لە فرۆكەخانە لە سێدارەمان دەدەن؟

لە فرۆكەخانە لە سێدارەمان دەدەن؟

415 خوێندراوەتەوە

شێرزاد فەتاح/بەریتانیا

لە وڵاتێك دەژیم هیچ كەس لە سەرووی یاساو دادگایەوە نییە، منێكی بێگانەی كوردی عێراقی لەگەڵ بۆریس جۆنسۆنی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە بەردەم دادگا یەكسانین.


دادگا لە سەر رەخنەی سیاسی لە فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دیكە كەس سزا نادات بەڵكو ئازادی لەوە رەخنەی دەگری، خۆپیشاندان دەكەی بەڵكو پۆلیس بەوپەری رێزەوە لە بەردەم نووسینگەكەی سەرۆكوەزیران لە 10 داون ستریت لە لەندەن پارێزگاریت لێدەكات.

،،

هەر بە كەش و هەوای ئازادی بەریتانیا بەردەوام لەگەڵ هاوڕێیەكانم لە فەیسبووك رەخنەی سیاسی لە بەرپرسە گەندەڵ و خراپەكانی كوردستان دەگرم، ئەخر راستە ئێمە دوورین هیچ حەقمان بە سەر كوردستانەوە نەماوە، بەڵام ناكرێ‌ بە بەر چاومانەوە میللەتەكەمان لە برسان بمرێ‌.


نازانم چۆن بڕوا بە هاوڕێ‌ بەریتاناییەكانم بكەم كە ئێمە نزیك دەبینەوە لە مانگی 9 كەچی هێشتا مووچەی مانگی 3 دابەش نەكراوە، كەچی لە پاڵ ئەم زوڵمە رێگا بە خەڵك نادرێ‌ خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامبدا زۆربەی شارو شارۆچكەكان لە ترسی خەڵك نارازی بە سەربازگە كراوە و دەیان گەنج و هاوڕێم لە هەولێر و سلێمانی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون.


لە پاڵ دەیان قەیرانی سیاسی، دارایی و تەندروستی و وێرانی نەخۆشخانەكان و مردنی دەیان هاوڵاتی بە هۆی نەبوونی ئۆكسجین لە هەرێمی كوردستان كەچی فراكسیۆنەكانی لە پەرلەمانی كوردستان جگە لە (فراكسیۆنی یەكگرتوو و نەوەی نوێ‌) پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیایی ئەلیكترۆنیان تاوتوێ‌ كرد.


پێش رەخنەو سەرنجەكانم لە سەر پرۆژە یاساكە بخەمەروو دەمەوێ‌ دەستخۆشی لە هەر دوو فراكسیۆنەكە بكەم بۆ ئەو هەڵوێستەیان.
كە بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە سزای تووند بۆ بەكارهێنەرانی فەیسبووك و توڕە كۆمەڵایەتییەكان داندراوە، ئەم پرۆژە یاسایە سزای 15 ساڵ بۆ بەكارهێنەران تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داناوە ئەمەش بەرتەسككردنەوەی ئازادی و هەنگاونانە بۆ دروستكردنی سیستەمێك هاوشێوەی (كۆریای باكوور).


ئەو پرۆژە یاسایە بۆ رێكخستنی میدیایی ئەلیكترۆنی نییە بەڵكو پاشكۆی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە بەداخەوە بە پێی ئەو پرۆژە یاساییە دەسەڵات دەتوانێ‌ نەیارەكانی خۆی لە سەر پۆست و كۆمێنت و لایكێك لە سێدارەبدات!.

،،

دەبێ‌ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەری وڵاتانی بیانی و كونسوڵخانەكان رێگری لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بكەن لە دەركردنی یاسای مەترسیدار كە پێشلكردنی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانە.


ئەو یاسایە وا دەكات كۆچی بە كۆمەڵ بۆ ئەوروپا و رۆیشتنی بە كۆمەڵی گەنجان و رەخنەگران رووبدات بەراستی هیچ دەرفەتێكی ژیان لە كوردستان ناهێڵێ‌.


ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ‌ بكرێ‌ دەبێ‌ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە فرۆكەخانەكان سەدان پەتی سێدارە ئامادە بكەن بۆ ئەو گەنجانەی لە دەرەوەی وڵات رەخنە دەگرن و چالاكی سیاسیان هەیە و بەشداری خۆپیشاندانەكانیان كردووە، یەكێك لەو گەنجانە منم كە لێرە هەوای ئازادیم هەڵمژییە چۆن دەكرێ‌ لە وڵاتێك بژی كە لە سەر كۆمێنتێك سزای 15 ساڵ زیندانی یاخود لەسێدارەدانت بە سەر جێبەجێ بكرێ‌