كازمی لە واشنتن چی كرد؟

كازمی لە واشنتن چی كرد؟

340 خوێندراوەتەوە

كازمی سەردانە چوار ڕۆژییەكەی بۆ واشنتن كۆتایی پێهێناو گەڕایەوە بەغداد، بەڵام كازمی خۆی پێیوایە كە بەدەستی پڕەوە گەڕاوەتەوە گرەنتی مانەوەی وەرگرتووە، بەڵام نەیارانی ئەم سەردانەی كازمی بە خۆكوژی پێناسە دەكەن كە كۆتای بە ژیانی سیاسی دەهێنێت.


ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كازمی كرا لە واشنتن بێ هۆ نییەو ئەمەریكا ویستی ئەو پەیامە بگەیەنێت كە عێراق بۆ ئێران جێناهێڵێت و پشتیوانی كازمییە بۆ دروستكردنی عێراقێكی ناوەندی بەهێز.


لە پێش سەردانەكەدا ترەمپ پلانی وا بوو كە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی بدات لە عێراق و فشار لە كازمی بكات بۆ دەستبەجێ چەكردنی میلیشیاكانی حەشد، بەڵام كازمی ژیرانە ئیدارەی ترەمپی ڕازیكرد بە مانەوەی هێزەكانی ئەویش لە ڕێگایی:


١- كازمی مەترسی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق خستە ڕوو كە بەبێ ئەو هێزابە ناتوانێت لە حكومڕانی بەردەوامبێت و ئێران جارێكی تر دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت.
٢- پێشنیاری مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای خستە بەردەم ئیدارەی ترەمپ تا ئەو كاتەی سوپای عێراق ئامادە دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق.
٣- ڕاپۆرتێكی دوورو درێژ لەسەر مەترسی شەڕی ناوخۆ و مەترسی داعش خرایە ڕوو كە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا عێراق دەبێت بە گۆڕەپانێكی مەترسیداری شەڕ.
٤- مەترسی پەلەكردن لە سنوردار كردنی دەسەڵاتی حەشدی بۆ ئیدارەی ترەمپ خستە ڕوو.
٥- ئەمەریكای ڕازی كرد بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەگەر دەرفەت گونجاو نەبوو پێویستی بەكاتی زیاتر بوو.
٦-لە بەرامبەردا كازمی بەڵێنی پێدانی كۆمەڵێك گرێبەستی نەوتی و غازی و كارەبای بەكۆمپانیا ئەمەریكیەكان داوە.
هەربۆیە ئیدارەی ترەمپ بڕیاریداوە بەشێك لە هێزەكانی بكێشێتەوە بۆ كوەیت و هێزەكانی دیكەی لە بنكەی سەربازی ڤیكتۆریای فڕۆكەخانەی بەغداد و فڕۆكەخانەی هەریری كوردستان بهێڵێتەوە.
هاوكات هێزەكانی لە سەربازگەكانی دیكە بكشێتەوە، چونكە ئەمە مەترسی كردە ئامانجیان كەم دەكاتەوە و لەبەرامبەردا بەشێك لە شەقامی سیاسی عێراق ڕازی دەكات و بڕیاری پەرلەمان جێبەجێ دەكات و بەڵێنی خۆشی بەجێدەهێنێت بەواتەیەكی تر تاكتیكە.


هەوڵی لەكار لادانی كازمی
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئێران و بەشێك لە هێزە سیاسییەكان چاوەڕێی ئەوە بوون كە كازمی لە واشنتنەوە بڕیاری دەستبەجێ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ڕابگەیەنێت كە داواكاری سەرەكی ئەوان بوو، بەڵام كازمی بە پێچەوانەوە مانەوەی سێ ساڵی هێزەكانی ئەمەریكای ڕاگەیاند و توشی شۆكی كردن بۆ یە چاوەڕێ دەكرێت كاردانەوەی توندیان. هەبێت لەوانە:


١- بڕیارە سبەی سەركردە شیعەكانی عێراق لە نەجەف كۆببنەوە و هادی عامری و قەیس خەزعەلی و مونتەزەر حسێنی و مالیكی پێشنیاری لەكارلادانی كازمی دەخەنە ڕوو.
بەڵام موقتەدا سەدر كە هێزی یەكلای كەرەوەیە و تا ئێستا بڕیاری نەداوە ترسی هەیە لە ئەگەری لادانی كازمی دا عێراق بكەوێتە دەست میلیشیاكان و دۆخی عێراق بكەوێتە شەڕی ناوخۆوە.
٢- ملیشیاكانی حەشد چالاكیەكانیان دژی هێزەكانی ئەمەریكا زیاتر دەكەن.
٣- بە ناڕاستەوخۆ شەڕی دژی حكومەت ڕادەگەیەنن و هەوڵی ئاژاوەو پشێووی دەدەن.
هەربۆیە دوو هەفتەی داهاتوو بۆ كازمی گرنگ و چارەنوس ساز دەبێت و بڕیارە لەدوای گەڕانەوەی لەبەسرە لەگەڵ سەركردەكانی شیعە كۆببێتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی وردەكاری سەردانەكەی.

ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێكەوتنەكەی ئەمەریكا و عێراق:
لە سەردانەكەیدا كازمی چەند ڕێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بە بڕی ٨ ملیار دۆلار ئیمزاكرد بەڵام جێ بەجێكردنی ئەم ریكەوتنانە پەیوەستەبە:
١- سەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بتوانن كارەكانیان ئەنجامبدەن.
٢- ڕێگری كردن لە ئێران چونكە بەشێكی ڕێكەوتنەكە تایبەتە بە بەرهەنهێنانی كارەبا و غازەوە وەك جێگرەوەی كارەبا و غازی ئێران كە ئەستەمە ئێران لەمە بێدەنگ بێت.
٣- چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چونكە بەشێك لە ڕێككەوتنەكان پێویستی بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداد هەیە.
٤- چاكسازی لە بەشێك لە یاساكاندا كە ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكان و ئاسانكاری لە ڕێگەی وەزارەتەكانەوە بۆ ئەوەی كارەكان بە خێرای ئەنجام بدرێت و دووربێت لە گەندەڵی و ڕۆتین.

ئەمەریكا چۆن پشتیوانی كازمی دەكات؟
لە دیداری ترەمپ و كازمیدا ترەمپ جگە لە بەخشینی ٢٠٤ ملیۆن دۆلار بڕیاری دا:
١- ئەمەریكا چەكی ئەو هێزانەی دەیكێشێتەوە ڕادەستی سوپای عێراق دەكات.
٢- چەند یەكەیەكی نوێی دژە تیرۆر دادەمەزرێنێت و پڕچەكیان دەكات.
٣- لە ڕووی كارگێڕی و بەڕێوبردنەوە ژمارەیەك ڕاوێژكاری پسپۆری ئەمەریكی بۆ كازمی دادەمەزرێنرێت.
٤- لە ڕووی ووزەوە عێراق بە ئوردون و میسرەوە دەبەسترێتەوە جگە لەوەی بە كەنداوەوە دەبەسترێتەوە.
٥- لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی بۆ حكومەتی كازمی كۆدەكرێتەوە.
بەڵام لە بەرامبەڕدا كازمی بەڵینی داوە لە ماوەی ٤ مانگدا هەنگاوی كرداری بنێت بۆ سنوردار كردنی دەسەڵاتی میلیشیاكان و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی.


ئایا سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە عێڕاق دەگۆڕێت ئەگەر ترەمپ بدۆڕێت؟
لە دیداری كازمی دا لەگەڵ دیموكراتەكان و ڕاوێژكارێكی بایدندا ئەو پەیامە بەكازمی درا كە بایدن لە ئەگەری سەر كەوتنیدا پشتیوانی زیاتری حكومەتی كازمی و هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق زیاتر دەكەن.
بەڵام ئەم پرسە تەنها بەڵێنە و ئەگەر بایدن سەربكەوێت ئەوكات پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا ئایندەی كازمی حكومەتەكەی یەكلای دەكاتەوە چونكە پەیوەندی ئێران و ئەمەریكا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت.

دەرئەنجام
١- كازمی دەكەوێتە ژێر فشارێكی زۆری میلیشیاكان و ئێرانەوە چونكە ئێران زۆر نیگەرانە لەكازمی لەلایەك بەهۆی دیداری كازمی و قائانییەوە كە ڕەتیكردبووەوە مامەڵە لەگەڵ فەیلەقی قودسدا بكات و ڕایگەیاند كە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ئێراندا دەكات نەك گروپ و كەس.هاوكات ئەنجامی سەردانی كازمی بۆ واشنتن و نەكشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا و گرێبەستەكانی كارەبا و نەوت و غاز ئێرانی توڕە كردووە.

٢- كازمی ئەم دوو هەفتەیە بە قۆناغێكی یەكلای كەرەوەدا تێپەڕدەبێت كە ئایا دەتوانێت ئاڵۆزییەكان كۆنترۆڵ بكات یان شكست دێنێت چونكە گەڕاوەتەوە ناو دۆزەخێك كە ملیشیاكان بڕیاریانداوە كازمی تێدا بسوتێنن.

٣-كازمی لە ئێستادا لەبری ئاڵۆزكردنی دۆخەكە دەبێت گرژییەكان كەمبكاتەوە و لەلایەكی ترەوە توڕەی شەقام بەلای خۆیدا ڕابكێشێت دژی میلیشیاكانی حەشد.

٤- بۆ ئەمەریكا گرنگە پەرلەمانی داهاتوو پاكبكرێتەوە لە حەشد و بڕیارەكەی ٢٠٢٠/١/٥ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا هەڵبوەشێنێتەوە.

٥- لەم چەند ڕۆژەدا كازمی بڕیاری توند گرنگ دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنی پشت بەست بەو گرەنتیەی لە واشنتن وەریگرتووە.

٦- تا دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا گرنگە كازمی هەنگاو دژی حەشد نەنێت كە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ چونكە پشتیوانی سیستانی لە دەستدەدات كە پایەی راگری دەسەڵاتی كازمییە( ڕای كەسییە).

٧- ڕاگرتنی باڵانسی داواكاری خۆپیشاندەران و ڕووبەڕوو بوونەوەی میلیشیاكان گەورەترین ڕێگری بەردەم كازمییە و دەبێت ئەم باڵانسە بە جۆرێك ڕابگرێت كە كێشەكان گەورەتر نەكات چونكە كازمی بەسەر تاڵە موویەكدا هەنگاو دەنێت و هەر هەڵەیەك كۆتای بە دەسەڵاتی دەهێنێت.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی