بەرەنگاری سەر شەقام

بەرەنگاری سەر شەقام

502 خوێندراوەتەوە

لەم چرکەساتەدا دونیای ئێمە بەدۆخێکی دژواردا تێدەپەرێت و لەبەردەم مەترسی و غەرقبونێکی گەورەدایە. لەلایەک خراپی سستمی حوکمرانی و گەندەڵی و نادادپەروەرەیی، لەلایەکی دیکەوە نائامادەیی کەرستەی مەعریفی و غیابی تیوری شۆرش بۆ گۆڕینی سیستەم و نەبوونی وشیاریەکی بەرەنگار لای تاک وایکردووە کۆمەڵگەی کوردی بگاتە لێواری داڕوخان و ھەڵوەشاندنەوە.


لەئێستادا، گووتاری حیزبی کوردی لەبەتاڵیەکی گەورەدا دەژی، ھەڵگری ھیچ ماناو دەلالەتێک نیە. ھیچ پەیوەندیەکی عەقڵانی لەنێوان دونیای سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی و ھاوڵاتی نەماوە. چارەگە سەدەیەکە سەرەڕای نەبوونی ماف و ئازادیەکان، ئینسانی کوردی لەژێر دەستێ ئەم دەسەڵاتە چەوسێنەر و ستەمکارە سوکایەتیشی پێ دەکرێت.ئارێشەکان زۆر لەشکستی ئابووری و سیاسی گەورەترن و سیستەمی ژیان لەم ڕووبەرە بەکۆی کایەکانیەوە ھەرەسی ھێناوە. بەڵام ھەمیشە پرسیارە جدیەکە ئەوە بووە بۆچی ھاوڵاتی تاکو ئێستا تەحەموولی ئەم مۆدێلەی دەسەڵاتی کردووە؟.

،،

لەبەرامبەر ئەوەدا، بەدرێژایی ئەزموونی سیاسی دوای ڕاپەڕین چەندین جوڵانەوەی ناڕەزایی درووست بوون، بەڵام لەدواجاردا ئێمە نەمان توانیوە دابڕانێکی کولتووری و پچڕانێکی ڕادیکاڵ دروستبکەین لەگەڵ قۆناغی پێش دروستبوونی جوڵانەوەکە و دووبارە لەبەردەم بەتاڵیەکی گەورەدا خۆمان بینیوەتەوە، شەقامی کوردی زەرەدمەندی سەرەکی بووە تیایدا.


بۆ بەرەنگاری و تێپەڕاندنی فۆڕمەکانی ئەم سیستەم و کولتوورە بەگشتی و ئەدەبیاتی سیاسی دونیای ئێمە بەتایبەتی لەپێناو بەرگری باشترو ڕوونتر تێگەیشتن لەوەی لە دونیای ئێمەدا ڕوودەدات، بۆ ئەوەی ئەم جوڵانەوانە نەچنەوە ژێر پلان و خواستی سیستەم. شرۆڤە و دونیابینی خۆم "بەکورتی" لەم چەند خاڵەدا دەخەمەڕوو:

یەکەم: پچڕانێکی ڕادیکاڵ و دابڕانێکی کولتووری لەنێوان ھاوڵاتی و ھەموو ئەو گووتارانە درووستبێت کەلەبن بانگەواز و خواستی سیستەم خوڵقاون. بەمانای دروستبوونی کولتووری دژە-سیستەم و بەکەرستەی مەعریفەی باڵا پاڵپشتی بکرێت.


دووەم: ڕوناکبیر بەھۆی پێگە مەعریفیەکەیەوە ڕۆڵێکی کاریگەری ھەیە لەسەر کۆمەڵگە، لەم بارودۆخەدا ئەرکی ڕوناکبیر دروستکردنی حەماسەت و شیعاری پۆپۆلیزمی و ئاپۆڕایی نیە، وەکچۆن نابێ وەھمسازی بکەن بە زمانحاڵی خۆیان. بەقەد ئەوەی دەبێت بیرکردنەوە و فیکر بدات بەھەموو جوڵانەوەیەکی ناڕەزایی و لەھەژاری مەعریفی ڕزگاری بکات. ڕوناکبیر ناچێتە ناو ھیچ پەیوەندیەکی ناعەقڵانی، لەدەرەوەی ھەموو "شا-گووتار و میتا-گووتار"ێک بیردەکاتەوە و کاردەکات. نابێ بچێتە ژێر کاریگەری مانا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە لەبن بانگەوازی سیستەم دا خوڵقاوون.لێرەوە دەتوانێت فۆڕمێکی بیرکردنەوەی تەندروست بدات بە جوڵانەوەکان.


سێیەم: ئەگەر ئەم جۆرە لەبەرەنگاری فیکر و وشیاری پێنەدرێت، دووبارە دەچێتەوە چوارچێوەی خزمەتکردنی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی، بۆیە پێویستە:
١. کاربکرێ بۆ دروستکردنی "گووتاری ھاوبەش" لەڕێگەی پلانەوە بەرنامەڕێژی بۆ خواستەکانی ھاوڵاتیان بکرێ. بەرامبەر ئەم مۆدێلەی دەسەڵاتی سیاسی ستەمکار.
٢. کاربکرێ بۆ بیناکردنی (کەلتووری نا- توندووتیژی)، بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی ھاوڵاتیان لەچوارچێوەی پڕۆسەیەکی مەدەنی و شارستانیدا.


چوارەم: ئەقڵی گاڵتەجاڕی و ھوشیاری پۆپۆلیزمی زۆرکات لەغیابی فیکر و ھەژاری مەعریفی ھەنگاو دەنێت بەرەو توندوتیژی. ھزری توندوتیژی نەک ھیچ شتێک بەرھەم نا‌ھێنێت، بەڵکو خاڵی لاواز و ڕوانگەیەک دەدات بە دەسەڵاتی ستەمکار بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و بەکارھێنانی زەبروزەنگ بەرامبەر جوڵانەوەکە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ھەر خواستێکی توندوتیژی پڕۆژەیەکی تەواو ناشارستانیە و ھەنگاوێکیشە بەرەو بچووک کردنەوەی ئامانجەکان. بەجۆرێک ئامانجەکە لە گۆڕینی سیستەمێک دەبێتەوە سوتانی بارەگایەک، گرتنی شەقامێک، لە دواجاردا بە بەردبارانکردن و تایە سوتاندن و ھاتوھۆپە کوشتنی ھاوڵاتی مەدەنی کۆتایی دێت و ئێمە لەبەردەم ھەمان بەتاڵی و بەدینەھاتنی ئامانجەکان خۆمان دەبینینەوە.


پێنجەم: بۆ دەرچوون لەم شکستە و بیناکردنی قۆناغێکی نوێی ڕادیکاڵ، بەتەنھا شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەس نییە، بەڵکو پێویستیمان بە شۆڕشێکی ڕیشەیی ھەیە کەھەڵگری تایبەتمەندی مەعریفی و پەروەردەی فیکری و بەھا باڵاکان بێ. دەبێ فۆڕمەکانی داواکاری شەقامی کوردی لەئاستەکانی مووچە و گۆڕانکاری سیاسی بگوازنەوە بۆ ئاستی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری و پەروەردەیی و ئاینی...ھتد. بەومانایەی پێویستە گووتار و شیعارەکانی ھاوڵاتیان لە داواکردنی نانەوە بگۆڕێ بۆ داواکردنی ژیان، لە دواکردنی موچەوە بەرە داواکردنی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. لە کێشە سەرەتایەکانەوە بەرەو کێشە بوونیادەکان بڕۆین. لەڕووخانی ئەم حوکمڕانیە ناعەقڵانی و چەتەگەریەوە ھەنگاو بنێین بەرەو گۆڕانێکی ڕادیکاڵی و جاڕدانی دونیایەکی نوێ لەنێو ھەموو ئاستەکاندا.


شەشەم: پێش ڕەخنەکردنی سیاسەت، پێویستە ڕەخنەی زیھنیەتی ھاوڵاتی و وشیاری کۆمەڵایەتی بکرێت. چونکە ئێمە پێش ئەوەی عەقڵیەتێکی سیاسی گەندەڵ و دواکەووتومان ھەبێت، عەقڵیەتێکی کۆمەڵگەیی و ناھوشیار و خاڵی لەفیکر ھەیە کە فۆڕمی بەم دەسەڵاتە داوە و ژیانی سیاسی ئێمە ڕەنگڕێژکردووە. بەمانایەکی دی، چەندە دەسەڵات بەرپرسیارە بەرامبەر ئەم دۆخە، زھنی نائاگایی و نزمی وشیاری ھاوڵاتیان دوو ئەوەندە بەرپرسیارە. چونکە دەسەڵات بەرئەنجامی ھوشیاری ھاوڵاتیانەو لەزھن و ھەناوی کۆمەڵگە ھەڵقوڵاوە. بۆدەرچوون لەو کارخانە گەورەیەی گەمژەکردنی ئینسان، پێویستە پێش ئەوەی ڕەخنەی دەسەڵات بکەین، ڕەخنەی ئەو عەقڵیەتە پۆخڵەوات و دواکەوتووە بکەین کە ئەم جۆرە مۆدێلە سیاسیەی بەرھەمھێناوە.


حەوتەم: زۆرجار حیزب لەڕێگەی ھەندێ یاری و تەکنیکی ساختەوە پشێوی کۆمەڵایەتی دروست دەکات بەئامانجی درێژەدان بە تەمەنی دەسەڵاتی خۆی.

بۆیە ھەموو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و دەربڕینی ناڕەزایی، بەبێ فیکر و مەعریفە، بەبێ ھاوڵاتی وشیار و پلانی ستراتیژی دووبارە جەھل بەرھەمدێنێتەوە. نەک ناگەیتە ئامانج، بەڵکو دەچێتەوە چوارچێوەی خزمەتکردنی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی ستەمکار و چەوسێنەر و بەرخۆر و خۆپەرست. بۆیە ھەموو خۆپشاندان و ڕاپەڕین و (شۆڕش)ک، پێویستی بەپلانی وورد و ئامادەیی ھاوڵاتی وشیار و کەرستەی مەعریفی و فیکری. بەبێ ئەمانە قۆناغێکی نوێ و گۆڕانێکی بنچینەیی ڕوونادات.


ھەشتەم: پێویستە ئەم نەریتە بەرەنگارییە، فیکر و بیرکردنەوەی پێ بدەین. تاکو خوڵقاندنی تیۆری شۆڕش.

 

author photo

توێژەری سایکۆلۆژیا