شێخ مەحمود: نابێت کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد تەنها لە مووچەو بودجەدا ببینین

شێخ مەحمود: نابێت کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد تەنها لە مووچەو بودجەدا ببینین

568 خوێندراوەتەوە

دیداری، بڕوا کەمال

لەم دیدارەدا لەگەڵ " دیبلۆماتیک مەگەزین" مەحمود حەفید زادە، نەوەی شێخ مەحمودی حەفید، ئاماژە بەوە دەدات کە پەیوەندی نێوان بنەماڵەکەیان بنەماڵەی بارزانی بۆ پێش دروستبوونی پارتی دەگەڕێتەوەو پەیوەندییەکانیشیان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستاندایە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: بنەماڵەی حەفیدیەکان بنەماڵەیەکی دێرین و خاوەنی مێژوویەکی دور و درێژن، بۆچی لەدوای مردنی شێخ مەحمودی حەفید کوڕەکانی نەیان توانی ڕێبەرایەتی شۆرش نوێ بکەنەوە، یاخود حیزبێکی سیاسی دروست بکەن لەکاتێکدا کە شێخ مەحمود دەوڵەتی تورک و بەریتانیا حسابێکی تایبەتیان بۆکردووە؟
شێخ مەحمودی حەفیدزادە: پرسیارێکی دروستە بەڵام ئایە مەرجە کەسایەتیەک دەبێتە کاریزما، یاخود ڕێبەری گەلێک یاسایەک هەیە کەپێویستە کوڕەکانی هەر پێشەوایەتی و ڕێبەرایەتی بکەن و پشتاو پشت هەرسەرۆک بن؟ ئەم بابەتە بۆهەستنەکردن بەبەرپرسیارێتی ناگەڕێتەوە، بەڵکو لەهزرو لێکدانەوە و بیروباوەڕێکی پتەوەوە بۆ خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەل سەرچاوەی گرتووە، سیمایەکی جوانە لەکاری سیاسی و دەسەڵاتداریەتیدا، کەئێمە شانازی پێوە دەکەین ئەگەرنا کوڕانی شێخ مەحمود لەنوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیرو خوێندەواری ڕۆژگارەکەبوون. لەهەمان کات خاوەنی بڕوانامەی بەرزبوون بۆنمونە: ئایە زانیوتە شێخ بابەعلی کوڕی شێخ مەحمود خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەئابوری سیاسیدا لەزانکۆکانی وڵاتانی ئەمریکا ؟ شێخ ڕەئوف خاوەنی بڕوانامەی یاسا بوە لەزانکۆیەکی بەغداد، شێخ لەتیف لەو قۆناغەدا نەیتوانیوە زانکۆ تەواو بکات بەهۆی کارو چالاکی سیاسی و دەربەدەریەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتیەکی ڕۆشنبیرو سیاسیەکی بلیمەتی سەردەمەکەی بووە، ئەگەر ویستی دەسەڵاتگرتنە دەستیان هەبوایە، دەیانتوانی ئەوکارەبکەن، چونکە پێگەی بەهێزو هەژموونی بنەماڵەکەی لەوڕۆژگارەدا هاوکاربوە کەبتوانن سوود لەدەرفەتەکان ببینن و لەهەر فرسەتێکدا دەستبەر گۆڕەپانەکەدا بگرن و بێنەوە مەیدانی پێشەوایەتی بەڵام وەک گوتم ئەم هەڵوێستە لەئەنجامی لێکدانەوەو تێگەیشتن بەبەر پرسیارێتی نەتەوەیی و ڕەخساندنی بوار بوە بۆ هاونەژادو ئازادیخوازانی کورد نەک بێتوانای و یاخود هەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتی، دەبێت ئەوە بزانرێت مەیدانی خەباتیان هەرگیز چۆڵ نەکردوە، بەردەوام بوون لەخەبات و لەپێناوی ئازادی گەلەکەیاندا بەتایبەتی شێخ لەتیفی حەفید ڕۆڵیکی گرنگی لەبزاڤی ڕزگاری خوازی گەلی کوردا گێڕاوە و هاوکار و پاڵپشت بوە بۆ نیشتیمان پەروەرانی ڕزگاریخوازی گەلی کوردا گێراوە و هاوکاری و پاڵپشت بوە بۆ نیشتیمانپەروەرانی کوردایەتی هەموو ئازادی خوازێک ، وەک کەسایەتیەکی خاوەن ئەزموون ئامۆژگاری و ڕێنمای سەرکردەکانی کوردی کردوە و ، یارمەتی زۆریداون ، سەرچاوەکانی مێژوو گەواهیدەری ئەو ڕاستیانەیەو هەمووژیانی لەئاوارەی و دەربەدەری و زیندانیدا بردۆتەسەر کەم سەرکردەو سیاسی کورد هەیە شێخ لەتیف یارمەتی نەدابێت و هاوکاری نەکردبێت، بارەگای شێخ لەتیف چەترێک بوە بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئایدیا و ئاڕاستەکان ، هەرکەسێک لەهەر پارچەیەکی کوردستان ژیانی کەوتبێتە بەر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوون لەسەر بیرو باوەڕی سیاسی بووبێت یان هەر هۆکارێک، کاتێک ڕووی لەو بارەگایە کردبێت ، دڵنیابوە لە سەلامەتی و لەگیانی خۆی و بەئازادی و کامەرانی ژیاوە، بەڵام هەڵپەی گرتنەدەستی دەسەڵاتیان نەکردوە و چاویان لەپلەوپایە نەبوە، بەڵکو بەشێوازێکی جودا خزمەتی گەلەکەیان کردوە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و تا ئێستا، بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید چ ڕۆڵێکیان لە حکومەت و سیستمی سیاسی هەرێمدا گێڕاوە؟

شێخ مەحمودی حەفیدزادە: بەشێوەیەکی گشتی دەبێت بگوترێت بنەماڵەکە بەشێکی دابەشبوو بوون بەسەر حیزبەکاندا، ڕۆڵ و پێگەیان هەبووە چ لەناو هەردوو پارتە سەرەکیەکەدا، یاخود لەحکومەتی کوردستاندا، چەند کەسێک بوونەتە وەزیر بەرپرس لەدەزگاو دامەزراوەکانی حکوومەتدا.

دیبلۆماتیک مەگەزین: چ پۆستێکی دیاری حکومیتان وەرگرتووە کە ڕاستەوخۆ وەکو بنەماڵەی شێخ مەحمود پێتان درابێت؟
شێخ مەحمودی حەفید زادە: دوو کابینە وەزیربووم، لەکابینەی سێ وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بووم ، لەکابینەی چواردا وەزیری هەرێم بووم ، پاشانیش بۆ چەند ساڵێک لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاوێژکارو نوێنەری بەڕێز سەرۆکی هەرێم بووم لەکوردستان.
دیبلۆماتیک مەگەزین: دەگوترێت لە پاش کۆچی دوایی شێخ لەتیفی حەفیدو شێخ کاوە، ڕۆڵی بنەماڵەی شێخ مەحمود لەکایەی سیاسیدا کۆتایی هاتووە، هۆکاری ئەمە چییە؟
شێخ مەحمودی حەفید زادە: نازانم ڕۆڵ دەبێت چی بێت تاکۆتایی بێت، ئەگەر بابەتەکە خزمەت کردنی دۆزی کوردو ئامانجەکانی بێت ئەوە لەمەیدانناین و بەردەوامین لەخزمەتی گەلەکەمان و هەمیشە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر دەستکەوتەکانمان، بەرپرسیارێتیش لەدیدی مندا ئەوەنیە کە کەسێک بەخێر پێت ببەخشێت بڵێ فەرموو تۆ بەرپرسی ئەوە کارەکەتە، ئێمە چاومان لەو سەدەقانە نیە بەپێچەوانەوە خۆمان بەخاوەنی ئەم دەستکەوتانەی گەلەکەمان دەزانین وەکو هەرکوردێک هەمیشە خۆم بە بەرپرس زانیوە، بەردەوامیش لەخزمەتی هاوڵاتیانی خۆماندام و لەگەڵ حکومەتی کوردستانیش پەیوەندی بەهێزم هەیەو ڕێز لەپێگەمان دەگرێت ، بەڵام مەرج نیە ئەگەر ئەرکی سیاسی، یان ئیداری ئەنجام نەدەیت، والێکبدرێتەوە، ڕۆڵمان لەگۆڕەپانەکەدا نەماوە، نەخێر لەهەموو دونیادا ژمارەیەکن کەئەرکی کاری سیاسی و بەڕێوەبردن دەگرنە ئەستۆ، ئایە ئەوەی تری کە گەلەو تاکەکانی ناوکۆمەڵگایە بێ ڕۆڵن ؟ ئەگەر مەبەستت ئەوەبێت کە پارتێکی سیاسیمان دانەمەزراندووە ئەوە بابەتێکی ترە، ئەگەر وەڵامیشت بۆئەوە دەوێت بڕوامان بەوەنیە کەکارێکی لەوجۆرەبکەین، چونکەپێمان وایە هیچ خزمەت بەدۆزەکە ناکات و ناشمانەوێت خوانەخواستە خەڵکی بۆبەرژەوەندی و مەرامی سیاسی خۆمان بەکاربهێنن، ناشمانەوێت درۆلەگەڵ میللەتەکەمان بکەین و بازرگانیان پێوە بکەین. ئەگەرهەرکارێکمان لەدەست بێت بەنیەتێکی پاکەوە و بۆ بەرژەوەندی ئەوان بەبێ ڕیا و مەرام و پاداشت دەیکەین و بەئەرکی خۆمانی دەزانین، سوپاس بۆخوا و وەفاداری هاوسۆزی گەلەکەمان پاش یەک سەدە بەسەر تێکۆشان و خەباتی شێخی نەمردا هێشتا ئەو متمانەو وەفاداریە بەردەوامە کەئەوەش گەرورەترین سەرمایەو پلەو پۆستە بۆمان کەشانازی پێوە دەکەین و نامانەوێت لەدەستی بدەین.
دیبلۆماتیک مەگەزین: بۆچی ئێوەی وەک بنەماڵەی شێخ مەحمود لە پارتییەوە نزیکن، هۆکارێک هەیە بۆ ئەمە؟
شێخ مەحمودی حەفید زادە: دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی خوێناوی نەتەوەکەمان، پەیوەندیەکان زۆر دێرینن لەپێش دامەزراندنی پارتیەوە، پارتی نەبوە کەپەیوەندیدی نێوان هەردوو بنەماڵە هەبووە، ئەو پەیوەندیەش لەپێناو ئازادی و سەرفرازی و سەربەخۆی کوردستاندا دروست بووە، تائێستاش بەردەوامەو پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تریش باشە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: بە بڕوای ئێوە هۆکاری بنەڕەتی دۆخی سەخت و پڕ لە قەیرانی هەرێمی کوردستان چییە، کێ لەم دۆخە خراپەی ژیان بەرپرسە؟


شێخ مەحمودی حەفید زادە: ناتوانین لەم دیمانەیەدا ئاماژە بەهەموو ئەو هۆکارانەبدەین ، ئەگەر مەبەست سەرهەڵدانی قەیرانەکانی ئیستابێت، کەداڕمانی بارودۆخی ئابووری و سەختی ژیانی هاوڵاتیانە، پێش ئەوەی باس لەو هۆکارانە بکەین کەئێمەو هەرێمەکەی دووچاری ئەم ڕەوشە نالەبارەکردوە ، دەبێت بگەرێنەوە بۆسەرچاوەی دروستکردنی قەیرانەکە، لەدیدی مندا پیلانێکی دوژمن کاری ناحەزەکانی کوردبوو بۆ هەرێمی کوردستان و جێبەجێ کرا، چونکە کاتێک هەرێم لەگەشەسەنداندا بوو هەنگاوی گەورەی هاویشت لەهەموو بوارەکاندا بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی گەل و نیشتیمانەکەی ئیتر کوردستان بوە سەرنجی دوژمنەکانی و دەستیان کرد بە جێبەجێی کردنی ئامانج و مەرامە گڵاوەکانیان، ئەوەبوو سەرەتا بودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. ئەم هەنگاوە دەستپێکی سەرەتای نەخشەکەبوو، هێشتا کورد دەستی بۆمەلەفی نەوت درێژ نەکردبوو کەمالیکی یەکەم هەنگاوی بۆ گوشارخستەنە سەر هەرێمی کوردستان هاویشت، تا لەپێشکەوتنەکانی بوەستێنێت، پاشان شەری داسەپاوی داعش ، هاتنی ئەوهەموو ئاوارەیە بۆکوردستان ، ئەمانە هەمووی فشارێكی گەورەی دارای و ئابووری دروست کرد لەسەر هەرێم، لەپڕێکدا دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئەمانە، هۆکار گەلێکن ، کەئەم دۆخە سەختەی بەدوای خۆیدا هێناو تائیستاش پیلانەکان ، درێژەی هەیەو بەردوامە بەڕاستی ئەگەر ، وریاو خۆڕاگر نەبین ،کەرامەت و سەروەری خاکەکەمان و گەلەکەمان دەشکێنن، ئەمە حەقیقەتەکەیە ، ئیتر هەرگلەیەکی تربکەین ، بۆوامان نەکردوە و دەبوو وامان بکردایە ، ئەمە تازە هیچ ئەنجامێک نادات بەدەستەوە، دەبێت بەپلان و بەرنامەی نوێوە کاربکەین بۆچارەسەرکردنی بارودۆخەکەو زۆر وریا بین و ڕیزەکانی کورد یەکبخەین ، تاهەموو بەیەک دەنگ بە یەکگرتووی ئەم پیلانە شکست پێ بهێنین. لەگەڵ ئەمانەش دا دەبێت بابەتی گەندەڵی بنبڕ بکرێت ، کەزیانێکی زۆری پێی گەیاندین و ناوبانگی کوردی لەکەدار کرد.



دیبلۆماتیک مەگەزین: بەشێک پێیان وایە ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هی ئێستانیە، بەڵکو مێژوویکی دورو درێژی هەیە و هەر لەحکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە ئەم ناکۆکیانە هەبووە سەرنجی تۆ چیە؟


شێخ مەحمودی حەفیدزادە: زۆر ڕاستە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق کورد لەقاڵبدراو لەهەموو مافە سروشتی و نەتەوەیەکانی داماڵدرا، بێ بەشکرا، هەموو شێوازێکی سەرکوتکردنی کورد بەدرێژای حکومەتەیەک لەدوایەکەکانی عێراق گیرایە بەر تاگەیشتە پاکتاوی نەژادی و جینۆساید پاشانیش کیماباران، و ئەنفال و تەعریبکردنمان ، کەتا ئیستاش بەداخەوە ئەم سیاسەتە درێژەی هەیە .بەرنامەو پیلان ئەنجام ئەدرێت ، ئەمە بەرهەمو دەستکەوتی کورد بوو لەمێژووی بونیاتنانی ئەو عێراقە نوێیەدا، سەبارەت بەئیستاش من وای دەبینم عەقڵیەتی شۆڤێنی نەگۆڕاوە بەرامبەر بەکورد لەبەغداد وەک وتم ئەگەر یەکگرتوو نەبین نەزانین چۆن بەچ ئاڕاستەیەک کاردەکەین و هەنگاو دەنێن ، بۆچارەسەری کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەت یەکلاکردنەوەی مادەی ١٤٠ داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی لە%٥٠ خاکی پیرۆزی کوردستان و بەردەوامی پڕۆسەی تەعریب و دەیان پێشێلکاری دەستوری تەنها گرفتەکە هەر لەمووچەو بوجەدا بینین ، دڵنیانبن ، لەکوردستانیش شوێنمان نابێت بۆژیانێکت ئازادو پڕ لەشەرەفمەندانە هەرچەندە بابەتی موچەو خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان زۆر زۆر گرنگەو دەبێت چارەسەری بەپەلەی بۆ بدرۆزرێتەوەو دێژە نەکێشێت لەمەزیاتر هەموو درک بەوەدەکەین کەبارودۆخی موچەخۆران بەتایبەتی و هاوڵاتیان بەگشتی خراپە.

دیبلۆماتیک مەگەزین: لەحکومەتەکەی شێخەوە تاکو ئێستا کە نزیک دەبێتەوە لە سەدەیەک، کورد هەوڵیداوە سەبەخۆبێت و مافی چارەی خۆنوسین بەدەست بێنێ بەڕێزتان هۆکاری ئەوەی تاوەکو ئێستاکە کورد مافی چارەی خۆنوسینی بەدەست نەهێناوە چییە؟

شێخ مەحمودی حەفیدزادە: هۆکارەکان یەکجار زۆرن ناتوانین ، بەگشتی لەم دیدمانەیدا لەسەر هەمووی بدوێن بەڵام دەتوانین بڵین، لەمێژووی هاوچەرخماندا ناپاکی و بێ بەڵێنی، ئینگلیز ڕێگر بوون لەبەردەم ئامانجەکانی کورددا ، بەتایبەت لەڕۆژگاری پاش هەڵوەشاندنەوە و ، شکستی دەوڵەتی عوسمانی بواری ئەوەی نەدا، نەک لەباشوری کوردستان بەڵکو لەهیچ پارچەیەکی کوردستاندا کورد بەمافی سەربەخۆی شاد ببێت، هەروەها دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیش بەدوای بەرژەوەندیە گەورەکانیانەوە ، بوون و کوردیان بۆکردەقوربانی جگە لەمە سروشت و هەڵکەوتەی جیوپۆڵۆتیکی کوردستان فاکتەرێکی بنچیەنی بوە ، لەبەردەم نەگەشتنمان بەخواستی سەربەخۆی هەمیشە دووژمنەکانیشمان لەئێمە بەزهێز تربوون و، لەشەر و ڕوبەڕوو بونەوەدا بوون بەبەرامبەرمان وکاری بەردەوامیان کردوە لەسەر تێکشکاندنی ئیرادەو سڕینەوەی شوناس و هەڵوەشاندی ڕیزەکانمان ئەگەرچی لەپاڵ ئەمانەشدا هۆکای ناوخۆیش زۆرن کەبەر بەست بوون لەڕێگای سەربەخۆی گەل و نیشتیمانەکەمان.

دیبلۆماتیک مەگەزین: نوێنەرێکی بەریتانی لە یاداشتەکانیدا دەڵێت کورد هیچ کاتێک نەیتوانیوە دەوڵەت و حکومەتی خۆی بەڕێوەبەرێت، ئایە ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بکەین لەدوای ٣٠ ساڵ لەحکومڕانی کە خەڵکی بەدەست نەبوونی مافە سەروتایەکانیەوە دەناڵێنێت، دەتوانین بڵێن بەڵێ کورد ناتوانێ حکومداری بکات؟


شێخ مەحمودی حەفیدزادە: ئەم بۆچوونە ڕاست نیەو لەدیدێکی بێمۆڕاڵی و دوور لەبەهای مۆرڤایەتی و نەزانینین و دوژمنکاریەوە ، سەرچاوەی گرتووە، لەمێژوودا زۆر نەتەوەی دێرینی خاوەن شارستانی توانەوەو لەسەر نەخشەی جیهان ومرۆڤایەتی سڕانەوە ، بەلام کورد مایەوە و نەتوایەوە، ئەگەر بەویژدانەوە چاوێک بەمێژووی نەتەوەی کوردی مەزندا بگێڕین ٧٠٠ ساڵە لەشەرێکی سەختدایە ، لەبەرامبەر شالاو و هێرشی دوژمنەکانی بەرگری دەکات ، خۆئەگەر دورتریش بۆسەردەمی بنچینەی نەژاد و ڕەسەنایەتی کورد و ، مادەکان بگەرێینەوە دەتوانین ، بڵین بەهەزاران ساڵە کورد شەڕبەرۆکی بەرنەداوە ، ئایە چ نەتەوەیەک هەیە لەمێژووی جیهاندا هەزاران ساڵ شەڕ یەخەی پێی گرتبێت و بەزینودیەتی مابێتەوەبەداخەوە ، وەکوئاماژەمان بەمێژووی هاوچەرخیش کرد لەهەموو جیهاندا دۆستێکی ڕاستەقینەمان نەبوە ، بەڵکو زۆربەی وەڵاتەزلهێزەکان بەوپەڕی دڵڕەقیوە مامەڵەیان لەگەڵداکردوەوهەوڵی لەناوبردنو سڕینەوەیان داوەلەزێدی ڕەسەنی خۆیدا لەکاتێکدا نەتەوەی کورد ئاشتی خوازو مرۆڤدۆست و چاوی لەخاکی هیچ نەتەوە و نەژادێک نەبوە ، داگیری بکات و دەستدرێژی بکاتە سەرگەلان ، ئەوەی جێگەی پرسیار و تێرامانە ، بۆدەبیت کورد ئەم هەموو دوژمنەی لەڕابوردودا هەبووبێ؟ ئەمە پێی ویستی بە وەڵامی جدی هەیە دەبوو پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مێژوو بەهەزارەن توێژینەوەی وردیان بکردایە ، بۆدەستنیشانکردنی ئەم هەموو تاوانە گەورانەی بەرامبەرمان لەمێژوودا ئەنجامدراوە ، تەنانەت بەداخەوە هاوئاینەکانیشمان لەمێژووی دەسەڵاتیاندا نەبەبرای مسولمانیان زانیوین ، نەپێشیان ڕەوا بوە وەکو گەلانی تری مسوڵمان برای هاوئاینی هەژمارمان بکەن ، لەکاتێکدا ئاین مافێکی سەربەخۆی بەهەموو گەلان داوە، ئێمەی کوردیش ئیستایشی لەسەربێی لەزۆرگەلانی مسوڵمان پاکترو پابەندترین ، من جارێکی تر ئەو بۆچوونە بەتەواوی ڕەت دەکەمەوە کەکورد دەبێت بەرێوەی بەریت ، نەخۆی بەڕێوە ببات ، ئەم هەموو دوژمن کاریە بەرامبەر هەرنەتەوە و نەژادێک بگیرایەتەبەر ئێستا لەبووندانە مابوو ، بەڵام نەتەوەی کورد بەخۆڕاگری و بەرگریکردنێکی بێوێنەو دەستەلەملی چیاکان مایەوە ، سەبارەت هەلومەرجی ئێستای کوردستان دۆخێکی ، نوێ هاتۆتە ئاراوە بەهۆی بەرژەوەندی هاوبەشی وەڵاتانی زلهێز لەناوچەکەدا ، کورد ڕۆڵ و سەنگی خۆی هەیە ، لەهاوکێشەکانداو خاوەنی قەوارەویوکی سیاسی و دامەزراوە و حکومەتی خۆیەتی تاڕادەیەک ، دۆست و پاڵپشتی هەیە لەناوەندەکانی نێودەوڵەتیدا ، بەڵام بێگومان کەموکورتیمان هەیەو بەهۆی چەندین هۆکارەوە دوچاری قەیران و کێشەی قوڵ بوینەتەوە و ناتەبای و گەندەڵی زیانێکی زۆری پێگەیاندوین بەڵام پێم وایە ئەم دەردو گرفتانە بەم شێوەیە نامێنێتەوە و دەبێت چارەسەری بکرێت، لەئیستاشدا ئیرادەی چاکسازی هەیە هیوای ئەوە دەخوازم هەنگاوی گەورەترهەڵبگرێت بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو ئەم کۆسپانەی سەر ڕێگامان، باگەشبینبین و بەهێز بین، من لەوەدڵنیام بەیەکڕیزی گەلەکەمان و تەواوی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەم دۆخەتێدەپەڕێت و خۆشگوزەرانی و ئاسودەی دەگڕێتەوە بۆ نیشتیمانەکەمان پێویستە زۆر هۆشیاربین و بزانین هێشتا دژمنان بەشێوازی جۆراو جۆر لەپیلان گێران بەردوامن بۆنەهێشتنی دەستکەوتەکانمان.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس