كازمی: ئێمە ڕۆڵی پۆستەچی  نابینین

كازمی: ئێمە ڕۆڵی پۆستەچی نابینین

339 خوێندراوەتەوە

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێش ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ واشنتن، رایگەیاند وڵاتەكەی هێشتا پێویستی بە هاوكارییەكانی ئەمریكا هەیە، دووپاتیشی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە چاكسازیكردن لە كەرتەكانی ئەمن و ڕووبەڕووی ئەوانەش دەبێتە كە هێرش دەكەنە سەر دام و دەزگا حكومیەكان.

،،

كازمی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئاسۆ شەید پرێس، رایگەیاند عێراق ئێستا پێویستی بە هاوكاری ڕاستەوخۆی سەربازی نییە، بەڵكو هاوكارییەكان بۆ وەستاندنی سروشتی هێرشەكانە.


وابریارە ئەم هەفتەیە كازمی لە واشنتن چاوی بە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بكەوێت و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی دانوستانی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بكەن، كە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستیان پێی كردووە، دانوستانەكە هەموو لایەن جیاوازەكانی ئابووری و سەربازی و وەزە و پەیوەندییەكان دەگرێتەوە.

دەربارەی ئەوەی كە پەیامێكی تارانی بۆ واشنتن هەڵگرتووە، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند" ئێمە لە عێراق ڕۆڵی پۆستەچی نابینین".


دوای ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی شەقامی عێراقی گرتەوە و بوە هۆی كۆتایی هاتنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، مستەفا كازمی متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێناو لە ماوەی سەد ڕۆژی كاركردنیدا توانیویەتی كۆمەڵێك كاری نموونەیی لە چاكسازی ئابووری و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و چەككدرنی گروپەكان ببێتەوە، هەروەها بەڵێنیشی داوە ڕووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەروازە سنورییەكانی خستۆتە ژێر كۆنترۆڵی حكومەت و ڕۆژانە لەو دەروازانە زیاتر لە 2 ملیار دینار زیادی كردووە.

،،

وەك وەفایەكیش بۆ بەڵێنەكانی، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لیستێكی بڵاو كردەوە، كە ناوی ئەو كەسانەی تێدایە بەشداربوون لە كوشتنی خۆپیشاندەران، لیستەكە ناوی 560 كەس لەخۆ دەگرێت و زۆرینەشیان لەهێزە ئەمنیەكان بوو، وا دیارە كازمی دەیەوێت بۆ رازی كردنی شەقام كۆمەڵێك بكوژی خۆپیشاندەران سزا بدات.


لە كۆتایشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رایگەیاند بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دارایی، حكومەت كار لەسەر " كاغەزێكی سپی" دەكات،بۆ ئەوەی چاكسازی تەواو ئەنجام بدرێت، هەروەها كار بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا دەكەین كە پەیوەستە بە سەرۆك وەزیرانەوە، لیژنەكە چاودێری دۆسیەكانی گەندەڵی و تاوانە گەورەكان و كوشتنەكان دەكات.

سەرچاوە: