورەکانەوە (الجنایة) ئەگەرنا ئەوا پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان زباتر و زباتر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە .


چیا اسماعیل
ماستەر لە تاوانەکانی ڕۆژنامەنوسی